✸ ئۆتیزم چیە؟
ئۆتیزم پێناسە دەکرێت بە پەشێوی و تێكچونێکی ئاڵۆزی گەشەی مێشک، کە منداڵ لە سێ ساڵی سەرەتای تەمەنیدا توشی دەبێت، ئەم تێكچوونە دەماریەش کە کاردەکاتە سەر فەرمانەکانی مێشک، دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوون لە (کردار و هەڵسوکەتی منداڵ) یان (گوفتار و دەربڕینی منداڵ)، یان (لایەنی کۆمەڵایەتی منداڵ و بەستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەری)[1].
✸ کاریگەری ئۆتیزم لەسەر منداڵ
◀ پەیوەندی کۆمەڵایەتی:
دەکرێت منداڵی توشبوو بە نەخۆشی ئۆتیزم بناسرێتەوە لە ڕێگەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتی و کەسییەکانی، بە جۆرێک کە منداڵی ئۆتیزم ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی و تەندروست پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی لەگەڵ چواردەورەکەی ببەستێت، هەروەها توانای دەربڕینی ئاماژەکان و پەیوەندیە نــا گوفتارییەکانی نیە، بۆ نمونە : ئاماژەکردن بە چاو، یان دەربڕینی هەستەکانی لەڕێگەی ڕوخسار و دەموچاو، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە توانای دروستکردنی هاوڕێ و هاوڕێیەتی نابێت ، توانای یاریکردن و بەشداری لەگەڵ منداڵانی تر نابێت، توانای تێگەیشتنی لە هەستی کەسانی تر نابێت، وەکو ئازار و دڵتەنگی.[2]
جگە لەوەش دەتوانرێت منداڵی ئۆتیزم بناسرێتەوە لە ڕێگەی کۆمەڵێ نیشانە کە لەسەرەتاکانی تەمەندا دەردەکەون بەتایبەت لە ساڵی یەکەمی تەمەندا، هەرچەندە هەندێک منداڵ لە ساڵی یەکەمدا گەشەی ئاساییە و بێ کێشەیە بەڵام لە تەمەنی ١٨ بۆ ٢٤ مانگیدا نیشانەکانی تێدا دەردەکەون، لەو نیشانانەش:
● وەڵامدانەوەی نابێت کاتێک بەناوی خۆیەوە بانگ دەکرێت.
● بە شێوەیەکی باش و پاراو توانای قسەکردن و گفتوگۆی نابێت.
● بەهۆی دابەزینی ئاستی زیرەکی، بە بەراورد بە منداڵی ئاسایی توانای فێربوونی کەمدەبێتەوە.[3]
● حەزکردن بەتەنهایی یان ڕقلێبوونەوە لە لەباوەشگرتن.
◀ پەیوەندی گوفتاری:
یەکێک لەو نیشانانەی کە لە منداڵی توشبوو بە ئۆتیزمدا دەردەکەوێت نەبوونی توانای فێربوونە، بەجۆرێک کە نزیکەی 40٪ ی توشبووان توانای قسەکردنیان نیە و ناتوانن هیچ گفتوگۆیەک دەست پێبکەن، بەردەوام وشە و دەستەواژەکان دەڵێنەوە و دوبارەی دەکەنەوە، وە توانای تێگەیشتنیان لە مەبەست و قسەکانی کەسی بەرامبەر نابێت.[4]
◀ هەڵسوکەتی نـــــامۆ و نائاسایی:
منداڵی توشبوو بە ئۆتیزم چەندین ڕەفتار و هەڵسوکەتی نامۆ و نائاسایی تێدا دەردەکەوێت، لەوانەش:
● هەستیار بوون بە بەشێكی زۆری کاریگەرییە دەرەکییە بینراو و بیسترا و فیزیکیەکان، وەک دەستلێدان.
● بێزار و پەست دەبێت بە قەرەباڵغی و ژاوەژاو و دەنگی بەرز.
● خوگرتن بە یەک یاری یان بەردەوام دوبارەکردنەوەی هەمان هەڵسوکەوت، وەک ڕاپسکانی بەردەوام، ددان لێکدان، جوڵاندنی دەستەکان، ڕێکردن لەسەر سەری پەنجەکان، وە توڕيبوونی لەکاتێکدا ئەگەر هەوڵبدەیت ئەو ڕەفتارەی بگۆڕیت.
● توڕەبوونی لەنــاکاو و هێرشکردنی جەستەیی ڕاستەوخۆ.
● کردنەوە و داخستنی ئەو شتانەی کە دەخولێنەوە، وەکو کیلۆنی دەرگا، یان بەسەربردنی کاتێکی زۆر بە یاریە خولاوەکانی هاوشێوەی میزراح.
● کەمی سەرنج و تەرکیز، وە ئەنجامدانی ڕەفتار بە بێ بیرکردنەوەکردنەوە.
● زۆربەی منداڵانی ئۆتیزم کێشەی لاوازی پەیوەندی جەستەییان هەیە، بەجۆرێک کە حەزناکەن لە باوەشیان بگریت، یان کەس دەستیان لێبدات، بەڵام ئەم ڕەفتارەیان بۆ هەموو کەسێک ڕاست نیە و لەوانەیە لەباوەشگرتنی باوک و دایک یان کەسێکی نزیکی لا ئاسایی بێت.
✑ ســــــەرچــاوەکـــــــــــــان
[1] shorturl.at/ejJLV
[2] shorturl.at/exM58
[3] shorturl.at/eknCE
[4] shorturl.at/euV07