منداڵەکەم بە گوێم ناکات، چی بکەم؟

قسەی لەگەڵ دەکەم بەڵام گوێم بۆ ناگرێت، داوای کارێکی لێ دەکەم بەڵام ئەنجامی نادات، زۆربەی کات پێچەوانەی ئەوەش دەکات کە من داوای لێ دەکەم. ئەمانە و کۆمەڵێکی تریش لەو دەستەواژانەن کە هەندێک لە دایکان دەیڵێن بەهۆی گوێ ڕایەڵ نەبوونی منداڵەکانیان. وە زۆربەی جار بە زۆر وتن و چەلەحانێ لەگەڵ منداڵ ناگەیتە هیچ ئەنجامێك لەگەڵی.

 یەکێک لە خۆزگە و خەونانەی کە دایکان هەیانە ئەوەیە منداڵەکەیان بە بەردەوامی بەقسەیان بکات و گوێرایەڵیان بێت. داوای هەر شتێکی لێ بکەن جێ بەجێی بکات، بەڵام زۆربەی کات ئەم شتە نزیکە لە مەحاڵەوە. لێرەدا باس لە هەندێ ڕێگا و چارەسەر دەکەین کە لەڕێیەوە دەتوانرێت ڕەفتاری منداڵ لەو بوارەوەوە چاک بکرێت و بگۆردرێت:

 گفتوگۆی نەرم و نیان: لەم کارەدا دەبێت دایکان کەمێک ئارام و پشوو درێژبن، بە شێوازی نەرم و لەسەرخۆ و میهرەبان بدوێن تاکو منداڵەکەیان هێور بکەنەوە و ئینکارانە ڕەفتار نەکات. دایکان دەبێت لەم ڕەفتارە بەردەوام بن ئەگەر چی توشی ناڕەحەتی و سەر ئێشەشیان بکات، چونکە ئەم ڕێگەیە دەرگای ئەمانە بۆ چارەسەری هەموو کێشە پەروەردەییەکان وە سودێکی زۆریش دەبینێت لە کۆنترۆڵکردن و دەستەمۆکردنی توڕەیی و هەڵچوونی منداڵ.

 پەیوەندی فیزیکی: پێویستە لەو کاتەی کە منداڵ بە قسەی دایک ناکات، دایک دور بکەوێتە لە قیژە قیژ و هاوارکردن بەسەر منداڵەکەدا. بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت بە شێوەیەکی  بەردەوام چاو ببڕێتە چاوەکانی تاکو پەیوەندیەکی فیزیکی یاخود جەستەیی لە نێوان دایکەکە و منداڵەکە دروست ببێت و منداڵەکە تێبگات کە بێگوێیی دایکی کردووە و بەوەش دایکی توڕە بووە. ئەوەش ڕێگایەکە بۆ دروست بوونی کۆمەڵێک هێما و دەربڕین لەنێوان دایک و منداڵ کە گوزارشت لە خۆشەویستی و لێکتێگەیشتن دەکات.

 وشەو دەستەواژەی جوان: پێویستە لەسەر دایک کە قسە و دەستەواژەی جوان بەکاربهێنێت بەجۆرێک کە هەمووی هاندەر و پاڵپشتیکەر بێت بۆ منداڵەکە بۆ نموونە: تۆ منداڵێکی زۆر باشیت، تۆ هاوکاری من دەکەیت، دەزانم تۆ ناتەوێ من ئازار بدەیت و توڕەم بکەیت، تۆ کوڕێکی لەسەرخۆیت، ئافەرین کچەکەم، پێت چۆنە ئەگەر ئەم کارە بکەین... هتد.

 ڕۆڵی باوک: باوک دەتوانێت لە گۆڕینی ڕەفتاری منداڵدا یارمەتیدەرێکی باش بێت. پێویستە بەردەوام دەستی بە منداڵەکەوە بێت و فەرامۆشی نەکات و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیدا بێت تاکو ئەو ڕەفتارە ناپەسەندەی بگۆڕێت. هاوکات باردۆخی ماڵەوەی خێزان و هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان دایک وباوک ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە شێواز و چۆنیەتی پەروەردەی منداڵدا، هەتاکو ئەو پەیوەندیە باش و ئەرێنی بێت کاریگەری باش و ئەرێنی لەسەر پەروەردەی منداڵ دەبێت.

 لە کۆتایدا دەڵێین ئەم ڕەفتارەی منداڵ بابەتێکی ‌هێندە گەورە نیە، زۆربەی زۆری منداڵ بەم قۆناغەدا تێپەڕ دەبن کە لە شێوەی نیمچە هەڵگەڕانەوەی منداڵە بەسەر دایک و باوکیدا و گوێیان بۆ ناگرێت و داواکاریەکانیان جێ بەجێ ناکات. لە بیرتان بێت ئەم قۆناغەی منداڵ بە زۆری لە تەمەنی نێوان سێ تا پێنج ساڵی دەبێت. قۆناغێکی کاتیە و بە گوێرەی تێپەڕبوونی کات و گەورە بوونی منداڵ و دروستبوونی هۆشیاری ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنێت و وازی لێ دەهێنێت.

 

 

11000 جار بینراوە‌
09/06/2020