سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵە 8 ساڵەکەم بکەم؟

پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ منداڵ

كاتێك منداڵ دەگاتە تەمەنی ٨ ساڵی ئیدی كۆنتڕۆڵكردنی قورستر ئەبێت بە بەراورد لەگەڵ پێشوتردا كاتێك کە لە تەمەنێکی کەمتردا بووە، لەوانەشە هەڕەشەكردن یان سزادان چیتر سودی نەبێت لەگەڵیدا، بۆیە پێویستە لەسەر دایك وباوك كە پارێزگاری بكەن لەوەی پەیوەندی باش و پتەویان لەگەڵیدا هەبێت، هەمیشە هانی بدەن لەسەر هەڵسوكەوتی ڕاست و هەڵسوكەوتە باش و ئەرێنییەكانی بەرز بنرخێنن، ئەوەش لە پێناو پارێزگاریکردن لە هەڵسوكەوتی منداڵەكانیان و پەروەردەکردنیان بە شێوەیەكی تەندروست، بۆ نمونە:

پرسیار لە منداڵەکەت بکە لە قوتابخانە چۆن کاتەکانی بەسەر دەبات، خۆشترین شتی قوتابخانە بەلایەوە چیە.

دوای لێبکە لەگەڵت بێتە دەرەوە و چالاکیت لەگەڵ ئەنجام بدات، وەکو پیاسەکردن، یاریکردن، سەردانی خزمان.

با ڕەفتار و هەڵسوکەوتان جوان بێت و نمونەیەکی جوان نیشانی منداڵەکە بدەن، چونکە لەم تەمەنەدا منداڵ هاوشێوەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی دایک و باوکی  دەجوڵێتەوە و دەبێتە کۆپیەکی ئەوان[1].

دانانی یاسای گونجاو

بەزۆری منداڵان كاتێك ئەگەنە ئەم تەمەنە هەوڵی سەربەخۆیی و هەندێک ئازادی دەدەن، كە لەوانەیە یەك نەگرێتەوە لەگەڵ ئەویاساو پەروەردەیەی كە دایك و باوك لە تەمەنێکی بچوکتردا بۆیان دیاریکردن و فێریان کردوون؛ بۆیە دەبێت دایك و باوك ئاگاداربن لەوەیکە گرنگە لەو تەمەنەدا کەمێک ئازادی دیاریکراو بدەنە منداڵەکانیان و گۆڕانکاری لە یاساکانیان و شێوازی هەڵسوکەتیان بهێنن، وە هەر یاسایەکیش بۆ منداڵەکە دیاری دەکەن با هۆکارێکی گونجاو ڕاستەقینەیان بۆی هەبێت، باشتریش وایە یاساکانی خۆیان بەراورد بکەن لەگەڵ یاساكانی دایک و باوکی ترتاکو بتوانن سودی لێ وەربگرن و باشی و خراپی یاساکان بدۆزۆنەوە و ڕەچاوی بکەن، بۆ نمونە لە دیارکردنی کاتی خەوتنی منداڵ، یان دیارکردنی کاتی سەیرکردنی تەلەفزیۆن و بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان.

بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان، هەندێک ئازادی بدەرێ و با بەکاری بهێنێت بەڵام سنورداری بکە و کاتی بۆ دەستنیشان بکە، بۆ نموونە ڕۆژانە یەک کاتژمێر.

یاریکردن لەدەرەوە و هاوڕێگرتن، گەر حەزی لێی بوو ڕێگەی بدە ئەنجامی بدات بەڵام لەژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی خۆتدا و ئاگاداربوون لە هەموو جوڵە و چالاکیەکانی 1 .

پاداشتکردن

كاتێك كە دایك و باوك بینییان منداڵەكەیان هەڵسوكەوتێكی باشی ئەنجامداوە وەكو ئەنجامدانی ئەركی قوتابخانە یان کۆکردنەوەی شتەکانی یان ئەنجامدانی ئەركی ماڵەوەی بەبێ ئەوەی لێی داواکرابێت، یاخود پابەندبوون و بە جوانی ئەنجامدانی نوێژەکانی، ئەوە خەڵاتكردنی كاردانەوەیەكی گونجاو و هاندەر دەبێت، بۆ نمونە ئەکرێ خەڵاتەکەی بەسەربردنی کاتێکی زیاتر بێت لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن لەوەی کە بۆی دیارکراوە، یان بەسەربردنی کاتێکی زیاتر بۆ یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانی لەوەی کە بۆی دیارکراوە 1 .

دروستکردنی متمانەبەخۆبوون

كاتیك منداڵ ئەگاتە تەمەنی ٨ ساڵی، هەندێ هەست وكاردانەوەی ئاڵوز نیشان دەدات،لێ هەندی لە منداڵەكان توانای شاردنەوەی هەست و سۆزە ڕاستەقینەكەیان هەیە، بۆ نموونە، منداڵێک حەزی بە دیارییەک نیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوپاست دەکات و زەردەخەنە دەکات و واخۆی دەردەخات کە دیاریەکەی زۆر بەدڵە، چونكە لەم كاتەدا هەستكردنی منداڵەكە بەشێوەیەكی گەورە پەرەیسەندووە، هەروەها ژینگەیەی دەوروبەری لە خێزان و هاوڕێ و ئەو ئارەزوویانەی كە ئەنجامی ئەدەن پێناسەی كەسییان دروست ئەكات، وە پەرەسەندنی هەستكردنیان بە تایبەتی و پێویستییە كەسییەكان و زۆر گۆڕانی بارودۆخییان لە نێوان متمانە بەخۆبوون یان گومان لەخۆبوون، هەروەها منداڵەكان لەتەمەنی ٨ ساڵیدا زیاتر بە ئاگا ئەبن لە شێوەی جەستەیان كە كاریگەری ئەكات لەسەر متمانە بەخۆبوونیان لە شێوەیان وهەستكردن و پەیوەندییان بە هاوپۆلەكانیانەوە،  بۆیە پێویستە لەسەر دایك و باوك كە قسەبكەن لەگەڵ منداڵەكە دەربارەی تەندروستی جەستەیان لە بری شێوەی دەرەوە، وە یارمەتی دانی منداڵەكە لەسەر ئەنجامدانی ئەو چالاكییانەی كە یارمەتیدەرە لە دروستکردنی هەستی متمانە بەخۆبوون لە منداڵەکەدا 2 .

پەروەردەی سێکسی

یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی منداڵی کۆمەڵگەی کوردی لاوازی زانیاری و پەروەردە و ڕۆشنبیری سێکسیە لەسەرەتاکانی تەمەندا کە ئەمەش وادەکات زۆرجار منداڵ بەلارێدا بچێت توشی لادان ببێت ، هۆکاری سەرەکی ئەمەش دایک باوکە .بەگوێرەی زۆربەی توێژینەوەکان، تەمەنی هەشت ساڵی بە تەمەنێکی گونجاو دادەنرێت بۆ ئەوەی دەستبکرێت بە ڕۆشنبیرکردنی منداڵ لەڕوی زانیاری سێکسیەوە، هەرچەندە زۆربەی منداڵەکان لەم تەمەنەدا هەست بە شەرم و تاوان دەکەن و قسەکردن لەگەڵیان دەربارەی ئەم بابەتانە قورسە، بەڵام لەسەر دایک و  باوک پێویستە کە لەسەرەتاوە دڵنیایی بدەنە منداڵەکانیان و هانیان بدەن لەسەر ئەوەی کە دەتوانن دەربارەی هەر شتێک کە دەیانەوێت قسەیان لەگەڵ بکەن بەبێ هیچ ترس و شەرمێک. هەروەها دەبێت دایک و باوک ڕاستەوخۆ وەڵامی هەر پرسیارێک بدەنەوە کە منداڵ دەیکات بەجۆرێک وەڵامەکە واقیعی و راستگۆیانە بێت و لەگەڵ تەمەنی گونجاو بێت و هەوڵبدەن هێدی هێدی سنورەکانی حەڵاڵ و حەرامیشیان بۆ ڕون بکەنەوە ،پرسیارکردنی منداڵ لەبارەی سێکسەوە واتای بەلارێداچوونی منداڵەکە ناگەیەنێت بۆیە دەبێت دایک و باوک زۆر تێگەیشتوو بن و بەگوێرەی هەڵکشانی تەمەنی منداڵ زانیاری پێویست و گونجاو بە منداڵ بدەن و بەجوانی وەڵامی گونجاوی هەر پرسیارێک بدەنەوە بەبێ بەلارێدا بردن و تەر یقکردنەوە منداڵەکە 3.


 ســــــەرچــاوەکـــــــــــــان

[1https://www.wikihow.com



7137 جار بینراوە‌
18/04/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020