ئیبن حەجەر

ئیمامى ئیبن حەجەر ناوى (ئەحمەدى کوڕی عەلیە)و بەبنەڕەت خەڵکی عەسقەلانە، بەڵام لەمیصر لەدایک بووەو هەر لەوێ گەورە بووەو لەوێش وەفاتى کردووە، زیاتر بە ئیبن حەجەر ناسراوە، چونکە ئەوە نازناوى بنەماڵەکەی بووە.

ئیبن حەجەر لەبنەماڵەیەکی پڕ لەزانست و خواناسدا لەدایک بوو، هەم باوکى و هەم مامیشی زانا بوون و کەسوکارەکەى تری چەندین زاناى گەورەیان تێدا بوو، باوکی جگە لەزاناییەکەى ناسرابوو بەزۆری پەرستش، حەجى زۆری دەکرد.

ئیبن حەجەر لەمانگى شەعبانى ساڵی حەوت سەدو حەفتا و سێی کۆچیدا لە میصر لەدایک بوو، ئیبن حەجەر خاوەنى دایک و باوکێکی دەوڵەمەند بوو، چونکە باوکى لە میصر بازرگانی دەکرد.

هێشتا ئیبن حەجەر تەمەنى نەگەیشتبووە پێنج ساڵ کەباوکى وەفاتى کرد، ئەمەش بۆ ئیبن حەجەر سەخت بوو، چونکە نازى باوکایەتی لەدەستدا، بەڵام باوکى سامانێکی زۆری بۆ جێهیشت، ئەمەش دەرفەت بوو بۆ ئیبن حەجەر تا سەرقاڵی کارى تر نەبێت و زۆربەی کاتى ژیانى تایبەت بکات بۆ زانستخوازى.

دواى مردنى باوکى یەکێک لەکەسە نزیکەکانى باوکى سەرپەرشتی ئەحمەدى گرتە ئەستۆ، خێرا ئەوى خستە قوتابخانە، ئەویش بەجوانى وانەى دەخوێند، گرنگییەکی زۆریشی دەدا بەقورئانى پیرۆزو توانى تا تەمەنى دوانزە ساڵی هەموو قورئانى پیرۆز لەبەربکات، لە لەبەرکردنى قورئانى پیرۆزیشدا زۆر بەتوانا بوو رۆژانە چارەکە جوزئی قورئانى پیرۆزی لەبەردەکرد.

دواى ئەوە لەتەمەنى دوانزە ساڵییدا بڕیاریدا بچێت بەرەو مەککە، خۆی گەیاندە ئەوێ و لەوێ ماوەى ساڵێک مایەوەو لاى مامۆستایەکی زانای ئەوێ زانستی فەرموودەى خوێند و فەرموودەکانى پێغەمبەری خواى () لەبەردەکرد، هەر لەو ماوەداو لەتەمەنى دوانزە ساڵییدا لەکاتى نوێژی تەراویحدا ل مەککە پێش نوێژی دەکرد بۆ موسوڵمانان.

دواى ئەوە گەڕایەوە بۆ میصر، لەوێ دەستی کرد بەوەرگرتنى زانست و لە خزمەت چەند مامۆستایەکی گەورەدا وانەى خوێند.

ئیبن حەجەر بەوەش وازى نەهێنا، بەڵکو لەپێناو وەرگرتنی زانستدا روویکردە وڵاتانى تری جیهانى ئیسلامى، چوویە هەریەک لە وڵاتى شام و حیجاز و یەمەن، کاتێک چوو بۆ شام ماوەیەک لەفەڵەستین مایەوەو لەوێ زانستی لەزانا گەورەکان وەردەگرت.

ئیبن حەجەر لەتەمەنى بیست  و پێنج ساڵیدا ژیانى هاوسەردایی پێکهێنا، گرنگییەکی زۆری دا بەپەروەردە و فێرکردنى ژنەکەى و فەرموودەکانى پێغەمبەری خواى () پێدەوتەوە، خواى گەورە لەم ژنەى پێنج کچی پێبەخشی.

ئیبن حەجەر دواى ئەوەى زانستێکی زۆری وەرگرت، ئینجا دەستیکرد بەوانە وتنەوەو خوێندکارێکی زۆر لەخزمەتیدا دادەنیشتن و فێری زانست دەبوون.

ئیبن حەجەر کەسێکی بێدەنگ بوو، تاپێویست نەبوایە قسەی نەدەکرد، ئازارو ناڕەحەتى بۆ هیچ کەسێک نەبوو، تا دەیتوانى لەدەرەوەو لەشوێنان سەلامى دەکرد لەخەڵکی، بەرامبەر بەو کەسانەش چاکەى دەکرد کە ئەوان خراپەیان بەرامبەر کردبوو.

جارێک ئیبن حەجەر چوو وانە بڵێتەوە، کەسێک کەرقی لەئیبن حەجەر بوو لەولاوە قسەی ناشیرینی پێدەوت، ئیبن حەجەر وتى پەلە مەکەن باهەموو قسەکانى بڵێت و وازبهێنێت یان بێزار بێت و بڕوات، ئەوەش رەوشتبەرزی ئەم زانایە نیشان دەدات.

ئیبن حەجەر گرنگیەکى زۆری دەدا بەشەونوێژ و پەرستشەکانى دی، تەنانەت لەکاتى سەفەرو گەشتکردنیشدا وازى نەدەهێنا لەشەونوێژ کردن، هەروەها گرنگییەکى زۆری دەدا بەقورئان خوێندن.

ئیمامى ئیبن حەجەر هاودەم بەوانە وتنەوەکانى، توانی نووسینێکی زۆر پێشکەش بەموسوڵمانان بکات، تا ئەمڕۆش نووسینەکانى ئەو زانا خواناسە ماونەتەوەو ئێمەی موسوڵمان سوودیان لێوەردەگرین، نووسینەکانیشی زۆر بەوردی و جوانى دەنووسی، تەنانەت بۆ نووسینی یەکێک لەکتێبەکانى ماوەى بیست و پێنج ساڵ خەریک بوو ئینجا تەواو بوو، ئەویش کتێبی (فتح الباری) بوو، بەڵام ئەو کتێبە ئەوەندە بەهێز بوو سەرکردەی وڵاتانى تر داوایان لەسەرۆکی وڵاتەکەى ئیمامى ئیبن حەجەر دەکرد ئەو کتێبەیان بۆ بنێرێت.

دواجار ئیمامى ئیبن حەجەر لەساڵی 852 ى کۆچیدا وەفاتى کردو خەڵکێکی زۆر ئامادەی ئەسپەردەکردنى تەرمەکەى بوون، تەنانەت سەکردەى موسوڵمانانیش ئامادە بوو.

پرسیار:

 بنەماڵەی ئیبن حەجەر چۆن بنەماڵەیەک بوون؟

 ئیبن حەجەر دواى مردنى باوکى چی کرد؟

بۆچی ئیبن حەجەر وڵاتەو وڵات دەگەڕا؟

 بەسەرهاتى قسەوتن بە ئیبن حەجەر چۆن بوو؟

 سەرقاڵبوونى ئیبن حەجەر بە نووسین باس بکە.

 

1353 جار بینراوە‌
08/08/2020