سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

چۆن بزانم منداڵەکەم ئۆتیزمی هەیە؟

ئۆتیزم چیە؟

ئۆتیزم پێناسە دەکرێت بە پەشێوی و تێكچونێکی ئاڵۆزی گەشەی مێشک، کە منداڵ لە سێ ساڵی سەرەتای تەمەنیدا توشی دەبێت، ئەم تێكچوونە دەماریەش کە کاردەکاتە سەر فەرمانەکانی مێشک، دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوون لە (کردار و هەڵسوکەتی منداڵ) یان (گوفتار و دەربڕینی منداڵ)، یان (لایەنی کۆمەڵایەتی منداڵ و بەستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەری)[1].

کاریگەری ئۆتیزم لەسەر منداڵ

پەیوەندی کۆمەڵایەتی:

 دەکرێت  منداڵی توشبوو بە نەخۆشی ئۆتیزم بناسرێتەوە لە ڕێگەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتی و کەسییەکانی، بە جۆرێک کە منداڵی ئۆتیزم ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی و تەندروست پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی لەگەڵ چواردەورەکەی ببەستێت، هەروەها توانای دەربڕینی ئاماژەکان و پەیوەندیە نــا گوفتارییەکانی نیە، بۆ نمونە : ئاماژەکردن بە چاو، یان دەربڕینی هەستەکانی لەڕێگەی ڕوخسار و دەموچاو، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە توانای دروستکردنی هاوڕێ و هاوڕێیەتی نابێت ، توانای یاریکردن و بەشداری لەگەڵ منداڵانی تر نابێت، توانای تێگەیشتنی لە هەستی کەسانی تر نابێت، وەکو ئازار و دڵتەنگی.[2]

جگە لەوەش دەتوانرێت منداڵی ئۆتیزم بناسرێتەوە لە ڕێگەی کۆمەڵێ نیشانە کە لەسەرەتاکانی تەمەندا دەردەکەون بەتایبەت لە ساڵی یەکەمی تەمەندا، هەرچەندە هەندێک منداڵ لە ساڵی یەکەمدا گەشەی ئاساییە و بێ کێشەیە بەڵام لە تەمەنی ١٨ بۆ ٢٤ مانگیدا نیشانەکانی تێدا دەردەکەون، لەو نیشانانەش:

وەڵامدانەوەی نابێت کاتێک بەناوی خۆیەوە بانگ دەکرێت.

بە شێوەیەکی باش و پاراو توانای قسەکردن و گفتوگۆی نابێت.

بەهۆی دابەزینی ئاستی زیرەکی، بە بەراورد بە منداڵی ئاسایی توانای فێربوونی کەمدەبێتەوە.[3]

حەزکردن بەتەنهایی یان ڕقلێبوونەوە لە لەباوەشگرتن.

پەیوەندی گوفتاری:

یەکێک لەو نیشانانەی کە لە منداڵی توشبوو بە ئۆتیزمدا دەردەکەوێت نەبوونی توانای فێربوونە، بەجۆرێک کە نزیکەی 40٪ ی توشبووان توانای قسەکردنیان نیە و ناتوانن هیچ گفتوگۆیەک دەست پێبکەن، بەردەوام وشە و دەستەواژەکان دەڵێنەوە و دوبارەی دەکەنەوە، وە توانای تێگەیشتنیان لە مەبەست و قسەکانی کەسی بەرامبەر نابێت.[4]

هەڵسوکەتی نـــــامۆ و نائاسایی:

منداڵی توشبوو بە ئۆتیزم چەندین ڕەفتار و هەڵسوکەتی نامۆ و نائاسایی تێدا دەردەکەوێت، لەوانەش:

هەستیار بوون بە بەشێكی زۆری کاریگەرییە دەرەکییە بینراو و بیسترا و فیزیکیەکان، وەک دەستلێدان.

بێزار و پەست دەبێت بە قەرەباڵغی و ژاوەژاو و دەنگی بەرز.

خوگرتن بە یەک یاری یان بەردەوام دوبارەکردنەوەی هەمان هەڵسوکەوت، وەک ڕاپسکانی بەردەوام، ددان لێکدان، جوڵاندنی دەستەکان، ڕێکردن لەسەر سەری پەنجەکان، وە توڕيبوونی لەکاتێکدا ئەگەر هەوڵبدەیت ئەو ڕەفتارەی بگۆڕیت.

توڕەبوونی لەنــاکاو و هێرشکردنی جەستەیی ڕاستەوخۆ.

کردنەوە و داخستنی ئەو شتانەی کە دەخولێنەوە، وەکو کیلۆنی دەرگا، یان بەسەربردنی کاتێکی زۆر بە یاریە خولاوەکانی هاوشێوەی میزراح.

کەمی سەرنج و تەرکیز، وە ئەنجامدانی ڕەفتار بە بێ بیرکردنەوەکردنەوە.

زۆربەی منداڵانی ئۆتیزم کێشەی لاوازی پەیوەندی جەستەییان هەیە، بەجۆرێک کە حەزناکەن لە باوەشیان بگریت، یان کەس دەستیان لێبدات، بەڵام ئەم ڕەفتارەیان بۆ هەموو کەسێک ڕاست نیە و لەوانەیە لەباوەشگرتنی باوک و دایک یان کەسێکی نزیکی لا ئاسایی بێت.



  ســــــەرچــاوەکـــــــــــــان

6078 جار بینراوە‌
05/04/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020