سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ترسی منداڵەکەت چ کاتێک ناسروشتی یە؟

نوسینی : دەروونناس ئیدریس نوری

ترس لەژیانی منداڵدا دەتوانێت کاریگەری نەرێنی درووست بکات ،بەتایبەت ئەگەر هاتوو ئەم ترسە بۆماوەیەکی زۆر درێژەی هەبوو، ئەوا دەگۆڕێت بۆ نەخۆشی هەر بۆیە دایک وباوکان بەپلەی یەک ،دەتوانن ڕێگری لەترسی منداڵەکەیان بکەن .

ترسی ناسرووشتی لە تەمەنە جیاوزی یەکانی منداڵاندا :

هەموو منداڵان لەقۆناغەکانی تەمەنیان دووچاری ترس دەبن ،کەبەشێک لەو ترسانە بەترسی سروشتی دەژمێرێن، بەڵام ئەگەر هاتوو ترسەکە لەحاڵەتی ئاسایی خۆی دەرچوو ئەوا دەگۆڕێت بۆ ترسی ناسرووشتی .ترسی ناسرووشتی هۆکارێکە بۆ درووست بوونی کێشەکانی تر، بەپێی گەورە و بچووکی تەمەن دەگۆڕێت ،هەروەها خودی ترسەکەش لەمنداڵێکەوە بۆمنداڵێکی تر دەگۆڕێت .

جۆرەکانی ترس بەپێی تەمەنە جیاوازەکانی منداڵ

 منداڵی ساوا: لەم قۆناغەدا منداڵ لەدەنگی ناساز و زۆر بەرز دەترسێت، بە گریان و خۆگرمۆڵەکردن دەری دەبڕێت ،ئەم ترسە بەزۆری بەتێپەڕبوونی کات نامێنێت .

 تەمەنی (٦ - ٨) مانگی لەم قۆناغەدا منداڵ لەکەسی نەناسراو دەترسێت و کاردانەوەی ناسروشتی ئەنجام دەدات، ئەم جۆرە ترسە تا (١٨) مانگی بەردەوام دەبێت .

 تەمەنی (٢ - ٥) ساڵی لەم تەمەندا منداڵ لە تاریکی و تەنهایی و حەیوانات دەترسێت ،ئەم ترسە تا سەرەتای چونە قوتابخانە درێژەی دەبێت، تەنانەت هەندێجار منداڵ لەتەمەنی ٦ ساڵیدا لەچوونە قوتابخانە دەترسێت .

 تەمەنی (٦-١٢) هەنگاو بەهەنگاو ترسەکان شێوەیان لەهزری منداڵدا دەگۆڕێت ،بۆنمونە ترسی جیابوونەوەی دایک و باوک لە منداڵ ،ترسی دابڕان ،ترسی ناواقعی ،ترسی شەڕی نێوان دایک و باوک .

 تەمەنی (١٢ - ١٨) ترسەکان دەگۆڕێن بۆ بابەتێکی تر ،بۆنموونە لەم قۆناغەدا هەرزەکار لە ڕوداوی بوومەلەرزە و لافاو مردن و ئاگر و لەداست دانی دایک و باوک دەترسێت . ترس لەتاقیکردنەوەکانی خوێندن و ترس لە ڕووبەڕوو بوونەوەی خەڵکی .

٭ کاریگەری ترسی ناسرووشتی لەلای منداڵ ؟

 ترسی بەردەوام، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەروون و جەستە .

 ترسی ناسروشتی چالاکی یەکانی ڕۆژانە لاوازدەکات هەندێ کات لە کاریان دەخات ،دەبێتە هۆی دواکەوتنی ژیری و لەمپەر لە بەردەم فێربوون درووست دەکات .

 ڕەنگە ترس ببێتە هۆی خەمۆکی لەم کاتەدا منداڵ هەمیشە بەکزی دەبینرێت و تێکەڵی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی تری خۆی نەبێت ،ئەم ترسە پەل دەهاوێت بۆ قۆناغەکانی تری تەمەن، لەگەورەبوونی دا کاریگەری لێکەوتەکانی بەڕوونی دەردەکەوێت، لەئەنجام دا تاکێکی دەروون نەخۆش بەرهەم دێت .

 خراپترین ئاسەواری ترس ئەوەیە کە ئەم ترسە بەردەوام لەگەڵ ژیانی دا ڕەنگ بداتەوە، بێ گوێدانە چارەسەر وە ببێتە هۆی تێکدانی ڕەفتار و گوفتارەکانی منداڵ ،لەئەنجام دا ئەم منداڵە هەست بەخەجاڵەتی و تووڕەیی و بێزاری دەکات .

 بەهۆی ترسەوە ،هەندێ کات منداڵ دووچاری "زمان گرتن" دەبێت ،بەو هۆی یەوە منداڵ توانای دەربڕین و گوزارشتی بەپێویست بۆ ئەنجام نادرێت .

 ترسی ناسرووشتی هۆکارێکی سەرەکی یە بۆ درووست بوونی کێشەی فەرمانەکانی مێشکی منداڵ .

 ترسی ناسروشتی ، زۆر جار دەبێتە هۆی ناڕاستگۆی و درۆکردن لەلای منداڵان .

ڕێگە چارەی پێویست

 دایک و باوک لە پەروەردەی منداڵەکانیان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە . بۆیە ئامۆژگاری دەکرێن بەهیچ شێوەیەک منداڵەکانیان بەگێڕانەوەی چیرۆکی خەیاڵی ترسناک وەک : دێو درنج و ...هەروەها پۆلیسەکەدێت و دەت گرێت ، یان دکتۆرەکە دەرزیت لێ دەدات .بەم جۆرە منداڵەکەت مەترسێنە .

 هەوڵ بدرێت منداڵەکە باوەڕبەخۆبوونی بەهێزبکرێت ، نابێت دایک و باوک خۆیان هەمیشە لەدڵەڕاوکێی ئەوەدابن کەهەمیشە منداڵەکەیان شتێکی بەسەر بێت ،وە بەپێچەوانەوە نابێت منداڵ فەرامۆش بکرێت و پشت گوێ بخرێت ، واتە هاوسەنگی هەبێت لەمەڕ پەروەردەی ترسی منداڵ .

 هیچ کات بەترسی منداڵەکەت پێ نەکەنیت ،ئەو لە تەمەنێکدایە مێشکی بەتەواوی گەشەی نەکردووە ،بۆیە تەریق کردنەوە و گاڵتە پێکردن بەمنداڵەکەت کارەکە هێندەی تر قورستر دەکات ، هەوڵ بدرێت پاڵپشتی بیت و بۆی ڕوون بکەیتەوە. دووربکەوە لەو کارانەی هۆکارێکن بۆترساندنی منداڵ ، بۆنمونە هیچ پێویست ناکات ئاژەڵ یان پەلەوەر لەبەرچاوی منداڵەکەت سەربڕیت ، هیچ پێویست ناکات منداڵەکەت فیلمی ترسناک ببینێت .

 دواجار ئەگەر هیچت پێ نەکرا لەڕوبەڕووبونەوەی ترسی منداڵەکەت، واباشترە سود لە کەسێکی شارەزا وەک: دکتۆرێکی دەروونی یان توێژەرێکی کۆمەڵایەتی ببینیت .

5822 جار بینراوە‌
04/08/2021

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020