سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیمامی نەوەوی

ئەم جارە ئەو کەسەی باسی دەکەین زانایەکى دیارو گەورەى موسوڵمانانە کە موسوڵمانان تا ئەمڕۆش سەرقاڵن بەخوێندنەوەى نووسینەکانى، ئەم کەسە خوێندکارى ئیمامى شافیعی بووە، بۆیە کوردستانى ئێمەش کەسەر بەمەزهەبی ئیمامى شافیعیە زۆر گرنگى دەدەن بەنووسینەکانى، ئەویش ئیمامى (نەوەوی)یە.

بەڵێ، وڵاتى شام کە سوریا بەشێکە لەو وڵاتە، لانەو مەڵبەندى پێغەمبەران بووە، دواى ئەوەش سەدان زاناى گەورەى تیادا دەرکەوتووە، ئەو زانایانە بوونەتە هۆکارى رووناککردنەوەى کۆمەڵگەو رێپیشاندانیان بەرەو راستیى، یەکێک لەو کەسانەش ئیمامى نەوەوى بوو کە توانى ببێتە رووناکیەکى گەورە بۆ کۆمەڵگە.

نەوەوى لەبنەڕەتدا ناوى یەحیا بوو، باوکیشی ناوى شەرەف بوو، بەڵام بەهۆی گوندەکەیەوە هەر بە نەوەوى ناسرابوو، لەساڵى 631 کۆچیدا لەدایک بوو.

ئەم زانا گەورەیەى ئیسلام لەناوچەی حۆران لەسوریا لەدایک بوو، ئەویش لە گوندێک کە ناسرابوو بە (نوا)، دایک و باوکێکی باوەڕدارى هەبوو کە زۆر خواناس بوون، هەمیشە هەوڵیاندەدا کوڕەکەیان لەسەر ئیمان و خواناسی پەروەردە بکەن.

تەمەنى نەوەوى گەیشتە 10 ساڵ کە ئیتر بە تەواوەتى خووى دایە زانست و کەوتە لەبەرکردنى قورئانى پیرۆز و خوێندنى زانستە ئیسلامیەکان، ئیتر کاتێک منداڵان یارییان دەکرد ئەو نەدەچوو بۆ یارى کردن بەڵکو قورئانى پیرۆزی دەخوێند و ئەوەى لەبەری کردبوو دووبارە دەیوتەوە، بۆیە مامۆستایەکى شارەزاى ناوچەکە کە بینی ئەم منداڵە وادەکات خێرا چوو بۆ لاى باوکى نەوەوى و داواى لێکرد منداڵەکەى سەرقاڵ نەکات بەهیچ شتێکەوە و  هەموو کاتى منداڵەکەى بۆ وەرگرتنى زانست بێت، باوکیشی قسەکەى ئەو مامۆستایەى وەرگرت و هەوڵیدا منداڵەکەى وا لێبکات هەموو کاتى خۆی بۆ وەرگرتنى زانست زانست تەرخان بکات، نەوەویش خۆی زۆر حەزى لە زانست بوو، بۆیە بەخۆشحاڵیەوە پێشنیازەکەى وەرگرت.

ئەوەبوو لەنزیکەى تەمەنى نۆزدە ساڵیدا بوو کە نەوەوى لەگەڵ باوکیدا پێکەوە هاتن بۆ دیمەشق تا خۆی سەرقاڵ بکات بە زانستەوە، ئیتر لەدیمەشق لەپاڵ مزگەوتى ئومەوى نیشتەجێ بوو و خۆی سەرقاڵ کرد بەخوێندن  و لەبەرکردنى قورئانى پیرۆز و زانستەکانى تر و تەواوى تواناى خۆی خستەگەڕ بۆ ئەو بوارە.

لەو شوێنەدا زۆر بەهەژارى دەژیاو لەبری ئەوەى کەمێک بیری لاى خۆشی ژیانیش بێت هەموو کاتى هەر بەخوێندنەوە بەسەربرد.

پاش دوو ساڵ لەسەرقاڵی بەزانستەوە باوکى بڕیاریدا بچێت بۆ حەجى ماڵی خوا، بڕیاریدا نەوەوى کوڕیشی ببات لەگەڵ خۆیدا، ئەوەبوو کوڕ و باوک پێکەوە چوون بۆ حەجى ماڵی خوا، لەسەرەتاى چوونەکەیانەوە تووشی تایەکى سەخت بوو و تا رۆژی عەرەفە ئەو تایەى مابوو، بەڵام دواتر بەسەلامەتى گەڕانەوە بۆ سوریا.

دووبارە نەوەوى لەدیمەشقدا کەوتەوە زانست خوازى، ئیتر زۆربەى کتێبەکانى بە لەبەرکردن لەبەردەکرد نەک هەر ئەوەى تەنیا بەخوێندنەوەیان وازبهێنێت، ئیتر هێندە زیرەک و شارەزا بوو تا مامۆستاکەى ئەرکى ئەوەى پێسپارد وانە بڵێتەوە بەخوێندکارانى خوێندنگەکەی، ئەویش بەجوانى وانەى پێدەوتنەوە.

ئیتر بەرەبەرە لەگەڵ وەرگرتنى زانستدا نەوەوى وانەشی دەوتەوە، واى لێهات زۆربەى هەرە زۆری کاتى خۆی تایبەت کردبوو بەو بوارەوە، زۆربەى رۆژەکان نزیکەى دوانزە وانەى هەبوو، ئەوەش ماندووبونێکى زۆری دەویست، چونکە وانەکانیشی لە بوارى جیاجیادا بوون.

ئینجا کە گەیشتە ساڵی 660 کۆچی ئیتر نەوەوى زانا و مامۆستا بڕیاریدا دەست بکات بە نووسینیش، چونکە دەیویست ئەو زانستەى پێیەتى بیگەیەنێت بەوانەش کە ئەو نایانبینێت، چ ئەوانەى لە ناوچەکانى تر بوون، یان ئەوانەى کە دواى مردنى دێنە دونیا و دەژین، وەک چۆن دەبینین ئەمڕۆ ئێمە کتێبەکانى دەخوێنینەوە.

ئەو کات نەوەوى زاناو مامۆستا تەمەنى نزیکەى 30 ساڵ بوو، واتە هێشتا لەوپەڕی گەنجیدا بوو کەچی کەسانى زۆر لەخۆی بەتەمەنتر زانستیان لێوەردەگرت و وەک خوێندکار لەبەردەمیدا دادەنیشتن تا زانست فێربن.

ئەم ئیمامە لەبری ئەوەى چاو ببڕێتە خۆشییەکانى دونیا و خوو بداتە ئارەزووەکانى، کاتەکانى تەرخان کرد بۆ زانستى شەرعى، خۆ ئەو دەیزانى کە گوناه نییە چێژ لە خۆشییەکانى تری دونیا وەربگریت کە خواى گەورە حەلآلى کردوون، بەڵام نەوەوى هەموو خۆشییەکى لەخواپەرستى و زانست وەرگرتن و زانست بەخشیندا دەبینییەوە.

نەوەوى هەرچەندە خۆی حەزى بەماڵ و سامانى دونیا نەبوو، بەڵام هەوڵیدەدا مافی خەڵک نەفەوتێ و مافە خوراوەکان بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، ئەوەبوو کاتێک سوڵتانى موسوڵمانان ویستى هەندێک پارەى زیادە لەسەر بوونى زەوى و زار لە خەڵک وەربگرێت، خێرا خەڵکى چوون بۆ لاى ئیمامى نەوەوى تا کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات، ئەویش نامەیەکى نووسی بۆ سوڵتان و بەتوندى رێگری کرد لەوەى شتی وا بکات و تێیگەیاند کە ئەوە حەرامە و نابێت بیکات، بەڵام سوڵتان توڕە بوو و داواى کرد موچەکەى نەوەوى ببڕن، کەچی خەڵکەکەى دەورى وتیان ئەی سوڵتان ئەو هیچ مووچەى نیە و لەڕێی خوادا ئەو هەموو خزمەتە دەکات، دواتر ئیمامى نەوەوى کە زانى سوڵتان گوێی لێنەگرتووە خۆی چوو بۆ لاى سوڵتان و قسەى لەگەڵ کرد، ئەوەبوو دواجار سوڵتان ئەو بڕیارەى هەڵوەشاندەوەو بەهۆی هەوڵەکانى نەوەویەوە خواى گەورە بارى سەرشانى خەڵکەکەى ئاسان کرد.

ئیمامى نەوەوى لەکتێبخانەى گشتى ئەوقافی حکومەت کتێبی هێنابوو دەیخوێندنەوەو سوودى وەردەگرت لەو کتێبانە، چونکە هەر کەس هەرچەندە زانا و شارەزا بێت هەر دەبێت بەردەوام زانیارى بخوێنێتەوەو واز نەهێنێت لەوەرگرتنى زانست.

دواى ماوەیەک نەوەوى بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەى خۆی و لەوێ ئەو بەشەی ژیانى بەسەر بەرێت کەماویەتى، بۆیە چوو چی کتێبی کتێبخانەى ئەوقافی لا هەبوو هەموویانى بردەوە، دواتریش چوو بۆسەر گۆڕی مامۆستاکانى تا مردن و ژیانى ناو گۆڕی بیربکەوێتەوە، هەروەها نزاى خێری کرد بۆیان، پاشان چوو بۆ سەردانى هاوڕێکانى و ماڵئاوایی کرد لێیان، ئینجا دواى ئەوە چوو بۆ سەردانى قودس.

دواى هەموو ئەمانە ئینجا نەوەوى گەڕایەوە بۆ گوندەکەى خۆی و لەوێ لاى دایک و باوکى مایەوە، پاش ماوەیەک لەوێ نەخۆش کەوت، ئەوەبوو بە هۆی ئەو نەخۆشیەوە لە مانگى رەجەبی ساڵی 676 کۆچیدا کۆچی دوایی کردو هەر لە گوندەکەى خۆیشی خرایە ناو گۆڕ.

کاتێک هەواڵی مردنى گەیشت بەموسوڵمانان هەموان دڵتەنگ بوون بۆی و دەگریان کە چۆن زانایەکى وا گەورەیان لەدەست چوو، ئیتر سەرکردەو کەسە دیارەکان چوون تا نوێژى لەسەر بکەن.

بەراستى وایە ناخۆشترین رووداوى ناو کۆمەڵ لەدەستدان و مردنى زانایانى خواناسە، چونکە زانایان دەبنە چراى رووناکى بۆ کۆمەڵ و رێی راستییان پیشان دەدەن، ئەوان فێرمان دەکەن چۆن بەرەو لاى خواى گەورە بچین و خۆمان بپارێزین لە داوى شەیتان و دارودەستەکەى، بۆیە بەمردنى ئەو کەسانە زیانى گەورەمان بەردەکەوێت.

پەندو وانە

هەموو ئەو زانایانەی لەمێژووى ئیسلامییدا باس کراون دەبینین بەشی زۆریان هەر لەمنداڵییەوە حەزیان کردووە زانست وەربگرن و خوویان داوەتە ئەو بوارەو چوونەتە خزمەت مامۆستا شارەزاکان تا بوون بەزاناى گەورەو هەڵکەوتوو، بۆیە زۆر پێویستە ئێمەش هەر لەمنداڵییەوە شان بدەینە بەر زانست وەرگرتن و هیوامان وابێت کە ئێمەش ببینە زاناو خزمەتى گەورە پێشکەش  بەگەل و برایانمان بکەین.

پێویستە زانایان لەپێش هەموواندا و پاشان هەموو کەسێکى دڵسۆزیش بیریان لاى کێشەو نارەحەتى خەڵک بێت و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، لەوەشدا نەترسن و ئەگەر دەسەڵات هەڵە یان ستەمێکى هەبوو دەبێت بۆی راست بکەنەوەو ئاگادارى بکەنەوە لەو هەڵە یان ستەمەى کە دەیکات.

کەسی باوەڕدار هەمیشە دەبێت بەجوانى ئەمانەتى لاى خۆی بپارێزێت و بەسەلامەتى و بەبێ کەموکورتى بیگێڕێتەوە بۆ خاوەنەکەى، چونکە نەگەڕاندنەوەى ئەمانەت سیفەتى کەسی دوو روو و ناپاکە، سەیر بکەن چۆن ئیمامى نەوەوى ئەو کتێبانەى گێڕایەوە کەلە لاى بوون ئینجا ئەو شارەى بەجێهێشت.

دەبێت کاتێک سەردانى گۆڕستان دەکەین مردن و ژیانى دواى مردنمان بیر بکەوێتەوە تا خۆمان لە هەڵە و تاوان بپارێزین وبزانین رۆژێک دێت خەڵکى تریش دێن بۆ سەر گۆڕی ئێمە، هەروەها دەبێت نزاى خێر بکەین بۆ مردووەکان و سەلامیان لێ بکەین چونکە پێغەمبەرى خوا() واى کردووە.

مردن لەرێى هەمووماندایە و هەموو کەس هەرچەندە گەورە زانا یان دەوڵەمەند بێت هەر دەمرێت، بۆیە چاکترین شت ئەوەیە مرۆڤ کارى چاکەى زۆر کۆبکاتەوە تا کاتێک مردو گەڕایەوە بۆ لاى خواى گەورە چاکەى زۆری پێبێت، چونکە مردن کاتى نەزانراوەو لەوانەیە زۆر زوو بێتە رێمان، بۆیە کەسی ژیر ئەوەیە زوو چاکەى زۆر کۆبکاتەوەو قیامەتى خۆی رۆشن بکاتەوە.

پرسیارەکان

ئیمامى نەوەوى لە کوێ دەژیا؟ ئەو وڵاتەى ئەو بەچی ناسراوە؟

بۆچی ئیمامى نەوەوى گوندەکەى خۆی جێهێشت و چوو بۆ سوریا؟

باسی ئەو کێشەیەى خەڵک بکە کە ئیمامى نەوەوى چارەسەری کرد.

ئیمامى نەوەوى پێش مردنى چەند کارێکى کرد، ئەو کارانە چی بوون؟

ئایا تۆ ئیمامى نەوەویت خۆش دەوێت؟ لەبەرچی؟

ئایا تۆیش هەوڵتداوە زانست وەربگریت و لە داهاتوودا ببیت بەزانایەکى گەورە؟


1496 جار بینراوە‌
07/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020