سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیمامی مالیک

لەناو شارە شیرینەکەى پێغەمبەرى خوادا(ﷺ) زانایانێکى زۆر دەرکەوتن، چونکە ئەو شارە شارى هاوەڵانى ئازیز بوو، هەم پشتیوانان و هەم کۆچەرانیش لەوێ بوون، زانایانێک دەرکەوتن کە لەخزمەت هاوەڵان یان خوێندکارانى هاوەڵاندا زانستیان وەرگرتبوو، بۆیە زانستەکەیان زۆر راست وبێگومان بوو، یەکێک لەو زانا گەورەو بەڕێزانە ئیمامى مالیک بوو رەحمەتى خواى لێبێت، ئەو ئیمامەى کە ماوەیەکى کەم دواى ژیانى پێغەمبەرى خوا(ﷺ) دەرکەوت، تەنیا نزیکەى هەشتا ساڵ تێپەڕ ببوو بەسەر کۆچی دوایی پێغەمبەرى خوادا(ﷺ) کە ئەم زانا گەورەیە لەدایک بوو.

ناوى باوکى ئیمامى مالیک ئەنەس بوو، دایکیشی ناوى عالیە بووە، دایک وباوکى کەسانى زۆر باوەڕدار و چاک بوون، خواى گەورە مالیکی بەخشی بەو دوو هاوسەرە کە دواتر بوو بەزانایەکى زۆر گەورەو ناسراوى جیهانى ئیسلامى کە تا ئەمڕۆش بەشێکى زۆری موسوڵمانان لەسەر مەزهەبەکەى ئەون.

لە ساڵی 93 کۆچی ئیمامى مالیک لە مەدینە لەدایک بوو، واتە لەو شارەى کە تیایدا بۆ یەکەم جار پێغەمبەر () دەوڵەتى ئیسلامى دامەزراند و تیایدا مایەوە تا لەوێ کۆچی دوایی کرد، ئیتر ئەو شارە ناسراوە بەشارەکەى پێغەمبەرى خوا().

هەر لەسەرەتاى تەمەنیەوە ئیمامى مالیک دەستی کرد بەوەرگرتنى زانست و دەچووە خزمەت مامۆستایان و شارەزایان و زانستى شەرعى وەردەگرت و لەپێناو بەدەستهێنانى زانستدا نەیدەزانى ماندوو بوون چیە، ئیتر قورئانى پیرۆزى لەبەرکرد و فەرموودەیەکى زۆری پێغەمبەرى خواى () لەبەرکرد وەک چۆن دەبینین دواتر کتێبی تایبەت بەفەرموودەى نووسی بە ناوى(الموطأ) کە هەرچی زاناى دواتر هەبوون ئەو کتێبەیان لەبەردەکرد.

بنەماڵەکەى پێشەوا مالیک هەموویان سەرقاڵ بوون بەزانستى فەرموودەو لەبەرکردنى فەرمودەکانى پێغەمبەرى خوداوە ()، بۆ نموونە مامى کە ناسرابوو بە (ئەبو سوهەیل) زانایەکى دیارى بوارى فەرموودە بوو، هەروەها (نەزر)ى براى سەرقاڵی زانست بوو،  هەردەم لەگەڵ زانایاندا بوو، دایکی مالیکیش زۆر هاندەرى مالیک بوو بۆ ئەوەى بگات بەو ئاستە بەرزە.

ئیمامى مالیک لەشێوەدا کەسێکى زۆر قۆزو کەشخە بووە، هێندە جوان بووە کە جوانیەکەى لاى خەڵک ناسراو بووە، روخسارێکى سپی و باڵایەکى پڕو بەرز و موویەکى جوان، ئیتر جوانى ئیمامى مالیک لەناو خەڵکدا شایەنى باس کردن بووە.

پاش ئەوەى تەمەنى مالیک کەمێک گەورە بوو خێرا پووری هات بۆ لاى و وتى ئیتر کاتى ئەوە نییە دابنیشیت بەڵکو بڕۆ فەرموودە بنووسەرەوە، چونکە کاتى ئەوە بوو بەتەواوەتى تاو بداتە وەرگرتنى زانست نەک دابنیشێت و بە تەمبەڵی ژیان بباتە سەر.

یەکێک لەمامۆستاکانى ئیمامى مالیک ناوى (ئیبن هورموز) بوو، جارى وا هەبوو کە ئیمامى مالیک دەچوو بۆ ماڵی مامۆستاکەى تا زانستى لێوەربگرێت هەر لەبەیانیەوە دەچوو بۆ ماڵیان و لەلاى زانستى وەردەگرت تا ئەو کاتەى دەبوو بە شەوو دونیا تەواو تاریک دەبوو ئینجا دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

مامۆستایەکى تری ئیمامى مالیک ئیمام (جەعفەرى صادق) بوو کە لەبنەماڵەى پێغەمبەر() بوو، مالیک چەند فەرموودەیەکى لەم مامۆستایەوە گێڕاوەتەوە، هەروەها دەیان مامۆستاى تری هەبوو کە فەرموودەى لەوان وەردەگرت و لە کتێبەکەیدا تۆمارى کردوون، دەتوانیت داوا بکەیت لە کەسێکى شارەزا وەک باوکت یان مامۆستایەکت تا کتێبەکەى ئیمامى مالیکت پیشان بدات کە ئەو فەرموودانەى تیادا نووسیوەتەوە کە لەمامۆستاکانیەوە بیستوویەتى و تۆمارى کردوون.

ئیتر لەماوەیەکى کەمدا ئیمامى مالیک بوو بەزانایەکى گەورە و دادەنیشت تا فەتوا بدات بۆ خەڵک، هێشتا تەمەنى نەگەیشتبووە بیست و یەک ساڵ کە فەتواى دەدا بۆ خەڵکى و کێشەى خەڵکى چارەسەر دەکرد و وەلآمى پرسیارى خەڵکى دەدایەوە، هاوکات زۆربەى ئەو پرسیارانەى لێی دەکرا خێرا وەڵامى نەدەدایەوە، بەڵکو دەوەستا تا پرسی دەکرد بەدەیان زاناى گەورەى ناو مەدینە لەترسی ئەوەى نەک لەخۆیەوە وەلآمێک بداتەوەو وەڵامەکەى راست نەبێت، ئیتر جارى وا هەبوو بۆ وەلآمى پرسیار و فەتوایەک راى حەفتا زاناى گەورەى وەردەگرت، بە مەرجێک ئەوکاتە تەمەنى ئیمامى مالیک چل ساڵ بوو، واتە ئەو کات زانستێکى زۆری پێ بوو نەک لەبەر ئەوەى نەیزانێت، بەڵکو بۆ ئەوەى بەراى زانایان وەلآمى دروستتر ببەخشێت بە موسوڵمانان. دەبێت ئێمەش فێر بین هەرچیی پرسیارێک کرا یەکسەر وەڵام نەدەینەوە بەڵکو تۆزێک بیرى لێبکەینەوەو بە وریاییەوە وەڵام بدەینەوە تا قسەیەک نەکەین کە زیانى بۆ کەسانى تر تێدابێت.

ئیمامى مالیک بۆ هەموو وانەوتنەوە یان نووسینەوەیەکى فەرموودەیەک یان خوێندنەوەى کتێبێک دەستنوێژی دەگرت و بەبێ دەستنوێژ نەدەچووە بوارى زانستەوە، تەنانەت کاتێک دادەنیشت تا وەلآمى پرسیارى خەڵک بداتەوە دەست نوێژی دەگرت، ئەوەش لەبەر رێزى ئەو پێشەوایە بوو بۆ زانست، هەروەها جێگیر بوونى لەخواترسان بوو لە دڵ و دەروونیدا.

ئەم پێشەوا بەڕێزە زۆر هەوڵی دەدا خۆی بپارێزێت لەنیازى خراپ و روپامایی، بەڵکو هەوڵی دەدا زۆر نیاز پاکى بەکاربهێنێت لە کارەکانیدا، چونکە دەیزانى هەر کارێک پاک و پوخت لەبەر خواى گەورە نەبێت ئەوا خواى گەورە لێی وەرناگرێت.

ئیمامى مالیک خوێندکارێکى زۆری هەبوو کە ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەى 1400 خوێندکار، یەکێک لەو خوێندکارانەى ئیمامى (شافیعی) بوو کە لەخزمەتیدا فەرموودەى وەردەگرت و هەموو کتێبەکەى ئیمامى مالیکی لەبەرکرد بوو، ئیمامى مالیکیش ئامۆژگارى ئیمامى شافیعی کرد کە خۆی بپارێزێت لەتاوان چونکە تاوان رووناکى دڵ ناهێڵێت و دەیکات بە تاریکی.

دواجار وادەى ژیانى ئیمامى مالیک تەواو بوو، ئەوەبوو لە مانگى رەبیعولئەوەلى ساڵی 179 کۆچیدا لەتەمەنى هەشتاو شەش ساڵیدا کۆچی دوایی کردو سەرکردەى موسوڵمانان لەمەدینە نوێژی لەسەر تەرمەکەى کرد، بەشێکى زۆری خەڵکى ناو مەدینە بەشدار بوون لە مەراسیمی بەخاک سپاردنیدا.

پەندو وانە

زۆر پێویستە ئێمەش وەک ئیمامى مالیک و ئیمامەکانى تر هەوڵ بدەین فەرموودەکانى پێغەمبەرى خوا() لەبەر بکەین چونکە پێغەمبەر(ﷺ) هەرچی فەرموودەیەکى فەرمووە خواى گەورە خستوویەتیە دڵییەوەو قسەکەى راست و دڵنیایە، هەر بۆیە هەرچی فەرموودەیەک هەیە بە دڵنیاییەوە راستەو خواى گەورە پێی رازیە.

پێویستە لەخۆمانەوە وەلآمى هەموو پرسیارێک نەدەینەوە، بەڵکو زۆر هەڵەیە لە خۆمانەوە وەلآم بدەینەوە چونکە خەڵک تووشی هەڵە دەکەین بەڵکو دەبێت پرسیار بکەین لە زانایانى شارەزا تا وەلآمى راست وەربگرین ئینجا وەلآمى کەسانى تر بدەینەوە، دەبینین ئیمامى مالیک بەو هەموو زانستەوە راوێژی کردووە بە زانایانى تر ئینجا فەتواى داوە، بۆیە ئەوە ئیشی هەموو کەسێک نییە فەتوا بدات و وەلآمى هەموو پرسیارێک بداتەوە.

دەبێت هەر کارێکمان کرد پاک و پوخت بێت و تەنیا لەبەر خوداى گەورە بێت، چونکە هەر کارێک نیازى تری تێکەڵ بێت خوداى گەورە وەری ناگرێت، هەر بۆیە ئیمامى مالیک هەوڵیدەدا نیازى زۆر پاک بێت بۆ خوداى گەورە.

پرسیارەکان

1. بنەماڵەی ئیمامى مالیک بە چی ناسرابوون؟

2. ئیمامى مالیک لەکوێ لەدایک بوو و لەکوێ کۆچی دوایی کرد؟

3. ژیانى منداڵی ئیمامى مالیک باس بکە.

4. ئیمامى مالیک چی ئامۆژگاریەکى پێشکەش کرد بە ئیمامى شافیعى؟

5. ناوى کتێبەکەى ئیمامى مالیک چیە؟ تیایدا چی نووسراوە؟

6. کاتێک پرسیار دەکرا لەئیمامى مالیک چۆن وەلآمى دەدایەوە؟

7. دەتوانیت ئەم ژیانەى ئەم زانایە باس بکەیت بۆ هاوڕێیەکت؟

8. ناوى دوو  خوێندکارى ئیمامى مالیک بنووسە.

9. بەچی شتێکى ژیانى ئیمامى مالیک سەرسام بوویت؟


1508 جار بینراوە‌
20/07/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020