سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

سەعیدی کوڕی موسەیب

ئەمجار باسی زانا و خواناسێک دەکەین کە لە شارەکەی پێغەمبەر () لەدایک بوو و ژیا و لەناو هاوەڵانى پێغەمبەردا () پەروەردە بوو و لەسەر دەستی ئەوان زانستی وەرگرت، ئەویش ئیمامى سەعیدە.

ناوى سەعیدی کوڕی موسەیبە و بە بنەڕەت سەر بە قوڕەیشە، باوکى ئەم پیاوە خواناسە یەکێکە لە هاوەڵانى پێغەمبەر ()، سەعید لە ساڵی پانزەى کۆچی و لە شارى مەدینەى خۆشەویست لەدایک بوو، هێشتا دوو ساڵ بوو ئیمامى عومەر بووبوو بە خەلیفەی موسڵمانان.

سەعید هەر لە مەدینە گەورە بوو و لەوێ دەستی کرد بە وەرگرتنى زانست، شارى مەدینە ئەو شارە خۆشەویستەی کە شوێنی نیشتەجێبوونى پێغەمبەر () بوو و پێغەمبەر () نزاى بۆ کردووە، شارێ کە بە درێژایی مێژوو هەزاران زاناى گەورەی پێشکەش بە موسڵمانان کردووە.

لە سەردەمى سەعیددا موسڵمانان دەسەڵاتیان بەهێز بوو، بەشێکی زۆر لە هاوەڵانى پێغەمبەر () مابوون و لە شارى مەدینە وانەیان دەوتەوە، خەڵکی تەواو تامەزرۆی وەرگرتنى فەرموودەکانى پێغەمبەر () بوون، ئەمە دەرفەتێکی باش بوو بۆ سەعید تا لەو بارودۆخەدا خۆی پێبگەیەنێت.

سەعید هەر لە مەدینە هاوسەرگیری کرد و ژنی یەکێک لە هاوەڵە ناسراو و خۆشەویستەکانى پێغەمبەری خواى () بە هاوسەرگرت کە ئەویش کچی ئەبووهورەیرە بوو، هەموو جار کە خەزوورى دەبینی دەیوت داوام لە خوایە لە بازاڕی بەهەشتدا بمانگەیەنێتەوە بەیەک.

سەعید باڵای بەرز بوو، زۆر زوو سەر و ریشی سپی کرد، کەسێکی دەوڵەمەند نەبوو، زۆربەى کاتى سەرقاڵی پەرستش بوو، هەرکات دەچوویە دەرەوە هەر کەسی ببینیایە سەلامى لێدەکرد و تەوقەی لەگەڵ دەکرد، پێکەنینی زۆر نەبوو و بەپێی پێویست پێدەکەنى، چونکە کەسانێک هەن هەر لەخۆوە پێدەکەنن و لە کات  وشوێنی نەشیاویشدا خۆیان پێ راناگیرێ و هەر پێدەکەنن.

جارێک هەندێ کەس سەرقاڵی پەرستش بوون، کەسێک بە سەعیدی وت بۆچی تۆیش ناچیت لەگەڵیاندا پەرستش بکەیت؟ ئەویش وتى من پەرستشی لەوە گەورەتر دەزانم، ئەویش بیرکردنەوەیە لە دەسەڵاتى خوا و خۆ پاراستن لەوەى خوا حەرامى کردووەو بەجێگەیاندنى ئەو شتانەى خوا فەرمانى پێکردووە.

سەعیدی کوڕی موسەیب سەرقاڵی ئیشی زەیت بوو، پارەو بەخششی لە خەڵک وەرنەدەگرت و خۆی رۆژانە دەچوو بۆ بازاڕ لەوێ ئیشی دەکرد و بەشی بژێوی خۆی و ماڵ و مناڵی پارەى پەیدا دەکرد.

پەندو وانە:

لەم بەسەرهاتەوە ئەوە فێر دەبین وردبوونەوە لە دەسەڵاتى خوا و زانینی گەورەیی خوا بەشێکی گەورەیە لە پەرستش، واتە وەرگرتنى زانست پەرستشێکە لە هەندێ پەرستشی تر خێری زیاترە، هەروەها ئەوەش فێر دەبین بەجێگەیاندنى فەرزەکان و خۆدوورگرتن لە حەرامەکان زۆر لەپێشترە لە هەندێ کار کە سوننەتن، بۆ نموونە نوێژی فەرز لە مزگەوتدا گرنگترە تا نوێژی سوننەت، بۆیە ئەگەر سەد نوێژی سوننەت بکەین هێندەى نوێژێکی فەرز خێری نییە، ئەمە بەو واتایە نا وازبهێنین لە سوننەت، بەڵکو دەبێت یەکەمجار گرنگى بدەین بە فەرزەکان ئینجا سوننەتەکان.

سەعید گرنگیەکی زۆری دەدا بە نوێژە فەرزەکان و ماوەی پەنجا ساڵ هەرچی نوێژی فەرزی هەبوو هەمووی لە مزگەوتدا دەکرد و لە ریزی یەکەمیشدا نوێژەکەى دەکرد، واتە پێش بانگ دەچوو بۆ مزگەوت بۆ ئەوەی فریاى ریزی یەکەم بکەوێت.

هەروەها سەعید زۆر گرنگى دەدا بە حەجى ماڵی خوا و تا ژیا چل جار حەجى ماڵی خواى کرد، ئەوەش فەزڵی خوا بوو کە دەرفەتى دا بەم زانا خواناسە تا بتوانێت ئەوەندە جار لە حەجدا بەشداری بکات.

لە ساڵی نەوەدو چواری کۆچیدا سەعید نەخۆش کەوت، جا وەسیەتى کرد و وتى ئەگەر مردم لەناو خەڵکدا جاڕ مەدەن، هەرکەس ئامادە بوو بۆ نوێژکردن لەسەر تەمەکەم ئەوەندە بەسە.

ئینجا یەکێک لە کەسە خواناسەکان بە ناوى نافیع هات بۆ لاى، سەعید لەتاو ئازار لەهۆش خۆی چوو، نافیع وتى رووی بکەنە قیبلە، خێرا سەعید هاتەوە هۆش خۆی، ئینجا وتى کێ پێی وتن وام لێبکەن؟! نافیع وتى من بووم، ئەویش وتى ئەگەر ئیمان لە دڵمدا نەبوایە ئەو رووکردنە کەعبەش سوودى نەدەبوو بۆم، بەڵام ئەوە ئیمانى ناو دڵم بوو کە خوا پێی بەخشیوم، سوودی پێگەیاندم.

دواجار سەعیدی کوڕی موسەیب لە ساڵی نەوەدو چواری کۆچی لە مەدینە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە کرا، تەمەنیشی نزیکەی هەشتا ساڵ بوو.

پرسیار:

 تایبەتمەندى سەردەمى سەعید چی بوو؟

 خەزووری سەعید کێ بو؟

 بۆچی سەعید نەچوو بۆ لاى ئەو کەسانەى پەرستشیان دەکرد؟

 سەعید چۆن بژێوی خۆی دابین دەکرد؟

سەعید لە کاتى وەفاتیدا وەسیەتى چی کرد؟

 


1200 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020