ئەوەی لە دەریا وەریدەگرێت دەیداتەوە

نەریتی هەورە ، ئەوەی لە دەریا وەریدەگرێت دەیداتەوە

نوسینی: هێمن عبدالقادر

تۆ ڕۆژ بەڕۆژ لاواز تر و پیرتر دەبیت و منداڵەکەشت ڕۆژ بەڕۆژ بە هێزتر دەبێت ، کاتێک کە بەقسەت ناکات و تۆڵەت لێدەکاتەوە و سزات دەدات تۆش پێت وایە سەردەمەکە گۆڕاوە و منداڵەکەت توشی لادان بووە ، بەڵام لە ڕاستیدا تۆ بەرهەمی خۆت دەدوریتەوە !

کاتێک لاواز بوو ترساندت ،ئەمە ڕێسایە ،ڕێسای (چاندن و دەستکەوت)

ئەوەی گەنم دەچێنێت ، گەنم دەدورێتەوە و ئەوەی دڕک دەڕوێنێ هەر دڕک دێتە ڕێی ، بەڵام ئەگەر منداڵەکەت پڕ نەکرد لە ترس و ڕق ، ترسی ئەوەشت نابێت لە پیریدا خراپ بێت لە گەڵت .

ئەگەر منداڵێک دڵی یان دەماغی بچوکە، مانای ئەوە نیە ناتوانێت وەک تۆ هەست بەشتەکان بکات ، منداڵێک با چاوەکانی بچوکیش بێت ، بەڵام خۆ وەکو من و تۆ دەبینن ، کەواتە بۆ بە ڕێزەوە لە بەردەمیاندا نادوێن و ڕەفتار ناکەن .

پێش چەند چرکەیەک بە دەست نانمان دەخوارد ، قۆپچەی کراسەکەمان کرابۆوە ، قژمان هەر تاڵێکی بەلایەکدا ڕۆشتبوو ، هەزار هەزار قسەمان ئەکرد ، بەڵام کاتێک ویستمان وێنەیەک یان ڤیدیۆیەک تۆمار بکەین و بمێنێتەوە ، دەست بەجێ خۆمان رێکدەکەینەوە قۆپچەی کراسەکەمان خێرا دادەخەین و قژمان ڕێک دەخەین و زمانیشمان لە گۆ دەکەوێت ، چونکە دەترسین ئەم وێنەیە بۆ هەمیشە لە بەردەم خەڵکدا بمێنێتەوە بە ناشیرینی .

منداڵەکانیشتان وەک کامێرا بە دوو (لێنز) ، دوو چاوی گەورە و میمۆریەکی بەهێز ، هەموو ئەوانەی ڕۆژانە لە دایک و باوک و ڕاگەیاندن و قوتابخانە و مامۆستا و بازاڕ و خێزان و خەڵکی دەبینێت .. تۆمار دەکات ،کەواتە بۆچی لەبەر دەم کامێرای منداڵەکانمان بۆ چی گوێ بە وێنەی ڕەفتار و گوفتاری خۆمان و خەڵکی تر نادەین ؟

عەلی کوڕی ئەبی طالب فەرمووی (هیچ میراتێک بۆ منداڵ ، لە مانەوەی ئەدەب و پەروەردەیەکی جوان باشتر نیە)

میراتێک کە سەرچاوەکەی پەروەردە بێت خاوەنەکەی کەمتر توشی ئاریشە و گرفت دەکات ،خەڵکێک هەیە تەمەنێکە مردووە کەچی ڕۆژانە بە هۆی ڕەفتاری ناجیزی منداڵەکانیەوە هەزارەها قسەی نەشیاو بۆ گۆڕی ئەڕوات ، خەڵک هەیە هەموو شتێکی هەیە کەچی بەردەوام گیرۆدەی دادگا و یاسا و شەری خێزانی و ئیدمانی و هەزارەها شتی ترن.

مانەوەی پارچەیەک زەوی و ریزە دوکانێک و ناوبانگی پیشەیی و زانستی و هەندێک پارە گرنگە و هەردوو ئەگەری لادان و زەرەریشی تیایە ، بەڵام مانەوەی پەروەردەی دروست هەمیشە ئەگەری قازانجی زیاترە ، چونکە خاوەنەکەی لە ئارامیەکی زۆردا دەهێڵێتەوە

فارس دەڵێت: (نەریتی هەور وایە ، هەرچیەک لە دەریا وەرگرێت پێی دەداتەوە)، گرنگە بزانین چی دەدەین بە منداڵەکانمان ، تا بزانین لە داهاتودا چی وەردەگرینەوە.

3850 جار بینراوە‌
30/01/2021