یەکێک لەو بنەمایەنەی کە بۆ فێر بونی خوێندکار لە زانستی ماتماتیکدا کاری لەسەر دەکرێت بنەمای (ئەزمون و هەڵە) یان (هەوڵدان و هەڵە) .
خوێندکارێک چۆن دەتوانێ (سین و صاد) هاوسەنگ بکات ئەگەر چەند جارێک هەلە نەکات ، ئاسۆی بیری منداڵ چۆن فراوان دەبێت ئەگەر چەند جارێک تەختەکە نەسرێتەوە .
منداڵ چۆن دەتوانێت مامۆستا و پۆل و قوتابخانەی خۆش بوێت کە سور دەزانێت سزای نوسینی پیتێکی هەڵە گاڵتە پێکردنە ، هاوکێشەیەکی کیمیایی چۆن پارسەنگ ئەبێ ئەگەر چەند جارێک مادەکانی بەهەڵە تێکەڵ نەکرێ .
ئەگەر تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا بەهەڵە چەند کەسێک نەکوژێت چۆن زانست دەگات بە ڤاکسینە راستەقینەکە .
ئەگەر مندالەکەت لە ماڵەوە ، پەرداخێک نەشکێنێ چۆن ئەزانێ دەست بڕین ترسناکە ، ئەگەر ئاو نەڕێژێ چۆن دەزانێ سەرما نەخۆشی دەخات ، ئەگەر لاپ تۆپ و مۆبایل و تەنانەت شتە گرانبەهاکانیش زیان پێنەگەیەنێت چۆن دەتوانێت نرخ و جیاوازی و گرنگی کەل و پەلەکان بزانێ، ئەگەر نان نەدات بە دو چۆلەکە چۆن سبەی نان دەدات بە دو هەژار .
فڵچەی بۆیەی بۆ کڕیووە ناهێڵێ بەکاری بهێنێ چونکە دیوار و قەنەفەکان پیس دەبن ، تاقمی کوپ و پەرداخی کڕیووە ناهێڵێ کەس دەستکاری بکات و ئاوی تیا بخواتەوە چونکە بۆ میوانی داناوە ، باڵندەیەک یان ئاژەڵێکی ماڵی لە مالەکەیدا نیە تا ئەم مندالە فێری بەزەیی و نان بدەیی و هاوسۆزی ببێت ، تەنها لەبەر ئەوەی ماڵەکەی ئەو پیس نەبێت، دواتریش گلەیی ئەکات کە منداڵەکەی (گرینۆک) و (دڵتەنگ) و (شەڕانی) و (ڕقاوی) و (ترسنۆک) و (شەرمن) و (گۆشەگیر) و (ئامێری ئەلکترۆنی) زۆر بەکار دەهێنێ و .... هتد
ئەزمونی ژیان تەنها لە کتێب و جوانی و تیۆر و ماڵی پاک و کەل و پەلی ڕاقی و پاک و خاوێن و بڕوانامەی زانستیەوە سەرچاوە ناگرێت ، زۆر جار بۆ کێشانی تابلۆیەک یان شاکارێکی هونەری پیویستیت بە پیسکردنی هەموو شوێنەکەیە، هەندێک جار ڕژانی یەک کەوچک برنج لە لایەن منداڵەوە وەکو ڕژانی خوێنی یەک ئینسان وایە لە چاوی زۆرینەی دایک و باوکەکانەوە ، بۆڵە بۆڵی بەردەوام و قاو قیژ و هاتو هاواری دایک و باوک منداڵ دەپوکێننەوە وەک چۆن سەرما گوڵ دەژاکێنێ و دەیپوکێنێتەوە ، سندان لە فەرش و قەنەفەکەش بدات ، تۆ بڕیار نیە ڕاهێنان بە یاریزان بکەیت ، تۆ بڕیارە دایک و باوک بیت ئەم هەموو مەشقە قورسە پێویست نیە ، ئەم هەموو دادگایی کردن و سەرزەنشت کردنە پێویست نیە .
لۆمەکردنی بەردەوامی منداڵ لە لایەن دایک و باوک و مامۆستا و قوتابخانە و گەورەکان یەکێکە لە هەرە گرفتە سەرەکیەکانی تێکشاندنی کەسێتی منداڵ.
تێبینی :-
منداڵ هەتا ئێوارە پێی بڵێ ئەوە سۆپەیە گەرمە دەتسوتێنێ دەستی لێنەدەیت ، هەرگیز گوێ ناگرێت چونکە ڕێگەکە بۆ ئەو تاقی نەکراوەیە ، ئەسڵەن نازانێت سوتان و ئازار چیە ، بەڵام هەر ئەوەندەی یەکجار دەستی پێدا چزا ، ئیتر ئەوە لە نائاگاهی منداڵدا دەچەسپێ.
منداڵ (بەرەڵا) کردن و خەڵک ئیزعاج کردن و لێنەپرسینەوە شتێکی ترە و ئەوەی کە هەڵەیەکی بچوک دەکات دوو شتی زۆر جیاوازن ، یەکەمیان پەیوەندی بە (بێ ئەزموونی ) دایک و باوکەوە هەیە ، دوەمیان پەیوەندی بە پەروەردەی هەڵەوە هەیە.
منداڵ لە ڕێگای کۆمەڵێک شتەوە فێر دەبێت (کتێب و دایک و باوک و قوتابخانە) تەنها یەکێکن لەو شتانە، یەکێکی تر لەو ڕێگایانە (trial and error method) فێربوونە لە رێگەی تاقی کردنەوە و هەڵە کردنەوە ، کاتێک مندالەکەت هەڵەیەک دەکات زیاتری فێرکە لەو هەڵەیەوە نەک بیکوتیتەوە.
نوسینی : هێمن عبدالقادر