سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

حەسەنى بەصرى

کەم کەسمان هەیە لەوتار و گوفتارى مامۆستا و زاناکانماندا ناوى حەسەنى بەصریمان نەبیستبێ، چونکە حەسەنی بەصری یەکێکە لەزانا گەورە و خواناسە گەورەکانى ئیسلام.

باوکى حەسەن ناوى یەسار بوو، یەساری باوکى خزمەتى یەکێک لەهاوەڵەکانى پێغەمبەری خواى () دەکرد کە ئەویش زەیدی کوڕی سابت بوو، دایکیشی ناوى خەیرە بوو و ئەویش خزمەتکاری هاوسەرەکەى پێغەمبەر () ئوم سەلەمە بوو، واتە حەسەن خاوەنى دایک  و باوکێک بوو کەخزمەتى دوو کەسی زۆر نزیکی پێغەمبەری خوایان دەکرد.

لەسەردەمى خیلافەتى عومەرى کوڕی خەتابدا یەسار داواى خاتوو خەیرەى کردو بوو بەهاوسەری، دواى ماوەیەک خواى گەورە منداڵێکی چاوگەشی پێدان بەناوى حەسەن، دوو ساڵ پێش ئەوەى عومەرى کوڕی خەتتاب شەهید بێت، حەسەن لەدایک بوو.

جاری وا هەبوو ئوم سەلەمە کە دایکی باوەڕداران و هاوسەری پێغەمبەری خوا ()بوو، دایکی حەسەنى دەنارد بۆ کارێک، کە دایکی دەچوو حەسەن دەستی دەکرد بە گریان، ئوم سەلەمە مەمکى پێدەداو ژیری دەکردەوە، دواتر دەیبرد بۆ ناو هاوەڵەکانى پێغەمبەر ()، جا هاوەڵانى پێغەمبەر ()نزاى خێریان بۆ دەکرد، عومەرى کوڕی خەتابیش نزاى خێری بۆ کرد و فەرمووى خوایە شارەزاى بکەیت لە ئیسلامدا و لاى خەڵک خۆشەویستی بکەیت.

حەسەن هەر لەسەرەتاوە پەروەردەیەکی جوانى وەرگرت و لەناو هاوەڵانى پێغەمبەری خوادا ()گەورە بوو، پەروەردەیەکی ناوازەى وەرگرت تا بوو بەزانایەکی گەورە.

حەسەنى بەصری زۆر زانا و زیرەک بوو، خواناسێکی گەورە بوو و زۆر پەرستشی خواى دەکرد، شێوەو روخسارێکی زۆر جوانیشی هەبوو، هێندە جوان بوو کە لە زۆر شوێن ناوبانگى پەیدا کردبوو، زۆر نەرم و نیان و لەسەرخۆ بوو.

حەسەنى بەصری لەناوچەی (وادی قورا) گەورە بوو سەرەتاى ژیانى لەوێ بەسەربرد، جارێک لەسەر وشترەکەى کەوتە خوارەوەو لووتى بریندار بوو.

حەسەنى بەصری گرنگیەکى زۆرى دەدا بەرۆژوو گرتن، هەموو دووشەممەو پێنج شەممانێک بەڕۆژوو بوو، هەر رۆژوویەکی تری سوننەتیش هەبوایە، حەسەنى بەصری نەیدەهێشت لەدەستی بچێت و بەرۆژوو دەبوو.

خواناسێک هەبوو بەناوى حەمزە، دایکی بردی بۆ لاى حەسەنى بەصری و وتى حەز دەکەم کوڕەکەم لەگەڵ تۆ بێت بەڵکو خواى گەورە رێنموونى زیاتری بکات، حەسەنى بەصریش زۆر گرنگى پێدەدا، رۆژێک ئامۆژگاریەکی کردو وتى: کوڕە شیرینەکەم زۆر خەفەت بخۆ بۆ رۆژی دوایی و گرنگیەکی زۆر بدە بەپەرستشی تەنیاو نهێنی، جا حەمزە دەڵێت جار هەبوو دەچووم بۆ لاى دەمبینی حەسەنى بەصری دەگری، منیش پێم وت بۆچی هێندە دەگریت؟ ئەویش دەیوت گریان لەترسی خوا رەحمەتی لەگەڵە و لەدۆزەخ رزگارت دەکات.

حەسەنى بەصری لەمزگەوتدا وانەى دەوتەوەو رۆژانە وانەکانى قورئان و فەرموودەو زمانەوانى و چەند وانەی تری بەموسوڵمانان دەوتەوەو خوێندکارێکی زۆری هەبوو و سەدان کەسی پێگەیاند.

جارێک کەسێک هات بۆ لاى حەسەنى بەصری و وتى فلآنەکەس غەیبەتى تۆی دەکرد، ئەویش پاکەتێک شیرینی نارد بۆ ئەو کەسەی کە غەیبەتى کردبوو و نامەیەکیشی بۆ نووسی و تیایدا نووسیبوی: بیستوومە تۆ چاکەکانى خۆت بە دیاری بەمن بەخشیوە، بۆیە منیش ئەم شیرینیەم بۆ ناردیت.

حەسەنى بەصری نەخۆش کەوت و خەریک بوو بمرێت، خۆی هەستی کرد کە سەرەمەرگى هاتووە، بۆیە هەندێک وەسیەتى کرد بۆ عەبدولآى کوڕی، دواجار لە شەوی هەینی مانگى رەجەبى ساڵی سەد و دەی کۆچیدا وەفاتى کرد و تەمەنى نزیکەی هەشتاو هەشت ساڵ بوو.

پرسیارەکان:

دایک  و باوکى حەسەن کێ بوون؟

پەیوەندى حەسەن لەگەڵ ئوم سەلەمە چۆن بوو؟

 بۆچی حەسەنى بەصری زۆر دەگریا؟

بۆچی حەسەنى بەصری شیرینی نارد بۆ ئەو کەسەی غەیبەتى کردبوو؟

دەتوانیت ژیانى حەسەنی بەصری بۆ خۆشەویستێکت باس بکەیت؟


2777 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020