سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیمامى جەعفەرى صادق

ئەم ئیمامە خۆشەویستەى ئێستا باسی دەکەین یەکێکە لە زانا ئازیز و خواناسەکانى موسڵمانان، چونکە جگە لەوەى زانایەکی پایەبەرز و خواناس بووە، باپیرە گەورەی خۆشەویستترین کەسی سەر زەویە، ئەویش پێغەمبەری خوایە()، بۆیە پێویستە زۆر زۆر خۆشمان بوێت.

ئەم زانایە ناوى جەعفەری کوڕی موحەممەدە، بەڵام هەر بە جەعفەری صادق ناسراوە، واتە جەعفەری راستگۆ، موحەممەدى باوکی یەکێک بوو لە زانا گەورەکانى سەردەمى خۆی و بە ئیمامى باقر ناسراوە، دایکیشی ناوى ئومموفەروە بوو، دایکیشی بە بنەڕەت دەچوویەوە سەر خۆشەویستێکی گەورەی پێغەمبەری خوا () کە ئەویش ئیمامى ئەبووبەکری صدیق بوو، ئیتر ئەوە شانازیەکی گەورە بوو بۆ جەعفەر کە رەچەڵەکی لە هەردوو سەرەوە دەچوویەوە سەر پێغەمبەر () و ئەبووبەکری صدیق.

جەعفەر لە ساڵی هەشتاى کۆچی و لە شارەکەى پێغەمبەردا () واتە لە شاری مەدینە لەدایک بوو، هەر لەگەڵ لەدایکبوونیدا لە بنەماڵەیەکی ئایین پەروەر و چاکەخوازدا گەورە بوو، بنەماڵەیەک کە هەموویان زانا بوون، بۆیە هەر کەس لەو بنەماڵەدا گەورە بوایە دەبوو بە زانایەکی گەورە، هەر لە سەرەتاوە زانستی لە باوکی و باپیریشی وەرگرت، بەڵام زۆر لەگەڵ باوکیدا نەژیا، چونکە لە تەمەنى چواردە ساڵیدا بوو کە باوکى کۆچی دوایی کرد.

جگە لەوە ئیمامى جەعفەر ژمارەیەک لە هاوەڵانى پێغەمبەری خواى () بینی وەک ئەنەسی کوڕی مالیک، هەروەها چەندین فەرموودەى لە هاوەڵانەوە گێڕایەوە کە لە پێغەمبەری خوایان () بیستبوو، دواتریش ئەو فەرموودانەى گێڕایەوە هەم بۆ کوڕەکەى خۆی و هەم بۆ ژمارەیەکی زۆر لە زانایان و تا ئەمڕۆش ئەو فەرموودانە لەبەردەستی ئێمەدان، یەکێک لە خوێندکارە شارەزا و لێهاتووەکانیشی ئیمامى ئەبووحەنیفە بوو کە لەم کتێبەدا ژیانەکەیمان باس کردووە.

ئیمامى جەعفەر زۆربەی کاتى ژیانى سەرقاڵ بوو بە پەرستشی خوا و وەرگرتنی زانست و وانە وتنەوە، هەرچی کاتى ژیانى هەیە یان بەڕۆژوو دەبوو یان سەرقاڵی نوێژکردن بوو، یان سەرقاڵی زیکر و پەرستش بوو، یان سەرقاڵی وەرگرتن و بەخشینی زانست بوو.

ئیمامى جەعفەر هەرکات بیویستایە فەرموودەیەک لە پێغەمبەری خواوە () بگێڕێتەوە دەبوو دەستنوێژی هەبوایە، ئەگەر دەستنوێژی نەبوایە ئەوە دەچوو دەستنوێژی دەگرت ئینجا فەرموودەکەى دەگێڕایەوە.

جارێک ئیمامى جەعفەر بڕیاریدا سەردانى بەغداد بکات، سەرکردەی ئەو کاتى موسڵمانان بڕیاریدا بڕێک پرسیاری قورسی بخاتە بەردەم تا بزانێت چەندە زانستی پێیە، بۆیە ئیمامى ئەبووحەنیفەى راسپارد تا چل پرسیاری قورسی لێ بکات، ئەویش پرسیارەکانى دانا، کاتێک ئیمامى جەعفەر هات و ئەو پرسیارانەى لێکرا، بە جوانى وەلآمى هەموویانى دایەوەو هەموان سەرسام بوون بە وەلآمەکانى.

ئیمامى جەعفەر کەسێکی زۆر بەخشندە بوو، جارى وا هەبوو تەنانەت بەشە خواردنەکەى خۆیشی دەبەخشی بە هەژاران و خۆی بە برسێتی دەخەوت، زۆربەی کات لەپێناو بەختەوەری و خۆشحاڵی خەڵکدا هەرچی سەختى و ناڕەحەتى هەبوو دەیخستە ئەستۆی خۆی بۆ ئەوەى خەڵکی لە خۆشیدا بژین.

رۆژێک ئیمامى جەعفەر مووساى کوڕی بانگ کرد و ئامۆژگارى کرد و پێی فەرموو: کوڕە شیرینەکەم:

هەرکەس بەو بەشە رازى بێت کە خودا پێی بەخشیوە ئەوە ئیتر پێویستی بە خەڵکی نابێت،

هەرکەسیش چاوى لەوە بێت خەڵک هاوکاری بکات ئەوە تا دەمرێت تووشی هەژاری دەبێت،

هەرکەسیش عەیب و کەموکورتی خەڵک ئاشکرا بکات، ئەوە عەیب و کەموکورتی خۆی ئاشکرا دەبێت،

هەرکەسێ چاڵ بۆ براکەى هەڵکەنێ، ئەوە خۆی دەکەوێتە ئەو چاڵەوە،

تا دەتوانیت قورئان بخوێنەرەوە و خەڵک هان بدە چاکە بکەن و رێگە مەدە خەڵکی خراپە بکەن،

هەر خزمێکت ویستی خزمایەتیت لەگەڵ نەهێڵێ، تۆ هەوڵ بدە لەبەر خوا سەردانى بکە، کوڕی شیرینم هەرگیز قسەی خەڵک بۆ یەک مەگێڕەوە با رقیان لە یەکتر نەکەوێ،

سەردانى کەسانى چاک بکەو لە هاوڕێیەتى کەسانى خراپ خۆت دوور بگرە.

دواجار ئیمامى جەعفەر لە ساڵی سەد و چل و هەشتی کۆچی و لە تەمەنى شەست و هەشت ساڵیدا لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کرد، نوێژی لەسەر کرا، ئینجا برا بۆ گۆڕستانى بەقیع کە گۆڕی هاوەڵانى پێغەمبەر () و فاتیمەى دایەگەورەی و هەروەها گۆڕی باوکیشی لەوێ بوو، لەپاڵ گۆڕەکەى باوکیدا ئەسپەردە کرا.

پرسیار:

باپیرە گەورەی ئیمامى جەعفەر کێیە؟

 ئیمامى جەعفەر رۆژانە سەرقاڵی چی دەبوو؟

سەردانەکەى ئیمامى جەعفەر بۆ بەغداد باس بکە.

 ئایا دەتوانیت هەندێ لە وەسیەتەکانى ئیمامى جەعفەر باس بکەیت؟

 ئیمامى جەعفەر چۆن فەرموودەکانى پێغەمبەری خواى () دەگێڕایەوە؟


1045 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020