یەکێک لەسەرکردە دیارو گەورەکانى ناو مێژووی ئیسلامى کەتوانى خزمەتێکی گەورە پێشکەش بەموسوڵمانان بکات کەسێک بوو بەناوى قوتز کە توانى ببێت بەسوڵتان و سەرکردەى موسوڵمانان و دوژمنى گەورەى ئیسلام لەناوبەرێت.
قوتز سەرەتا کۆیلەیەک بوو لەبازاڕی کۆیلە فرۆشاندا دەفرۆشرا، ئەوەبوو سەرکردەیەکی موسوڵمانان ئەوی کڕی و چاک پەروەردەى کردو خزمەتى کردو لەسەر مەشقی سەربازى رایهێنا، هەر لەسەردەمى کۆیلایەتییەکەیدا کە پەروەردەى سەربازى وەردەگرت، خەونى بەوەوە دەبینی ببێتە سەرکردەیەک و مەغۆلەکان لەناوبەرێت.
پرسیار: مەغۆلەکان کێ بوون؟
وەڵام: مەغۆلەکان ئەو نەتەوە دڕندە مرۆڤ کوژانە بوون کە لەخۆرهەلآتەوە هێرشیان هێنا بۆ جیهانى ئیسلامى و بچوونایەتە هەر شارێک کوشت و بڕی موسوڵمانانیان دەکرد و دەستیان نەدەپاراست لەکوشتنى ژن و منداڵیش.
قوتز لەخزمەتى سەربازى یەکێک لە پاشا گەورەکانى ئەیووبیەکاندا بوو، رۆژ بە رۆژ بەهۆی بەهێزییەوە تواناکانى دەردەکەوتن، ئیتر دواى لاوازبوون و نەمانى ئەییووبیەکان قوتز توانى بەماوەیەکی کەم دەسەڵات وەربگرێت و مەترسییەکانى سەر دەسەڵاتەکەى و ململانێ ناوخۆییەکان نەهێڵێت.
لەوکاتەدا مەغۆلەکان هێرشیان هێنایە سەر بەغداد و توانییان پایتەختى ئەوکاتى موسوڵمانان داگیر بکەن و کوشتارێکی زۆریان تێدا کرد، ئیتر زۆربەی خاکى موسوڵمانان کەوتبووە دەست مەغۆلەکان و بەشێکی زۆر کەمی مابووەوە کە ئەویش لەدەستى سوڵتان قوتزدا بوو.
سەرکردەى مەغۆلەکان ناوى هۆلاکۆ بوو ویستی ئەو ناوچانەى تریش داگیر بکات، بۆیە نامەیەکی نووسی بۆ سوڵتان قوتز و داواى لێکرد ناوچەکان بدات بەدەستەوە، ئەویش هەموو سەرکردەکانى کۆکردەوەو تێیگەیاندن نابێت خۆیان بدەن بەدەستەوەو دەبێت هەوڵبدەن هەموو خاکى موسوڵمانان ئازاد بکەن و مەغۆلە دڕندەکان لەناوببەن، پاش مشتومڕێکی زۆر دواجار هەموویان یەکدەنگ بوون کە خۆیان نەدەن بەدەستەوەو بجەنگن.
سوڵتان قوتز بڕیاریدا پێش هێرشی مەغۆلەکان هەنگاو بنێت و هێرش ببات بۆ ئەوەی پێشڕەوى مەغۆلەکان بوەستێنێت و خاکى موسوڵمانان لەدەست بێباوەڕان وەربگرێتەوە، جا یەکێک لە هاوڕێ دێرینەکانیشی کەسەرکردەیەکی بەهێزی سەربازیى بوو، ناوى (بیبرس) بوو ئامادەیی دەربڕی پشتیوانى لەسوڵتان قوتز بکات، بەو شێوەیە هەموویان بەرەیەکی بەهێزیان پێکهێناو دواجار توانییان لەجەنگێکدا کە پێیوتراوە جەنگى (عەین جالوت) مەغۆلەکان بشکێنن و سەرکردەى مەغۆلەکانیش بکوژن، ئەوەش وەک دانانى بەردێکی گەورە وابوو لەبەردەم هێرشی مەغۆلەکاندا، ئیتر لەوە بەدواوە مەغۆلەکان لەبەردەم موسوڵماناندا دەشکان.
هەواڵی شکستى مەغۆلەکان هەموو موسوڵمانانى دڵخۆش کرد و هەر موسوڵمانێک ئەو هەواڵەی دەبیست هێندە خۆشحاڵ دەبوو، وەک ئەوە وابوو خەلآتێکی گەورەی پێبەخشرابێت.
بەڵام بەدواى ئەو خۆشییەدا ناخۆشییەک هات، ئەویش ئەوە بوو سوڵتان لەکاتى گەڕانەوەیدا بەرەو شوێنی خۆی، لەلایەن هاوڕێ دێرینەکەى خۆیەوە کوژرا، بیبرسی هاوڕێی سەرکردەیەکی بەهێز بوو لەگەڵ قوتزدا کەوتە ناکۆکی و دواجار گەیشتە ئەوەی قوتزى هاوڕێی خۆی بکوژێت و خۆی لەشوێنەکەی ئەودا دەسەڵات وەربگرێت.
پەندو وانە: هەڵەیەکی بەردەوامى موسوڵمانان بریتی بووە لەناکۆکی نێوانیان و هەمیشە بەهۆی ئەو ناکۆکییانەوە رووداوى ناخۆش تووشی موسوڵمانان بووە، بۆیە زۆر پێویستە هەوڵبدەین ناکۆکییەکان نەهێڵین و هەرکات ناکۆکییەکیش درێژەی کێشا هەوڵبدەین بچووکى بکەینەوە تا لەناودەچێت، بەڵکو نابێت رێگە بدەین یەکڕیزیی موسوڵمانان بشێوێنێت.
پرسیار:
قوتز سەرەتا چی بوو؟
قوتز چۆن دەسەڵاتى وەرگرت؟
مەغۆلەکان کێ بوون؟
جەنگى عەین جالوت چی بوو؟
سوڵتان قوتز چۆن کۆتایی بە ژیانى هات؟