چەندین چالاکی هەن کە بە ئەنجامدانیان هاوکاری منداڵ دەبن لە زمان بەربوون و قسەکردن و بەرەوپێشبردنی توانکانیان زمانیان، ئەمەی خوارەوە چەند چالاکییەکە دەتوانیت لەگەڵ منداڵەکەتدا ئەنجامی بدەیت :
بە گوێرەی منداڵی تەمەن لە نێوان دوو ساڵ بۆ چوار ساڵ
پەرتوکێکی بچوک بۆ منداڵەکەت دروست بکە با وێنەو چیرۆکی ئەوشتانەی تیا بێت کە پێوەی سەرقاڵە و خووی پێیانەوە گرتووە، دابەشی بکە بۆ چەند بەشێک، لەوانە: بەشێکی بۆ ئەوشتانەی دەیان خوات، بەشێکی بۆ ئەو شتانەی خۆی پێ دەڕازێنێتەوە ، بەشێک بۆ ئەوشتانەی یارییان پێ دەکات، بەشێک بۆ ئەو شتانەی لێیان دەخوڕێت دەبێ وەکــو پاسکیل، هتد.
دەتوانیت لە ڕێگەی وێنە کێشانەوە یاری لەگەڵ بکەیت بەتایبەت وێنە پێکەنیناوییەکان بکێشە، دەتوانیت چەندین وێنە بکێشیت، وەکو ئەوەی وێنەی پشیلەیەکی بچوک بکێشیت کە چاوی نەبێت پاشان بە دیوارەکەوە هەڵیواسیت و پرسیار لە منداڵە بچوکەکەت ئایا هیچ هەڵەیەک لە وێنەکەدا هەیە، ئەگەر هەیە بۆمی راست بکەرەوە؟
هاوکاری منداڵەکەت بکە بە پرسیار لێکردنی بۆ نمونە یاری ( بەڵێ، و نەخێر) لەگەڵ مندڵەکەتدا بکە، پرسیاری ئاراستە بکە بەو شێوەیە: ئایە تۆ کوڕی؟ ئایە پشیلە دەتوانێ بفڕێ؟ پاشان هانی بدە ئەویش پرسیارت لێ بکات.
سەرپشکی بکە لە هەڵبژاردن لەنێوان دوو شتدا وپرسیاری لێبکە بۆ نموونە: ئایە حەزت لەمۆزە یان لەسێوە؟ ئایە دەتەوێت کراسە زەردەکە لەبەربکەی یان کراسە سەوزەکە؟
هەوڵبدە هەندێک زاراوە هەیە فێری منداڵەکەتی بکەی، بۆ نمونە ناوی بەشەکانی جەستەی، پاشان بۆی دیاری بکە کە پێویستی و کاری هەریەک لەو بەشانە چییە، ئەوە لوتە، بەهۆی ئەوەو بۆنی گوڵەکان و بۆنی سابون و شتەکانی تر دەکەین.
هەندێک لەو شتانەی خوی پێوەگرتووە لەناو سندوقێکدا دابنێ، پاشان داوای لێ بکە بڵێ: هەریەکێ لەو شتانە لە سندوقەکە دەریان بهێنێ و لێکیان جیا بکەوە ، ناوەکانیان و کاری هەریەکەیانم پێ بڵێ و چۆن و بۆچی بەکار دێن، بۆنمونە ئەمە تۆپەکەمە .... یاری پێ دەکەم، هەڵیدەدەم بەجۆرێک کە بێتەوە بۆلای خۆم .
دانانی وێنەی شوێنەکان و هەندێک کەسی ناسراو و ئاشنا پێیان پاشان داوا لە منداڵەکەت بکە زانیاریت پێبدات لەبارەیانەوە.
بە گوێرەی منداڵی تەمەن لە نێوان چوار ساڵ بۆ شەش ساڵ
بەردەوامبە لە فراوانکردنی زاراوەکانی منداڵەکەت، بۆنمونەو وشەی نوێی فێربکە ، پاشان پێناسەی فێربکە، یان ئەو وشانەی بۆ بخرە ڕستەی سادەی واتادارەوە.
باسی یەکێک لەشتەکان بۆ منداڵەکەت بکە، بەڵگەشی بۆ بهێنەرەوە، پاشان داوای لێ بکە هەوڵبدات بابەتێک ئامادە بکات لەسەر شتێکی ئاسان، بۆ نموونە باسی ئامێری پاکردنەوەی زەوی سڕەر(ماسیحە)بکات.
لەگەڵ منداڵەکەت یاری (ماڵەباجێنە) بکە، ئاڵوگۆڕی شتەکان بکە لەنێوان خۆت و ئەودا، بەشێوەیەک یاری لەگەڵ بکە تۆ ڕۆڵی منداڵ بگێری لەگەڵیدا، گفتوگۆی لەگەڵ بکە دەربارەی جیاوازی ژورەکانی ماڵەکە و کەل و پەلی ناوماڵەکە.
تەلەفیزیۆن وەک ئامرازێک سودی لێ ببینە بۆ گفتوگۆی لەگەڵ منداڵەکەت دەربارەی ئەو بەرنامانەی کە تەماشای دەکات، وە دەربارەی ئەو کەسانەی لەو بەرنامەیەدان، دەربارەی ئەوەی ئەوانە ئاسودە دیارن یان خەمبار دیارن، بەو شێوەیە وازی لێبهێنە، تا ڕیزبەندی ڕوداوەکان بکات بەدوای یەکدا.
هەموو چالاکیەکانی بەتایبەت چالاکیە سادەکانی ڕۆژانەی بەهەل بقۆزەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیدا تاکو توانای باشتر بێت لەکاتی گفتوگۆدا، بۆنمونە لە چێشتخانەدا، هانی بدە لەسەر ناوهێنانی کەل وپەلەکانی ناو چێشتخانە، گفتوگۆی لەگەڵ بکە، دەربارەی خواردنەکان ڕەنگەکانیان و پێکهاتنیان و تام و بۆنەکانیان وە لەکوێوە هاتوون، پرسیاری لێ بکە دەربارەی پۆلێنکردنی خواردنەکان کامەیانی پێ خۆشە،کامیانی پێ ناخۆشە.
هەڵسان بە بازاڕ کردن لەگەڵ منداڵەکەتدا، گفتوگۆی لەگەڵ بکە دەربارەی ئەوشتانەی دەیان کڕن و بەکاریان دەهێنن، گفتوگۆی لەگەڵ بکە دەربارەی قەبارەی دەفرەکان ( گەورەیە یان بچوکە) وە دەربارەی شێوەکانیان ( درێژە یان لاکێشەییە یان چوارگۆشەی) وە دەربارەی کێشەکانیان( قورسە یان سوکە) هەتا دوایی.
وەرگێڕانی : ئاودێر ئەحمەد