سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

موحەممەدى فاتیح

لەناو ئیسلامدا هەموو نەتەوەکان جێیان ئەبێتەوەو قبووڵ کراون، ئیتر لەخواترسان بەپێی رەنگ و نەتەوە نییە، بەڵکو ئەوەى بنەڕەتە لەئیسلامدا لەخوا ترسان و پەیڕەوى جوانتری پەیامى ئیسلامە، بۆیە هیچ کات ئیسلام جیاوازى ناکات لەنێوان کورد و عەرەب و تورک و فارس و ئینگلیز و هەر نەتەوەیەکى تردا، بەڵکو جیاوازیەکە لەسەر ئەوەیە کامیان کارى چاکە زیاتر بکات، هەر بۆیە ئەو گەلانەى موسوڵمان  بوون هەوڵیانداوە پێشبڕکێ بکەن لەکارى چاکەو خزمەتکردن بەپەیامى خوادا.

یەکێک لەو نەتەوانەش تورکەکان بوون کە موسوڵمان  بوون و توانیویانە بە درێژایی مێژوو خزمەتى گەورە پێشکەش بکەن بەموسوڵمانان، ئەگەرچی لەم دواییانەى مێژوودا کاتێک گوێڕایەڵى رێنماییەکانى پەیامى خوا نەبوون هەندێکیان ستەمی زۆریان کرد لە گەلى کوردى موسوڵمان ، بەڵام پێشتر تورکەکان زۆر باوەردار بوون و خزمەتى گەورەیان بەئیسلام دەکردو هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو ئیسلام بگەیەنن بەو شوێنانەى کەئیسلامیان پێنەگەیشتووەو دەوڵەتى ئیسلامى گەورە بکەن.

تورکەکان توانییان دەوڵەتێک دابمەزرێنن کە ناویان نا دەوڵەتى عوسمانى، ئەوەش لەبەرئەوەى یەکەم کەس دایمەزراند ناوى عوسمان بوو، لەناو ئەو دەوڵەتەدا چەندین سوڵتانى بەهێز هاتن تا ئەوەى سوڵتانێکیان هات بە ناوى موحەممەد کە توانى رۆڵێکى گەورە ببینێت و ببێت بە یەکێک لەو کەسانەى کە گەورەترین خزمەتیان پێشکەش بەموسوڵمانان کرد، وەک چۆن صەلاحەدینى کورد قودسی رزگار کرد، موحەممەدی تورکەکانیش قوستنتینیەى پایتەختى مەسیحیەکانى ئازاد کرد.

پێغەمبەرى خوا() هەر لەسەردەمى خۆیدا هەواڵى دابوو بەهاتنى ئەم سەرکردەیە کاتێک بەهاوەڵانى خۆی فەرموو بە دڵنیاییەوە قوستەنتینیە ئازاد دەکرێت، بەراستى ئەو سوپایەى ئازادى دەکات سوپایەکى زۆر باشەو سەرکردەکەشی سەرکردەیەکى زۆر باشە.

موحەممەد لەساڵی 833 کۆچی لە شارى (ئەدرنە) لەتورکیا لەدایک بوو، باوکى ناوى موراد بوو کە سوڵتانى ئەو کاتى عوسمانیەکان بوو، دایکیشی ناوى (هوما) خاتوون بوو، ئیتر موحەممەد هەر لەسەرەتاى ژیانیەوە لەناو کۆشک و دەسەڵاتدا لەدایک بوو، زۆر بەجوانى گەورە دەکرا و خزمەتى باشی دەکرا، باوکى مامۆستاى تایبەتى بۆ دانابوو تا هەر لەمنداڵییەوە وانە فێر ببێت، یەکێک لەدیارترین مامۆستاکانیشی مامۆستایەکى زاناى گەورەى کورد بوو کە ناسرابوو بە شێخى گۆرانى.

بۆئەوەى موحەممەد فێری کارى بەڕێوەبردن بێت مورادى باوکى بڕیاریدا موحەممەد بنێرێت بۆناوچەى (ئەماسیا) تا بەڕێوەبەردنى ئەوێی بداتە دەست، ئیتر بەوە فێری بەڕێوەبردن دەبێت، ئەو کات هێشتا تەمەنى موحەممەد یانزە ساڵ بوو، ئەوەش نیشانەى گرنگى پێدانییەتى لەلایەن باوکییەوەو بەهێزى و زیرەکى موحەممەدیشە.

موحەممەد سەرەتا لەوێ زۆر گوێی نەدەگرت لەمامۆستاکانى، بۆیە باوکى بڕیاریدا مامۆستا و زانایەکى زۆر گەورەى بۆ بنێرێت تا جوان پەروەردەى بکات، ئەوەبوو شێخ ئەحمەدى گۆرانى بۆنارد کە زانایەکى گەورەى کورد بوو.

شێخى گۆرانى هێندە لەلایەن باوکى موحەممەدەوە مۆڵەتى پێدرابوو کە ئەگەر موحەممەد تەمبەڵی بنواندایە یان لارییەکى هەبوایە شێخى گۆرانى بە دارێک لێیدەداو تەمبێی دەکرد تا دووبارەى نەکاتەوە، هەروەها هەر لەسەرەتاوە شێخى گۆرانى بەردەوام ئەوەى فێری موحەممەد دەکرد کە فەتح کردنى قوستەنتینیە چەندە گرنگەو باسی فەرموودەى پێغەمبەرى خواى بۆ دەکرد لەو بارەیەوە تا لەئایندەدا کە بوو بە سوڵتان هەوڵبدات ئەو کارە بکات، موحەممەدیش بەجوانى ئەوەى وەرگرت و کردى بە ئامانجى خۆی ئەگەر بوو بەسوڵتان ئەو کارە بکات.

لەماوەیەکى کەمدا شێخى گۆرانى هەموو قورئانى بەموحەممە خوێندو فێری وانەکانى شەریعەت و هەنگاوى خواترسی کرد، موحەممەدیش زۆر لەمامۆستاکەى دەترسا و شەرمی لێدەکرد، چونکە زانایەکى زۆر گەورەو بەڕێز بوو، بەو جۆرە   پەروەردەکردنى لەسەر بنەماکانى ئیسلام زۆر کاریگەری لەسەر موحەممەد هەبوو، ئیتر موحەممەد زۆر هەوڵیدەدا ئەو فەرموودەیەى پێغەمبەر() تایبەت بەفەتحى قوستەنتینیە ئەو بگرێتەوە.

(سوڵتان موراد) کە بینی موحەممەدى کوڕی چاک پەروەردە بووە بڕیاریدا واز لە دەسەڵات بهێنێت بۆ موحەممەدى کوڕی و خۆی بچێتە ناوچەیەکى دوور تا دوور لەسەختى دەسەڵات بژی، ئەوکات تەمەنى موحەممەد (14) ساڵ بوو، بەڵام هێندە لەوێ نەبوو کەبیستى (مەجەری)ەکان کە خەڵکێک بوون هەڵگەڕاونەتەوە لەدەسەڵات، نامەى نووسی بۆ باوکى و داواى لێکرد خۆی بێتەوەو دەسەڵات بگرێتەوە دەست، ئەویش گەڕایەوەو سەرکردایەتیى سوپاى کردو جەنگێکى گەورەى دژ بەمەجەریەکان ئەنجامدا و تیایدا موسوڵمانان سەرکەوتن.

ماوەیەک سوڵتان موحەممەد چوو بۆ شارى (مانیسا و) لەوێ مایەوە، لەو ماوەیەدا ژنى هێنا، ناوى ژنەکەى (ئامینە گوڵبەهار) بوو کە بەبنەرەت خەڵکى یۆنان بوو، دواى ماوەیەکى تریش ژنێکى تری هێنا کە ناوى (ستتى) بوو، ئەم ژنەی تورکمان بوو، ئیتر بەردەوام باوکى هاریکارى بوو تا کێشە گەورەکانى وڵات چارەسەر بکات، چونکە هێشتا موحەممەد گەنج بوو و زۆر تواناى چارەسەرکردنى کێشە گەورەکانى وڵاتى نەبوو.

دواى ئەوەى باوکى کێشەکانى بۆ چارەسەر کرد ئەوەبوو لەو ماوەدا کۆچی دوایی کرد، بۆیە موحەممەدى کوڕی گەڕایەوەو شوێنى باوکى گرتەوە، پاش بەخاکسپاردنى تەرمى باوکى ئیتر سوڵتان بەگەرمى کەوتە هەوڵی بەهێزکردنى دەوڵەتەکەى، چونکە دەیزانى نابێت مەرگى کەسە ئازیزەکان ببێتە هۆکارى وەستان لەخزمەتکردن و سەرخستنى ئایینى خوا و باوکیشی هەتا ژیا وا خزمەتى دەکرد بۆیە دەیویست ئەویش وەک باوکى بێت.

سوڵتان موحەممەد کەوتە ئامادەسازییەکى چاک بۆ ئەوەى ئاواتە گەورەکەى بەدیبهێنێت، ئەویش فەتح کردنى شارى قوستەنتینیە بوو، لەوەشدا شێخى گۆرانى هاندەرى بوو، بۆ ئەوەش سوڵتان سوپای ئامادە کردو زانایانیش باسی جیهادیان دەکرد بۆ سەربازان تا بەگەرمى بجەنگن، دواجار هێرشیان برد بۆسەر قوستەنتینیە و لەرووى دەریاو وشکانیشەوە هەڵمەتیان برد، بەڵام ئەوانیش بەسەختى بەرگرییان دەکرد و نەیاندەهێشت موسوڵمانان بچنە ناوى، ئیتر ژمارەیەکى زۆرى موسوڵمانان شەهید بوون.

تەنیا یەک رێگە مابووەوە، ئەویش گرتنى ناوچەیەکى ئاوى بوو دەبوو موسوڵمانان لەوێوە بەکەشتى هێرش ببەن تا شارەکە بگرن، بەڵام رێگە نەبوو کەشتى بۆ ببەن.

پرسیار: ئەى سوڵتان بۆ چارەسەرى ئەوە چی کرد؟

وەلآم: سوڵتان بڕیاریدا کارێکى زۆر سەخت بکەن، ئەویش ئەوەبوو بەشاخەکەدا کە لەنێوان ئەوان و شوێنە ئاوییەکەدا بوو کەشتى ببەن بۆ ئەو شوێنە، ئەوەش بە شەو بکەن تادوژمن پێیان نەزانیت و بەیانى کتوپڕ هێرش بکەنە سەریان، بۆیە سەربازانى موسوڵمانان داریان دەبڕیەوەو دارەکانیان چەور دەکردن و بەسەرشاخەکەدا جادەیەکیان پێ دروست کرد، دواتر بەهەموویانەوە کەشتیەکانیان بەسەریاندا راکێشا و بردنیانە ناوچە ئاوییەکەوە، بەوەش کە رۆژ بووەوە دوژمنان تەواو سەرسام بوو و هیواى بەرگریکردنیان نەماو موسوڵمانان توانییان دواجار قوستەنتینیە ئازاد بکەن.

کاتێک چوونە ئەوێ سوڵتان بڕیاریدا کەس بەناهەق نەکوژن و خوێنى ژن و منداڵ و پیرو خەڵکى بێتاوان نەڕژن، هەروەها سەربازانى کۆکردەوەو لەخۆشیدا دەستیکرد بەگریان و وتارێکى پێشکەش کردو موژدەى ئەوەى پێدان کە ئەوان توانییان ئەو فەرموودەیەى پێغەمەبەر () لەخۆیاندا بەدیبهێنن کە ئەوەش گەورەترین موژدەیە.

کاتێک ناموسوڵمان ەکان ئەو لێبوردەیی و نەرمونیانەى سوڵتانى موسوڵمانانیان بینى بەشێکى زۆریان موسوڵمان  بون و بۆیان دەرکەوت ئایین ئیسلام چەند جوانى و چاکى لەخۆگرتووە.

سوڵتان موحەممەد بەم سەرکەوتنەوە نەوەستا، بەڵکو بڕیاری دا هێرش بباتە سەر ناوچەکانى تریش تا ئەو ناوچانەش بخاتە سەر خاکى موسوڵمانان و ئایینی ئیسلامیان پێ بگەیەنێت، بۆ ئەوەش خواى گەورە سەرکەوتنى زۆری پێ بەخشی و بەو هۆیەوە چەندین ناوچە کەوتنە ێر دەستى موسوڵمانان و زۆرەى خەڵکەکەشی بە ئارەزووى خۆیان و بەبێ زۆر لێکردن موسوڵمان  بوون، چونکە کاتێک موسوڵمانان دەچوونە ئەوێ و لەگەڵیان زۆر چاک بوون و باسی ئیسلامیان دەکرد بۆیان ئەوانیش سەرسام دەبوون بە ئیسلام و بە رەزامەندى خۆیان موسوڵمان  بوونى خۆیان رادەگەیاند.

هەروەها سوڵتان چەندە گرنگى دەدا بەجیهادى رێگەی خوا هێندەش گرنگى دەدا بەبوارى زانست و خوێندنگەکان و لەبەشەکانى وڵاتدا چەندین خوێندنگەو زانکۆو پەیمانگەى دروست کرد، گرنگى دا بەمەنهەجى خوێندن و رێزگرتنى زانایان و یارمەتیدانى خوێندکاران، هەروەها چەندین نەخۆشخانەى گەورەى لەبەشە جیاجیاکانى وڵاتدا بونیادنا، بەشێکى زۆر کتێبی ناوازە بەبڕیارى ئەم سوڵتانە وەرگێڕانە سەر زمانى موسوڵمانان، چەندین بیناو دەزگاى گەورەو گرنگ بونیادنران، گرنگییەکى زۆری دا بەبوارى ئابوورى و بازرگانى زۆر پێشکەوت، هەوڵیدا ستەم لە وڵاتدا نەهێڵێت و مافی ستەم لێکراوانى دەگێڕایەوە بۆیان، بەڵکو خەڵکى هەمووان رازى بوون بەدەسەڵاتى ئەو سوڵتانەو نزاى خێریان بۆ دەکرد، ئەویش تادوا ساتەکانى تەمەنى خووى نەدایە تەمبەڵی و هەموو هەوڵی خۆی دەخستەگەڕ بۆ خزمەتکردنى خەڵک.

دواجار پاش خزمەتێکى زۆرو سەرکەوتنى گەورەى سوڵتان موحەممەد لەبوارە جیاجیاکاندا ئەویش وادەى مردنى هات و دواجار لەمانگى رەبیعولئەوەلى ساڵی 886 کۆچیداو لە تەمەنى پەنجاو سێ ساڵیدا سوڵتان موحەممەد کۆچی دوایی کرد.

پەندو وانە

دەبێت بەجوانى ئەوە بزانین لە ئایینى پیرۆزى ئیسلامدا گەورەیی و لەخواترسان بەپێی رەنگ و نەتەوە نییە، بەڵکو ئەوەى بنەڕەتە لەئیسلامدا لەخواترسان و پەیڕەوى جوانتری پەیامى ئیسلامە، بۆیە هیچ کات ئیسلام جیاوازى ناکات لەنێوان کورد و عەرەب و تورک و فارس و ئینگلیز و هەر نەتەوەیەکى تردا، بەڵکو جیاوازییەکە لەسەر ئەوەیە کامیان کارى چاکە زیاتر بکات، هەر بۆیە ئەو گەلانەى موسوڵمان  بوون هەوڵیانداوە پێشبڕکێ بکەن لەکارى چاکەو خزمەتکردن بەپەیامى خوادا.

هەرچییەک فەرموودەى پێغەمبەرى خواى () لەسەر بێت دەبێت ئێمەى موسوڵمان  زۆر گرنگى پێبدەین چونکە ئەوە مایەى سەرکەوتنمانە لەدونیاو قیامەتدا، دەبینین سوڵتان موحەممەد هەموو ماوەى تەمەنى خۆی دانا تا ئەو فەرموودەیەى پێغەمبەر() بیگرێتەوە، بۆیە پێویستە ئێمەش فەرموودەکانى پێغەمبەر() لە خۆماندا جێبەجێ بکەین و تەمەنمان دابنێین بۆ ئەو بوارە.

زۆر پێویستە رێزى تایبەتى مامۆستایان بگرین چونکە ئەوان دڵسۆزى ئێمەن و کاتى خۆیان تەرخان دەکەن بۆ ئێمە تا زانستمان فێر بکەن و رێی راستمان پیشان بدەن و ماندوبوونى خۆیان لەبیر دەکەن لەبەر ئێمە.

جیهادکردن لەرێی خوادا و زانست فێربوون و بلآوکردنەوەى زانست لەناو خەڵکدا دوو بوارى تەواوکەرى یەکترن و بە درێژایی مێژووى ئیسلامى موسوڵمانان بە جێبەجێ کردنى هەردووکیان سەرکەوتنیان بەدی هێناوە.

پرسیارەکان

سوڵتان موحەممەد لە ساڵی چەندو لە کوێ لەدایک بوو؟

سوڵتان موحەممەد لە چ نەتەوەیەک بوو؟

تەمەنى منداڵی سوڵتان موحەممەد چۆن بوو؟

ئەو مامۆستایە کێ بوو کە زۆر کاریگەرى هەبوو لەسەر سوڵتان موحەممەد؟

بۆچی سوڵتان موراد بۆ جارى دووەم خۆی بوویەوە بەسوڵتان؟

بۆچی سوڵتان موحەممەد هەوڵى دەدا قوستەنتینیە ئازاد بکات؟

سوڵتان موحەممەد چۆن قوستەنتینیەى ئازاد کرد؟

ئایا دواى ئازادکردنى قوستەنتینیە سوڵتان موحەممەد چی کرد؟

دەتوانیت ئەم چیرۆکە زۆر بە کورتى بنووسیتەوە؟


1088 جار بینراوە‌
07/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020