بێچووە فیلەکە - چیرۆک

هەبوو نەبوو، لە دارستانێکدا دایکە فیلێک هەبوو، دوای ئەوەی ٢٢ مانگی تەواو دایکە فیل دوو گیان بوو، لە کۆتایدا فیلێکی بچکۆلانەی بوو .

تەواوی فیلەکان بەو پەڕی دڵخۆشییەوە پێشوازیان لێ کرد، دایکە فیل زۆر دڵخۆش بوو بە بێچووەکەی، بۆیە خزمەتێکی بێ ئەندازەی دەکرد و کام گەڵایە تازە و جوان بوایە ئەوەی دەرخوارد دەدا بەبێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون بکات، وە کاتێک گەرما بهاتایە لاشەی بە قوڕ سواغدەدا، تا ئەوەی بیپارێزێت لە گەرماو تیشکی خۆر، وە کاتێک کە شەو دادەهات، دەیبردە لای خۆیەوە تا ئەوەی سەرمای نەبێت و بۆ ئەوەی بەوپەڕی هێمنی و خۆشبەختانە بخەوێت .

ڕۆژێکیان فیلە بچووکەکە حەزی کرد بچێت بۆ یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانی، دایکی ماچی کرد و زۆری پێ خۆش بوو کەمێک بچێتە دەر، بەڵام فیلە بچووکەکە زۆر بەخێرایی گەرایەوە و تەواو دڵتەنگ بوو.

دایکی لێی پرسی ئەوە بۆ وا خێرا گەڕایتەوە؟

ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: هیچ کام لە فیلەکان بە خێرهاتنیان نەکردم .

دایکی لە ئامێزی گرت و زۆر دڵتەنگ بوو بەوەی دەیبینێت زۆر خەمبارە، بۆیە پێی گوت :

دەی ئەوان چۆن بەخێرهاتنت دەکەن و دەهێڵن یاریان لەگەڵدا بکەیت، چونکە تۆ نە سەلامت لێکردوون و نە داوای یاریت کردووە .

پاشان ڕووی تێ کرد و گوتی: هەرگیز چاوت لەوە نەبێت کە خەڵک سەلامت لێ بکات، بەڵکوو تۆ دەستپێشخەر بە بۆ سەلام کردن. دەی دەی هەر ئێستا دەست پێ بکە .

فیلە بچووکەکە ڕۆشت و پاش گەڕانەوە زۆر دڵخۆش دیار بوو ئینجا بە دایکی گوت :

هاوڕێ فیلەکانم زۆر بە گەرمی وەڵامی سەلامەکەیان دامەوە و پێشوازیان لێ کردم و داوایان لێ کردم یاریان لەگەڵ بکەم .

بۆ ڕۆژی دواتر فیلە بچووکەکە بەلای فیلێکی پیری گەورەدا ڕۆیشت: فیلە پیرەکە نە سەلامی لێ کرد وە نە زەردەخەنەیەکیشی بەدەمییەوە کرد .

کاتێک ڕووداوەکەی بۆ دایکی گێڕایەوە دایکی پێکەنی و گوتی :

ڕۆڵە جوانەکەم، تۆ بچووکیت ئایا تۆ سەلامت لەو کرد کە لە تۆ گەورەتر و بەتەمەنترە؟ وە تۆ ڕێبوار بوویت و بە ڕێگادا ڕۆیشتوویت، ئایا سەلامت لێ کرد کاتێک ئەو دانیشتبوو؟

بەدڵنیایییەوە سەلامت لێ بکردایە هەم وەڵامی دەدایتەوە هەمیش زەردەخەنەی بۆ دەکردیت .

بێچووە فیلەکە سەری بەرز کردەوە و سەیری چاوە جوانەکانی دایکی کرد و پێی گوت :

لە ئەمڕۆ بەدواوە سەلام لە هەموو کەس دەکەم بیناسم یان نەیناسم، چونکە بە سەلام کردن دەبمە خۆشەویستی هەمووان، وە هەر بە سەلام کردن هاوڕێیەتی دروست دەبێت .

ئەوەی لەم چیرۆکەوە بۆمان دەردەکەوێت و فێری دەبین ئەوەیە سەلام کردن هۆکارێکی گرنگی بەدەستهێنانی هاوڕێیەتی و دڵی دەوروبەرە، بۆیە سەلام لە ناوخۆتاندا بەرپا بکەن، هەم خودا لە خۆتان ڕازی دەکەن هەمیش بەهەشتی بەرین بەدەست دەهێنن .



1636 جار بینراوە‌
24/08/2020