سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

کەی منداڵ لە ڕاست و هەڵە تێدەگات؟

ئەمە پرسیارێکی چەندبارە بووە لەمێشکی هەر دایکێک کە دەیەوێ پەروەردەیەکی دروستی منداڵەکەی بکات، لەم بابەتەدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە هەروەها فێرت دەکەین چۆن دەتوانی بچکۆلەکەت فێری ڕاست و هەڵە بکەی بەجۆرێ خۆی چاودێری خۆی بێت بەبێ ئەوەی هەمیشە پێویستی بەتۆ هەبێ بڕیاری بۆ بدەیت و ڕاست و هەڵەی بۆ دیاری بکەیت .

کەی منداڵ ڕاست و هەڵە تێدەگات؟  لێکۆڵینەوەکان سەلماندویانە (منداڵ پێش تەمەنی 2 ساڵی لە ڕاست و هەڵە تێدەگات، زاناکان دەڵێن: ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان " 19 -21" مانگیدایە دەزانن ڕاست و هەڵە  ئەنجام بدەن لە بارودۆخی جیاوازدا .

بە بەراورد لەگەڵ لێکۆڵینەوە کۆنەکان ئەمە تەمەنێکی زۆر بچوکە لەئاست مناڵانی نەوەکانی پێشوو .

منداڵە بچوکەکان هەمیشە دەیانەوێ خۆیان بەرپرسی خۆیان بن و حەز دەکەن هەموو شت ئەنجام بدەن لەو تەمەنەدا، بەڵام لەهەمان کاتیشدا پشت بە دایک و باوک دەبەستن لەهاوکاری کردنی تەواو بۆهەرشتێ دەیکەن وەک هاوکاری کردنیان و دوورخستنەوەیان لە ترسناکی .

منداڵ ڕەنگە هیچ کات ئەوە نەکات کە تۆ پێی دەڵێی، بەڵام هەمیشە ئەوە دەکات کە تۆ لەبەرچاوی ئەنجامی دەدەی، بۆیە زۆربەی ئەوەی منداڵ فێری دەبێت لە ڕاست و هەڵە پەیوەستە بە ڕەفتارەکانی ئێمە و کاردانەوەکانمان لەسەریان، بۆیە بە چاوپۆشین لە ئاستی تێگەیشتنی منداڵ لە ڕاست و هەڵە، دڵنبایە لە هەموو باروخێکی ژیاندا ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ئێمە لە هەموو شت زیاتر کاریگەری دەبێت و فێری ڕاست و هەڵەیان دەکات.

ئەو هەڵسوکەوتانەی یارمەتی منداڵ دەدات لە ڕاست و چەوت تێبگات :

کاتێک بە هێمنی هاوکاری منداڵەکەت دەکەی لەپاککردنەوەی پەرداخە شیرێکی ڕژاو منداڵ فێردەبێت دەکرێ بەهێمنی چارەسەری کێشەکان بکرێت و پێویستی بە گریان و لۆمە و سەرزەنشت کردن و دۆزینەوەی هۆکاری ڕووداوەکە نابێت و بەزووی دەستدەکات بەچارەسەری کێشەکە .

هەموو داواکانی منداڵەکەت جێبەجێ مەکە بۆئەوەی فێربێت و ڕابێت لەسەر ئەوەی کە ناتوانێ هەمووشت بەدەست بهێنێ، دایکان و باوکان خۆیان دەزانن چ کاتێک باشترە بۆ کڕینی و دابینکردنی داواکاری منداڵەکانیان.

گوێگرێکی باشبە بۆ منداڵەکەت: کاتێک منداڵ ئەوە دەزانێت کە دەتوانێت ڕێگچارە بدۆزێتەوە بۆ کێشە و نیگەرانیەکانی و بیرکردنەوە لە گرفتەکانی لەگەڵ کەسێکیتر ئیدی فێردەبێ کە ژیان قورسە بەڵام دەتوانی قورسیەکان تێپەڕێنی .

لە منداڵەکەت ببورە لەسەر هەڵەکانی بۆئەوەی تێبگا هیچ کەس بێ کەموکورتی نیە و هەمووان هەڵە دەکەن، گرنگ فێربوون و هەوڵدانە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان لەم کاتەدا منداڵەکەت فێردەبێ "ڕقی لە هەڵە بێت نەک لەخۆی کە هەڵەی ئەنجامداوە "

خۆت لەجێی منداڵەکەت دانێ ئەویش فێردەبێ دواتر خۆی لە شوێنی تۆ دابنێت.

وەک ئەو بیر لە ڕووداوەکان بکەرەوە بۆ ئەوەی بزانی چۆن بیردەکاتەوە کاتێ هەڵە دەکات بەم جۆرە دەتوانی لەگەڵی بڕۆی بەرەو پێشەوە تادەگات بە ڕاستی .

داوای لێبوردن کردن لە منداڵ کارێکی گرنگە کاتێک هەڵەت بەرامبەر کردوە، داوای لێبوردن کردن لەبەرامبەریدا لە دۆخەجیاوازەکاندا یارمەتی دەدات لە واتای لێبوردن و ڕاستکردنەوە تێبگات .

ڕوونبە لەگەڵ منداڵەکەت و چەند ڕستەیەکی پوختی پێ بڵێ لەسەر یاساکانی ماڵ و ڕۆژ بەگشتی، ڕوونکردنەوە هاوکاری دەکات لەتێگەیشتن لە دروستی و هەڵەی بابەتەکان زۆر بە باشی .

ڕەفتارت لەکاتی توڕەیی منداڵەکەتدا زۆر گرنگە دەتوانی بەشێوەیەکی جوانتر بگەیتە ئەنجام لەگەڵی، بەم جۆرە تێدەگات لەهەستەکانی تێدەگەن و ڕێزی دەگرن ئەگەرچی ڕەفتارەکانی دروستیش نەبن.

لۆمەی منداڵەکەت مەکە هەرکات کارێکی نادروست دەکات، سەرزەنشت ڕێگای ڕاستکردنەوەی هەڵە نیە سەرنج لە هەڵەکە و چۆنێتی ڕاستکردنەوەی بدە لەجیاتی سەرزەنشتی منداڵەکەت.

یارمەتی منداڵەکەت بدە لە دۆزینەوەی هۆکارێک بۆئەوەی ڕاست و هەڵەی بیربێنێتەوە، هەندێ جار منداڵ کارێکی هەڵە دەکات دەزانێ هەڵەیە بەڵام لەو ساتەدا لەبیری چوەتەوە ، پێویستە هۆکارێک هەبێ بیری بهێنێتەوە کە "توڕەیە و کارێکی هەڵە دەکات"بۆئەوەی بەخێرای لەئەنجامدانی کارە هەڵەکە بوەستێ .

وەرگێڕانی : سومەیە محمد



6230 جار بینراوە‌
14/01/2021

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020