سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیمامى سوفیان

ناوى سوفیانى کوڕی عویەینەیە، ئەم زانا خواناسە لە شارێکی عێراق لەدایک بوو کە ئەویش شارى کوفەیە، لەبەرەبەیانێکى رۆژی شەممەو لەمانگى شەوالى ساڵی سەدو حەوتى کۆچییدا لدایک بوو.

عویەینەى باوکى لەکاربەدەستانى ئەو ناوچەیە بوو، بەڵام دواتر کە لەسەر کار لابرا، چوو بۆ شارى مەککە و لەوێ نیشتەجێ بوو.

سوفیان نۆ براى هەبوو کەهەموویان موسوڵمان  بوون، چوار لە براکانیشی زاناى بواری فەرموودە بوون و فەرموودەکانى پێغەمبەری خوایان () دەگێڕایەوە.

سوفیان هەر لەسەرەتاى ژیانیەوە دەستیکرد بەوەرگرتنى زانست، سەرەتاش چووە خزمەتى مامۆستایان و دەستی کرد بەفێربوون و لەبەرکردنى قورئانى پیرۆز، لەتەمەنى حەوت ساڵییدا هەموو قورئانى لەبەرکرد، ئەوەش بەخششێکی خوایی بوو کە توانى لەو تەمەنە کەمەدا هەموو قورئانى پیرۆز بەجوانى و رەوانى لەبەر بکات.

دواى ئەوەش هەر زانستی وەردەگرت تا تەمەنى بوو بەپانزە ساڵ، ئیتر لەو کاتەوە دەستى کرد بەوەرگرتن و لەبەرکردنى فەرموودەکانى پێغەمبەری خوا ()، رۆژێک باوکى بانگى کردو وتى رۆڵە گیان ئیتر گەورە بوویت و هەوڵ بدە چی خێر و چاکەیە فێری ببە، رۆڵە گیان ئەگەر هیچ هاوڕێت نەبێت زۆر باشترە لەوەی هاوڕێی خراپت هەبێت، تا دەتوانیت گوێڕایەڵی رێنمایی زانایان ببە، چونکە هەرکەس وابکات بەختەوەر و براوە دەبێت، سوفیانیش ئامۆژگارییەکانى باوکى بەهەند وەرگرت و تا ئەو کاتەى لەژیاندا بوو لەبیری نەدەچوو.

ئیتر سوفیان بەردەوام دەچوویە خزمەت زانایانى فەرموودەو لەخزمەتیاندا دادەنیشت و فەرموودەى لێوەردەگرتن و دەینووسیەوەو بەجوانى لەبەری دەکرد.

جارێک سوفیان لەگەڵ یەکێک لەزاناکان لەپاڵ کەعبەدا بوو، زاناکەش ناوى عەمری کوڕی دینار بوو، سفیان داواى لێکرد فەرموودەى فێر بکات، ئەویش هەشت فەرموودەى بۆ گێڕایەوە، ئینجا سوفیان گوێدرێژەکەى مامۆستاکەى راگرت تا مامۆستاکەى نوێژەکەى بکات، کاتێک عەمری مامۆستاى هاتەدەرەوە سوفیان هەر هەشت فەرموودەکەى بەلەبەرکردنەوە دووبارە کردەوە، مامۆستاکەشی سەرسام بوو بەزیرەکى سوفیان.

سوفیان هێندە گرنگیدا بەفەرموودەکانى پێغەمبەر () کە لەهەموو شوێنێک ناوبانگى پەیدا کرد و دواجار بوو بەزانایەکی گەورەى بواری فەرموودەو خەڵکی لە هەموو شوێنێکەوە دەهاتنە خزمەتى و فەرموودەیان لێوە دەبیست.

سوفیان کاتێک فەرموودەیەکی وەردەگرت، پێشتر جوان لەبەری دەکرد ئینجا دەینووسیەوە، دواتریش هەم دەیخوێندەوە، خۆی دەڵێت هەر فەرموودەیەکم نووسیبێتەوە پێش ئەوەى بینووسمەوە بەجوانى لەبەرم کردووە.

سوفیان نەوەک تەنیا لاى خەڵک خۆشەویست بوو، بەڵکو تەنانەت لاى سەرکردەکانى موسوڵمانانیش زۆر رێزدار و خۆشەویست بوو، سەرکردەى ئەو کاتى موسوڵمانان کە هاروونە رەشید بوو هەرکات ناوى سوفیانى ببردایە دەیوت گەورەی خەڵک، چونکە دەیزانى هەموو قورئانى پیرۆز و فەرموودەکانى پێغەمبەری خوا () لەناو دڵی سوفیاندان.

سوفیان دەویت: زاناى ئیشکەر ئەو کەسەیە کە بەتەواوەتى شەریعەتى خودا جێبەجێ بکات، ئیتر خەڵکی پێش ئەوەى گوێ لە زانستەکەى بگرن، بە کردەوەکانى سوود وەربگرن.

واتە پێویستە زانای موسوڵمان هەرچی زانستێکی لابوو بەکردەوە جێبەجێی بکات، نەوەک شتێک بەخەڵک بڵێت و خۆی جێبەجێی نەکات، چونکە خواى گەورە هەڕەشەی کردووە لەو جۆرە زانایانە کەشتێک بەخەڵک بڵێن و خۆیان نەیکەن.

هەروەها دەیوت: هەر موسوڵمانێک خۆی لەموسوڵمانێکى تر بەباشتر و گەورەتر بزانێت، ئەوە خۆبەزلزانە.

سوفیان تەمەنێکی زۆر ژیا، کۆتا جار چوو بۆ حەج، لەوێ جلێکی خۆی راخست و لەسەری راکشا و وتى وا حەفتا ساڵە دێمە ئەم شوێنە و هەموو جارێک وتوومە خوایە ئەمە کۆتا جارم نەبێت دێمە ئێرە، بەڵام ئیتر رووم نایە داواى لێ بکەم، ئەوەبوو ئەو جارەیان داواى نەکرد، هەر لەو ساڵەداو لە رۆژی شەممەى مانگى رەجەبی ساڵی سەد و نەوەد و هەشتی کۆچیدا وەفاتى کرد.

پرسیارەکان:

 

سوفیان لە تەمەنى چەند ساڵیدا هەموو قورئانى لەبەر کردبوو؟

ئامۆژگارى باوکى سوفیان بۆ کوڕەکەى چی بوو؟

بەسەرهاتى سوفیان و عەمری کوڕی دینار چۆن بوو؟

 هارونە رەشید چۆن ناوى سوفیانى دەبرد؟

 سوفیان لە کۆتا حەجیدا چی وت؟


894 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020