سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیبن قەیم

یەکێکى تر لەزانا ناودارو گەورەکانى جیهانى ئیسلامى (ئیبن قەییمى جەوزى)یە کە تا ئەمڕۆش نووسینەکانى لەبەردەستى موسوڵماناندان و سوودیان لێدەبینرێت، بەڵکو یەکێکە لەو زانایانەى تا ئەمڕۆش نووسینەکانى زۆر بایەخییان پێدەدرێت و وەردەگێردرێن بۆ زمانە جۆراوجۆرەکان لەوانەش هەندێک کتێبی وەرگێردراون بۆ سەر زمانى پاراوى کوردى.

ئیبن قەییم لەشارى دیمەشق لەدایک بوو، دیمەشق پایتەختى ئەمڕۆی سوریایە، هەر لەزووەوە ئەو شارە مەڵبەندو لانەى زانایان و کەسە گەورەکان بووە، وەک بینیمان ئیبن تەیمیەش کەزانایەکى گەورەى ئیسلام بوو لەدیمەشق ژیا و هەر لەوێش کۆچی دوایی کرد.

پرسیار: ئیبن قەیم ناوى چی بوو؟

وەلآم: ئیبن قەیم ناوى موحەممەد بووەو باوکیشی ناوى قەیم بووە، ئەو بنەماڵەیە ناسرابوون بەجەوزى، هەر بۆیە موحەممەدى زاناش لەبری ئەوەى بەناوى خۆیەوە ناو دەربکات زیاتر ناسراوە بەئیبن قەیمی جەوزى، قەیمی باوکى یەکێک بووە لە زانا ناسراوەکانى ناو دیمەشق و لەخوێندنگەى جەوزى لەدیمەشق سەرقاڵ بوو، بۆیە هەم خۆیشی و هەم نەوەکانیشی ناسران بەجەوزى لەبەر بوونى باوکیان لەو قوتابخانەیەدا.

ئیبن قەیم لەساڵی 691 کۆچی لە شارى دیمەشق لەدایک بوو، هەر لە سەرەتاى ژیانیەوە لەناو خاک و ناوچەی زانایاندا گەورە بوو.

ئیبن قەیم کەسێکى زۆر لەخواترس و باوەڕدار بوو، ئەو هەمیشە سەرقاڵ بوو بە پەرستشی خواى گەورە و خۆی دەپاراست لە هەموو تاوانێک، هەوڵی دەدا خواى گەورە رازى بکات، چونکە دەیزانى رەزامەندى خواى گەورە لەهەموو شتێک گرنگترە، زۆربەى کاتى خۆی سەرقاڵ دەکرد بە زانستەوەو لە خزمەت مامۆستایاندا دەبوو یان وانەى دەوتەوە یان خۆی سەرقاڵ دەکرد بەنووسینی کتێبەوە تا موسوڵمانان لێی سوودمەند بن.

کاتێک نوێژی دەکرد حەزى دەکرد ماوەیەکى زۆری پێبچێت، ئیتر قورئانێکى زۆر زۆری دەخوێندو زۆر لەکڕنووش و سوجدەدا دەمایەوە، پاش نوێژەکەشی زۆر بەهێمنى و بەبێ پەلەکردن دادەنیشت و زیکری خواى گەورەى دەکرد، بەتایبەت کە نوێژی بەیانى دەکرد نەدەخەوتەوە، بەڵکو دادەنیشت یادى خواى دەکرد تا تەواو دونیا رۆشن دەبوو و خۆر هەڵدەهات.

ئیبن قەیم ماوەى رۆژانەى خۆی بەچەند کارێک دەبردە سەر، لەوانە: خۆی سەرقاڵ  دەکرد بەنوێژ و پەرستشەکانەوەو لەوەشدا نموونەیەکى باڵا بوو، هەروەها لەقوتابخانەى جەوزى پێشەوایەتى دەکردو وانەى دەوتەوە، هەروەها لە چەند شوێنێکى تری وەک صەدریە و شوێنانى تر وانەى دەوتەوە، ماوەیەکى دانابوو تایبەت بەکێشەکانى خەڵک و وەلآمدانەوەى پرسیارەکانیان تابەپێی بڕیارى شەریعەت کێشەکانیان بۆروون بکاتەوەو چارەسەری دروستیان بخاتە بەردەست، کاتێکی تایبەتیشی دانابوو بۆ نووسینی کتێب و بابەتى گرنگ بۆ موسوڵمانان، ئیتر نووسینەکانى هێندە زۆرن کە لەسەروو 30 کتێبەوە دەبوون، کتێبەکانیشی هێندە بەهێزن کە بۆ هەموو کاتێک دەبن، ئێستاش لە کوردستاندا هەندێ لە کتێبەکانى کراون بە کوردی و چاپ کراون.

پرسیار: ئایا پەیوەندى نێوان ئیبن قەیم و ئیبن تەیمیە چۆن بوو؟

وەلآم: ئیبن قەیم خوێندکارێکى زۆر زیرەک و گوێڕایەڵی ئیبن تەیمیە بوو، بەڵکو لەسەر ئەوەى زۆر گوێی دەگرت لەئیبن تەیمیە لەسەر ئەوە ئازارو نارەحەتى زۆری تووش بوو چونکە کەسانێک هەبوون حەزیان نەدەکرد ئیبن تەیمیە کەسی لە دەور بێت و پێیان خۆش نەبوو ئەو هێندە زیرەک بێت، بۆیە دژایەتى خۆیشی و خوێندکارەکانى ئەویشیان دەکرد، ئەوەبوو کاتێک ئیبن تەیمیە بەند کرا ئیبن قەیمیش بەند کرا، بەڵام دواى ئەوەى ئیبن تەیمیە مرد ئیتر ئیبن قەیمیان ئازاد کرد.

ئیبن قەیم منداڵێکى زیرەکى هەبوو کە ناوى ئیبراهیم بوو، ئەو منداڵەى لەلاى ئیبن قەیمی باوکى وانەى دەخوێند و هەوڵیدەدا شوێن پێی باوکى هەڵبگرێت، هەموو خوێندکارەکانى ئیبن قەیم بوون بە زاناى گەورە و دیارى ناو موسوڵمانان وەک ئیمامى ئیبن کەسیر و ئیمامى ئیبن رەجەب و ئیمامى زەهەبی و چەندینی تر کە هەموویان خوێندکارى ئیمامى ئیبن قەیم بوون.

جارێکیان شەوى پێنج شەممە بوو، دەنگى بانگى عیشا لە مزگەوتەوە بەرز دەبوویەوە، لەو کاتەدا ئیبن قەیمی زاناى خواناس کۆچی دوایی کرد، ئەمەش لە ساڵی 751 کۆچیدا بوو، ئیتر تەرمەکەى مایەوە تا موسوڵمانان هەموویان بتوانن نوێژی لەسەر بکەن، ئەوەبوو بۆ بەیانیەکەى لەکاتى نوێژی نیوەڕۆدا لەمزگەوتى ئومەوى نوێژی لەسەر کرا، دواتر خەڵکەکە هێندە زۆر بوون کەدەیانویست نوێژی لەسەر بکەن لەمزگەوتى (جەراح) یش نوێژیان لەسەر کرد، ئینجا برا بۆ گۆڕستان و بەدەم فرمێسک و گریانەوە لەناو قەرەباڵغیەکى زۆر و کەم وێنەدا تەرمى ئەو زانایەى ئیسلام خرایە ژێر خاک، خواى گەورە بەهەشتى بەرین بکاتە شوێنى و لەدۆزەخ بیپارێزێت و لەرۆژی دواییدا بەبینینی لەبەهەشتدا خۆشحاڵمان بکات.

پەندو وانە

هەمیشە پێویستە بگەڕێین بەدواى زانستدا و هەوڵ بدەین زانایانى دەوروبەرمان بکەین بەمامۆستاى خۆمان و زانستیان لێوەربگرین تا بتوانین شوێن پێی زانایان هەڵبگرین و ببینە مایەى خێرو سوود بۆ دەوروبەرمان.

پێویستە هەوڵ بدەین کە گەورە بووین کتێبەکانى ئەم زانا گەورەیە بخوێنینەوە، هەروەها لەئێستاشدا بەدایک و باوک یان مامۆستاکانمان بڵێین کتێبەکانى ئەو زانایە بخوێننەوەو بۆمان باسیان بکەن تا سوود وەربگرین لەزانستى هەرچەندە ئەو مردووە بەڵام کتێبەکانى بەزیندوویی ماونەتەوە.

پێویستە ئێمەى موسوڵمان  زۆر گرنگى بدەین بەیاد و زیکری خواو نوێژەکانمان بەجوانى بکەین و پەلە نەکەین لە نوێژەکانماندا، چونکە نوێژکردن قسەکردنە لەگەڵ خواى گەورە، هەروەها گرنگى زۆر زیاتر بدەین بەنوێژی بەیانى و یادکردنى خوا لەدواى ئەو نوێژە و ئەگەر بتوانین دواى ئەو نوێژە سەرقاڵی زیکر بین تا رۆژ دەبێتەوە.

پرسیارەکان

ئیبن قەیم لەساڵی چەندو لە کوێ لەدایک بوو؟

شارى دیمەشق بەچی ناسراوە؟

پەیوەندى نێوان ئیبن قەیم و ئیبن تەیمیە باس بکە.

دەتوانیت ناوى هەندێ خوێندکارى ئیبن قەیم بهێنیت؟

بۆچی ئیبن قەیم بەند کرا؟

دەتوانیت باسی مردنى ئیبن قەیم بکەیت؟

جوانترین شت لەژیانى ئەم زانایەدا بەلاى تۆوە چیە؟


1147 جار بینراوە‌
07/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020