سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

یوسفی کوڕی تاشفین

کاتێک ئیسلام هات و بڵاو وبووەوە، موسوڵمانان ئیسلامیان گەیاند بەناوچە جیاجیاکانى جیهان، ئیسلام بەخۆرهەڵات و خۆرئاواو باکور و باشوردا بلآوبووەوە، یەکێک لەو ناوچانەش کە ئیسلامى پێگەیشت بریتی بوو لەباکوورى کیشوەرى ئەفریقا کە ئەمڕۆ دابەش بووە بۆ چەند وڵاتێکى ئیسلامى.

کاتێک ئیسلام گەیشتە ئەو ناوچانە خەڵکى بەجوانى ئیسلامیان وەرگرت و ئەوانیش خزمەتى گەورەیان پێشکەش کرد، چونکە چەندین زاناو سەرکردەى گەورە لەو ناوچانەدا دەرکەوتن، بەمە دەبینین لەهەموو ناوچەیەکى جیهاندا هەر نەتەوەیەک بەجۆرێک خزمەتى خۆی پێشکەش کردووە، لەو ناوچەیەشدا یەکێک لەو سەرکردە گەورانەى ئیسلام کە دەرکەوت یوسف بوو.

یوسف کوڕی تاشفین بوو، سەر بە هۆزى گەورەى صەنهاجە بوو، لەساڵی 400 کۆچی لەدایک بوو، هۆزەکەشی دەسەڵاتدارى ناوچەکە بوون، چەندین زاناو سەرکردەى گەورە لەناو ئەو هۆزەدا دەرکەوتن وەک ئیمام عەبدولآى کوڕی یاسین، بەم جۆرە یوسف لەناو هۆزێکى بەهێزو باوەردار و ناسراودا دەرکەوت و بەنازو رێزەوە گەورە بوو.

هەر لەسەرەتاى ژیانەوە یوسف لەناو بیاباندا زانستى وەرگرت و لە زانایانى گەورەى فەرموودەناسەوە گوێی گرت لەفەرموودە شیرینەکانى پێغەمبەرى خوا(s)، لەسەر بنەماى زانست و رێنماییەکانى زاناى گەورەى هۆزەکەیان ئیمام (عەبدولآى کوری یاسین) زانست و رێنماییەکانى ئیسلامى وەردەگرت، دەچووە خزمەت مامۆستایان و هەوڵیدەدا زۆرترین کاتى خۆی تایبەت بکات بۆ زانست وەرگرتن.

یوسف تەنیا لەبوارى زانستدا خۆی پێنەگەیاند، بەڵکو لەمەیدانى سەربازیشەوە خۆی پێگەیاند و هونەرەکانى جەنگ و جیهاد فێر بوو چونکە زۆر حەزى لەجیهادى رێی خوا بوو، هەروەها زانیارى پێویستى لەسەر سیاسەت وەرگرت لەروانگەى شەریعەتى ئیسلامەوە تا بتوانێت خزمەتى خۆی پێشکەش بکات.

یوسف بەشدارى جیهادو غەزاى دەکرد و هاودەم بەو زانستەى پێی بوو حەزى دەکرد خێرو گەورەیی جیهادی رێی خوایشی دەست بکەوێت، ئەوەبوو لەجەنگێکدا کە ناسرابوو بەجەنگى واحات و لەساڵی 448 کۆچیدا روویدا، تیایدا یوسف سەرکردایەتى سوپاى موجاهیدانى کرد، لەو جەنگەدا یوسف توانى شارى (سەجلماسە) بگرێت، بۆیە سەرکردەى موسوڵمانان لەو ناوچەیە بڕیاریدا یوسف بکات بە لێپرسراوى ئەو شارە، ئەویش زۆر بەجوانى ئەو شارەى بەڕێوەدەبرد و نموونەیەکى زۆر جوانى پێشکەش کرد.

دواى ماوەیەک یوسف دەستى کردەوە بەغەزاو رووى کردە چەند شوێن و شارێکى تر و دواجار خواى گەورە سەرکەوتنى پێبەخشی، پاشان روویکردە شارێکى ترى زۆر گرنگ و ناسراو بەناوى (ئەغمات) کە بنکەیەکى کۆن و گرنگى مەسیحیەت بوو، ئەو بنکەیە ببوو بە مۆڵگەى ئەو بەربەریانەى کە جوولەکە بوون، ئەوەبوو هێرشی بردە سەریان تا لە ساڵی 449 کۆچییدا سوپاى موسوڵمانان شارەکەى ئازاد کرد.

پرسیار: ئەو دەوڵەتەى یوسف تیایدا بوو بەچی ناسرابوو؟

وەڵام: ئەو دەوڵەتە ناسرابوو بەدەوڵەتى مورابیتەکان واتە سەنگەرنشینان، واتە دەوڵەتى ئەوانەى لەرێی خوادا سەنگەر دەگرن.

مورابیتەکان پاشان بڕیاریاندا دەوڵەتى بێباوەڕی (برغواتە) لەناوببەن، لەناو سوپاکەشدا یوسفی کوڕی تاشفین بەشدار بوو، لەو جەنگەدا ئیمام عەبدولآى کوڕی یوسف شەهید بوو، ئەمە بوو بەبنەڕەتێک تا یوسف شوێنى بگرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنى دەوڵەتى مورابیتەکان.

ئەوەبوو (ئەبوبەکر)ى سەرکردەى وڵات چوو بۆ دەرەوەى وڵات و یوسفی لەشوێنى خۆی دانا، خەڵکیش زۆر رازى بوون لەدەسەڵاتى یوسف بۆیە کاتێک ئەبوبەکرى مامی گەڕایەوە بەبەرچاوى خەڵکەوە بڕیارىدا واز بهێنێت لەدەسەڵات بۆ یوسفی برازاى، ئامۆژگارى یوسفی کرد و وتى، من ئەم کارەم دایە دەست تۆ و منیش لەوە بەرپرسم، دەى لەخوا بترسە بەرامبەر بەموسوڵمانان و لەگەڵیان چاکبە، من و خۆیشت لە دۆزەخ رزگار بکە.

یوسفیش بەجوانى کاروبارى بەڕێوە دەبردو ئاژاوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى وڵاتى نەهێشت و یەکڕیزی و بەهێزى بەخشی بەدەوڵەتەکەى، بەردەوامیش درێژەى دەدا بەجیهاد لەرێگەى خوا، هەندێ ناوچەشی بەئاشتى ئازاد کرد وەک لە ساڵی 455 دا بە ئاشتى چووە ناو شارى فاس.

دواتر یوسف هەوڵیدا هەموو مەغریبی ئیسلامى یەک بخات و ناکۆکی نێوان موسوڵمانان نەهێڵێت، پاش هەوڵێکى زۆر و تووش بوون بەچەند جەنگێکى سەخت دواجار توانى ئەو کارە بکات و وڵات بکات بە یەکپارچەو یەکڕیز، ئەمەش نزیکەى 30 ساڵ هەوڵ و ماندووبوونى ویست.

لەنزیک دەەوڵەتەکەى یوسف لەئەندەلوس چەند دەوڵەتێکى بچووک و پارچە پارچەى ئیسلامى هەبوون کەبەهۆی ناکۆکی نێوان خۆیان لەلایەن خاچ پەرستە مەسیحییەکانەوە هێرشیان دەکرایە سەر تاخاکی موسوڵمانان داگیر بکەن، پاش ئەوەى ئەوانە داواى یارمەتییان کرد لەیوسف ئەویش بەدەریادا پەڕیەوەو چوو بۆ یارمەتیدانى برا موسوڵمان ەکانى.

سەرەتا یوسف نامەى نارد بۆسەرکردەى مەسیحییەکان و داواى لێکرد موسوڵمان  بێت و واز بهێنێت لەهێرش بردنە سەر موسوڵمانان، بەڵام ئەو رازى نەبوو، بۆیە یوسف بڕیاریدا هێرش بباتە سەر ئەو ستەمکارەو موسوڵمانان لە دەستى رزگار بکات، ئەوکات تەمەنى یوسف زۆر بوو و پیریش ببوو، بەڵام بەڵێنى دابوو تا دوا هەناسە وازنەهێنێت لەجیهادى رێی خوا.

سەرکردەى مەسیحییەکان ویستى فێڵ بکات لەموسوڵمانان و نامەى نارد، و وتى رۆژی هەینی هێرش ناکەین چونکە لاى موسوڵمانان پیرۆزەو ئێمەش رێزیان دەگرین، ئەمەى کرد تا موسوڵمانان ئاگایان لەخۆیان نەبێت و هێرش بکەنە سەریان، بەڵام یوسف زۆر ژیر بوو هەرچەندە بەڵێنىدا هێرش نەبات تاموسوڵمان  نەبێتە بەڵێن شکێن بەڵام سوپاى تەواو ئامادە کرد بۆ بەرگرى چونکە دەیزانى مەسیحییەکان ناپاکى دەنوێنن و بەڵێنەکە دەشکێنن.

ئەوەبوو مەسیحییەکان هێرشیان هێناو پاش بەرەورووبوونەوە لە شوێنێک کە پێی دەوترا زەلاقە هەردوو سوپاى موسوڵمانان و مەسیحیەکان بەرەنگاربوونەوەو جەنگێکى سەخت روویدا کە ناسراوە بە جەنگى (زەلاقە)، ئەو رۆژەش رۆژی هەینی بوو، دواجار پاش جەنگێکى سەخت موسوڵمانان سەرکەوتن و سەرکردەى مەسیحیەکانیش بریندار بوو.

یوسفی سەرکردەى زاناو موجاهیدی وڵاتى موسوڵمانان پاش تەمەنێکى زۆر کە نزیکەى سەد ساڵ تەمەنى هەبوو لەمانگى موحەرەمى ساڵی 500 ى کۆچیدا کۆچی دوایی کرد.

پەندو وانە

لە ناو ئیسلامدا هەموو نەتەوەکان جێیان ئەبێتەوەو قبووڵ کراون، ئیتر لەخواترسان بەپێی رەنگ و نەتەوە نییە، بەڵکو ئەوەى بنەڕەتە لەئیسلامدا لەخواترسان و پەیڕەوى جوانتری پەیامى ئیسلامە، بۆیە هیچ کات ئیسلام جیاوازى ناکات لەنێوان کورد و عەرەب و تورک و فارس و ئینگلیز و هەر نەتەوەیەکى تردا، بەڵکو جیاوازیەکە لەسەر ئەوەیە کامیان کارى چاکە زیاتر بکات، هەر بۆیە هەرچەندە یوسف خەڵکى باکوورى ئەفریقا بوو توانى خزمەتێکى زۆر گەورە پێشکەش بکات بەموسوڵمانان و تا ئێستاش هەموو موسوڵمانانى جیهان شانازى پێوە بکەن.

دەبێت موسوڵمان تەنها یەک لایەنى ژیان نەگرێت، بەڵکو هەوڵ بدات هەموو لایەنەکانى ژیان وەربگرێت تابتوانێت لەهەموو بوارەکاندا سەرکەوتوو بێت، دەبینین یوسف هەم لە لایەنى زانستى و هەم لایەنى سەربازى و هەم لایەنى سیاسیشەوە خۆی پێگەیاندو دواتریش بەهەموو ئەو لایەن و بوارانەى توانى خزمەتى گەورە پێشکەش بکات بەموسوڵمانان.

جیهادى رێی خوا گەورەترین پاداشتى هەیە لاى خواى گەورەو هەموو موسوڵمانێک لەپێناو پاراستنى خاکى موسوڵمانان و سەرخستنى ئاینی خوادا دەبێت حەز بەجیهاد بکات، بەڵام جیهاد هەر لەخۆوە ناکرێت و دەبێت سەرکردەى موسوڵمانان بڕیارى جیهاد بدات ئەوکات موسوڵمانانیش جیهاد دەکەن.

پرسیارەکان

یوسف لە چ ناوچەیەک دەژیا؟ ناوى باوکى چی بوو؟

دیارترین مامۆستاى یوسف کێ بوو کە یوسف زۆر پێی سەرسام بوو؟

یوسف چۆن دەسەڵاتى دەوڵەتى گرتەدەست لەبری مامى؟

باسی حەزى یوسف بکە بۆ جیهادى رێی خوا.

یوسف کەدەسەڵاتى گرتە دەست هەوڵی چی دا؟ ئایا سەرکەوتوو بوو لەوەدا؟

یوسف بۆچی چوو بۆ ئەندەلوس؟

جەنگى زەلاقە چی بوو؟ بە کورتى باسی بکە.

کاتێک یوسف مرد تەمەنى چەند ساڵ بوو؟ ئەى ساڵی مردنەکەى کەى بوو؟


1044 جار بینراوە‌
07/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020