ئەم کەسایەتیە گەورەى ئێستا باسی دەکەین یەکێکە لەزاناکانى بوارى فەرموودە، واتە کەسێک کەژیانى خۆی تەرخان کردووە بۆ کۆکردنەوەو نووسینەوەى فەرموودەکانى پێغەمبری خوا(ﷺ)، ئەوەش بەخششێکی خوایی بوو بۆ ئەو تا خزمەتى فەرموودە بکات، خەلآتێکی خواییش بوو بۆ ئێمە تا فەرموودەکانى پێغەمبەر (ﷺ) بگەنە دەستمان.
ئەم زانا خۆشەویستە ناوى سولەیمانى کوڕی ئەشعەسە، بەڵام بەئەبوداوود ناسراوەو خەڵکی ناوچەی سەجستانە.
ئەبوداوود لەساڵی دووسەد و دووی کۆچیدا لەدایک بوو، سەرەتاى ژیانى منداڵی خۆی لەبەصرە بەسەربرد، دواتریش چوو بۆ بەغداد و ماوەیەک لەوێ مایەوە، ئیتر جارجارە دەچوو بۆ بەغدادو دەگەڕایەوە بۆ بەصرە.
ئەبوداوود هەر لەسەرەتاوە تامەزرۆی زانستی فەرموودە بوو تابچێتە خزمەت فەرموودەکانى سەروەری مرۆڤایەتى، لەوکاتەى ئەویشدا زاناى بواری فەرموودە زۆر بوون، بۆیە ئەوە دەرفەتێکی چاک بوو بۆی، لەو پێناوەشدا ماندوێتی نەدەزانى، کەوتە گەڕان بەدواى فەرموودەکانداو وڵاتەو وڵات دەگەڕا، بۆ وەرگرتنى فەرموودەکان چووە خوراسان و میصر و شام و حیجاز و چەندین شوێنی تر و لەوێ دەچوویە خزمەت زاناکان و فەرموودەى لەوان وەردەگرت و دەینووسیەوە، توانى بچێتە خزمەتى دەیان مامۆستا و زانستی هەموویان کۆبکاتەوەو تۆمارى بکات تا بوو بە زانایەکی ناودار و لە هەموو ناوچەکانى جیهانى ئیسلامییەوە خوێندکاران دەهاتنە خزمەتى و دەرسیان لادەخوێند، خوێندکارەکانى ئەبوداوود هەزاران کەس دەبوون.
ئەبوداوود هێندە زانا و جێمتمانە بوو تەنانەت مامۆستاکانی خۆیشی گوێیان لێدەگرت، بۆنموونە یەکێک لەمامۆستاکانى کەئیمامى ئەحمەدە فەرموودەی لە ئەبوداوودەوە دەبیست و دەینووسیەوە، هەروەها دوو زاناى تری بوارى فەرموودە خوێندکارى ئەبوداوود بوون کە ئەوانیش بریتین لەنەسائی و ترمزى.
جارێک یەکێک لەخواناسەکان بە ناوى سەهلى کوڕی عەبدولآ هات بۆ لاى ئەبوداوود، داواى مۆڵەتى کردو ئەو کەسەی دەرگاکەى کردەوە وتى ئەی ئەبوداوود سەهل هاتووە بۆ لات، ئەویش چوو بەدەمیەوەو پێشوازیەکى گەرمى کردو داینیشاند، دوایی سەهل وتى ئەی ئەبوداوود داواکاریەکم لێت هەیە، ئەویش وتى چییە؟ سەهل وتى دەبێت بەڵێنم پێبدەیت ئەگەر توانیت بیکەیت، وتى باشە، سەهل وتى ئەو زمانەت کە فەرموودەى پێغەمبەری خوات (ﷺ) پێگێڕاوەتەوە بیهێنە با ماچی بکەم، ئەبوداوودیش تازە بەڵێنی دابوو، بۆیە زمانى هێنایە دەرەوەو سەهلیش ماچی کرد.
پەندو وانە
دەبێت لەم دوو زانا خواناسەوە فێر بین رێز لە فەرموودەکانى پێغەمبەر (ﷺ) بگرین و رێزی ئەو کەسانەش بگرین کە لەخزمەتى فەرموودەى پێغەمبەردان (ﷺ)، چونکە پێغەمبەر (ﷺ) هەرچی فەرمووە خواى گەورە فێری کردووە، هەروەها هەرکەس لەخزمەتى فەرموودەدا بێت خواى گەورە رێزدارى دەکات و لاى موسوڵمانان خۆشەویستی دەکات.
پیاوێکی خواناس هەبوو ناوى ئەبوبەکر بوو، ژیانى خۆی تەرخان کردبوو بۆ خزمەتکردنى ئەبوداوود، جارێک لەگەڵ ئەبوداوود لەبەغداد بوون و نوێژی ئێوارەیان کرد، کەسێک لتەقەی دەرگایدا، کەسێک بوو وتى یەکێک ل سەرکردەکان داواى مۆڵەت دەکات تا بێتە ژوورەوە، ئەبوبەکریش هەواڵەکەى دا بە ئەبوداوود، ئەویش مۆڵەتیدا و سەرکردەکە هاتە ژوورەوەو دانیشت، ئەبوداوود هات بۆ لاى و وتى ئەی سەرکردە خێرە لەم کاتەدا هاتویت؟ ئەویش وتى لەبەر سێ شت هاتوم، یەکەمیان ئەوەیە بچیت بۆ بەصرە بۆئەوەى خوێندکارانى هەموو جیهان بێن بۆ لات، دووەمیش ئەوەیە وانە بەکوڕەکەم بڵێیتەوە، سێیەمیش بەجیاو بەتایبەت وانە بە کوڕەکەم بڵێیتەوە نەوەک لەگەڵ خوێندکارەکانى تر، ئەبوداوود وتی بۆ سێیەمیان رازى نیم، چونکە هەموو خەڵک لەوەرگرتنى زانستدا وەک یەک وان، بۆیە لەو رۆژە بەدواوە کوڕەکانى سەرکردەکانیش دەچوون لەگەڵ خوێندکارەکانى تردا لاى ئەبووداوود وانەیان دەخوێند.
دواجار ئیمامى ئەبوداوود هەر لەشاری بەصرەو لە ساڵی دووسەد و حەفتاو پێنجی کۆچیدا وەفاتى کرد و لاى گۆڕەکەى سوفیانى سەوریدا ئەسپەردە کرا.
پرسیار:
ئەبوداوود زیاتر لە چ بوارێکدا زانا بوو؟
پەیوەندى نێوان ئەبوداوود و مامۆستاکانى چۆن بوو؟
بۆچی سەهل زمانى ئەبوداوودى ماچ کرد؟
داواکاریەکانى سەرکردەکە لە ئەبوداوود چی بوون؟
داوا لەخۆشەویستێکت بکە فەرموودەیەکت بۆ بخوێنێتەوە لە کتێبەکەی ئەبووداووددا.