سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

مووبەکردن ( کەڵەگایی – ملهوڕی)

مووبەکـردن یا کەڵەگایی کردن، رەفـتار و هەڵسوکەوتێکی دزێـو و ناپەسەنـد و نەخوازراوی تونـدوتـیژی و شەڕانگێزی و دۆژمنکارییە. بەکارهێنانی توانـا و هـێزە. خـۆڕادان و خـۆدەرخستن و زۆرداری و زۆرلێکردن و خۆسەپانـدن و خۆزاڵکـردن و هەراسان کردن و بێـزارکردن و دەستدرێـژی کردن و گێچەڵکردن و شەڕپێفـرۆشتن و تەنگپێهەڵچـنین و هەڕەشەکردن و ترساندن و تۆقانـدنی کەسێکە یان کەسانێکە، لە لایەن کەسێ یا کەسانێکی مووبەکارەوە. کە بە ئەنقەست بە مەبەستی زەبر و ئازاردانی جەسـتەیی و دەروونی کەسێ یا کەسانێکی مووبەلێکـراو (مووبـه‌ بۆ سه‌ركـراو) .

مووبەکردن چەند جۆرێکە لەوانە

 ⦾مووبەکردنی زارەکی: وەک دەربڕینی کۆمەڵێ وشەی شەرمەزارکەر بەرامبەر کەسێکیتر یان بانگکردن بە ناوی ناشرین و نەشیاو کە پێی خۆش نەبێ، ڕابواردن، سوکایەتی و هەڕەشەکردن بە (لێدان و ترساندن و ئازاردانی جەستەیی و پاڵپێوەنان)

 ⦾مووبەکردنی کۆمەڵایەتی: ئازاردانی دەرونی کەسێکە وەک تەنها هێشتنەوەی و دوورخستنەوەی کەسانیتر لێی، هاوڕێیەتی نەکردنی، داواکردن لەوانیتر کەدووربن لێی و نەیناسن .

 ⦾مووبەکردنی جنسی: ئازاردانی کەسێکە بە دەربڕینی وشە و جنێوی ناشرین و نەشیاو.

 ⦾مووبەکردنی پەیوەندی کەسی و سۆزداری: ئازاردانی کەسی بەرامبەرە بە بڵاوکردنەوەی درۆ و ناشرینکردنی و ئازاردانی و دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی .

 ⦾مووبەکردنی ئەلیکترۆنی: ئەم جۆرەیان بریتیە لەوەی کە لەڕێگەی بەکارهێنانی هێڵەکانی پەیوەندیەوە دەکرێت وەک بڵاوکردنەوەی نامە و زانیاری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و یاری کردن لەو تۆڕانەدا بەشێوازی دژکارانە و ئازاردەرانەی کەسی بەرامبەر .

مووبەکردن دەکرێت بە دوو بەشەوە

١- مووبەکردنی ڕاستەوخۆ: ئەمەش ئەمانە لەخۆدەگرێ (لێدان، پاڵپێوەنان، قژڕاکێشان، بریندارکردن، گازلێگرتن و ڕوشانی ڕوخسار و هیتر...).

٢ - مووبەکردنی ناڕاستەوخۆ: وەک هەڕەشەکردن لە قوربانی هەراسانکردن بە دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی کەبەچەند ڕێیەک جێبەجێ دەکرێ وەک( هەڕەشە بە بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە، تێکەڵنەبوون لەگەڵی، هەراسانکردنی هەموو ئەوانەشی تێکەڵی هەراسانکراو دەبن، ڕەخنەگرتن لە کەسی هەراسانکراو لەجل و بەرگ، بنەماڵە، ڕەنگی پێست، دین، لاوازی و هیتریش)

مووبەکردن لەقوتابخانەدا

 دان ئۆڵویسی نەرویجی (Dan Olweus ) کە دامەزرێنەری توێژینەوەکانە لەبارەی مووبەکردنی لە قوتابخانەد، دەربارەی مووبەکردن دەڵێت : مووبەکردن کردەوە و ڕەفتاری نەرێنیە وەک ئازاردانی قوتابیەک لەلایەن قوتابیەک یان کۆمەڵە قوتابیەک بەشێوەی چەندبارە و بەردەوام بەدرێژایی کات، دەکرێ ئەم ڕەفتارانە لەڕێی بەکارهێنانی وشەوە بێت وەک "هەڕەشە، جنێو، سەرزەنشت و زیزکردن " یاخود لەڕێی بەرکەوتنی جەستەیی وەک: لێدان ، پاڵپێوەنان، شەق تێهەڵدان .

زۆرجار بێ بەکارهێنانی وشە منداڵ مووبە دەکرێ وەک: ئیشارەتکردن بە ڕوخسار "چاوداگرتن، زمان دەرهێنان" و ئاماژەی نەشیاو و دوورخستنەوەی لە کۆمەڵگە و وەڵامنەدانەوەی ویستەکانی .

توێژەران (عەلی موسا و محمد فەرحان) پێناسەی کەسی مووبەکەر بەم جۆرە دەکەن: ئەو منداڵەیە کە ترساندن و هەڕەشەو بێزارکردن بەکاردێنێ لەبەرامبەر ئەو منداڵانەی لەخۆی لاوازترن، وە منداڵانیتر دەترسێنێ لەقوتابخانە و ناچاریان دەکات ئەو کارە بکەن کە خۆی دەیەوێ لەڕێی دەنگ بەرزکردنەوە بەسەریاندا و هەڕەشەلێکردنیان .

هەر لەکۆنەوە مووبەکردن لەقوتابخانەکان بڵاو بۆتەوە و دەرەنجامی خراپی هەبووە، لێکۆڵەر (coy ) لە ساڵی 2001 دا لێکۆڵینەوەیەکی کردووە بەناونیشانی )مووبەکردن لەقوتابخانەکاندا) دەرکەوتووە کە نزیکەی (160 هەزار) قوتابی ڕۆژانە لەقوتابخانە هەڵدێن بەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە لەلایەن هاوڕێ یان مامۆستاکانیانەوە، ئەمەش بە "تیاچوون" هەژمارکراوە بەهۆی ئەو کاریگەریە دەرونیانەی لەکەسی بەرامبەردا دروستی دەکات چونکە هەندێک جار دەبێتە هۆی "بێهیوایی و خۆکوژی". هەروەک ئێرلینگ (Erling ) لەساڵی 2002 ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە بەناوی "نیشانەکانی خەمۆکی و بیری خۆکوژی" کە لەسەر ( 2088) قوتابی ئەنجامدراوە ئەوەی دەرخستووە کە ئەو قوتابیانەی مووبەکارن و ئەوانەش مووبە دەکرێن لەبەرزترین پلەی بیری خۆکوژیدان ، ڕاپۆرتەکە ئەوەشی دەرخستوە کە ئەوانەی خەریکی مووبەکردن خۆیان قوربانی مووبە بوون لەڕابردوودا، ئێستا کەسانیتر مووبە دەکەن بۆئەوەی خۆیان بەهێز و توانا نیشان بدەن و خۆیان بپارێزن، چونکە خۆیان نەیان توانیووە هاوڕێیەتی دروستبکەن و پەیوەندیەکی پتەوی کۆمەڵایەتیان هەبێ پەنایان بۆ "هەراسانکردن"بردووە بۆ ئەوەی مناڵانیتر و هاوڕێکانیان لێیان بترسن لەقوتابخانە .جگە لەمانە مامۆستا و قوتابخانەش دەبنە هۆی مووبەکردن

مووبەکردن دەرەنجامی دوبارە سەرهەڵدانی مووبەکردن بەدوای خۆیدا دێنێ و ئەمەش سەردەکێشێ بۆ توندوتیژی، دەگونجێ لەکەسایەتیەکی میهربان و باشەوە بگۆڕێ و ئارەزووی دوژمنکاری بکات و ئەوەش ببێتە هۆیەک تاکو ئەم کەسە ببێتە کەسێکی مووبەکار .

کاریگەریەکانی مووبەکردن

زۆر خەوی لەڕادەبەدەر یان کەم خەوی، باری دەروونی ناجێگیر، توڕەیی ، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن یان زۆرخۆری، قەلەقی و نیگەرانی، پەستانی دەرونی،دەرکەوتنی نیشانەکانی ترسان لە ڕوخساردا، گۆڕانی ڕەفتاریی، خەمۆکبوون و هەستکردن بەتەنهایی، دابڕان لەدەوربەر، بەشداری نەکردن لەچالاکی قوتابخانەدا) هەموو ئەمانەو زیاتریش بەهۆی هەراسانکردن ڕوودەدەن .

مووبەکراو بیر لەخۆکوشتن دەکاتەوەو پەیوەندیەکی بەهێز هەیە لە نێوان مووبەکردن و خۆکوژیدا .

 مووبەکردن بە زۆری سەردەکێشێ بۆ خۆکوژی چونکە ئەوانەی هەنگاو بۆ خۆکوژی دەنێن تەنگیان پێهەڵچنراوە لەلایەن کەسی هەراسانکارەوە !

مووبەکراو بەتەواوی دەستهەڵدەگرێ لە گرنگی بەخۆدان و ئەرکەکانی ماڵەوەی ئیهمال دەکات .

چارەسەری مووبەکردن

دەتوانین ئەم بارودۆخە چارەسەر بکەین بەچەند ڕێگەیەک :

زیادکردنی متمانەبەخۆبوون لای منداڵ.

پەروەردەکردنی منداڵ بە دروستی دوور لەتوندو تیژی.

چاودێری کردنی منداڵ لە منداڵیەوە.

دروستکردنی پەیوەندیەکی ڕاستگۆییانە لەنێوان منداڵەکان و دایک و باوکاندا.

دروستکردنی کەشێکی خێزانی گەرم کە هەمووان کۆبکاتەوە.

دانانی چارەسەر بۆ هەراسانکردن لەلایەن قوتابخانەوە.

وەرگێرانی : سومەیە محمد

سەرچــاوەکان

ماڵپەری الموضوع

2472 جار بینراوە‌
16/12/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020