10 هەنگاوی گرنگ بۆ پەروەردەی منداڵ

دە هەنگاوی پەیوەست بە ژینگەی ماڵەکەت کە نابێت هەرگیز فەرامۆش بکرێت لەکاتی پەروەردەکردنی منداڵدا.

کاتێک کە منداڵەکانمان لە ژینگەیەک دەژین کە لەلایەک داوایان لێدەکەین نمونەیی و ڕەفتار باش بن، لە لاکەی تریش خۆمان ڕەفتاری نەشیاو و خراپ دەنوێنین لەگەڵیان، دەبێت زۆر وریا بین و سوربین لەسەر ئەوەی ببینە نمونە و پێشەنگێکی باش بۆیان .

لێرەدا چەند هەنگاوێکمان بۆتان هەڵبژاردووە کە ناکرێت لەبەرچاو نەگیرێت لەکاتی پەروەردەکردنی منداڵەکانماندا، ئەگەر لەگەڵمان بن هەنگاوەکان دەخەینە ڕوو بۆتان. بیرت نەچێتمنداڵەکەت پەرداخێکی پڕ لە میهرەبانییە، ووشەو کردارەکانی ئێمە دەکرێت خاڵی و بەتاڵی بکات یاخود بە پڕی بیهێڵێتەوە !

پێنج هەنگاویان کە زۆر پێویستە لەبەرچاو بگیرێت و جێبەجێ بکرێت لەکاتی پەروەردە کردنی منداڵەکانماندا:

پیا هەڵدان و هاندان: گەر دەتەوێت منداڵەکەت فێری باوەڕبەخۆبوون و ڕازی بوون و خۆشەویستی بکەیت ، ئەوا باشترین ڕێگە پیاهەڵدان و هاندانیەتی بەشێوەیەکی تەندروست ( بەتایبەتی لەکاتی کۆششی منداڵەکەت بە وانە زانستی یەکانیەوە).

باوەڕ و هەق بێژی: گەر ژینگەیەکی پڕ باوەڕ و هەق بێژی بۆ منداڵەکەت فەراهەم بهێنی ئەوا دڵنیابە فێری ڕاستگۆیی و دادپەروەریت کردووە.

ئارامگری: چۆن منداڵەکەت فێری ئارام گرتن دەبێت ئەگەر لە ژینگەیەکی خاڵی لە دان بەخۆداگرتندا ژیان بکات، بۆیە دەبێت بەکردەوە پیشانی منداڵەکەتی بدەیت کە تۆ چەندە ئارام گریت تاکو ئەویش لە تۆوە فێری ئارام گرتن بێت.

لەبەرچاوگرتنی هەستەکانی: ئەگەر منداڵەکەت لە ژینگەیەکدا بژی کە هەستەکانی لەبەرچاو دەگیرێت کەواتە فێری ڕێزگرتنت کردووە.

بەشداری پێکردن: زۆر گرنگە کە منداڵ ڕۆڵی بەشداری کردنی پێ ببەخشرێت لەو ژینگەیەی کە تیایدا دەژی، چونکە ئەمە کاردانەوەی لەسەر ژیانی دەبێت و فێری بەخشین و بەخشندەیی دەبێت .

پێنج هەنگاوەکەی تر پێویستە خۆمانی لێ بەدوور بگرین لەکاتی پەروەردە کردنی منداڵەکانماندا:

تاوانبار کردن و لێپرسینەوە: زۆر تاوانبار کردنی منداڵ و لێپرسینەوەی (هەمیشە تاوانبارکردن) ، وا لە منداڵ دەکات کە ڕاستییەکان بشارێتەوە و پەنا بۆ درۆکردن ببات.

ترس و تەنهایی کۆمەڵایەتی: منداڵەکەت لە کۆمەڵگا دوور مەخەرەوە (لەبەر هەر هۆکارێک بێت)، فێری بە تەنها یاری کردن و دوورەپەرێزی مەکە، چونکە ئەمە فێری شەرم و بێ دەنگی دەکات. بترسە لەوەی کە ئەم کردارانەت لە دواڕۆژدا دەبێتە هۆی ڕاڕایی و لاوازی دەروونی لە منداڵەکەتدا.

هەست بریندارکردن و شکاندنی: گەر منداڵەکەت لە ژینگەیەکدا بژی کە هەمیشە هەستەکانی بریندار دەکرێت و تێکدەشکێندرێت بە ووشە و قسەکانت، ئەوا کاردانەوەی لەسەر تەواوی ژیانی دەبێت و دەبێتە کەسێکی هەڵەشە و توڕە.

توندی و بەغیلی : یەکێکی تر لەو ژینگانەی کە دەبێت دوور بکەوینەوە لێیان، ژینگەی توند مامەڵەکردن و بەغیلی یە، چونکە توند مامەڵە کردن منداڵدا فێری شەرم دەکات و بەغیلیش فێری حەسادەت.

گرنگی پێدانی زیاد لە پێویست: لە کۆتاییدا گەر دەتەوێت منداڵەکەت فێری باوەڕ بەخۆبوون بکەیت ئەوا دوور بکەوەرەوە لە گرنگی پێدانی زیاد لە پێویست و ناتەندروست .

لەکۆتاییدا.. لەبیرتان نەچێت کە منداڵەکانمان لە سەردەمێکدا دەژین کە توندوتیژی و ئارەزووبازی، ڕەوشتە باش و یاریە جوانەکانیان شاردۆتەوە. کە ئەمە مانای وایە ئەرکی پەروەردەکار زۆرتر و گەورەترە، کەواتە دەستی منداڵەکەت بگرە و لەگەڵیدابە، شەوانە لە ئامێزی بگرەو ماچی بکە دواتر کاردانەوەکانی دەبینبت لەسەر ژیانی منداڵەکەت.

کەواتە ئێستا ڕات چۆنە لەسەر ئەم ئامۆژگاریانە کە هاوکارت دەبێت بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانت هەر لە تەمەنی دوو ساڵیەوە؟

 

17134 جار بینراوە‌
14/07/2020