سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

منداڵەکەم بۆ هەموو کارێك پشت بە من دەبەستێت، چارەسەر چیە؟

منداڵەکەم بۆ هەموو کارێک پشت بە من دەبەستێت، چارەسەر چی یە؟

نوسینی: رنا حسین
وەرگێڕانی: شەوبۆ ساڵح

بەدڵنیاییەوە، پەروەردە کردنی منداڵ لەسەر شێوازێک کە بتوانێ پشت بە خۆی ببەستێ هەر لەسەرەتاکانی تەمەنیەوە ئامانجی هەموو دایک و باوکێکە، بەڵام کێشەی سەرەکی لەم پرۆسە قورسەدا کە دەوری منداڵەکانمان دەدات تەواو گرنگی پێدان و چاودێری بەردەوامی ئێمەیە، وەک هەمیشە ئەوان منداڵن و ئاواتی ئێمەش کەسێکی دامەزراوە لە کۆتایی پرۆسەکەدا.

دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە پشت ڕاست بکەینەوە کە متمانە بە خۆ بوون و پشت بەستن بە خۆ لە ڕێگەی پەروەردە و هاندانی دایک وباوک بۆ منداڵەکانیانەوە دروست دەبێت و شتێک نیە کە منداڵ بتوانێ لە خۆوە فێری ببێت، کەواتە چۆن دەکرێت بە هۆی گرنگی پێدانەوە باوان هەموو ئەو کارانەش بۆ منداڵەکەی جێ بەجێ بکات کە منداڵەکە خۆشی دەتوانێت ئەنجامیان بدات وە چاوەڕوانیش بێت کە لە ئایندەدا کەسێکی پشت بە خۆ بەستوو بێت ، ئەم ڕێگەیە تەنها پێدانی پەیامێکە بە منداڵەکەت و پێی دەڵێیت کە تۆ باوەڕت بە تواناکانی ئەو نیە بۆ ئەنجامدانی هیچ کارێک بە تەنهایی کە ئەمەش وا دەکات منداڵەکە متمانەی بە تواناکانی خۆی لا کەم ببێتەوە و نەیان نرخێنێت.

لە هەندیک کاتتدا ئێمە وا بیردەکەینەوە کە مندالەکانمان هێشتا بچووکن بۆئەوەی بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن، بەڵام لە ڕاستیدا بە پێچەوانەوە ڕەنگە منداڵەکەت سەرسامت بکات بە ئەنجامدانی هەندێ کار کە خۆی بەرپرسیاریەتەکەی هەڵبگرێت ئەگەر دەرفەتی پێ ببەخشرێت.

ئەگەر هەست دەکەیت منداڵەکەت ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێ یاخود نازانی  چۆن دەرفەتێکی پێ ببەخشی تاکو توانا و لێهاتوویەکانیت بۆ دەربکەوێت، لێرەدا ئەم هەنگاوانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ خۆت ومنداڵەکەت تاکو توانا و لێهاتووییە شاراوەکانی دەربکەوێت:

ژینگەیەکی گونجاو

لێگەڕێ منداڵەکەت یارمەتی خۆی بدات و پەلەی لێ مەکە (بە یارمەتیدانی هەمیشەییت) لە ئانجامدانی کارەکەیدا، لێگەڕی با تواناکانی خۆی بەدیار بخات بەبێ ترس وکاردانەوەی توندی تۆ، بەشدارمەبەو یارمەتی مەدە تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە هەست بکەیت هەموو هەوڵێکی داوە و هێشتا کارەکەش ئەنجام نەدراوە.

ئامانج

ئامانجی بچوک و گونجاو لەگەڵ تەمەنی منداڵەکەتدا بۆ منداڵەکەت دروست بکە و لێگەڕێ با خۆی بە تەنهایی هەوڵی بەدەست هێنانی بدات، بەشدار مەبە لەگەڵیدا تەنها لەو کاتەدا نەبێت کە خۆی ڕاوێژت پێدەکات وبیرۆکەکانت وەردەگرێت، وەک کۆکردنەوەی کەل وپەلی یاری کردنەکانی دوای تەواو بوونی یاری کردنی، ڕێکخستنی پێخەفەکانی پێش چوونە قوتابخانە، یاخود هەڵبژاردنی جل و بەرگ لەکاتی چوونە دەرەوەدا.

متمانە

هەمیشە ئەوە پیشانی منداڵەکەت بدە کە متمانەت پێیەتی و توانای هەیە کە خۆی بگونجینی لەگەڵ کارەکاندا، هەتا ئەگەر هەڵەیەکیشی کرد یاخود شتێکیشی تێکدا دەرفەتی بدەرێ کە خۆی چاک (ڕاستی) بکاتەوە یاخود هەموو هەوڵی خۆی بدات پاشان تۆ یارمەتی بدە لە چاک (ڕاست) شتەکە (کارەکە).

لێگەڕێ منداڵەکات بۆچوونی خۆی بڵێ و ڕێز لە پرسیارەکانی بگرە و گرنگی بدە بە وەڵامدانەوەی بە شێوەیەکی لەسەرخۆ هەتا ئەگەر پرسیارەکە بێزارکەر و گرنگیش نەبوو، با هەست بکات کە بیروبۆچوون و قسەکانی گرنگیان پێ دەدرێت ، ئەگەر پرسیارەکەی لە

کاتێکی نەگونجاودا بوو دەکرێت بەڵێنی پێ بدەیت کە لە کاتێکی دەست ینشان کراوی تردا وەڵامی دەدیتەوە و بەڵێنەکەشت بەجێ بهێنیت.

دەکرێت منداڵەکەت ڕابهێنیت لەسەر پشت بەستن بە خود هەر ساڵەکانی سەرەتای تەمەنیەوە، لیرەدا چەند چالاکیەک بەپێی ساڵەکانی تەمەنی منداڵەکەت دەخەینە ڕوو کە دەتوانێت بە تەنهایی ئەنجامیان بدات وە چۆن دڵنیا دەبیتەوە کە توانای ئەنجامدانی ئەو کارەی هەیە:

یارمەتیدانت لە ڕێک کردن و ڕێکخستندا

لەسەرەتای تەمەنی ٣ ساڵیدا، منداڵەکەت دەتوانێت لە هەندی کاری ڕێکخستنی ناو ماڵدا هاوکارت بێت، چونکە لەم تەمەنەدا منداڵ دەتوانێت کۆنتڕۆڵی جووڵەی دەستە بچکۆلەکانی خۆی بکات و کێشی کەمیان پێ بەرز بکاتەوە، توانای هەیە کەل وپەلی یاریەکانی بخاتە شوێنی دیاری کراوی خۆی، یاخود بە پارچە قوماشێکی خاوێن یارمەتیت بدات لە خاوێن کردنەوە و سڕینەوەی ئەو شتانەی کە نزمن وئەم دەتوانێت دەستاین لێ بدات کاتێ کە تۆ خەریکی سڕینەوەی ماڵەکەیت.

هەروەها منداڵەکەت دەتوانێت جلەکانی خۆی جیا بکاتەوە لە ناو هەموو ئەو جلانەی کە شۆراون و دواتر لەگەڵتدا ڕێک بخات تاکو بیانخەیتە ناو دۆڵابەکەیەوە، هەروەک دەتوانێت جلە ڕەنگاو ڕەنگەکان لە جلە سپییەکان جیا بکاتەوە، هەموو ئەمکارانە دەکرێی بە شێوەی چالاکی ویاری لەگەڵ منداڵەکەت ئەنجامی بدەیت، وە دەتوانیت هەندێ قاپی بدەیتێ تاکو لە ڕێکخستنی سفرەی نان خواردندا یارمەتدەرت بێت، منداڵان بە گشتی هەستێکی خۆشیان هەیە کاتێک یارمەتی گەورەکان دەدەن لە ئەنجامدانی کارێکدا.

نان خواردن بە دەستەکانی خۆی

تەنها بۆئەوەی منداڵەکەت فێری گرتن وهەڵگرتنی شت ببێت بە پەنچە بچکۆلەکانی دەتوانیت لە دەوروبەری ٦-٩ مانگی خواردنی وەک ( قاشە پەتاتە ، مۆزی لەتکراو ، گێزەری کوڵاو،...هتد) بخەیتە بەردەستی منداڵەکەت تاکو خۆی هەوڵی خواردنی بدات، لێگەڕێ منداڵەکەت پەرداخی تایبەت بە خۆی هەڵنگرێت هەتا ئەگەر پێویستی پێشت بوو لە سەرەتاکانی کارەکەوە.

لە سێیەم ساڵی تەمەنیدا منداڵەکەت بەشێوەیەکی تەواو دەتوانێت کەوچکەکەی بەکاربهێنێت و نانی خۆی بخوات، دەتوانیت لەسەرەتاکانی تەمەنیەوە هانی منداڵەکەت بدەی کە شت بگرێت و جووڵەی پێ بکات بە لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەل و پەلی یاری کردنەوە.

هەڵبژاردن و پۆشینی پۆشاک

منداڵەکەت دەتوانێت لە تەمەنی ١-٢ ساڵی بە کاری لابردنی جلەکانی خۆی لەلەشیدا نکات وە ئەم کارەی هەنگاو بە هەنگاو گەشە دەکات، بە نیسبەت کاری پۆشینی جل و بەرگ لای منداڵ لە سەرەتاکانی تەمەنی ٢ ساڵیدا دەتوانێت جلە سادەکانی خۆی بپۆشێ بۆیە پێویستە لەو تەمەنەدا پۆشاکەکانی منداڵەکەت بە شێوەیەک هەڵبژێری کە سادە ( بێ قۆپچە و بێ زنجیر) بن تاکو بە ئاسانی کاری پۆشین ئەنجام بدرێت.

هەموو جلەکانی منداڵەکەت بە ڕاگری جلدا هەڵبواسە وە داوا لە منداڵەکەت بکە کە ئەو جلانە بپۆپشێت کە خۆی هەزیان لێ دەکات بە پێی بۆنەکان، وە کاتێک منداڵەکەت تەمەنی گەشتە ٣ ساڵان دەتوانێت ڕەنگ و شێوازی جلەکانی دەست نیشان بکات، بۆیە لەم کاتەدا داوای لێ بکە تاکو ڕەنگی پۆشاکەکانی خۆی هەڵبژێرێت کە ئەمە یاریدەدەری دەبێت تاکو بتوانێت بە شێوەیەکی تەواو پۆشاکەکانی بپۆشێت .

کاتی تەواو ببەخشە بە منداڵەکەت پێش هەر چوونەدەرەوەیەک تاکو خۆی پۆشاکەکەنی خۆی هەڵبژێرێت وبیان پۆشێت، هیچ پەلەی لێ مەکە و یارمەتی مەدە تەنها ئەگەر خۆی داوای یارمەتی بکات، بەتێۆەڕ بوونی کات خۆی دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر بەربەستەکاندا وخێراتر کارەکە ئەنجام بدات.

چوون بۆ قوتابخانە یاخود شوێنێکی نزیک بە تەنها

بیرم دێت من زۆرجار وون بووم لە ڕێگای چوون بۆ قوتابخانەم لەسەرەتاکانی دواناوەندیمدا، لەبەرئەوەی پێش ئەو کاتە بۆ هیچ شوێنێک نەچوبووم بە تەنهایی، بێگومان تۆ ناتەوێت منداڵەکەت بەهەمان یەزمونی مندا تێبپەڕێت، لەڕاستیدا منداڵەکەت دەتوانێت ئەم کارە بکات لەتەمەنی ٨ ساڵیدا، بەڵام دەبێت پێش وەختە فێری سەرنجدانی ڕێگە و ئاڕاستەکانت کردبێ، وە دەتوانیت ئەمە ئەزمون بکەی بە ڕێگەدانی بە ڕۆیشتن بە پاسکیل لە کۆڵانەکەی خۆتاندا لەژێر چاودێری خۆتتدا یاخود ڕێگەدانی بە چوون بۆ نزیکترین فرۆشگە لای ماڵی خۆتان بە تەنهایی بۆ کڕینی پێداویستی سەرەتایی، بۆئەوەی هێواش هێواش متمانە بە خۆبوونی لا دروست ببێت.

بیرت نەچێت لە پێدانی ڕێکارەکانی سەلامەتی هاتووچۆو، قسەنەکردن لەگەڵ کەسانی نەناسرا و لە ڕێگەدا، قبوڵ نەکردنی پێشنیاری هیچ کەسێک بۆ گەیاندنەوەی بۆ ماڵەوە هەتا ئەگەر پێشتر کەسەکەشی بینیبێت، یاخود گۆڕینی ڕێگەی گەڕانەوەی بەبێ گفتوگۆکردنی پێش وەختە لەگەڵ تۆدا، بۆ زیاتر دڵنیا بوون دەتوانیت لەسەرەتاکانی ڕێگەپێدانیەوە چاودێری بکەیت بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێ بکات ئاگاداری بیت کە تاچەند پابەندە بە ڕێکارە سەلامەتیەکانەوە.

لە کۆتاییدا، پێویستە ئەوە بزانیت کە گەورەترین دەربڕینی خۆشەویستی بۆ منداڵەکەت ڕێپێدانیەتی تاکو متمانە بە خۆی بکات و باوەڕی بە هەڵبژاردنەکانی هەبێت و لەو ڕووەوە گەشە بکات، وە بە شێوەیەکی باش درک بە گرنگی ڕاو بۆچونەکانی و دەربڕینەکانی تایبەت بە ژیانی خۆی دەکات، وە دڵنیابە لەوەی لەگەڵ هەر قورساییەک  و کێبڕکێیەکی گەورە بۆ دایکان لەم کارانەدا،   ئەنجامەکەی دڵخۆشکەر دەبێت بۆ خۆت وبۆ ئەویش.


4213 جار بینراوە‌
02/09/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020