سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

عیززى کوڕی عەبدوسەلام

ئەم زانا پایەبەرزەی ئێستا باسی دەکەین هێندە گەورەو رێزدارە کە لاى موسوڵمانان ناسراوە بە(سوڵتانى زانایان)، ئەویش ناوى (عەبدولعەزیزی کوڕی عەبدوسەلامە) و زیاتر بە عیززی کوڕی عەبدولعەزیز ناسراوە.

عەبدولعەزیز لە ساڵی 577 ى کۆچی لە دیمەشق لەدایک بوو، بەبنەڕەت خەڵکی باکوورى ئەفریقیا بوو، بەڵام یەکێک لەباپیرە گەورەکانى هاتە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێبوو.

دایک و باوکى عەبدولعەزیز کەسانى هەژار بوون  و لەرووی داراییەوە دەستکورت بوون، ئەمەش وایکرد ئەم کەسایەتییە لەگەڵ سەختییەکانى ژیاندا خۆى بگونجێنێت.

عەبدولعەزیز هەر لەدیمەشق گەورە بوو، لەوێ کەوتە وەرگرتنى زانست، سەرەتا لەوێ ئیشی دەکرد، چونکە خێزانێکی هەژار بوون، بەڵام دواتر بڕیاریدا گرنگى زیاتر بدات بەزانست، چونکە دیمەشق پڕ بوو لەزاناى گەورەو شارەزاى هەموو بوارەکان، ئەوەش دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ عەبدولعەزیز تابتوانێت لەهەر بوارێکدا بیەوێت زانست لەزانایان وەربگرێت.

عەبدولعەزیز زۆر بەتاسەوە زانستی وەردەگرت و هەر وانەیەکی بخوێندایە هێندە جوان وەریدەگرت مامۆستاکەى پێی دەوت ئیتر پێویستیت بەهیچ نییە، شەوانەش پێش خەوتنى هەرچی خوێندبوو دەیهێنایەوە بیری خۆی و دووبارەى دەکردەوە.

هاوکات عەبدولعەزیز چەندە زانستی لەزانایان وەردەگرت، هێندەش رەوشتی جوان و ئاکارى بەرزی لەو زانایانە وەردەگرت، زۆر بەجوانى قورئانى پیرۆز و فەرموودەکانى پێغەمبەر (g)و زانستەکانى تری وەرگرت، یەکێک لەمامۆستاکانى عەبدولعەزیز زانایەکی کورد بوو بەناوى سەیفەدینی ئامەدى، عەبدولعەزیز زۆر زۆر سەرسام بوو بە زانایی سەیفەدینی ئامەدی و زانستێکی زۆری لێوەرگرت.

دواتر عەبدولعەزیز بڕیاریدا بۆ وەرگرتنى زانست بچێتە ناوچەکانى تری جیهانى ئیسلامى و روویکردە بەغدادى پایتەختى موسوڵمانان، هەروەها بۆ گەیاندن و بلآوکردنەوەى زانست بڕیاریدا بچێت بۆ میصر، جگە لەوەش سەفەرێکی کرد بۆ خاکى حیجاز و هەر لەوێ حەج و عومرەى بەجێگەیاند.

عیززى کوڕی عەبدوسەلام بەرامبەر بەدەسەڵاتدارانى ناوچەکان زۆر توند بوو، ئامادە نەبوو لەپێناو بەرژەوەندى دونیایی خۆیدا چاوپۆشی بکات لەخراپەو تاوانى دەسەڵاتداران، توندیەکەشی بەرامبەر بەکارى خراپی دەسەڵاتداران بوو، ئەگەرنا لە کارە چاکەکانیاندا زیاتر هانی دەدان.

عیززى کوڕی عەبدوسەلام ژیانى رۆژانەى خۆی بەچەند کارێک بەسەر دەبرد کە بریتی بوون لە: بەجێگەیاندنى پەرستشەکان وەک نوێژ و رۆژوو و یادى خواو زیکرەکان، گرنگییەکی زۆری دەدا بەم بوارە، هەروەها فەتواى دەدا بۆ خەڵک و وەلآمى پرسیاری خەڵکی دەدایەوەو کێشەکانى بۆ روون دەکردنەوە، هەرەها خوێندکارێکی زۆری هەبوو، وانەى پێدەوتنەوەو زانستی لەناو خەڵکدا بلآودەکردەوە، زۆر جار دواى نوێژەکان و هەروەها رۆژانى هەینیش وتارى دەخوێندەوە بۆ خەڵک  و ئامۆژگاری پێویستی پێشکەش دەکردن، هەروەها عەبدولعەزیز دادوەری نێوان خەڵکی دەکردو لەکێشەو گرفتەکانیاندا بڕیاری یەکلاکەرەوەى دەدا.

جارێک برسێتی و هەژاریی لەناو خەڵکدا بلآوبووەوەو خەڵکی لەبەر هەژارى بەهەرزان باخی خۆیان دەفرۆشت، ژنەکەى عەبدولعەزیزیش پارەیدا بەعەبدولعەزیز و وتى بڕۆ باخێکمان بۆ بکڕە، ئەویش چوو پارەکەى کرد بەخێر و بڕێک هەژاری تێر کرد، کاتێگ گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، ژنەکەى پێیوت ئەرێ باخەکەت بۆ کڕین؟ ئەویش وتى بەڵێ، ژنەکەى وتى لەچ شوێنێک؟ وتى لەبەهەشت، ژنەکەشی لەمەبەستەکەى تێگەیشت  و دەستخۆشی لێکردو سوپاسی خواى لەسەر کرد.

بەخشندەیی عەبدولعەزیز گەیشتبوویە ئاستێک ئەگەر کەسێکى هەژار داواى یارمەتى لێبکردایەو ئەویش هیچی نەبوایە مێزەرەکەى سەری پێدەبەخشی، ئەوەش سیفەتى زانای موسوڵمانانە کەدەبێت لەرەوشت بەرزی و چاکەکاریدا پێشەنگى جەماوەر بێت.

دواجار ئەم زانا گەورەو خواناسە لەساڵی 660 ى کۆچی و لەتەمەنى هەشتاو سێ ساڵیدا لەقاهیرە لەوڵاتى میصر کۆچی دوایی کرد، خەڵکی بەبیستنى هەواڵی وەفاتى زۆر دڵگران بوون و جەماوەرێکی زۆر ئامادەی نوێژ لەسەر کردنى بوون.

پرسیار:

 دایک و باوکى عیززى کوڕی عەبدوسەلام چۆن بوون؟

 باسی بوارى زانستخوازى عەبدولعەزیز بکە؟

 بەسەرهاتى کڕینی باخەکە چۆن بوو؟

 ژیانى رۆژانەى عەبدولعەزیز چۆن بوو؟

 سێ پەندو وانە لەژیانى ئیمامى عیززی کوڕی عەبدوسەلام باس بکە.


1125 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020