سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

شەڕ و ئاژاوەی منداڵ لە میوانی

پرسیار کوڕێکی چوار ساڵانەم هەیە ، هەرکاتێک دەچین بۆ میوانیەک یان بۆ ناو کۆمەڵەیەک (ئیتر قیامەت هەڵدەستێ) هات و هاوار و گریان دەست پێ دەکات، ئارامی لە دایکی هەڵدەگرێت و ناچاری دەکرد ئەو کۆمەڵەیە بەجێ بهێڵێت و بڕوات بۆ دەرەوە ، لە کۆتاییدا ئەوەندە جیقە جیق و هاوار و گریان دەکات کە ناچارمان دەکات ئەو شوێنە تەرک بکەین، بەداخەوە ئەو ڕەفتارەی کێشەی بۆ ژیانی ئێمە دروست کردووە ، تکایە ڕێنماییم بکەن کە چۆن پەروەردەیەک وادەکات باشتر بێت؟

بێگومان هەمووان لە میوانیەکاندا دووچاری ڕووداوی شەڕی بەینی منداڵەکان بوون کە دایک و باوکەکان بەزۆری دەڵێن تەنها لەمیوانی یان لەناو کۆمەڵەیەک منداڵەکەیان ئەو بەدڕەفتاریانە دەکات.

منداڵ دەبێ ڕەفتاری کۆمەڵایەتی پلە بە پلە فێر ببێ تا بتوانێ کێشە پەیوەندیەکان لەگەڵ گەورەکان بە ئاسانی تێپەڕێنێ ، بەداخەوە دایکان و باوکان زیاتر گرنگی بە فێربوون و لەبەرکردن دەدەن وەک لە شێوازی مامەڵەکردنی کۆمەڵایەتی، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە دەبێ فێرکردنی شێوازی مامەڵەی کۆمەڵاتی لەگەڵ منداڵەکەیان بگونجێنن، لەبەرئەوەی بێ ئاگایی لە شێوازەکانی مامەڵەکردن دەبێتە هۆی چەندین ڕەفتاری چاوەڕواننەکراو لە منداڵدا .


لاوازی دایک و باوک لە فێرکردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان

دایک و باوک گرنگترین نەخشەی فێرکردنی ڕەفتارە کۆمەڵایەتیەکانن بۆ منداڵەکەیان، بۆیە بەدڕەفتاری منداڵ مەخەنە ئەستۆی فێرکارانی باخچەی ساوایان و خوێندنگە و هاوتەمەنەکانیان. ئێوە دەبێ بە فێرکردنی بەسوود و ڕەفتارە بەنرخەکان نموونەیەکی گونجاو بن بۆ منداڵەکەتان بۆ ڕاست کردنەوەی هەڵەکانیان و ئەوان ئامادە بکەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کۆمەڵگە.

ڕێگە چارە : لە حاڵەتی پەروەردەکردن و فێرکردنی ئادابە کۆمەڵایەتیەکان مامەڵەی دروستت هەبێ لەگەڵ هاوسەرەکەت، ئەگەر لەسەر بابەتێک لەگەڵ منداڵەتان قسە دەکەن نابێ ڕەفتار و کردەوەیەکی نادروست لەگەڵ خێزانت بکەی و کردارەکانی خۆت لەبەر چاوی منداڵەکەت کەم بکەیەوە و دووچاری سەر لێشێوانی بکەی بە ڕەفتارە ناشایستەکانت.

بێ ئاگایی منداڵ لە پابەندبوونی بە کات و شوێن

بێ ئاگایی منداڵ و کەم ئەزموونی لە ڕووبەڕووبونەوەی بارودۆخی نوێ، بۆ نمونە ( سڵاو کردن ، تەوقەکردن ، ئەحواڵ پرسی ، یان سپاس کردن ) دەتوانێ ببێتە هۆی ڕەفتاری ڕۆژانەی نەگونجاو بۆ منداڵ، منداڵ نازانێ چ ڕەفتارێک گرنگی بۆ چ کاتێک هەیە و گرنگی بۆ چ کاتێک نیە، بۆنمونە لەوانەیە نەزانێ هەڵگرتنی چنگێک خۆراک لەسەر مێزەکەی ماڵەوە هیچ عەیبێکی تێدا نیە ، بەڵام چنگ چنگ چوکلێت هەڵگرتن لە کاتێکدا کە لە میوانیەک پێشوازیمان لێ دەکەن کارێکی خراپە.

ڕێگە چارە : پێش چونە ناوەوە بۆ لای کۆمەڵەیەک ، کۆمەڵێک یاسا دیاری بکە ، بۆنمونە پێی بڵێ ( ئێمە لە میوانی لەگەڵ منداڵەکان میهرەبانین یان لە میوانی سڵاو لەهەموویان دەکەین ) وە لەکاتی جێبەجێکردنی هەر یەکێک لەو یاسایانە ، هەر لەهەمان شوێن بە قسەی جوان منداڵەکەت خەڵات بکە و هانی بدە وە لەیادت بێ ئەگەر توانیت لەدوای میوانیەکەش دیاری پێ بدە وەک هاندانێک و خەڵات کردنی.

تێبینی: نابێ یاساکان زۆر بن بۆ یەک کات، هەرجارە و تەنها دوو یان سێ یاسا بەسە تاوەکو هەم بۆ منداڵەکە خۆش تێپەڕێ هەم بۆ ئێوە.

پێ نەبوون یان لەگەڵ نەبوونی ئەو پێداویستیانەی خواستی لەسەرە

ئەگەر منداڵ لەناو کۆمەڵەیەکی دایکان و باوکاندا پێداویستی منداڵێکی دیکە ببینێ کە ئەو لەگەڵ خۆی نەیبردووە لەوانەیە ڕەفتاری ناشایستە نیشان بدات بۆنمونە پەرداخی تایبەت، خۆراک، بالیفێک یان بووکەڵەیەک کە خۆشی دەوێ.

ڕێگە چارە : دایک و باوک دەبێ حەزەکانی منداڵەکانیان بزانن و پێش وەخت بۆیان فەراهەم بهێنن بۆنمونە ئەو یاریانەی کە حەزی لێیەتی ، قەڵەم و دەفتەری وێنەکێشان ، خۆراک ، بالیف و سەرچەفی منداڵەکەیان کە پێویست بێ لەگەڵ خۆیان بەرن.

بیانوو گرتنی بێ هۆکار

کاتێک منداڵ بێ ئەوەی برسیەتی، تینویەتی یان ماندوویە دەست دەکات بە مینگە مینگ و بیانو گرتن.

ڕێگە چارە : گوێ بەو ڕەفتارەی مەدە و سەرت لێی ئەستور نەبێ وەک بڵێی ئاسایی بە و ئارام بگرە تا خۆی هۆکاری بەهانەکەی دەڵێت .

لاسایی کردنەوەی ڕەفتارە خراپەکانی گەورەکان

لەتەمەنی منداڵی و هەرزەکاری گەورەکان کاریگەرییەکی تۆختریان دەبێ لەسەر ڕەفتارەکانی منداڵەکەتان تەنانەت لەوانەیە فێری ڕەفتارە زیانبەخشەکان ببێ و لاساییان بکاتەوە .

ڕێگە چارە : ئەو کۆمەڵانە دیاری بکە کە منداڵەکەت دەتوانێ بچێتە ناویان بۆنمونە پێویست ناکا پەیوەندی لەگەڵ هەموو منداڵانی بیناکە یان گەڕەکەکە هەبێ ، یان هەر میوانیەک کە تۆ ڕۆشتی ئەو بێت ، ئەگەر ناچاری بیبەی بۆ ناو کۆمەڵەیەک کە کەسێکی نەشیاوی لێیە ، منداڵەکەتان بە یاری یان کتێب یان قسەکردن سەرگەرم بکەن ، تا دەشتوانی ڕووبەڕووبونەوەی بەو کەسە یان بەو کەسانە کەم بکەوە،بێگومان لەناو کۆمەڵەکیش چاودێری ڕەفتاری ئەو گروپە منداڵانە بکە کە هاوتەمەنی ئەون .

بێ ڕەوشتی منداڵێکی توڕە بەرامبەر منداڵەکەتان

منداڵەکەتان لەو کاتەدا فێر دەبێ چۆن لەگەورەییدا مامەڵە لەگەڵ کەسە زۆر بڵێیەکان بکات ، بە منداڵەکەتان مەڵێن ( ئەگەر کەسێک لێی دای لێی بدەوە ) ئەوە یانی تۆ منداڵەکەت دەکەی بە کەسێکی توند و تیژ و توڕە .


ڕێگە چارە: بە خوێندنەوەی کتێبە پەیوەندی دارەکانی پەروەردەکردن و ڕاوێژپێکردنی منداڵ و هەرزەکار شێوازی ڕاستی ڕووبەڕووبونەوە فێری منداڵەکانتان بکەن ، بۆنمونە پێی بڵێ ( لەجیاتی ئەوەی کە لە منداڵە شەڕانیەکان بدەیتەوە داوای یارمەتی لە گەورەکان بکە )، ئەگەر پەیوەندیەکی نزیکت لەگەڵ دایک و باوکی منداڵە خوو خراپەکە هەیە، ڕاشکاوانە گوزارشی لێ بکە کە ئەو ڕەفتارە ناشایستەیە چ پەیامێکی بۆ منداڵەکەتان هەیە، وا باشترە ئەو باش بکەن. بۆنمونە توڕەبوون لەگەورەکان و قسەکردن لەڕوویان وای لێدەکات لەڕووی دایک و باوکی بوەستێتەوە ، یان ببێتە هۆی توند و تیژی لە قوتابخانە و هاوسەر و هاوپیشەکانی لە داهاتوو.
ئەگەر دایک و باوکی منداڵەکە ڕازی نەبوون کا منداڵەکەیان باش بکەن باشترە منداڵەکەتان لەو کۆمەڵەیە ببەنە دەرەوە .

ڕا جیاوازی منداڵانە

بەهانەگرتنی منداڵان لەسەر خۆراک یان کەل و پەلی یاریکردن یان شوێنێکی دیاریکراو هەتتا سەیرکردنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کاتێکی گونجاوە بۆ فێرکردنی توانای چارەسەری کێشەکان .

ڕێگە چارە: داوا لە منداڵەکانتان بکەن چۆن دەتوانن چەند کەسێک سوود لەهەمان شوێن ببینن؟
بەشێوەیەک کە مافی هی کامیان زەوت نەکرێ ، بەپێی تەمەن ڕیزبەندیان فێر بکە.

دوورە پەرێزبوونی منداڵ لە کۆمەڵگە

هاتوچۆ نەکردن لەنێوان خزمان، ژیان لەشارێکی دوور یان لەدایک بوون ، لەترسی ئەوەی فێری ڕەفتاری خراپ نەبێ دەبێتە هۆی ئەوەی تەعاموولی لەگەڵ کۆمەڵگە نەبێ ، کە ئەوەش زیانێکی زۆری پێدەگەیەنێ لە باخچەی ساوایان یان لە قوتابخانە ، لە زیانەکان بۆنمونە نەبوونی توانا بۆ وەرگرتنی مافی خۆی ، هاوڕێیەتی ، گاڵتە کردن ، یاری بەگروپ هەتتا لێدان خواردنیش .


ڕێگە چارە : بەدڵنیاییەوە هەر لە بچووکیەوە پەیوەندی نێوان منداڵەکەتان و کۆمەڵگە ببەستن وە بینێرن بۆ باخچەی ساوایان ، لە ڕاستیدا باخچەی ساوایان بۆ فێربوونی ئەزموونی جۆرەکانی ڕەفتار کردنە لەگەڵ کۆمەڵگە .بۆ باشترکردنی کەم و کوڕیەکانی پەروەردەکەتان ، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانی وا لەمنداڵەکەت بکەی لە ماڵەوە وردە وردە ڕاهێنان لەسەر مامەڵە کۆمەڵایەتیەکان بکات ، وە لەگەڵ بووکەڵەکەی بیخەرەوە یاد کە لە پارک و میوانی و باخچەی ساوایان بەدڵنیاییەوە ئەنجامیان بدات .


5902 جار بینراوە‌
12/07/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020