سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئەبوو حەنیفە

یەکێکی تر لەزانا و پێشەوا هەرە گەورەکانى ناو مێژووی ئیسلامى ئیمامى ئەبوحەنیفەیە، ئەم پێشەوا خواناسە رێبەری یەکێکە لەچوار مەزهەبە گەورەکە.

ئەبوحەنیفە ناوى (نوعمانى کوڕی سابت)ە، بەڕەچەڵەک فارسە، واتە فارسەکان سەدان  و هەزاران زاناى گەورەی ئەهلى سوننەیان هەبووە وەک چۆن لەم کتێبەدا باسی چەند دانە لەو زانایانەمان کردووە، ئەوەش فەزڵێکی خوایە کە لەهەموو نەتەوەکاندا زاناو سەرکردەى موسوڵمان  هەبوون تا فەزڵ و گەورەیی ئیسلام بەر هەموو نەتەوەکان بکەوێت.

ماڵى باوباپیرانى ئەبووحەنیفە لەئەفغانستان بوون لەکابوڵى ئێستا، بەڵام باپیرەى لەسەردەمى ئیمامى عومەردا موسوڵمان  بوو، هات لەکوفە نیشتەجێ بوو.

ئەبوحەنیفە لەساڵی هەشتاى کۆچیی لەکوفە لەدایک بوو، بنەماڵەکەى خواناس و روو لەدین بوون، هەروەها باوکێکی دەوڵەمەندو زۆر بەخشندەى هەبوو، ئەبوحەنیفەش تاقانەى باوکى بوو، ئیتر باوکى هێندەى تر گرنگى پێدەداو نازی دەکێشا، باوکى لە کوفەدا دووکانی جلوبەرگی هەبوو، دواتریش ئەو دووکانە مایەوە بۆ ئەبوحەنیفە.

ئەبوحەنیفە هەر لەمنداڵییەوە دەستیکرد بەلەبەرکردنى قورئانى پیرۆز، رۆژانەش لەگەڵ باوکیدا دەچوو بۆ دووکان تا هاوکاری باوکى بکات، چونکە ئەو لەناڕەحەتى و ماندووبوونى باوکى تێدەگەیشت، باوکیشی حەزى دەکرد ئەبوحەنیفەى کوڕی فێری ئیش بێت تا لە داهاتوودا بتوانێت خۆی بژێوی خۆی دابین بکات.

رۆژێک ئەبوحەنیفە بەلاى یەکێک لەزاناکاندا رۆشت کەناوى شەعبی بوو، ئیمامی شەعبی ئەبوحەنیفەى بانگ کردو پێیوت بۆکوێ دەچیت؟ وتى دەچم بۆ دوکانى فلآنەکەس، شەعبی وتى مەبەستم دوکان نییە، بۆلاى چ زانایەک دەچیت؟ ئەویش وتى من زۆر کەم دەچم بۆ لاى زانایان، شەعبی وتى وامەکە، خوو بدەرە زانست و بڕۆ بۆ خزمەت زانایان و لەکۆڕی ئەواندا دابنیشە، زیرەکییەکت تێدا بەدی دەکەم پێم خۆشە سوودى لێوەربگریت، ئیتر ئەبوحەنیفە شەیداییەکى بۆ زانست پەیدا کردو ئەو قسەیە بوو بەخێر بۆی.

لەتەمەنى شانزە ساڵیدا ئەبوحەنیفە لەگەڵ باوکى چوو بۆ حەج، لەوێ زانایەکی بینی خەڵکێکی زۆر لەدەوری کۆببوونەوە، وتى باوکە گیان ئەو زانایە کێیە؟ لەوەڵامدا  وتى ئەوە پیاوێکە هاوەڵی پێغەمبەری خوا () بووە، پێی دەڵێن عەبدولآى کوڕی حارس، ئەویش وتى ئەی چی زانستێکی پێیە؟ باوکى وتى رۆڵە گیان ئەوە فەرموودەکانى پێغەمبەری خوای () پێیە، وتى باوکە گیان بمبە بۆ لاى، ئەویش پێشى کەوت و بردى بۆلاى ئەو هاوەڵە بەڕێزە، لەوێ ئەو هاوەڵە فەرموودەیەکی گێڕایەوەو وتى پێغەمبەری خوا () فەرمووى (هەرکەس شارەزا بێت لەدینی خوادا ئەوە خوا ئەرک  و خەمەکانى بۆ چارەسەر دەکات و لەلایەکەوە رۆزی دەدات کە چاوەڕوانى ناکات).

ئەو فەرموودەیە زۆر کاری کردە سەر ئەبوحەنیفەو ئیتر خووی دایە وەرگرتنى زانست، تەمەنى نەگەیشتبووە بیست ساڵ، کە هێندە زانستی وەرگرتبوو لەناو خەڵکی ناوبانگى زۆری پەیدا کرد و لەمزگەوتى کوفەدا وانەى دەوتەوە.

رۆژێک ئەبوحەنیفە دەچوو بۆ لاى مامۆستاکەى کە ناوى ئەعمەش بوو، کابرایەک هات بۆ لاى ئەعمەش تا سەبارەت بەمەسەلەیەک پرسیاری لێبکات، ئەویش بەئەبوحەنیفەى وت تۆ وەلآمى بدەرەوە، ئەبوحەنیفەش وەلآمێکی بەهێزی دایەوەو ئەعمەشی مامۆستاى تەواو سەرسام بوو، پێیوت ئەو وەلآمەت لەکوێ بوو؟ ئەویش وتى مامۆستا گیان لە فەرموودەیەکى پێغەمبەری خواوە () کە لەجەنابتم بیست بۆت گێڕامەوە.

ئەبوحەنیفە مامۆستایەکی تری هەبوو بەناوى حەماد، هێندە رێزی ئەو مامۆستایەی دەگرت کە خەڵکی بەسەرسامییەوە باسیان دەکرد، جارى وا هەبوو دەچووە بەردەرگای ماڵی مامۆستاکەى، رووی نەبوو لەتەقەى دەرگا بدات، دەوەستا تا مامۆستا بەئیسراحەتى خۆی بێتە دەرەوە، ئینجا زانستی لێوەردەگرت، هەروەها تا لەگەڵ مامۆستاکەیدا بوایە خزمەتى دەکردو هەر کارێکی بوایە بۆی جێبەجێ دەکرد، تەنانەت هێندە رێزی مامۆستاکەى دەگرت لەماڵی خۆیشیاندا رووەو ماڵی مامۆستاکەى قاچی رانەدەکێشا، هەرکاتیش نوێژی بکردایە نزاى دەکرد بۆ دایکی و باوکى مامۆستا حەماد.

ماوەى هەژدە ساڵ ئاوا لەخزمەت مامۆستاکەیدا بوو تا دواجار مامۆستاکەى وەفاتى کرد، ئیتر ئەبوحەنیفە چووە شوێنی مامۆستاکەى و ئەمجار ئەم وانەى دەوتەوە بە خوێندکارەکان.

ئیمامى ئەبوحەنیفە جگە لەوەى وانەى دەوتەوە بە خوێندکارەکان، هاوکات چاوى لەبارى ژیانی خوێندکارەکانى بوو، هەر خوێندکارێکی هەژار بوایە، خێرا یارمەتى دەدا و پێویستیەکانى بۆ دابین دەکرد تا ناچار نەبێت واز لەزانست وەرگرتن بهێنێت ، خواى گەورەش بەردەوام ئەبوحەنیفەى دەوڵەمەندتر دەکرد چونکە بەخشندەیی زۆر زۆر بوو.

ئەبوحەنیفە لەگەڵ دایکیشیدا زۆر چاک بوو، تەنانەت هەندێک جار بۆ پرسیارێکی دایکی دەچوو بۆ لاى کۆمەڵە زانایەک کە زۆر لێی دوور بوون، هەرچەندە خۆی وەلآمەکەشی دەزانى، بەڵام حەزى دەکرد لەبەر دڵی دایکی بچێت بۆ لاى ئەو زانایانە، ئەوەش جێبەجێکردنی فەرمانى خوا بوو کە فەرمانى کردووە تا دەتوانین لەگەڵ دایک و باوکماندا چاکەکار بین.

لە ساڵی 127 ى کۆچیدا خەواریجەکان کە تاقمێکی گومڕا بوون دەستیان گرت بەسەر شاری کوفەدا، سەرکردەکەیان داواى لەئەبوحەنیفە کرد، بچێتە ناو ریزی ئەوانەوە، ئەویش رازى نەبوو، ئیتر بەدەست خەواریجەکانەوە ناڕەحەتى زۆری هاتەڕێ، دواتریش کە ئومەویەکان هاتنەوە سەر دەسەڵات، ئەبوحەنیفە بەدەست سەرکردەیەکیانەوە ناڕەحەتى چەشت و کرایە بەندیخانەوەو رۆژانە دە قامچی لێدەدرا، جا قامچیەکیان بەر دەموچاوى کەوت و دەموچاوى برینداربوو، دەستی کرد بەگریان، وتیان بۆچی گریایت؟ وتى لەبەر ئازارى قامچیەکە نا، بەڵکو لەبەرئەوەى ئەگەر دایکم ئەو برینەی دەموچاوم ببینێت خەفەت دەخوات، منیش بۆ ئەو خەفەتەى دایکم ئەگریم.

دواجار خەلیفەى ئەوکاتى موسوڵمانان کەناوى ئەبوجەعفەر بوو داواى لە ئەبوحەنیفە کرد تا ببێتە دادوەر، بەڵام ئەو رازى نەبوو، ئەبوجەعفەر زۆری لێکرد و ئیمامیش هەر رازى نەبوو، بۆیە لەسەر ئەوە ئەبوحەنیفەى کردە بەندیخانەوە، دواتر داواى لێکرد هاوکاری دادوەرەکان بکات تا نەکەونە هەڵەوە، کەچی هەر رازى نەبوو، چونکە حەزى نەدەکرد نزیکی دەسەڵاتدارەکان بێت.

دواجار ئەبوحەنیفە لەمردن نزیک بووەوەو لەکاتى وەفاتیدا سەری لەسوجدەدا بوو، ئەوەش فەزڵێکی خوا بوو کە  بەو زانایەی بەخشی، زانایان  و موسوڵمانان و تەنانەت دەسەڵاتدارەکانیش زۆر خەفەتیان خوارد بەمەرگى ئەو زانایەو مەرگى ئەویان بەهۆکارێکی کەمبوونەوەی زانستیان دەزانى و نزاى خێریان بۆ دەکرد.

پرسیار:

ئەبوحەنیفە بەرەچەڵەک سەر بە چ نەتەوەیەک بوو؟

 باوکى ئەبوحەنیفە سەرقاڵی چی بوو؟

یەکەم فەرموودە ئەبوحەنیفە لەهاوەڵانى پێغەمبەری خواى () بیست کامە بوو؟

 پەیوەندى نێوان ئەبوحەنیفەو حەمادى مامۆستاى چۆن بوو؟

بۆچی ئەبوحەنیفە کرایە بەندیخانە؟

ئەبوحەنیفە چۆن رێزی دایک و باوکى خۆی دەگرت؟


1231 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020