سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئەحمەدى گۆرانى

کوردستان بە درێژایی مێژووی ئیسلامى مەڵبەندێکی گەورەى کۆبوونەوەى زانایان بوو، چەندە زانای هەبوو هێندە زیاتریش زاناى پێدەگەیاند، بۆیە ئەگەر بڕوانینە کتێبخانەکانى جیهانى ئیسلامى ناو و کتێبی هەزاران زانای ناوداری کوردمان دێنە بەردەست.

یەکێک لەو زانا گەورەو ناسراوانەش کەسێک بوو بە ناوى ئەحمەدى گۆرانى، ئەو کەسەی کە هۆکارێکی گەورەی ئازادکردنى شاری قوستەنتینیە و شکستى مەسیحیەکان بوو.

لە ساڵی هەشت سەد و سیانزەى کۆچی و لە ناوچەی شارەزووردا، منداڵێکی جوان و خۆشەویست لەدایک بوو، ئەم منداڵەشیان ناونا ئەحمەد، ئەویش لەبەر خۆشەویستی پێغەمبەری خۆشەویستمان کە یەکێک لە ناوەکانى ئەحمەدە.

ئەحمەد سەرەتاى ژیانى لە شارەزوور بردە سەر و لەوێ چەندە توانى لە خزمەت زانایان و مامۆستایانى ناوچەکەدا زانستی وەرگرت، خۆی فێری قورئانى پیرۆز کرد و دواتر فەرموودەکانى پێغەمبەری خواى () لەبەر دەکرد و زانستەکانى تریشی وەرگرت.

دواى ئەوە ئەحمەد بڕیاری دا وەک زانایانى تر لەپێناو زانستدا وڵات و ناوچەی خۆی جێبهێڵێت، رقى لە ناوچەکەى خۆی نەبوو، بەڵکو لەپێناو وەرگرتنى زانستدا، چونکە زانست هێندە پیرۆزە کە مرۆڤى ژیر ئامادەیە هەموو جیهان بگەڕێت تا بەدەستی بهێنێت.

ئەمجارەیان ئەحمەد روویکردە شاری بەغداد، ئەو شارە گەورەی کە مەڵبەندى سەدان زانای گەورە بوو، لەوێ هەموو قورئانى پیرۆزی لەبەرکرد و لە خزمەت زانایانى ئەوێدا زانستێکی زۆری وەرگرت.

پاش ئەوەش ئەحمەد بڕیاری دا رووبکاتە وڵاتى شام و سوود لە زانایانى ئەوێیش وەربگرێت، لەوێیش چەندین شار گەڕا، چوو بۆ شاری دیاربەکر و دواتریش چوو بۆ دیمەشق، لەوێیشەوە روویکردە وڵاتى میصر.

ئەحمەدى گۆرانى کەسێکی زۆر هەژار بوو، چونکە بڕیاری دابوو خۆی سەرقاڵ نەکات بە ئیش و کاری ترەوەو هەموو کاتى خۆی بدات بە وەرگرتنى زانست، داواى هیچیشی لە خەڵک نەدەکرد، بۆیە لەو گەشت و سەفەرانەى کە دەچوو تا زانست وەربگرێت، سەختى و هەژاری و برسێتی زۆری تووش دەبوو.

ئەحمەد دواى ئەوەى زانستێکی زۆری وەرگرت، ئینجا روویکردە وڵاتى تورکیا و لەوێ مایەوە، ئەوە دەرفەتێکی چاک بوو تا سەرکردەى ئەوکاتى موسڵمانان سوود لە زانستی ئەو زانایە وەربگرێت، بۆیە سوڵتان مورادى دووەم رۆژێک مامۆستا ئەحمەدى بانگ کرد و تکاى لێکرد موحەممەدى کوڕی بگرێتەخۆ و جوان پەروەردەى بکات و زانستی فێر بکات، ئیتر لەو کاتەوە مامۆستا ئەحمەد بوو بە مامۆستاى موحەممەدى فاتیح.

مامۆستا ئەحمەد زۆر بە جوانى کەوتە پەروەردەکردنى موحەممەد و سەرەتا قورئانى پیرۆزى فێرکرد، ئینجا زانستى تری پێ بەخشی، ترسی ئەوەشی نەبوو کە ئەوە کوڕی سوڵتانە، بەڵکو لەسەر هەر هەڵە و تەمبەڵیەک سزاى دەدا.

مامۆستا ئەحمەد هەر لە سەرەتاوە چاوى لەوە بوو موحەممەد وا پەروەردە بکات ببێتە سەرکردەیەکی دڵسۆزی ئیسلام، بۆیە زۆر باسی جیهادى بۆ دەکرد، هەروەها باسی ئەو فەرموودەى بۆ دەکرد کە پێغەمبەر () فەرموویەتى (بە دڵنیاییەوە قوستەنتینیە ئازاد دەکردیت، سەرکردەی ئەو سوپایە زۆر چاکە و سوپاکەش زۆر چاکە)، بۆیە دەیوت موحەممەد گیان دەبێت تۆ هەوڵ بدەیت ببیت بەو کەسە، هێندە گرنگى دا بە موحەممەد و پەروەردەى کرد تا توانى موحەممەد بکات بە سەرکردەیەکى وا بتوانێت سوپاى دوژمن بشکێنێ و شاری قوستەنیتیە ئازاد بکات، ئیتر ئەو شارە بوو بە پایتەختى موسڵمانان و لەو رۆژەوە تا ئێستا ئەو شارە هی موسڵمانانە، ئەمڕۆش قوستەنیتیە ناسراوە بە ئیستانبوول و دەکەوێتە خاکى تورکیاوە.

مامۆستا ئەحمەد جگە لەوەى خوێندکار و قوتابیەکی زۆری هەبوو و زانستی پێ دەبەخشین، هاوکات سەرقاڵی نووسین دەبوو و چەندین کتێب و نووسینی پێشکەشی موسڵمانان کرد.

دواجار مامۆستا ئەحمەد لە ساڵی هەشت سەد و نەوەد و سێی کۆچی و لە شارى قوستەنتینیەدا وەفاتى کرد و سوڵتانى موسڵمانان نوێژی لەسەر کرد و لەوێ تەرمەکەى ئەسپەردە کرا.

پرسیار:

 مامۆستا ئەحمەد خەڵکی کوێ بوو؟

بۆچی ئەحمەد گەشتی کرد بۆ شار و وڵاتانى تر؟

 بۆچی مامۆستا ئەحمەد هەژار بوو؟

 پەیوەندى مامۆستا ئەحمەد و سوڵتانی موسڵمانان چی بوو؟

 مامۆستا ئەحمەد چۆن موحەممەدى پێگەیاند؟


1016 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020