سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

باشترین ڕێگا بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەت، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هاوارکردن و لێدان ببەیت

ئایا ڕووبەڕووی سەختی و ناڕەحەتی دەبیتەوە لە ڕێگریکردن لە ڕەفتارە ناپەسەندەکانی منداڵەکەت و هاندانی بۆ گوێڕایەڵی کردنت؟ بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەت پێویستت بە هاوارکردن و لێدان نییە، بەڵکوو گرتنەبەری ئەو دوو ڕێگایە لاسارییەکەی زیاد دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەری دەبێت. هەربۆیە هەندێ ڕێنمایی سادە و پڕسوودمان بۆ هێناویت، کە ئامانجەکانت دەهێنێتە دی و بە هێمنی پەروەردەی منداڵەکەت دەکات:

دەروونت ئارام بکەرەوە: چونکە هەڵچوون و پەرچەکرداری خێرا هەر ڕەفتاری نەرێنی لێ دێتە بەرهەم! هەربۆیە، لەدوای ئەوەی منداڵەکەت هەڵەیەکی ئەنجامدا، پێش ئەوەی یەکەمین هەنگاو بنێیت، کەمێک دووربکەوە و پەنا بۆ بابەتێک ببە کە کەمێک ئارامت دەکاتەوە، بۆ نموونە هەناسەیەکی قوڵ هەڵکێشە یان بچۆ باڵکۆنەکە یان باخچەی ماڵەکەت، دوای ئەوەی تەواو دڵنیایت کە ئارام و هێمنیت ئینجا بەرەو چارەسەری گرفتەکە بچۆ.

بە نەبرەیەکی یەکلاکەرەوە قسە بکە، بەڵام با دەنگت بەرز نەبـێت: لەوەیە گومانت وابێت گەر دەنگت زۆر بەرزبوو ئەوا منداڵەکەت باشتر و خێراتر گوێڕایەڵیت دەکات، بەڵام ئەوە ئازاری دەدات و کەسایەتی و دەروونی دەشێـوێـنێـت، لەبری ئەوە، ڕێک بەرانبەری چاوەکانی بوەستە و ڕاستەوخۆ تەماشای بکە، بە دەنگێکی جێگیر و یەکلایکەرەوەوە قسەی بۆ بکە.

دەرئەنجام و سزای کارەکەی پێ ڕابگەیەنە: ئەگەر منداڵەکەت شتێکی شکاند کە پێویستی نەدەکرد دەستی لێ بدات، تۆیش لەسەر ئەو کارەی لێتدا، چی لەمەوە فێردەبێت؟ لە ڕاستیدا هیچ فێر نابێت! لەبری ئەوەی لێی بدەیت، گەر شتەکە چاک دەکرایەوە، ئەوا مەهێڵە یاری بکات و داوای لێ بکە هەوڵبدات شتەکە چاک بکاتەوە، یان لە قەرەبووی کارەکەیدا هەندێ کاری گرنگ ئەنجام بدات. بەمشێوەیە فێر دەبێت ئەگەر ڕەفتاری هەڵەی کرد ئەوا سزای بۆ هەیە، کە ئەمەیش وای لێدەکات جارێ تر ئەو هەڵانە ئەنجام نەدات.

بە قسەکردن و موناقەشەی منداڵەکەت هەڵمەچۆ: لەو دەمەی قسە بۆ منداڵەکەت دەکەیت و پەروەردەی دەکەیت، ئەگەر منداڵەکەت موناقەشەی کردیت، وەڵامی قسەکەی مەدەرەوە، بەڵکوو بەبێ وەڵامدانەوە بکشێرەوە، هەتا بەڕێزەوە قسەت لەگەڵدا دەکات، ئینجا دەست بکەرەوە بە قسەکردن.

هەندێ جار لێی ببوورە: زۆر گرنگە منداڵەکەت پەی بەوە ببات کە تۆ لەسەر کارە هەڵەکەی لێی خۆشبوویت، بە مەرجێک جارێکی تر نەچێتەوە سەر ئەو کارە، ئەمەیش بۆ ئەوەی لە خەم و دوودڵی ڕزگاری بێت کە ڕەفتارە خراپەکانی زیاتر دەکات.

لەبەر ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری تر، لەبری هاوارکردن و پەنابردن بۆ توندوتیژی بەرانبەر منداڵەکەت، پەنا ببە بۆ ئەو ڕێنماییانەی کە باسمان کرد، دوای ماوەیەک تێبینی ئەوە دەکەیت منداڵەکەت گوێڕایەڵیت دەکات و ڕەفتارەکانی گۆڕاوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بگات بە جەستە و دەروون و سروشتی.


نوسینی:
مونا نصار

وەرگێڕان: ئەیاد فەهمی


6798 جار بینراوە‌
27/09/2021

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020