سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیمامى بوخاری

ئەم زاناو کەسایەتییەی ئێستا باسی دەکەین، یەکێکە لەدیارترین زانا گەورەو ئازیز و خۆشەویستەکان، گەورەترین زاناى بوارى فەرموودە کە بەدروستترین شێوە فەرموودەکانى پێغەمبەری خواى () نووسیوەتەوەو لەهەموو زاناکانى تر جوانتر فەرموودەکانى نووسیوەتەوە.

ئیمامى بوخاری ناوى (موحەممەدى کوڕی ئیسماعیل)ەو بەرەچەڵەک فارسە، باپیرە گەورەى فارسێکی ئاگرپەرست بوو ، هەر بەئاگرپەرستی مرد، بەڵام دواتر خواى گەورە ئیسلامى گەیاند بەو بنەماڵەیە، باوکى بوخاری یەکێک بوو لەپیاوە خواناس و زۆر ئیماندارەکان، هەروەها زانایەکی گەورە بوو ک فەرموودەى پێغەمبەری خواى () دەگێڕایەوە، هێندە پاک  و خواناس بوو نەیدەهێشت پاروویەک نانى حەرام بچێتە ماڵەکەیەوە، لەکاتى سەرەمەرگیدا وتى (تاکە درهەمێکیش پارەى حەرام نەهاتۆتە ماڵمەوە، تەنانەت ئەوەش حەرام نەبووبێت بەڵام گومانم هەبووبێت حەرامە نەمهێشتووە بێتە ماڵمەوە).

بەڵێ، لەمێژوودا فارسەکان زاناى زۆرو خواناسیان پێشکەش بەموسوڵمانان کردووە، بەتایبەت زانایانى بواری فەرموودەکانى پێغەمبەر() وەک ئیمامى ئیبن مەندە کەپێشتر باسمان کرد، ئەوەتا ئیمامى بوخاریش فارسەو گەورەترین زاناى بواری فەرموودەیە.

باوکی بوخاری چوو بۆ شارى بوخارا و لەوێ ژیا، هەر لەوێ لەساڵی دووسەد و نەوەد و چواری کۆچی و لە دواى نوێژی هەینی لەدایک بوو.

بوخاری هێشتا منداڵ بوو کە باوکى کۆچی دوایی کرد، باوکى سامانێکی زۆری دواى خۆی جێهێشت و ئەوە هۆکار بوو تابوخاری تووشی هەژارى نەبێت، ئیتر دایکی هەوڵیدا هەم بۆی ببێتە دایک و هەم ببێتە باوک، گرنگییەکی زۆری پێدا، جا بوخاری بەمنداڵی بینایی لەدەستدا، دایکی هێندە نزاى خێری بۆ کرد کە لەبەر نزاکانى دایکی، خواى گەورە بینایی بۆ گێڕایەوە.

بوخاری هەر لەسەرەتاوە خووی دایە بوارى فەرموودەو ژمارەیەکی زۆر فەرموودەى لەبەرکرد، هێشتا تەمەنى نەگەیشتبووە دە ساڵ کەژمارەیەکی زۆر فەرموودەی لەبەرکرد، دواى ئەوە دەچووە خزمەت زانایانى گەورەو لەخزمەتیاندا زانستیان وەرگرت، تەمەنى نەگەیشتبووە شانزە ساڵ کە چەندین کتێبی بەتەواوەتى لەبەرکردبوو.

بوخاری لەلایەن پەروەدگارەوە تواناى لەبەرکردنى پێبەخشرابوو، کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانى دەچوو بۆ وەرگرتنى فەرموودە، ئەوان دەیاننوسیەوە، بەڵام بوخاری یەکسەر لەبەری دەکرد، دواتر هاوڕێکانى وتیان خۆ تۆ هیچت نەنووسیوەتەوە، ئەویش وتى هەموویم لەبەرکردووە، کاتێک پرسیاریان لێکرد هەموو فەرموودەکانى بەدروستى دووبارە دەکردەوە و توانیبووی هەزاران فەرموودە لەبەربکات.

دواى تەمەنى شانزە ساڵی، ئیتر بوخاری بڕیاریدا لەپێناو وەرگرتنى زانستدا بچێتە دەرەوەی وڵاتى خۆی، سەرەتاش چوو بۆ حەج، هاودەم بەبوخاری ئەحمەدى براى و دایکیشی چوون بۆ حەج، بوخاری لەحەجەوە نەگەڕایەوەو لەوێ مایەوەو کەوتە وەرگرتنى زانست، هەر لەوێ چەند کتێبێکی نووسی و سەرەتاى کتێبە بەناوبانگەکەى دەست پێکرد کە ئەویش ناسراوە بە صەحیحی بوخاری، ئینجا لەوێوە چوو بۆ چەندین ناوچەی تری جیهانى ئیسلامى و فەرموودەکان پێغەمبەری خواى () کۆدەکردەوە، هەریەک لە وڵاتى عێراق و شام و میصر و ئێران و چەندین شوێنی تر گەڕا تا چی فەرموودە هەیە هەموویان کۆبکاتەوە.

ئیمامى بوخاری چەندین خوێندکاری هەبوون کەزانستی فێر دەکردن و فەرموودەى بۆ دەگێڕانەوە، لەوانەش پێشەوا و زانا گەورەکانى بوارى فەرموودە (ئیمامى ترمزی، ئیمامى نەسائی، ئیمامى موسلیم).

جارێک ژمارەیەکی زۆری زانایانى فەرموودە لەشارى سەمەرقەند کۆبوونەوەو ویستیان تاقیکردنەوەیەک بکەن بەبوخاری، هاتن ژمارەیەکی زۆر فەرموودەیان هێناو تێکەڵیان کردن تابزانن بوخارى دەتوانێت هەڵەکان راست بکاتەوە؟ بوخاری توانى هەموو فەرموودەکان وەک خۆی بنووسێتەوەو تێکەڵکردنەکە راست بکاتەوە.

جارێکی تر لەبەغداد زانایان کۆبوونەوە تا بوخاری تاقیبکەنەوەو سەد فەرموودەیان هێناو تەواو تێکەڵیان کرد، بوخاری توانى سەرکەوتووانە هەموویان جیا بکاتەوەو بەجوانى فەرموودەکان بنووسێتەوە.

بوخاری بەشێکی زۆری ژیانى خۆی دانابوو بۆ خوێندنەوەی قورئان و رامان لەئایەتە پیرۆزەکانى، بەتایبەت دواى نوێژی بەیانیان دەستی دەکرد بەقورئان خوێندنەوە.

دواجار بوخاری بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ بوخارا، کاتێک خەڵکی هەواڵیان بیست ئیمامى بوخاری دەگەڕێتەوە، هەموو کۆبوونەوەو چوون بۆ پێشوازى لێکردنى، ئاهەنگێکی گەورەیان بۆ گێڕاو لەمزگەوت کۆبوونەوە تا گوێی بۆ بگرن، ئەویش ماوەیەکی زۆر فەرموودەى بۆ دەگێڕانەوە.

پاش ماوەیەک لەسەر داواى خەڵکی سەمەرقەند کەوتەڕێ بۆ ئەو شارە، بەڵام لە نیوەی رێدا نەخۆش کەوت، ماوەیەک لەوێ مایەوەو دواتر کەویستی بچێت بۆ سەمەرقەند، هەستایەوە سەرپێ و چەند هەنگاوێک رۆشت، نەیتوانى بگاتە لاى ئەسپەکەى، هاوەڵەکانى دایاننیشاند، ئیمامى بوخاری هەندێک نزاى کرد، لەجێگەدا کەوت و عارەقێکی زۆری دەکرد، دواجار لەکاتى نوێژی عیشادا کۆچی دوایی کرد، تەمەنیشی شەست و دوو ساڵ بوو، تەرمەکەیان هێشتەوە تابەیانى و هەتا دواى نوێژی نیوەڕۆ ئینجا ئەسپەردەیان کرد.

پرسیار:

 

ئیمامى بوخاری سەر بە چ نەتەوەیەک بوو و لە کوێ لەدایک بوو؟

 باوکى بوخاری لە سەرەمەرگیدا چی وت؟

ژیانى منداڵی بوخاری چۆن بوو؟

 باسی تاقیکردنەوەکانى بوخاری بکە.

 بوخاری تا چەند گرنگیدەدا بەقورئانی پیرۆز؟


1069 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020