سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

عومەری کوڕی عبدالعزیز

ئەم باسەی لێرەدا دەیخەینە روو باسی ژیان و بەسەرهاتى یەکێک لەگەورە هەڵکەوتەکانى ئیسلامە کە هەم لەلایەکەوە زانایەکى گەورە بووە و هەم خەلیفە و سەرکردەى موسوڵمانان بووە، ئەوەش گەورەییەکى زۆرە کەخواى گەورە لەیەک کاتدا ئەو دوو هەڵکەوتەییەى پێبەخشییوە، ئەویش (عومەرى کوڕی عەبدولعەزیز)ە، ئەم عومەرە جیایە لە ئیمامى عومەرى کوڕی خەتتاب کە خەلیفەی دووەمى پێغەمبەر(ﷺ) بوو، بەڵام هەر لە نەوەى ئیمامى عومەرە.

ناوى باوکى عومەر عەبدولعەزیزە، دایکیشی ناوى لەیلایە، باپیری لەیلا ئیمامى عومەرى کوڕی خەتتابە، واتە ئیمامى عومەر باپیری دایکی عومەرى کوڕی عەبدولعەزیزە.

کاتى خۆی ئیمامى عومەر شەوێک بە کۆلآنەکاندا دەگەڕا، بینی کچێک و دایکێک سەرقاڵن شیر ئامادە دەکەن بۆ بەیانى تا بیفرۆشن، ئەوەبوو دایکی بە کچەکەى وت کچەکەم ئاوى زۆری تێبکە با شیرەکە زۆر بێت و پارەی زیاتر بکات، ئەویش وتى دایکە وا ناکەم، دایکی وتى خۆ عومەرى خلیفەى موسوڵمانان نامانبینێت، کچەکەى وتى دایکە گیان خۆ ئەگەر عومەر نەمانبینێت ئەوا خواى گەورە دەمانبینێت، بۆیە ئیمامى عومەر بەوە سەرسام بوو و بڕیارى دا داواى ئەو کچە بکات بۆ کوڕێکى، لە نەوەى ئەو کوڕەى عومەر و ئەو کچە، ئەم منداڵە ئازیزە لەدایک بوو کە ناونرا عومەر و وەک باپیرە گەورەى هەم بوو بەزانایەکى گەورە و هەم بوو بە خەلیفەى موسوڵمانانیش.

عومەر لەساڵی 61 کۆچی لەشارەکەى پێغەمبەرى خوا (ﷺ) شارى مەدینەى خۆشەویست لەدایک بوو، ئەو شارەى کە مەڵبەندو لانەى زانایانى گەورەى ئیسلام بوو، لەناو شارە شیرینەکەى پێغەمبەرى خوادا(ﷺ) زانایانێکى زۆر دەرکەوتن، چونکە ئەو شارە شارى هاوەڵانى ئازیز بوو، هەم پشتیوانان و هەم کۆچەرانیش لەوێ بوون، زانایانێک دەرکەوتن کە لەخزمەت هاوەڵان یان خوێندکارانى هاوەڵاندا زانستیان وەرگرتبوو بۆیە زانستەکەیان زۆر راست وبێگومان بوو.

ئیتر عومەر لەو شارەدا لەدایک بوو و هەر لەوێش لەسەر دەستى ئەو زانایانە زانستى وەرگرت، بۆیە خواى گەورە کردى بەو کەسە هەڵکەوتەى ئیسلام، ئیتر ماوەیەکى زۆر لەوێ مایەوەو لاى زانایانى ئەو شارە زانستى وەرگرت بەتایبەت زیاتر لاى مامۆستایەکى بوو بە ناوى صالح.

دواتر مامی کە خەلیفەى موسوڵمانان بوو و ناوى عەبدولمەلیک بوو و لە دیمەشق سەرکردایەتى دەوڵەتى ئیسلامى دەکرد داواى کرد عومەرى برازاى بچێت بۆ دیمەشق بۆ لاى، ئەوەبوو عومەریش چوو بۆ ئەوێ و هەر لەوێش پاش ماوەیەک مامى کچێکى هەبوو کە ناوى فاتیمە بوو ئەو کچەى پێشکەش کرد بە عومەر و پڕۆسەى هاوسەرێتییان ئەنجامدا، واتە خێزانى عومەرى کوڕی عەبدولعەزیز ئامۆزاى خۆی بوو.

عەبدولمەلیکی مامى زۆر مەبەستى بوو ئەو برازایەى وەک کەسێکى گەورە پەروەردە بکات، بۆیە کردى بە لێپرسراوى ناوچەیەکى دیارییکراو لەنزیک حەلەب کە پێی دەوترا دیر سەمعان، عومەریش بەجوانى توانى سەرکردایەتى ئەو ناوچەیە بکات و ئەوپەڕی چاکە و دادپەروەریی بەکاربهێنێت، تاساڵی 86 کۆچی وەک والى و سەرکردەى ئەو ناوچەیە مایەوە.

عومەر روخسارێکى ئەسمەرى هەبوو، جەستەى کەمێک لاواز بوو، ریشێکى زۆر جوانى هەبوو، ئیتر جوانییەکى بەرچاوى هەبوو، سەر بەبنەماڵەى ئومەویەکان بوو، لاى هەموان خۆشەویست بوو، چونکە زۆر راستگۆ و نەرم و نیان بوو، ئازارى کەسی نەدەدا، هەوڵی دەدا یارمەتى هەموان بدات.

دواى ئەوەى عەبدولمەلیکی مامى کۆچی دوایی کرد ئەوەبوو وەلید کە ئامۆزاى عومەر بوو، بوو بەخەلیفەى موسوڵمانان، وەلیدیش خۆشەویستى زۆرى هەبوو بۆ عومەرى ئامۆزاى، نەک بەس لەبەر ئەوەى ئامۆزاى بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە کەسێکى زانا بوو و زۆر بەڕێز و چاکەکار بوو، بۆیە وەلید بڕیاری دا عومەر بکات بە لێپرسراوى شارى مەدینەى خۆشەویست، پاش ئەوەى عومەر بوو بە والى و لێپرسراوى ئەو شارە توانى زۆر سەرکەوتوو بێت و هەموان لێی رازى بوون، خەلیفە وەلید بڕیاریدا ناوچەی تائیفیش بخاتە ژێر دەستى عومەرەوە.

عومەر مەرجى دانابوو کە نابێت ستەم لە کەس بکات  و بەدادپەروەرى بجووڵێتەوە، هەروەها بڕوات بۆ حەجى ماڵی خواى گەورە و حەج بکات، عومەر خێرا لە مەدینە بڕیاری دا کۆمەڵێک لە زانایان کۆ بکاتەوە تا لە هەموو شتێکدا راوێژیان پێبکات، بۆیە ئەنجومەنى راوێژی دامەزراند کە تیایدا 10 زانا بەشدار بوون، ئیتر لەهەموو شتێکدا راوێژی پێیان دەکرد ، بەوەش نەیدەهێشت هیچ شتێک پێچەوانەى شەریعەت بێت، هەم بەوە خواى گەورە رازى دەبێت و هەم بەندەکانیش بەو دادپەروەری و لێزانیەى رازى دەبوون ، عومەر تا ساڵی 93 کۆچی وەک والى مەدینە مایەوەو خزمەتێکى بێوێنەى پێشکەش کرد.

عومەر کاتێک ئەو 10 زانایایەى بانگ کرد تا ئەو کارەیان پێبسپێرێت پێی وت ن، من بۆ کارێک بانگم کردوون کە لەسەری پاداشت وەردەگرن  و پێکەوە لەسەر حەق یارمەتى یەکتر دەدەین، ئەمەوێ هەرچی بڕیارێک بدەم راى ئێوەى لەسەر بێت، ئەگەر بینیتان کەسێک ستەمى لێکرا یان کەسێکی ستەمکارتان بینی ئاگادارم بکەن، ئەوانیش رازى بوون و نزاى خێریان بۆ کرد لەسەر ئەو هەوڵە جوانەى.

عومەر لەو ماوەیەدا مزگەوتى پێغەمبەرى(ﷺ) نوێ کردەوەو فراوانیى کرد، دواى ئەوەی وەلیدی خەلیفەى موسوڵمانان و ئامۆزاى عومەر مردو لەشوێنیدا سولەیمانى براى بوو بە خەلیفە کە ئەویش ئامۆزاى عومەر بوو، خەلیفەى نوێ بڕیاریدا لەبەر چاکى و زانایی و بەهێزى عومەر و رازى بوونى خەڵک لێی عومەر بکات بە وەزیری خۆی.

سولەیمان هێندە متمانەى هەبوو بەنیازى پاک  و زانایى عومەر کە بوو بەخەلیفە عومەرى بانگ کرد و وتى تۆ دەزانیت من بوم بەخەلیفە و منیش زۆر شارەزانیم و زانستم کەمە، جا تۆ چیت پێباش بوو فەرمان بکە با وابێت و وا بکە، عومەریش هەموو شتەکانى راست دەکردەوەو خەلیفەش رازى بوو بە بڕیارەکانى.

عومەر هەمیشە دەیوت ئەگەر بۆ سەرخستنى ئایینی خواو پاراستنى لەسەر راستى و رێنەدان بەتێکدانى ئیسلام پێویست بکات هەر جارەو پارچەیەک گۆشت لە لەشم بکەنەوە تا هەموو لەشم پارچە پارچە بکەن ئامادەم وام لێبێت و هیچیش پێی دڵتەنگ نابم.

جارێک خەلیفە لەگەڵ عومەردا حەجیان دەکرد، خلیفە بەعومەرى وت سەیرى ئەو هەموو خەڵکە بکە بەس خوا ئەزانێت ژمارەیان چەندە، عومەر پێی وت  ئەوانە ئەمڕۆ لەژێر دەستى تۆدان، بەڵام سبەى لەرۆژی دواییدا هەموویان لە تاو خۆیان دەبن بە نەیار و نارازى لێت، خەلیفە کە ئەوەى بیرکەوتەوە دەستى کرد بەگریان.

عومەر زۆر جار بەخەلیفەى دەوت سەرم سوڕ دەمێنێت لەکەسێک کە خوا بناسێت کەچی لە فەرمانى خوا دەربچێت، شەیتان بناسێت کەچی بە گوێی بکات، دونیا بناسێت کەچی پشتى پێببەستێت.

دواى ئەوەى خەلیفە سولەیمان کۆچی دوایی کرد بڕیار درا بەیعەت بدرێت بە عومەرى کوڕی عەبدولعەزیز، هەرچەندە خۆی حەزى نەدەکرد بەرپرسیارێتی وەربگرێت بەڵام خەڵکی بەیعەتیان پێدا، ئەویش پاش ئەوەى خەڵکى لە مزگەوت کۆبوونەوە وتارێکى پێشکەش کرد و باسی کرد کە ئەو کارەى ئەو سەختەو تاقیکردنەوەیە بۆیە با کەسێکى تر هەڵبژێرن، بەڵام خەڵکى هەموو هاواریان کرد ئێمە تۆمان دەوێت تا خەلیفە بیت، بۆیە ئەویش دواجار رازى بوو، ئینجا خەڵکەکەى هاندا بۆ لەخواترسان و چاکەکردن و دوورگرتن لە خراپەکارى.

عومەر ماندوو بوو، گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، کوڕێکی هەبوو ناوى عەبدولمەلیک بوو، کە چوویەوە ویستى کەمێک رابکشێت، خێرا عەبدولمەلیکی کوڕی وتى بابە گیان ئەوە چی دەکەیت؟ وتى کوڕم تەواو ماندووم دەمەوێت کەمێک بحەسێمەوە، کوڕەکەى وتى دەتەوێت بخەویت پێش ئەوەى مافی رەواى خەڵک بگێڕیتەوە بۆیان  و ئەو ستەمەى کراوە لای بەریت، خەڵکێکى زۆر چاوەڕێى تۆن تا سکالآ بهێننە لاى تۆ و تۆیش بچیت بە دواى مافیاندا، عومەر وتى کوڕم دەى من دوێنێ شەو هیچ نەخەوتوم و سەرقاڵى تەرمى سولەیمانى مامت بوم، با کەمێک بنوم دواتر چووم بۆ نوێژی نیوەڕۆ گوێ دەگرم لە کێشەى خەڵک، عەبدولمەلیکی کوڕی وتى جا دڵنیای تا نیوەڕۆ نامریت؟ عومەر خێرا هەستا و عەبدولمەلیکی کوڕی ماچ کرد و گوشی بە خۆیدا و وتى سوپاس بۆ خوا کە منداڵی واى پێبەخشیوم لە ئاییندارییدا هاوکارمە.

عومەر لەسەردەمى خیلافەتیدا زۆر دادپەروەر بوو و هەردەم دەچوو بەدەم کێشەى خەڵکەوە، نەیدەهێشت ستەمکاران بحەوێنەوەو مافی لێ دەسەندنەوە، پاڵپشتى هەژاران و ستەمکاران بوو، زانایانى کۆدەکردەوەو راوێژی پێ دەکردن و داواى دەکرد هەر ستەمێکیان بینی پێی بڵێن و ئاگادارى بکەنەوە تا هەمووان پێکەوە ستەمەکە نەهێڵن، هەموو خۆشیەکانى خۆی واز لێهێنابوو بۆ ئەوەى بتوانێ خۆشی ببەخشێت بە خەڵک و ئاشتی و ئارامى وڵات بگرێتەوە، لەسەردەمى ئەودا خەڵکانێکی زۆرى بێباوەڕ موسوڵمان  بوون.

ئیتر هێندە خەڵکى لەخۆشی و شادومانییدا بوون کە جارێکیان زەکاتیان هێنا عومەر فەرمانى کرد دابەش بکرێت بەسەر ئەو هەژارانەدا کە ماون، ئەوانیش وتیان ئەی سەرکردەى موسوڵمانان هیچ هەژار نەماوە ئەوەى هەژار بوو هێندەى پێبەخشراوە کە دەوڵەمەند بووە، عومەر وتى دەى بڕۆن بەو پارەیە ژن بهێنن بۆ گەنجان، وتیان ئەوەشمان کردووە، وتى دەى کێ قەرزدارە بەو پارەیە قەرزەکەى بدەنەوە، وتیان ئەوەشمان کردووەو هێشتا پارە ماوەتەوە، وتى دەى سەیری ناموسوڵمان ەکان بکەن کامیان قەرزدار بوو قەرزەکەى بۆ بدەنەوە، ئەوەشیان کرد هەر پارە مایەوە، وتى دەى بەخشش بدەن بە زانایان، ئەوەشیان کرد هەر مایەوە، پاشان  فەرمانى کرد وتى بڕۆن دانەوێڵە بکڕن و بەسەر شاخەکاندا بلآوى بکەنەوە تا باڵندەکانیش تێربن.

جارێک عومەر زۆر حەزى لە سێو بوو، وتى خۆزگە سێوێکم هەبوایە، کەسێک هەستا و سێوێکى هێنا، عومەریش وتى ئەو سێوە ببە بۆ فلآنە کەس و سەلامى ئێمەى پێبگەیەنە، کابرا وتى خۆ پێغەمبەر(ﷺ) دیارى وەردەگرت، عومەر وتى ئەوە بۆ پێغەمبەر(ﷺ) دیارى بوو، بەڵام بۆ ئێمە ئەمڕۆ بەرتیلە، بۆیە نەیخوارد و خۆی پاراست لەو گومانەو ئەو حەزەى نەهێنایەدى.

رۆژانى هەینی ئیمامى عومەر خۆی وتارى دەدا بۆ موسوڵمانان، بۆ نوێژەکانى تریش خۆی پێش نوێژی دەکرد، کۆتا وتاریشی لەمزگەوتى ئومەوى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا وتى ئێوە هەروا دروست نەکراون و هەرواش بەرەلآ نەکراون، بەڵکو دەگەڕێنەوە بۆ لاى خوا، تا خواى گەورە چاک و خراپ جیا بکاتەوە، قوڕ بەسەر ئەوەى لە رەحمەتى خوا دەربچێت... ئەى بەندەکانى خوا لە خوا بترسن پێش ئەوەى بمرن، من کە ئەمە دەڵێم وا دەزانم کەستان هێندەى من تاوانبار نییە، بەڵام تەوبە دەکەم و دەگەڕێمەوە بۆ لاى خواى گەورە.

ئەوە کۆتا وتارى ئیمامى عومەر بوو و دواى ئەوە نەخۆش کەوت تا ئەوەبوو دواى چەند رۆژێک لە ساڵی 101 کۆچی لە دیمەشق وەفاتى کرد و تەرمەکەشی برایەوە بۆ یەکەم شوێنى دەسەڵاتى کە (دیر سەمعان) بوو.

پەند و وانە

دەبێت هەمیشە حەز بە زانست و کارى چاکە بکەین، چونکە مرۆڤ بە زانست و کارى چاکە دەتوانێت خواى گەورە لەخۆی رازى بکات و سوودى زۆریش بگەیەنێت بە خەڵک، دەبینین خەلیفە (عومەرى کوڕی عەبدولعەزیز) لەبەرئەوەى هەم زانستی زۆری پێبوو، هەم حەزى بەکارى چاکە دەکرد خۆشی و بەختەوەریەکى زۆری بەخشی بە موسوڵمانان.

منداڵی ژیر و خواناس هەمیشە هەوڵ دەدات هاریکارى باوک و دایکى بێت و چاکەیان بیربخاتەوە، ئەوە خۆشەویستى نییە لەپێناو حەسانەوەیاندا کارى چاکیان بیرنەخەیتەوە، هەرچەندە خەلیفە عومەر زۆر ماندوو بوو بەڵام عەبدولمەلیکی کوڕی باوکى راچڵەکاند و تێیگەیاند هەرچەندە ماندووە، بەڵام مادەم پۆستەکەى گەورەیە دەبێت بچێت بەدەم کارى خەڵکەوە نەوەک بمرێت و فریاى کارى خەڵک نەکەوێت.

ڕاوێژکردن بەزانایان کارێکی زۆر گرنگەو پێویستە لەهەر شتێکدا پرس و راوێژ بەزانایان بکەین، چونکە زانایان بەهۆی ئەو زانستەى پێیانە دەزانن باشترین و خراپترین شتەکان چین، بۆیە کاتێک راى ئەوان وەردەگرین چاکترین شت دەزانین و دەتوانین چاکترین کار جێ بەجێ بکەین.

مردن لەبەردەم هەمووماندایە و هەموومان دەبێت بمرین، بۆیە دەبێت لەبیرى نەکەین و خۆمان ئامادە بکەین بۆ دواى مردن، چونکە ژیانى دونیا کاتییە و شوێنى ئەوەیە چاکە کۆبکەینەوە بۆ رۆژی دوایی تا بەهەشت ببێتە شوێنى هەمیشەییمان، بەڵام زۆر کەس هەن بەجۆرێک دەژین وا دەزانن هەرگیز نامرن تا ئەوەى کتوپڕ مەرگ رێیان پێدەگرێت و بێ هیچ چاکەیەک ئەم دونیایە جێدەهێڵن.

کەسانى گەورەو خواناس هەمیشە ئامادەن لەپێناو ئاینی خوادا ماڵ و سامان و گیانى خۆیان بەخت بکەن، وەک دەبینین ئیمامى عومەر ئامادەبوو هەموو جەستەى پارچەپارچە بکەن بەس ئایینی خوا سەربکەوێت و لاری و تاوانەکان نەمێنن.

پێویستە خۆمان بپارێزین لەحەرام و لەهەموو شتێکدا بەگوێی ئارەزووەکانمان نەکەین، نەک وەک کەسانێک بین هەرچییان حەز لێبوو بیکەن یان بیخۆن و گوێ نەدەن بەحەرام، بەڵکو هەرچییەک حەلاڵ نەبێت با زۆریش حەزی پێبکەین دەبێت بەهیچ جۆرێک نزیکی نەکەوینەوە، وەک چۆن ئیمامى عومەر کاتێک گومانى هەبوو لەوەى ئەو سێوە بۆ ئەو حەلآڵ بێت نەیخوارد و ناردى بۆ کەسێکى تر.

پرسیارەکان

  1. گرنگى شاری مەدینە چیە؟
  2. عومەرى کوڕی عەبدولعەزیز چی عومەرى کوڕی خەتتابە؟ لە چیدا لەیەک دەچوون؟
  3. عومەر لەکوێ لەدایک بوو؟
  4. ژیانى منداڵی عومەر چۆن بوو؟
  5. باسی دەسەڵاتى عومەر بکە لەمەدینە.
  6. پەیوەندى نێوان عومەر و خەلیفە عەبدولمەلیک چۆن بوو؟
  7. عومەر داواى کرد لە کاربەدەستان ئەو سامانەى لە زەکات وەرگیرابوو چی لێبکەن؟
  8. بەسەرهاتى عومەر و کوڕەکەى باس بکە کاتێک چوویەوە بۆ ماڵەوە.
  9. عومەر لەکۆتا وتاریدا چی وت بە موسوڵمانان؟
  10. ئەم چیرۆکە باس بکە بۆ خۆشەویسترین کەسی خۆت.


8409 جار بینراوە‌
20/07/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020