سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

زیانەکانی یارییە ئەلکترۆنیەکان

یاریە ئەلیکترۆنیەکان بەو کاڵا تەکنەلۆجیانە هەژمار دەکرێن کە بازرگانیان پێوەدەکرێت و بەشێکی گرنگی پێشکەوتنی نوێن و بەشێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر تاکەکان دادەنێن.

ڕەنگە یاریە ئەلیکترۆنیەکان ببنە هۆی کێشەی گەورە لەکاتی بەکارهێنانیان بەشێوەیەکی زۆر و بەردەوام لەلایەن منداڵ و تازەپێگەیشتوانەوە، بەجۆرێک ئەم یاریانە دەبنە پاڵنەرێک بۆ نابەرپرسیارێتی کەسی، خێزانی، یاخود زانستی و لەکاتی زیادبوونی خۆشەویستی بۆ ئەم یاریە ئەلیکترۆنیانە بەرەو ئالوودەبوون سەردەکێشێت.

بەهەوڵدان بۆ وەستاندنی گەنج و منداڵ لەبەکارهێنانیان توشی خەمباری و کاردانەوەی توند دەبن، هەروەها ئارەزوو دەکەن زیاتر کات لەم یاریانە بەسەربەرن و گرنگیدانیان نامێنێ بۆ ئەو چالاکیانەی پێشوو ئەنجامی دەدان و هیچ چێژیان لێ نابینن، بەدەر لەوەش هەوڵدەدەن درۆ بکەن لەوەی کاتی یاریکردنیان چەندی خایاندوە . هەروەها لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی پەیوەندی کەسی، لاوازی ئاستی خوێندن، یان تەنانەت ئەنجامنەدانی ئەرکەکانیان.

کێشەکانی یاریە ئەلیکترۆنیان زۆر بڵاون و سەرەتای سەرژمێریەکان لەسەر ئالودەبوون پێیانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی هەشتاکان. دواتر لەگەڵ زیاتر بڵاوبونەوەی یاریە ئەلیکترۆنیەکان و پەیوەندیان بە ئینتەرنێتەوە سەرژمێریەکان زیادیکرد. کێشەی ئالودەبوون بەم یاریانە بە کێشەیەکی گەورە هەژمار کراوە کە سەردەکێشێ بۆ تێکدانی تەندروستی گشتی لە وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، بەجۆرێک حوکومەتەکانی ناچارکردوە بە دانانی ڕێکاری خۆپارێزی بۆ چارەسەری کێشەکانی یاریە ئەلیکترۆنیەکان .

زیانەکانی یاریە ئەلیکترۆنیەکان

زیانی بۆ تەندروستی

 ئەم یاریانە چەندین زیانی تەندروستیان هەیە وەک (قەڵەوی، تەمەڵی، لاوازی، نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکان)هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی جەستەیی و ژیریی کەبەهۆی زۆر بەکارهێنانەوە سەرهەڵدەدەن. لەوانەیە ببنە هۆی ئازاری جومگەکانی ئەو کەسەی یاریەکە دەکات بەهۆی ئەو کاتە زۆرەی کە بەسەری دەبات لەیاری کردندا بەبێ پشوودان، ئەم ئازارانە لە جومگەکانی مل و دەست و مەچەک و قۆڵ دەبن. هەروەها دەبێتە هۆی کەمی ڤیتامی دی بەهۆی ئەوەی یاریکردن وادەکات کەسەکە بەکەمی دەچێتە بەر تیشکی خۆر ئەوەش دەبێتە هۆی ئێسکە نەرمە و لاوازی ئێسک، زیاد لەوەش هۆیەکە بۆ چەمانەوەی ئێسکی پشت و قاچەکان .

کاریگەری لەسەر ڕەفتاری منداڵ

لێکۆڵینەوەیەک کراوە لەسەر کۆمەڵێ منداڵ کەتەمەنیان لەنێوان ٨-١٧ ساڵیدایە بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە یاریە ئەلیکترۆنیە توندوتیژیەکان ڕەفتاری دوژمنکارانە لەمنداڵدا دروستەکات بەهۆی زۆر بینینی توندوتیژیەوە لەیاریەکاندا، د.دۆگڵاس جێنتڵ (Douglas A. Gentile ) شارەزا لەبواری توندوتیژی لەیاریەکاندا و خاوەنی دکتۆرا لە دەرونناسی گەشەدا لە ویلایەتی ئایوە دەڵێت (یاریە ئەلیکترۆنیەکان کاریگەری لەسەر هەمووان دادەنێ ئەگەر کەسەکان بەسروشتی خۆیان خاوەنی ڕەفتاری دوژمنکارانەبن یاخوود نا، هەروەها کاریگەری لەسەر ڕەگەزی مێینەش هەیە نەک تەنها ڕەگەزی نێر).

کاریگەری لەسەر نوستن

لێکۆڵینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن یاریە ئەلیکترۆنیەکان دەبنە هۆی قەلەقی جەستەیی، بەرزی پەستانی خوێن و گۆڕانی ژمارەی لێدانەکانی دڵ . یاریەئەلیکترۆنیەکان ئەگەرچی توندوتیژیش نەبن دەبنە هۆی لاوازی بینین و نزمی ئاستی زانستی کە وادەکات مێشک و جەستە بکەونە باری ناجێگیری و قەلەقی و سەرهەڵدانی کێشەی نوستن . شیاوی ئاماژەپێکردنە خەوتنی منداڵ بۆماوەی ٨-١٠ کاتژمێر مانای ئەوە نیە ناڕێکی خەوتنی نیە بەڵکو یاری ئەلیکترۆنی کاریگەری دادەنێ لەسەر ناوچە سەرەتاییەکانی مێشک، ناردنی هێماکان وا لە جەستەدەکات نائارام بێ تەنانەت لەکاتی نوستنیش و ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر خەوی منداڵ هەیە.

تیشک و ڕوناکی ناسروشتی شاشەکان ڕێگری دەکات لە چالاکبوونی هۆڕمۆنی "میلاتۆنین" کەتەنها لە تاریکیدا چالاک دەبێت، دەتوانین زیانی ئەم تیشکانە لەوەدا کورت بکەینەوە کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی خەوتن و لەکارخستنی زیندەکاتژمێری جەستە، ئەم ڕوناکیە دەبێتە هۆی بێ جەوی، کەم سەرنجی، کێشەی هۆڕمۆن لە مرۆڤدا.

تیشکی کارۆموگناتیسی ڕێگری دەکات لە دەردانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە دەبێتە هۆی کەمخەوی و پشوونەدان جێی باسە کە تیشکی کارۆموگناتیسی لەهەموو ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانەوە دەردەچێ وەک ئامێری چاودێری، ئینترنێت، یاریە گوازراوەکان "ئامێرێک هەڵیبگری" و ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانیتر.

کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی

لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵێک قوتابی لە پۆلەکانی سێیەم، چوارەم، حەوتەم هەشتەم کرا لە سەنگافورە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەبوو کە ئەو قوتابیانەی ئالودەی یاریە ئەلیکترۆنیەکانن توشی کێشەی دەروونی بوون وەک (خەمۆکی، نیگەرانی، هەڵهاتنی کۆمەڵایەتی) کەدەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندنی ئەو قوتابیانە.

کاریگەری لەسەر کات

یاریە جیاوازە ئەلیکترۆنیەکان دەبنە هۆی بەفیڕۆدانی کاتی ئەوانەی یاریەکان دەکەن کە دەکرێ لەبری ئەمە کاتەکان لەچالاکیەکی جەستەیی بەسوود بەسەر ببەن وەک(زیادکردنی کاتی کۆمەڵایەتی وەک بەسەربردنی کاتی زیاتر لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕێ یان بەسەربردنی کات لە چالاکی جۆراوجۆریتر وەک تۆپی پێ و ئەنجامدانی ئەرکەکانی خوێندن و کار، هەروەها دەشتوانن ئەوکاتە لە پەرەپێدانی توانای کەسیدا بەسەربەرن.

وەرگێڕانی : سومەیە محمد


11514 جار بینراوە‌
16/01/2021

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020