چۆن وا لە منداڵەکەم بکەم زیرەک بێت؟

جوڵاندنی منداڵەکەت بە ڕاهێنان

بەبیروڕاوی ڕاوێژکاری پەروەردەیی (پات وۆڵف؛ یەکێک لە نوسەرانی پەرتوکی Building the Reading Brain ) مێشک تاکە ئەندامی جەستەیە کە لە ڕێگەی ڕاهێنانەوە خۆی بنیات دەنێت،  وەک زانراوە کە ڕاهێنان دووبارە مێشک و سایکۆلۆجیاکەی ڕێک دەخاتەوە و بونیادی دەنێتەوە، بۆیە لە بری مامەڵەکردن لەگەڵ مێشکی منداڵ وەک ئەوەی دەفرێکی بەتاڵ بێت و بە زانست و زانیاری پڕبکرێت، باشترین ڕێگا بۆ فێرکردنی منداڵ ڕاهێنان و بەشداری پێکردنیەتی لە چالاکیەکاندا.

بۆ نمونە دەکرێت منداڵ لەگەڵ خۆدا ببرێت بۆ یەکێک لە فرۆشگاکانی کۆڵان وبەشداری بکات لە کێشانەکردنی شتەکان، خوێندنەوەی دەستەواژەکان، ژماردنی پارە. هەروەها هەروەک پات وۆلف ئاماژەی پێداوە؛ بەسەربردنی کاتێکی زۆریش لە ئامێرەکانی ڕاگەیاندن و ڤیدیۆ و یارییەکان، منداڵ دور دەخاتەوە لە ژیانی ڕاستەقینەوە وپەیوەست بوونی بەو ژیانەوە کەمدەکاتەوە، وە هەلی فێربوونی ئەزموون و شتی نوێش لەدەست دەدات.

زیاتر بپرسە و کەمتر بڵێ

باشتر وایە دایکان و باوکان بۆ فێرکردن و ئامۆژگاری کردنی منداڵەکانیان زیاتر پشت بە شێوازی پرسیارکردنی کراوە ببەستن نەوەک شێوازی سەرزەنشت و بۆڵە بۆڵکردن یان شێوازی وانەوتنەوە. چونکە منداڵان زیاتر سود لە شێوازی پرسیارکردن دەبینن و تێگەیشتنیان بۆی هەیە.

بۆ نمونە لە بری ئەوەی رێنمایی بکەیت دەربارەی زیان و مەترسیەکانی خێرایی لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا، دەکرێت بیکەیتە پرسیار و لە خۆی بپرسیت و کاتی بدەیتێ تاکو وەڵام دەداتەوە. یان کاتێک گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە درەنگ دەکەوێت، لەبری ئەوەی سەرزەنشتی بکەیت دەکرێت دەربارەی درەنگ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و زیانەکانی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵی پرسیاری لێ بکەیت و دوای لێ بکەیت لە تێگەیشتنی خۆیەوە وەڵام بداتەوە.

ئەم شێوازەی مامەڵکردن زیاتر کاریگەری هەیە لەسەر تێگەیشتنی منداڵ و وە وەرگرتنی ، وە کاریگەریشی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی ئاستی زیرەکی و هۆشی منداڵەکە.

دۆزینەوەی هاوڕێی چاک

چەندین بەڵگە و توێژینەوە هەیە سەبارەت بە ڕادەی کاریگەری هاوڕێ لەسەر منداڵ، بەجۆرێک کە دەکرێت کاریگەریەکەی زیاتر بێت لە کاریگەری دایک و باوک لەسەر منداڵ. ئەمە ڕاست بێت یاخود نــا، زۆر پێویستە گرنگی بە هاوڕێی منداڵ بدرێت، وە هانی منداڵ بدرێت کە هاوڕێیەتی کەسانی باش و زیرەک و بەڕەوشت بکات و بانگهێشتی ماڵەوەش بکرێت تاکو کاتی لەگەڵدا بەسەر بەرێت، لەکاتێکیشدا ئەگەر هەستت بەوەکرد کە هاوڕێکەی کاریگەری خراپی لەسەر منداڵەکەت هەیە پێویستە دەستەوەستان و کەمتەرخەم نەیت لە ڕێگری کردن لەوەی هاوڕێیەتی بکات، تەنانەت ئەگەر منداڵەکەش بەو بڕیارە بێزار و دڵگران ببێت.

پێدانی ژەمی بەیانیان

پێویستە دایکان و باوکان بەردەوام بن لە پێدانی ژەمێکی نانی بەیانیان بە منداڵەکانیان کە باش و پڕ وزە و هەمەچەشن بێت، بەجۆرێک پێكهاتکەی دەوڵەمەند بێت بە پڕۆتین و چەوریەکان وەک هێلکەی کوڵاو، کەرەی بادەمی چەور، ئەمەش یارمەتیدەری منداڵەکە دەدات کە بەردەوام پڕ وزە بێت و بەدرێژایی ڕۆژ بە چالاکی بمێنێتەوە، وە ڕێگر بێت لە دابەزینی ئاستی شەکری جەستەی لەکاتی ئەنجامدانی مەشقە وەرزشییەکان لە قوتابخانەدا.

 

10032 جار بینراوە‌
31/03/2020