ئەمجارە دەچینە خزمەت زانایەکی تری موسوڵمان ، زانایەک کە هەر بەناوهێنانى کەسێکی خواناس و چاکەکارمان دێتە پێش چاو، ئەویش شێخ عەبدولقادری گەیلانییە.
ئەم زانا خواناسە لەساڵی 470 ى کۆچییدا لەگەیلان لەدایک بوو، ئەم زانا ئازیزەمان بەرەچەڵەک دەچێتەوە سەر پێغەمبەری ئازیزمان موحەممەد (ﷺ).
عەبدولقادر لەگوندێک بەناوى نیف لەناوچەی گەیلان لەباکوورى ئێران لەدایک بوو، کۆتا منداڵی دایک و باوکى بوو ،ماوەیەکی کەم دواى لەدایکبوونى، باوکى کۆچی دوایی کردو عەبدولقادر هەتیو کەوت، ئیتر دایکی سەرپەرشتی عەبدولقادری دەکرد، دایکیشی ئافرەتێکی خواناس و پاک و چاکەکار بوو، باپیرەشی چاوى لە هەردوکیان بوو، باپیرەى عەبدولقادر پیاوێکی خواناس و دونیا نەویست بوو، پەرستشی زۆر بوو.
ئەم خواناسییەی باوک و دایک و باپیرەی عەبدولقادر، بوو بەمایەی خێرو چاکە بۆی و عەبدولقادر پەروەردەیەکى چاکى وەرگرت و هەر لەسەرەتاوە فێری خواناسی و رەوشتی جوان بوو.
لەگوندەکەى خۆیاندا پارچە زەویەکیان هەبوو لەگەڵ چەند مانگا و ئاژەڵێک، عەبدولقادر لەوێ سەرقاڵی کشتوکاڵ کردن بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بیرو خەیاڵی لاى خوێندن و وەرگرتنى زانست بوو.
عەبدولقادر هەر لەسەرەتاوە دەستیکرد بەوەرگرتنى زانست و لەناوچەکەى خۆیان تاتوانى زانستی وەرگرت، دواتر حەزى کرد بچێتە ناوچەکانى ترو زانستی زیاتر بەدەست بخات، بۆیە روویکردە بەغداد، ئەوکات پایتەختى موسوڵمانان بوو، پڕ بوو لە زاناى گەورە.
کاتێک ویستی بچێت بۆ بەغداد، چوو راوێژی کرد بەدایکی، دایکیشی دەستیکرد بەگریان و خەفەت دایگرت، چونکە کوڕەکەى لێی دوردەکەوتەوە، بەڵام لەبەرئەوەى لەپێناو وەرگرتنى زانستدا بوو، مۆڵەتى دا بەکوڕەکەى تا بڕوات.
دایکی هەشتا دیناری هەبوو، ئەوە هەموو داهاتێکی ماڵیان بوو، هەمووی دا بەعەبدولقادری کوڕی تا لەگەڵ خۆی بیبات و بەشی خەرجی ماوەیەکی بکات، بەڵام عەبدولقادر تەنیا نیوەی ئەو پارەى بردو ئەوی تری جێهێشت، ئەو کاتەى عەبدولقادر لەگەڵ کاروانەکەدا کەوتەڕێ، دایکی بانگى کرد و کۆتا ئامۆژگاریى خۆی بۆ کرد و وتى: رۆڵە گیان وریابە هەرگیز درۆ نەکەیت، چونکە کەسی باوەڕدار درۆ ناکات، کوڕە شیرینەکەم هەمیشە راستگۆبە چونکە وا پەروەردەم کردوویت و هیوام وایە هەمیشە راستگۆ بیت.
لەنیوەی رێگەدا کۆمەڵێک چەتەو رێگر هاتە رێگەیان شتومەکى خەڵکەکەیان برد، کاتێک دزەکان بۆ کەلوپەل و پارەى خەڵکەکە دەگەڕان، یەکێک لەدزەکان بەعەبدولقادری وت ئەرێ تۆ هیچ پارەت پێیە؟ عەبدولقادر وتى بەڵێ، چل دینارم پێیە، دزەکە بڕواى نەکرد، چونکە هەموان دەیانویست شتەکانى خۆیان بشارنەوە، کەچی ئەم گەنجە شتەکەى خۆی نەدەشاردەوە، بۆیە دووبارە پرسیاری لێکرد، ئەویش وەلآمى دایەوەو وتى بەڵێ چل دینارم پێیە، دزەکە سەری سوڕما و عەبدولقادری برد بۆ لاى گەورەو سەرکردەکەیان و مەسەلەکەى بۆ باسکرد، سەرکردەی دزەکان بە عەبدولقادری وت بۆچی راستیت وت و پارەکەى خۆتت ئاشکرا کرد؟ ئەویش وتى ئاخۆ دایکم ئامۆژگاری کردووم هەرگیز درۆ نەکەم چونکە کەسی بڕوادار هەرگیز درۆ ناکات، سەرکردەکە زۆر سەرسام بوو، دەستی کرد بەگریان، وتى رۆڵە گیان تۆ تەنیا لەبەر ئامۆژگارییەکی دایکت درۆ ناکەیت، کەچی ئێمە چەند ساڵە فەرمانى خوامان پشتگوێ خستووە و دزی دەکەین، تۆ شاهیدبە من تەوبەم کردو واز لەدزی و خراپە دەهێنم، ئینجا هاوڕێ دزەکانى تریشی تەوبەیان کردو هەرچییان بردبوو هەموویان گێڕایەوە بۆ خەڵکەکە و کاروانەکەش بەسەلامەتى گەیشتنە بەغداد.
پەندو وانە
گوێڕایەڵی ئامۆژگارى دایک و باوک ئەرکی سەرشانى موسوڵمانەو دەبێت هەرچییان وت بەگوێیان بکەین، مەگەر کارێکی خراپمان پێبڵێن ئەوکات بەگوێیان نەکەین، هەروەها دەبێت وەک عەبدولقادر تا دەتوانین راستگۆ بین، چونکە درۆ ئاکارو رەوشتی دووڕووەکانەو کەسی موسوڵمان دەبێت هەمیشە راستگۆبێت بۆئەوەى خواى گەورە وەک راستگۆ ناوى بنوسێت.
عەبدولقادر کاتێک گەیشتە بەغداد تەمەنى هەژدە ساڵ بوو، ئیتر لەوێ دەستیکرد بەوانە خوێندن و تا ئەوکاتەى وەفاتى کرد هەر لەبەغداد مایەوە، زیاتر لەحەفتا ساڵ لەبەغداد ژیا.
لەو ماوەیەدا بارودۆخی بەغداد تێکچووبوو، برسێتی و نەبوونى بلآوبووەوە، عەبدولقادریش تووشی سەختى و ناڕەحەتییەکى زۆر بوو، بەڵام بەرگەى گرت، دەستی کرد بەئیشکردن، عەبدولقادر جار هەبوو تەواو ماندوو دەبوو، بۆیە دەچوو بۆ دەرەوەى شارو سوجدەى دەبردو تا دەیتوانى نزاى دەکرد خوا کارى بۆ ئاسان بکات، خواش نزاکەى وەردەگرت.
عەبدولقادر لەبەغداد تاتوانى زانستی وەرگرت و ماوەى سی و سێ ساڵ وانەى دەخوێند تا بوو بەزانایەکی هەڵکەوتە، دواى ئەوەی ناوبانگى دەرکرد، ئیتر دەستی کرد بەوانە وتنەوەو سەدان خوێندکاری پێگەیاند.
عەبدولقادر لەتەمەنى نەوەد ساڵیدا دوچارى نەخۆشییەکی سەخت بوو، کوڕەکەی وتى باوکە گیان کوێی جەستەت ئازاری هەیە؟ ئەویش وتى هەموو جەستەم ئازاری هەیە جگە لەدڵم، چونکە دڵم لەیادی خوادایەو ئازاری نییە، ئینجا وەسیەتى کرد بۆ کوڕەکەی و وتى: کوڕی شیرینم لەخوا بترسەو جگە لەخوا ترست لەکەس نەبێت، تەنیا داوا لەخوا بکەو تەنیا پشت بەخوا ببەستە، هەر ئەویش بپەرەستە و هیچ هاوەڵێکی بۆ بڕیارمەدە.
دواجار لەدرەنگانێکی شەودا و لەساڵی 561 ى کۆچییدا لەبەغداد کۆچی دوایی کردو تا ئێستاش گۆڕەکەى لەبەغدادە، بەڵام کۆمەڵێک کەسی نەشارەزا ئێستا دەچن بۆسەر گۆڕەکەى و لێی دەپاڕێنەوە، ئەوەش تاوانەو حەرامەو شێخ عەبدولقادر تا لەدونیادا بوو دژی ئەو جۆرە تاوان و گوناهە بوو.
پرسیار:
عەبدولقادر لەگوندەکەى خۆیان سەرقاڵی چی بوو؟
کاتێک عەبدولقادر ویستی بچێت بۆ بەغداد دایکی چی پێوت؟
بەسەرهاتى دزەکان چۆن بوو؟
بۆچی عەبدولقادر لەبەغداد دەچووە دەرەوەى شار؟
وەسیەتى عەبدولقادر بۆ کوڕەکەى چی بوو؟