بۆچی لەسەر لای ڕاست بخەوین؟

بۆچی کاتێک دەخەوین دەبێت لەسەر لای ڕاست پاڵ بکەوین؟

 کاتێک کە لەسەر لایەک پاڵ دەکەوین و دەخەوین، ئەو شوێنەی کە لەسەری پاڵکەوتووین یەکێک لە کونەکانی لووتمانی بە توندی لەسەر دانراوە و ئەمەش دەبێتە هۆی داخرانی ئەو کونەیان و کرانەوەی کونەکەی تر و کرداری هەناسەدان لەو کونەیان کە بە کراوەیی ماوەتەوە ڕوو دەدات.

 کاتێک کە لەسەر لای ڕاست دەخەوین کونە لووتی لای ڕاستمان دادەخرێت و کونە لووتی لای چەپیشیمان بە کراوەیی دەمێنێتەوە. بەو کرداری هەناسەدانەی کە لە کونە لووتی لای چەپەوە ڕوو دەدات چالاکییەکانی نیوەی لای ڕاستی مێشکمان زیاد دەکات.

 چالاکبوونی نیوەی لای ڕاستی مێشکیشمان دەبێتە هۆی ئەوەی خێرایی لێدانی دڵمان کەم ببێتەوە و فشاری خوێنمان داببەزێت و جووڵەی گەدەشمان هێواش ببێتەوە. بەم شێوەیە دڵمان کەمتر ماندوو دەبێت و بە ئاسانی خەومان لێ دەکەوێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پشوویەکی تایبەتی بدەین بە جەستەمان.

 پێغەمبەری خۆشەویستمان (دروودی خودای لێ بێت) باسی ئەوەی بۆ کردووین لە فەرمووە شیرینەکاندا کە باشترین شێوازی پاڵکەوتن لە کاتی نووستندا ئەوەیە کە لەسەر لای ڕاست بیت و لاق و قاچەکانت بەرەو لای لاشەت کۆ بکەیتەوە.

 هەروەها دەرکەوتووە کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوازێکی لەم شێوەیە لە نووستنی هەیە، ئەمەش خۆی بۆ خۆی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم شێوازە لە پاڵکەوتن لە کاتی نووستندا شێوازێکی سروشتییە، چونکە کۆرپەلە لە سکی دایکیدا کە گەشە دەکات و ماسولکەکان بەسەر ئێسکەکاندا دروست دەبن، هێشتا تازەن و گرژ نەبوون. دوای لە دایک بوونیش هەموو جۆرە جووڵە و چالاکییەک بە گرژبوونی ئەم ماسولکانە دەست پێ دەکات. ئەمەش واتای ئەوەیە باشترین شێوە بۆ ئەوەی پشوو بدەین بە ماسولکەکانمان وەرگرتنی ئەم شێوازە سەرەتایییە لە کاتی پاڵکەوتنمان کە هەر لە سەرەتاوە لەسەری دروست بووین.


1782 جار بینراوە‌
17/03/2020