ئیبن صەلاحى شارەزوورى


نوسینی: نیهاد جلال

یەکێک لە زانا گەورە و ناودارەکانى ناو جیهانى ئیسلامى، کەسێکە کە لە نێو خاکى کوردان لەدایک بوو و هەر لەوێ لە خزمەت باوکیدا زانستی وەرگرت و پێگەیشت و دواتریش بە ناوى ناوچەکەى خۆیەوە ناوبانگی دەرکرد، ئەویش ئیبن صەلاحى شارەزووریە.

ئیبن صەلاح لە بنەڕەتدا ناوى عوسمانى کوڕی عەبدوڕەحمانە، عوسمانى باوکى لە ناوچەی شارەزوور نیشتەجێ بوو و یەکێک بوو لە زانا گەورە و ناودارەکانى ناوچەکە، ئیبن صەلاح هەر لە گوندى شەرخان لە نزیک ناوچەی شارەزوور و لە ساڵی 557 ى کۆچیدا لەدایک بوو و هەر لەوێیش لاى باوکى گەورە بوو.

ئیبن صەلاح دواى ئەوەى لە شارەزوور لاى باوکى زانستێکی زۆری وەرگرت، بڕیاری دا بچێت بۆ ناوچەکانى تری جیهانى ئیسلامى و لەوێیش زانست وەربگرێت، بۆیە سەرەتا رویکردە شاری موصڵ و لە خزمەت چەندین زانای دیارى ئەو شارەدا زانستی وەرگرت، هەروەها هەریەک لە شارەکانى بەغداد و نەیسابور و حەلەب و دیمەشق و حەڕانیش وانەى خوێند، واتە هەم بەرەو رۆژهەلآت  و هەم بەرەو رۆژئاواش سەفەری کرد تا زانست وەربگرێت.

هێشتا ئیبن صەلاح تەمەنى نەگەیشتبوویە پانزە سالآن کە یەکێک لە کتێبە زۆر گەورە و بەهێزەکانى ئەو سەردەمەى خوێند بە ناوى موهەززەب، ئەوەش جێی سەرسامى زانایان بوو کە توانیبووی لەو تەمەنەدا ئەو کتێبە بەهێزە بخوێنێت.

ئیبن صەلاح تا توانى زانستی وەرگرت، لە هەموو بوارەکانى تەفسیر و مێژوو و زمانەوانیدا شارەزاییەکى چاکى پەیدا کرد، بەڵام دواتر گرنگى زۆری دا بە بوارى فەرموودەکانى پێغەمبەر () و بوو بە زانایەکى دیار و هەڵکەوتەى ئەو بوارەو تا ئەمڕۆش موسڵمانان لە هەموو جیهاندا سوود لە نووسینەکانى وەردەگرن.

ئیبن صەلاح کە چوو بۆ وڵاتى شام، پاش وەرگرتنى زانست، دەستی کرد بە بەخشینەوەى ئەو زانستەى کە وەریگرتبوو، بۆیە هەم لە خوێندنگەکاندا وانەى دەوتەوە، هەم لە ماڵی خۆی زانستەکەى دەبەخشی بەوانەى دەهاتنە خزمەتى، هەم بە نووسینی کتێب هەوڵیدا ئەوەى دەیزانێت نەوەک تەنها بۆ خەڵکی سەردەمى خۆی، بەڵکو بیگەیەنێت بە خەڵکی دواى خۆیشی.

دواجار ئیبن صەلاح لە بەرەبەریانى رۆژی چوارشەممە لە بیست و پێنجی مانگى رەبیعولئاخیری ساڵی شەش سەد و چل و سێی کۆچیدا لە دیمەشق وەفاتى کرد، تەمەنیشی شەست و شەش شاڵ بوو، خەڵکێکی زۆر بە هەواڵی مردنى دڵتەنگ بوون و هەموان ئامادەى ئەسپەردەکردنى بوون.

پرسیار:

ئیبن صەلاح خەڵکی کوێیە؟

باوکى ئیبن صەلاح کێ بوو؟

بۆچی ئیبن صەلاح سەفەری کرد بۆ شارەکانى تر؟

ئیبن صەلاح لە وڵاتى شام چی دەکرد؟

 دەتوانیت ژیانى ئیبن صەلاح بۆ کەسێکی خۆشەویستت باس بکەیت؟

 

3122 جار بینراوە‌
08/08/2020