سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

چۆن سترێسی منداڵەکەم نەهێڵم؟

نوسینی: دەروونناس ئیدریس نوری

هەمووان خۆزگە بە منداڵیمان دەخوازین، کە بگەڕێینەوە بۆ نێوو ئەو زەمەنەی کە ڕابوورد، بێئاگا لەوەی دەوورانی منداڵی پڕیەتی لە نیگەرانی و سترێس
.

ئەگەرچی هۆکارەکانی سترێس لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازە، بەڵام ئەم بابەتە نابێت بەهیچ جۆرێک پشت گوێ بخرێت، چونکە لە ئایندەدا کار لەکەسایەتی کەسە دەکات، بەهۆیەوە دووچاری زۆرێک لە گرفتە دەروونییەکان دەبێت .

بەگشتی درووست بوونی سترێس لای منداڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژینگەیەیی کە منداڵەکە پێداتێپەڕ بووە، شێوازی پەروەردەی دایک و باوک کەکردوویانە، پاشان ڕۆڵی بۆماوە دەبێت لەبەر چاوبگیرێت .

زۆر جار منداڵ  ئەو سترێسەی کە دووچاری بووە، ڕاستەوخۆ دەیشارێتەوە، لەناو ناخیدا هەڵیدەگرێت، ئەگەر دایک باوک دەرکیان بەوەکرد ئەوا پێویستە دەست بەجێ بە ئارامی بە منداڵەکەیان بڵێن و لەسەر چاوەی سترێسەکە تێبگەن و بۆی ڕوونبکەنەوە .

پسپۆڕانی دەروونناسی منداڵان دەڵێن: باشترین چارەسەر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سترێسی منداڵ: تێگەیشتنە لە نیشانەکانی سترێس و ئارامگرتن و هاوڕێیەتی منداڵەکەیە، وە دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەو سترێسەیە کە لە زهنیدا گەڵاڵە بووە .

هۆکارەکانی سترێس لای منداڵان :

سەرەتای ئاشنا بوون بە چوون بۆ نێو قوتابخانە .

نیگەرانی و بێتاقەتی لە کەمی نمرە .

گواستنەوەی لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر .

پێشبینی نەخۆشی و ئازار .

کێشەی لەگەڵ هاوڕێ و هاوتەمەن، یان گەورەتر لە خۆی، بەهۆی ئازار دانیان .

کێشەکانی خێزان وەک تەڵاق، یان جیابوونەوە، بەهۆی سەفەر، یان هەر هۆکارێکی تر .

ژیان لەناو خێزانێک کەزۆر بەی جار نائارام و کێشەی تێدابێت .

نیشانەکانی سترێس لای منداڵان :

 ⦾هەندێ جار بەهۆی سترێسەوە مەیلی منداڵ بۆ خواردن کەم دەکات .

 ⦾کابووسی شەوانە .

 ⦾کێشەی خەوو وەک کەم خەووتن و زوو زوو بەخەبەر هاتن و ڕاچڵەکین .

 ⦾هەندێ نیشانەی فیزیکی کە هیچ هۆکارێکی تری لە پشتەوە نەبێت. وەک تێکچوونی هەندێ چالاکی ڕەفتاری .

 ⦾نیگەرانی و بێتاقەتی .

 ⦾هەبوونی ترس، وەک ترس لە تاریکی یان ترس لە شتێک کە دایک و باوک وەک سزا، یان ڕەمزێکەوە بەکاریان هێناوە، یان خورافیات و خەیاڵ .

 ⦾هۆگرییەکی زۆر بەدایک و باوکەوە .

 ⦾پشوو نەدان .

 ⦾تووڕەیی و گریان .

 ⦾زاڵ نەبوون بەسەر هەستەکانییدا .

 ⦾ئینکاری مل نەدان .

 ⦾نواندنی هەندێ ڕەفتاری خوار تەمەنی خۆی .

 ⦾لاوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەتایبەت بەهاوڕێکانییەوە.

دایک و باوک دەتوانن کۆنترۆڵی سترێسی منداڵەکانیان بکەن لەم ڕێگایانەوە :

 ⦾دەربارەی سترێسی منداڵەکەت گفتووی لەگەڵ بکە : کاتێک هەستت کرد منداڵەکەت نیگەرانە و سترێسی لەسەرە، لەگەڵی گفتووگۆ بکە، هەوڵبدە هەستەکانی منداڵەکەت بەزمان دەرببڕیت، بۆنموونە" بڵێ:(بە بۆچوونم زۆر بێتاقەت و نیگەرانیت! ئەزانم حاڵت چۆنە، بە هەموو جۆرێک لەگەڵتم نازدارەکەم )بە هیچ جۆرێک نابێت منداڵەکەت سەرزەنشت بکەیت، یان تووڕەبیت، بە هیچ جۆرێک مەڵێ: (دیسان چی ڕوویداوە؟ عەیب ناکەیت لە خۆت ؟!) .

 ⦾گوێ لە منداڵەکەت بگرە، بزانە چی دەڵێت: بپرسە لە منداڵەکەت، کێشەت چییه؟  زۆر بە وردی گوێی بۆڕادێرە، کاتی خۆت بە خەرج بدە، پاشان بە دووربە لە بڕیاردان و ئامۆژگاری، تەنها کارێک لەم قۆناغەدا، بهێڵە با قسەکانی تەواو بکات، هەوڵ بدە لە تەواوی گێڕانەوەی قسەکانی بەدیقەت بیت، پاشان بڵێ زۆر باشە، وە بپرسە ئەی دواتر چی؟ دواتر کات بەخۆت و ئەویش بدە، کە بیربکەیتەوە، وەبزانە ڕێگەی گوونجاو بۆ ئەم حاڵەتە چییە، واتە خێرا بڕیار مەدە .

 ⦾هەستکردن بەسترێسی منداڵەکەت گەشە پێبدە : کاتێک ویستت قسەی لەگەڵ بکەیت، دەربارەی ئەو دۆخەی تێی کەوتووە پێی بڵێ: (حەق بە تۆیە گووڵەکەم، منیش بەمنداڵی وابووم، بەڵام دایکم یان باوکم پێیان وتم تۆ بەهێزیت، دەتوانیت زاڵ بیت بەسەر ئەو ناڕەحەتییەدا، پاشان زۆر بەئاسانی توانیم زاڵ بم، بەم جۆرە منداڵەکەت دڵی خۆش دەبێت کاتێک دایکی هەستی هاوبەشی بۆ درووست دەکات، دایک و باوکیش بۆیان ئاسان دەبێت، سترێسی منداڵەکەیان بڕەوێننەوە .

 ⦾کێشەکە گەورە مەکەن: زۆر جار گوێ گرتن و قسەکردنی منداڵەکەت بەشێک لە سترێسەکە دەڕەوێنێتەوە، بۆیە یەکێک لە ڕێگە چارەکانی زۆربەی کێشەکان دەربڕینی ئەو هەستەیە کەلەناو ناخی کەسەکە پەنگی خواردووەتەوە .

 ⦾هۆکارەکانی سترێس سنورداربکە : بۆ نموونە" منداڵەکەت زۆر ئەرکی قوتابخانەی لەسەرە، هاوکاری بکە لەوەی کاری تری بەسەدا نەدەیت، هەندێک لەو ئەرکانەی بۆئەنجام بدە، کەدەزانی نابێتە ڕێگر لەسەرکەوتن و پێگەیشتنی، تا بتوانێت زاڵ بێت بەسەر نیگەرانییەکانییدا .

 ⦾خۆڕاگری ئارامیت بکە بەشێک لەژیانت: زۆر گرنکە ئێمەی دایک و باوک بە سەبربین، ئارام گرتن و خۆڕاگری دایک وباوک مایەیی سەرکەوتنی پرۆسەی پێگەیاندن و پەروەردەی منداڵە، ئەزانم ئارام گرتن تاڵە، بەڵام بۆ چارەسەر دەبێت خۆڕاگربیت، لە ڕێگەی چیرۆکی بەکەڵک، لە ڕێگەی سروودی ئارام بەخش، بردنی بۆپارک و جێگەی ئاسوودەیی منداڵ .

 ⦾دوورکەوتنەوە لە کێشەی خێزانی بە بەرچاوی منداڵ: کات تەرخان کردن بۆ منداڵەکەت، بەسووک تەماشانەکردنی منداڵ لەهەر قۆناغێکی تەمەندایە .

 ⦾ئەگەر هات و تەواوی ئەو خاڵانەی باسمان کرد، جێگەی سود ڕەزامەندی و چارەسەری تەواوی منداڵەکەت نەبوو، لەڕووی تەرککردنی ئەو سترێسەی منداڵ دووچاری بووە، ئەوا: دەتوانیت پەیوەندی بکەیت بەیەکێک لە پسپۆڕێکی دەروونی، یان پزیشکی تایبەت، یان ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی .


555 جار بینراوە‌
31/08/2021

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020