سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیمامى غەزالى

یەکێک لەپێشەواو زانا گەورەکانى موسوڵمانان ئیمامى غەزالى بوو، ئەو پیاوە خواناسەی کەتوانى هەم بەرپەرچی گومڕایی و نەزانى فەیلەسوفەکانى خۆرئاوا بداتەوەو هەم بەشێک لەهەڵەو لادانى موسوڵمانان راست بکاتەوە، بۆیە زۆر گرنگە منداڵ  و گەنجى موسوڵمان  بەچاکى ئەو پیاوە زانایە بناسن.

ئیمامى غەزالى ناوى موحەممەد بوو، باوکیشی هەر ناوى موحەممەد بوو، موحەممەدى باوکى سەرقاڵی ئیش و کار بوو، غەزالى برایەکیشی هەبوو بەناوى ئەحمەد.

ئیمامى غەزالى لە ساڵی 450 ى کۆچی لە شارێک بەناوى شارى تووس لەدایک بوو، ئەو شارەش دەکەوێتە ئێرانەوە، ئەمڕۆ بەو شارە دەوترێت مەشهەد.

کاتێک باوکى غەزالى لە مردن نزیک بووەوە، وەسیەتى بۆ یەکێک لە زاناکان کردو تکاى لێکرد ئاگاى لەهەریەک لەغەزالى و ئەحمەدى براى بێت و زانستێکی چاکیان فێر بکات، هەرچی سامانێکیشی جێهێشتووە لەورێیەدا بۆیان خەرج بکات، دواى ئەوە باوکیان وەفاتى کرد، ئیتر ئەو زانایە کەوتە پەروەردەو فێرکردنى غەزالى و ئەحمەدى براى، زۆری نەخایاند ئەو پارەو سامانەى باوکیان تەواو بوو، زانا صۆفیە موسوڵمانەکەش تواناى نەبوو خەرجى ئەو دوو منداڵە بکێشێت، بۆیە رۆژێک هەردووکیانى بانگ کردو وتى رۆڵە شیرینەکانم تائێستا لەپارەو سامانى باوکتان خەرجیم دەکێشان، ئێستا وا پارەکەى تەواو بووە، جامنیش کەسێکی هەژارم و هیچ سامانێکم نییە تابتوانم خەرجیتان بکێشم، بۆیە پێم باشە هەردووکتان بچنە قوتابخانەیەک و لەوێ وانە بخوێنن، لەوێ هەم نان و خواردن و جل  و بەرگتان دابین دەکەن و هەم زانیستیشتان فێر دەکەن.

پرسیار: ئەو جۆرە قوتابخانانە کەى هەبوون؟

وەڵام: لەو سەردەمەدا دەسەڵاتى موسوڵمانان قوتابخانەى دروست کردبوو تامنداڵان و گەنجان تیایدا وانە بخوێنن، هەروەها بۆئەوەى بێخەمبن و بتوانن جوان زانست وەربگرن هەموو خەرجییەکى قوتابیانى دەگرتە ئەستۆی خۆی، ئەوەش سەروەرییەکی موسوڵمانان بوو کەهێندە گرنگییان دەدا بەزانست.

غەزالى و ئەحمەدى براى قسەی مامۆستاکەیان وەرگرت و چوون بۆ قوتابخانەیەک و هەر لەسەرەتاوە لەشارەکەى خۆیان زانستیان وەرگرت، دواتر غەزالى بۆ وەرگرتنى زانستی زیاتر چوو بۆ شاری جورجان و لەوێیش زانستی وەرگرت.

پرسیار: ئایا غەزالى لەو سەفەرەیدا تووشی ناڕەحەتى بوو؟

وەلآم: غەزالى لەو سەفەرەیدا ناڕەحەتییەکى هاتە ڕێ، ئەوەبوو لەنیوەی رێدا ژمارەیەک چەتەو رێگر هاتنە بەردەمیان و هەرچییان پێبوو لێیان سەندن، غەزالى وازى نەهێناو کەوتە شوێن چەتەکان و دەیوت هەر دەبێت شتەکانم پێبدەنەوە، یەکێک لەوانیش دەیوت بگەڕێرەوە با نەتکوژم، غەزالى وتى لەبەر خاترى خوا ئەو شتانەم بدەرەوە، چەتەکە وتى ئەو شتانەت چین هێندە لات گرنگن؟ ئەویش وتى چەند کتێبێکن، چەندین شار و شوێنم کردووە تا ئەو زانستەم کۆکردووەتەوە، کابرا پێکەنى و وتى جا ئەوە چ جۆرە زانستێکە ئێمە بتوانین بەئاسانى لێت بدزین و تۆیش نەتوانیت لاى خۆت بیهێڵیتەوە، دواتر فەرمانى کرد کتێبەکانیان پێدایەوە.

ئەم رووداوە بوو بەوانەیەکی گەورە بۆ غەزالى، ئیتر هەر زانستێکی وەربگرتایەو بینووسیایە، هێندە جوان دەیخوێندەوە کە ئەگەر کتێبەکەى بفەوتایە یان بدزرایە هەر زانستەکەى لەبیر دەماو پەکی نەدەکەوت، دەى دەبێت ئێمەش وەک ئیمامى غەزالى لەم بەسەرهاتەوە پەند وەربگرین و بەجۆرێک زانیاری وەربگرین و لێی تێبگەین کە ئەگەریش کتێبەکەمان لەدەست چوو هەر زانستەکە لەبیرو هۆشماندا بمێنێتەوە.

دواجار ئیمامى غەزالى چووە خزمەتى یەکێک لەزانا گەورەکانى موسوڵمانان بەناوى ئیمامى جوەینی، لەخزمەتییدا زانستی وەردەگرت و هاوکات وانەشی دەوتەوە بەخوێندکارەکانى خۆی تا ئەوکاتەى ئیمامى جوەینی وەفاتى کرد، ئیتر دواى ئەوە غەزالى چوو بۆلاى سەرکردەیەکی زانا و هەڵکەوتەى موسوڵمانان کەوەزیر نیزامولمولک بوو، ئەم سەرکردەیە زۆر رێزی زانایانى دەگرت و خزمەتى دەکردن و خوێندنگەى زۆری دەکردەوە تازانست لەناو موسوڵماناندا بلآوبکرێتەوە.

غەزالى لەوێ چاوى کەوت بەسەدان زاناى تر و رۆژانە لەسەر مەسەلە گرنگەکان گفتگۆیان دەکرد و ئاڵوگۆڕی زانیارییان دەکرد، دواتر لەخوێندنگەى نیزامیە لەبەغداد کەوتە وانە وتنەوەو توانى خوێندکارێکی زۆر پێبگەیەنێت، لەکاتى وانەوتنەوەکانیدا نزیکەی چوارسەد زاناش دادەنیشتن و گوێیان لێدەگرت.

کاتێکیش دەچوویەوە بۆماڵەوە، سەرقاڵ دەبوو بەنووسینی کتێبەوەو چەندین کتێبی نووسی کە تا ئەمڕۆش نووسینەکانى ماونەتەوە، هاوکات نەیدەوت من زانستم زۆرەو ئیتر پێویست ناکات زانست وەربگرم، بەڵکو بەردەوام زانستی وەردەگرت، چ بەخوێندنەوەى کتێب، چ بەوەرگرتنى زانیاری زاناکانى دەوروبەری.

دواتر غەزالى ویستی ماوەیەک بەتەنیا بێت  و کەس نەیناسێت، بۆیە بەغدادى جێهێشت و چوو بۆ وڵاتى شام و لەوێ هەر جارەو لە شارێ دەمایەوە، ماوەیەکیش لەقودس مایەوە، لەو ماوەدا هەوڵیدەدا دەروونى خۆی پەروەردە بکات و خواناسی زیاد بکات و زۆربەى کاتى سەرقاڵی پەرستش بوو.

ماوەى دە ساڵ لەشام مایەوەو دواتر گەڕایەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونى خۆی کەشارى تووس بوو، ساڵێک لەوێ مایەوە، بەڵام زانایان زۆر تکایان لێکرد تا واز لەکەنارگرتن بهێنێت و زانست فێری خەڵک بکات، بۆیە ئەویش بڕیاریدا بچێت بۆ شاری نەیسابوور و لەوێ وانە بڵێتەوە.

بەڵام لەوێیش دڵی ئارامى نەگرت و گەڕایەوە بۆ شارەکەى خۆی و لەپاڵ ماڵی خۆیدا کەوتە وانە وتنەوەو قورئان خوێندن و خوێندنەوەو لەبەرکردنى فەرموودەکانى پێغەمبەر()  تا ئەو کاتەى وەفاتى کرد، تەنانەت ئەو کاتەى وەفاتى کرد کتێبی فەرموودەکانى پێغەمبەری خواى ()  بەدەستەوە بوو.

دواجار ئیمامى غەزالى لەرۆژی دووشەممەو لەساڵی 505ى کۆچیدا لەشارى لەدایکبوونەکەى خۆیدا وەفاتى کرد.

پرسیار:

ئیمامى غەزالى خەڵکی چ شارێک بوو؟

بۆچی غەزالى و ئەحمەد مامۆستاکەى خۆیان جێهێشت؟

نیزامولمولک کێ بوو؟

بۆچی غەزالى چوو بۆ شام؟

کاتێک ئیمامى غەزالى وەفاتى کرد سەرقاڵی چی بوو؟


1029 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020