سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیمامی ئەحمەد

منداڵانى ئازیز و چاوگەش، ئەوەى لێرەدا دەمانەوێت باسی بکەین ژیانى یەکێکە لەو زانا گەورانەى ئیسلام کە تا ئەمڕۆش بەشێکى زۆری موسوڵمانانى جیهان بەپێی نووسین و فەتواکانى ئەو دەجووڵێنەوەو سوودى زۆریان وەرگرتووە لە زانستى پڕ سوودى ئەو زانایە، ئەویش هەموو زانستى خۆی لە قورئانى پیرۆز و فەرموودەکانى پێغەمبەرى خواوە() وەرگرتووە، ئەوەشی لای زانایان و مامۆستاکانى وەرگرتووەو دواتر هەوڵی زیاترى داوەو زانیارى زیاترى پەیدا کردووەو توانیویەتى خزمەتێکى گەورە پێشکەش بەموسوڵمانان بکات، ئەویش ئیمامى (ئەحمەد)ە.

ئەم زانایە ناوى ئەحمەدەو باوکیشی ناوى موحەممەدە، دایکیشی ناوى صەفیەیە، بەڵام ئیمامى ئەحمەد کاتێک ناوى دەبرێت دەڵێن ئەحمەدى کوڕی حەنبەل نەوەک بڵێن ئەحمەدى کوڕی موحەممەد.

پرسیار: بۆچی بەئەحمەدى کوڕی حەنبەل ناوى دەبەن لەکاتێکدا باوکى ناوى موحەممەد بووە؟

وەڵام: چونکە باوکى سەربازێکى موجاهیدی رێگەی خوا بووە و زۆر ناسراو نەبووە، بەڵام باپیری ناوى حەنبەل بووە کە دەسەڵاتدارێکى باوەڕدارى ناسراو بووە، ئیتر بۆیە کاتێک ناوى ئیمامى ئەحمەد دەبرێت بەناوى باپیریەوە ناوى دێنن نەک بەناوى باوکییەوە.

ئەحمەد لە ساڵی 161 کۆچی لە شارى بەغداد لەدایک بوو، کاتێک لە سکى دایکیدا بوو باوک و دایکی لە شاری (مەروە)وە کۆچیان کرد بۆ بەغداد، ئیتر ئیمامى ئەحمەد لەوێ لەدایک بوو، ئەمەش دەرفەتێکى باش بوو تا لەوێ گەورە زاناکانى ئیسلام بناسێت چونکە ئەو کات بەغداد پایتەختى دەوڵەتى ئیسلامى بوو.

هەر لەتەمەنى منداڵیدا بوو کە باوکى کۆچی دوایی کرد، ئیتر ئەحمەد ژیانێکى هەتیوانەو بێ باوکى بەسەربرد و دایکی باوەڕداریشی هەوڵی دەدا قەرەبووی نەبوونى باوکى بکاتەوە بەوەى رۆڵی دایکێک و باوکێکیشی بۆ ببینێت، بۆیە ژیانى سەرەتاو منداڵی ئەحمەد پڕ لە ناڕەحەتى بوو.

بەڵام ئەوە نەبووە بەربەرست لەبەردەم ئەحمەد دا، بەڵکو ئەو زۆر حەزى دەکرد بە زانست، بۆیە خێرا چووە خزمەت مامۆستایان و وانەى لەلایان دەخوێند ، ئەوەبوو هەموو قورئانى پیرۆزى خوێند و لەبەرى کرد، زانستێکى زۆری ئیسلامى خوێند، ئینجا ئیتر بەرەبەرە بڕیاریدا دەست بکات بە لەبەرکردنى فەرموودە شیرینەکانى پێغەمبەر()، بۆ ئەوە بەردەوام دەچوو بۆ لاى مامۆستاکانى.

ئیمامى ئەحمەد بۆ وەرگرتنى فەرموودە شارە جیاجیاکانى عێراق گەڕا، هەروەها چوو بۆ یەمەن تا لەوێ لە مامۆستاکانى فەرموودەى ئەو وڵاتە فەرموودە وەربگرێت، هەروەها چوو بۆ مەککە، لەگەڵ ئەوەشدا چوو بۆ وڵاتى شام، بەڵێ ئەحمەد ئەو هەمووە شوێنانەى دەکرد تەنیا بۆئەوەى فەرموودەکانى پێغەمبەر() ببیستێت و بیاننووسێتەوەو وەریان بگرێت، زۆرجار بەشێکى زۆری ئەو گەشتانەى بەپیادە دەکرد، چونکە پارەى کەمى هەبوو و تواناى ئەوەى نەبوو بە دڵی خۆى پارە خەرج بکات و بە ئیسراحەت بڕوات، ئەو دەیزانى ئیش کردن باشە، بەڵام بڕیارى دابوو لەبری ئەوەى ئیش بکات کاتەکەى بدات بەبوارى فەرموودە تابتوانێت ببێتە زانایەکى گەورە و لە ئایندەدا سودێکى زۆر بگەیەنێت بەموسوڵمانان، بەوە هەم چاکە زیاد دەکات بۆ باوکى و دایکی لەبەرئەوەى ئەوان وا بەموسوڵمان ى پەروەردەیان کردووە، هەم چاکەکە بۆ خۆیشی دەمێنێتەوە، هەم زانستەکەشی دەبێتە مایەی خێرو خۆشی و سوود بۆ خەڵکى تر، تەنانەت بۆ ئەوانەش کە دواى مردنى خۆی دێنە دونیا.

ئیمامى ئەحمەد هێندە حەزى لەوەرگرتنى زانست بوو   بەیانى زۆر زوو خۆی ئامادە دەکردو دەچوو بۆ لاى مامۆستاکانى، ئیتر جارى وا هەبوو دایکی جلەکانى ئەحمەدى دەشاردەوە بۆئەوەى ئەوەندە زوو نەڕوات، بەئەحمەدى دەوت کوڕی شیرینم پەلە مەکە با مامۆستاکانت لەخەو هەستن ئینجا بڕۆ.

ئیمامى ئەحمەد خوێندکارێکی زیرەکى ئیمامى شافیعی بوو، ئیمامى شافیعیش ئەوى زۆر خۆش دەویست و رێزى دەگرت، تەنانەت هێندە خۆشی دەویست لە سەفەرێکى بۆ مەککەى پیرۆز لەگەڵ ئیمامى ئەحمەدو کەسێکى تر بەیەکەوە چوون.

ئیمامى شافیعی زۆر سەرسام بوو بەزانستى ئیمامى ئەحمەد هەرچەندە ئەحمەد خوێندکارى بوو، تەنانەت جارێک دواى ئەوەى ماوەیەکى زۆر نەیدیبوو داواى کرد لە ئەحمەدى خوێندکارى ئەگەر فەرموودەیەکى صەحیحی لاى مامۆستایەک بەدی کرد پێی بڵێت تا ئەویش بچێت وەریبگرێت، واتە مامۆستاکەى پێی عەیب نەبوو زانستێک لە خوێندکارەکەیەوە فێر ببێت، چونکە ئەو کەسانە مەبەستیان ناوبانگ و قسەى خەڵک نەبووە، بەڵکو ئەوەى لایان گرنگ بوو رەزامەندى خواى گەورە بوو، ئەوان مەبەستیان بوو سوود بگەیەنن بە خەڵک و بەپوختى زانستە دروستەکانیان بخەنە بەردەست.

ئیمامى شافیعى بڕیاریدا بچێت بۆ میصر و عێراق جێبهێڵێت تا سوود بگەیەنێت بە خەڵکى میصریش، ئەوەبوو ئیمامى ئەحمەد بەڵێنى پێدا بچێت بۆ لاى مامۆستاکەى لە میصر تا لەوێش زانستى لێوەربگرێت، بەڵام هەر نەچوو.

پرسیار: بۆچی ئەحمەد بەڵێنى دا بچێت بۆ لاى ئیمامى شافیعی کەچی نەچوو؟

وەڵام: چونکە پارەى نەبوو و نەیدەتوانى بڕوات، ئیتر لەبەرئەوە نەچوو نەوەک لەبەر کەمتەرخەمى.

لەو ماوەدا کە ئەحمەد خوێندکار بوو سەربازانى موسوڵمان  نامەیان دەنووسی بۆ ژن و منداڵەکانیان، هەندێک لەو ژنانە نەخوێندەوار بوون، بۆیە داوایان دەکرد لە ئەحمەد تا نامەکەیان بۆ بخوێنێتەوەو وەڵامى نامەکەیان بۆ بنووسێت، ئەویش سەرى دادەنەواند تا گوناهبار نەبێت بەسەیرکردنیان، هەرچییەکیشیان بوتایە کە شەرعى نەبوایە نەیدەنووسی بۆیان، چونکە ئەو کارەى لەبەر خواى گەورە دەکرد، بۆیە نەیدەهێشت شتێک بنووسن بۆ هاوسەرەکانیان کە خواى گەورە پێی رازیی نەبێت.

ئەحمەد هەرچەندە گەورە ببوو و وەک زانایەکى گەورەش سەیر دەکرا، بەڵام منداڵانى لەبیر نەدەکرد و جار هەبوو یارى دەکرد لەگەڵیاندا تا دڵیان خۆش بکات، ئەوەبوو جارێکیان نەعلەکانى گرت بەدەستییەوەو لەگەڵ منداڵەکان راى دەکرد و یارى دەکرد، یەکێک لە کەسە گەورەکان وتى ئەحمەد تا کەى واز ناهێنیت لە یارى کردن لەگەڵ منداڵان؟ ئەویش وتى تا ئەو رۆژەى دەمرم واز ناهێنم لە یارى کردن لەگەڵ منداڵان.

ئیمامى ئەحمەد هەرچەندە لە رووى ماددیەوە زۆر هەژار بوو بەڵام زۆر دەروونى بەرز بوو و هیچی لە کەس وەرنەدەگرت، ئەوەبوو جارێکیان گەنجێکى بانگ کرد و بڕێک پارەى پێدا تا هەندێ کاغەزى بۆ بکڕێت، گەنجەکەش کاغەزەکانى بۆ کڕی و دواتر حەزى کرد یارمەتى ئەو ئیمامە بدات، چونکە هەموو کاتى خۆی داناوە بۆ زانست و خزمەتکردنى خەڵک، بۆیە بڕێک پارەى خستە ناو کاغەزەکان و بردیەوە بۆ ئیمامى ئەحمەدو خێرا چوو، کاتێک ئیمامى ئەحمەد کاغەزەکانى کردەوە بینی پارەیەکى تێدایە، خێرا پارەکەى هەڵگرت و پرسیارى کرد ماڵی ئەو کوڕە لە کوێیە، کاتێک پێیان وت لە کوێیە چوو بۆ ماڵیان و پارەکە و کاغەزەکانیشی پێدا و گەڕایەوە، هەرچەندە گەنجەکە وتى خۆ کاغەزەکانم بەپارەى خۆت کڕیوە کەچی ئیمامى ئەحمەد کاغەزەکانیشی وەرنەگرتەوە.


پرسیار: ئەى ئیمامى ئەحمەد بەچی دەژیا؟

وەڵام: ئیمامى ئەحمەد باوکی خانوویەکى بۆ بەجێ هێشتبوو، هەروەها کرێیەکى کەمى مانگانەشی بۆبەجێ مابوو، جارجارەش دەچوو کرێکارى دەکرد، هەروەها جارى وا هەبوو ناچار دەبوو لەهەندێک کەس قەرز بکات بەڵام زۆر کەم قەرزى دەکرد، جارى وایش هەبوو کە کەسێک کشتوکاڵەکەى خۆی دەچنیەوەو ئینجا وازى لێدەهێنا، ئیمامى ئەحمەد دەچوو مۆڵەتى وەردەگرت و پاشماوەى بەجێماوى کۆ دەکردەوە بۆ خۆی.

ئیمامى ئەحمەد لەتەمەنى چل ساڵییدا ژنی هێنا، خواى گەورەش منداڵێکى زیرەکى پێبەخشین کە ناوى (عەبدولآ) بوو، ئەو منداڵەشی شوێن پێی باوکى هەڵگرت و فەرموودەى وەردەگرت و بەردەوام لاى باوکیشی وانەى دەخوێند و بڕێک فەرموودەى لە باوکیەوە گێڕاوەتەوە.

ئیمامى ئەحمەد دووچارى تاقیکردنەوەیەکى خوایی بوو، ئەویش ئەوەبوو دەسەڵاتدارى ئەو کاتەى موسوڵمانان وا تێگەیەنرا بوو کە قورئانى پیرۆز دروستکراوى خوایە، بۆیە دەیوت دەبێت ئیمامى ئەحمەدیش وابڵێت، بەڵام ئەو رازى نەبوو ئەوە بڵێت و دەیوت قورئان فەرمایشتى خواى گەورەیە، لەسەر ئەوە بەند کرا، ئەوەبوو ئازارێکى زۆر درا، بەڵام ئیمامى ئەحمەد خۆڕاگر بوو و راکەى خۆی نەگۆڕی، ئامادەش نەبوو بەموسوڵمانان بڵێت دژی سەرکردەى موسوڵمانان راپەڕن بۆئەوەى فیتنەو ئاژاوە نەکەوێتە ناو وڵاتى موسوڵمانانەوە، بەڵام دواجار ئازاد کرا.

پاش ماوەیەک ئیمامى ئەحمەد لەساڵی 241 کۆچیدا تووشی نەخۆشی بوو و تایەکى زۆری هەبوو، ئیتر خەڵکى دەهاتن بۆ سەردانى، تەنانەت ئەوانەش ئازاریان دابوو دەهاتن داواى گەردن ئازادیان لێ دەکرد، تا ئەوەى رۆژی مردنى هات.

عەبدولآى کوڕی لاى بوو، بیستى باوکى دەیوت جارێ نا، وتى باوکە گیان ئەوە چی دەڵێیت؟ وتى کوڕم ئەوە شەیتانە دەڵێت ئەحمەد تۆم لەدەست دەرچوو نەمتوانى لەخشتەت بەرم، منیش وتم نا جارێ تا نەمرم رزگارم نابێت لە دەست پیلانى تۆ.

دواجار ئیمامى ئەحمەد بەباوەڕدارى گەڕایەوە بۆ لاى پەروەردگارى و کۆچی دوایی کرد و موسوڵمانانیش تەواو دڵگرانى دایگرتن و خەڵکێکى زۆر زۆریش نوێژیان لەسەر تەرمەکەى کرد، بەجۆرێک تا ئەو کاتە شتى وا نەبینرابوو، ئەو رۆژەش کە وەفاتى کرد رۆژی هەینی بوو، لەبەغداد خرایە ناو گۆڕ و زیاتر لەیەک ملیۆن کەس ئامادە بوون.

پەندو وانە

نەبوونى باوک یان دایک شتێکى ناخۆش و ئازار بەخشە، بەڵام ئەوە نابێتە بەربەست بۆ ژیان و دەبێت بەوە چۆک دانەدەین، بەڵکو کارێک بکەین ببێتە مایەى خێر بۆ ئەوانیش و بەردەوام نزایان بۆ بکەین، چونکە دەبینی پێغەمبەر() هەر بەمنداڵی دایک وباوکى لەدەستداوە، بەڵام خۆڕاگر بووە تاخواى گەورە خێری هێناوەتە رێی، هەروەها دەبینین ئیمامى ئەحمەد بەمنداڵی باوکى مردووە،بەڵام هەوڵیداوە تا بووە بەو زانا گەورەیە، بەوەش چاکەى زۆر چووە بەهۆی منداڵەکەیەوە.

هەوڵدان بۆ زانست هەنگاوێکى زۆر گەورەو پڕ شانازیە و هەرگیز مرۆڤ لێی پەشیمان نابێت، چونکە هەم خوا پێی ناخۆشە و هەم هەمو دروستکراوەکانى تری خواى گەورە نزاى خێر دەکەن بۆ ئەو کەسە، هەم لاى بەندەکانى خواش خۆشەویست دەبێت و خەڵکیش بەرێز و گەورەییەوە سەیری دەکەن، مرۆڤى زانا هەمیشە دەبێتە مایەى خێر بۆ دەوروبەرەکەى.

دەبێت خوێندکار زۆر رێزى مامۆستاى بگرێت و بەچاوى پڕ لە رێزەوە سەیری بکات چونکە مامۆستاکەى زانستى پێبەخشیوە، ئەوەش چاکترین شتێکە کەسێک بیبەخشێت بەکەسێکى تر، بۆیە دەبێت نرخى بزانێت و لەبەرچاوى بێت ئەو مامۆستایە ئەوەندە ئەوى خۆش ویستووە حەزى کردووە چی دەزانێت بەئەویشی بڵێت و ئەویش فێر بکات.

ئەگەر خوێندکارێک شتێکى باشی زانى با بەرێزەوە بە مامۆستاکەى بڵێت و ئەوە هیچ عەیب نییە وەک چۆن ئیمامى شافیعى داواى کرد لەخوێندکارەکەى خۆی ئیمامى ئەحمەد تا ئەگەر فەرموودەیەکى صەحیحی زانى لاى کەسێکە پێی بڵێت تا بچێت بۆی ئەگەر تەنانە لە وڵاتانى دووریش بێت.

دەبێت هەمیشە وریاى ئاشتى و خۆشی موسوڵمانان بین و خۆمان بپارێزین لەفیتنەو ئاژاوە نانەوە وەک چۆن ئیمامى ئەحمەد هەرچەندە بەندیش کرابوو کەچی نەیدەهێشت بەهۆی ئەوەوە موسوڵمانان کێشە بکەوێتە نێوانیانەوە.

پرسیارەکان

بۆچی ئیمامى ئەحمەد بە کوڕی حەنبەل ناسراوە؟

ئیمامى ئەحمەد لەساڵی چەندو لە کوێ لەدایک بوو؟ ئەى لەساڵی چەند وەفاتى کرد؟

پەیوەندى نێوان ئیمامى ئەحمەد و ئیمامى شافیعی چۆن بوو؟

بۆچی ئیمامى ئەحمەد بەڵێنەکەى خۆی لەگەڵ ئیمامى شافیعی نەبردە سەر کە بەڵێنى دابوو بچێت بۆ میصر بۆ لاى؟

بۆچی ئیمامى ئەحمەد خرایە بەندیخانەوە؟

شەیتان لەکاتى مردنى ئیمامى ئەحمەددا چی پێ وت؟ ئیمامى ئەحمەد چۆن وەلآمى دایەوە؟

ئەم چیرۆکە باس بکە بۆ یەکێک لەخۆشەویستەکانت.


1595 جار بینراوە‌
07/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020