سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

منداڵەکەم شەرمنە، چی بکەم؟

هەر لە سەرەتاکانی تەمەنەوە قۆناغەکانی دروستبوونی کەسایەتی منداڵ دەست پێدەکات، لەوانەیە هەندێک کێشەی تێدا دەربکەوێت کە ببێتە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ. ئەکرێ ئەم کێشانە لە سەرەتادا سادەبن بەڵام بەهۆی گرنگی پێنەدانی دایک و باوکەوە گەورە و ترسناک بن، لەو کێشانەش شەرمنی منداڵە.

زۆربەمان گوێبیستی ئەوە بووین کە زۆرجار دایکان گلەیی ئەوە دەکەن کە منداڵەکەیان لە ماڵەوە زۆر جموجوڵ کەر و چالاکە و زۆر قسە دەکات، بەڵام کاتێک دەچێتە دەرەوە لە جوڵە و قسە دەکەوێت و شەرم دەکات؛ یان لە کاتی بینینی کەسێکی نامۆدا خۆی دەشارێتەوە، یان لەکاتی سەردانیکردندا دەست دەکات بە  گریان و هاوار لە کاتێکدا لە ماڵ خۆیان زۆر ئارام و بێدەنگە. لەوە ترسناکتر ئەوەیە کە دایک و باوک گلەیی ئەوە دەکەن کە منداڵەکەیان لە قوتابخانە لە وانەکانی دوادەکەوێت بە بەراورد بە هاوڕێکانی یان شەرم دەکات لەوەی بەشداری وانەکان بکات  و وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە لە کاتێکدا کە بەجوانی وانەکانی خوێندووە و ئەرکەکەی لەبەر کردووە، ئەمە و چەندین نمونەی تری شەرمنی کە لەمنداڵدا دەردەکەون.

شەرمنی

شەرم، بارێکی دەروونیە کە توشی منداڵ دەبێت لە کاتی بەرکەوتنی بە کەسانی تر، کە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ هەست بە کەموکورتی و عەیبداری بکات، لەگەڵیشیدا هەست بە دڵەڕاوکێ و نائارامی بکات، ئەمەش لە جەستەیدا ڕەنگ دەداتەوە و نیشانەکانی دەردەکەون، وەک ڕەنگ سوڕهەڵگەڕان و هەناسەبڕکێ و لەرزین، وە چەند هەڵسوکەوتێکی تری وەک متمانە بە خۆنەبوون و لاوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تێکەڵ نەبوون بە خەڵکی، وە گەڕانەوە و پشت بەستن بە دایک و باوک بۆ سەرەتایترین و سادەترین شت، وە دورکەوتنەوە لە خەڵکی و تێکەڵ نەبوون بۆ ئەوەی  بە دور بێت لە قسەی و سەرنجی خەڵکی.

کەی شەرمنی کێشەیە و پێویستی بە چارەسەرە؟

هەر ڕووداو پێشهاتێکی نوێ دەبێتە هۆی شڵيژان و شەرمنی لەلای منداڵ، تەنانەت ئەگەر متمانە بەخۆبونێکی بەهێزیشی هەبێت، منداڵ بە گشتی لە تەمەنی 18 مانگی تاکو 3 ساڵی  هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ دەکات لە کاتی بینینی کەسێکی نوێ و نامۆدا، شەرمنی هەتاکو تەمەنی 3 ساڵی ئاساییە، بەڵام ئەگەر  لەوە زیاتر تێپەڕی کرد ئەوە کێشەیە و پێویست دەکات چارەسەر بکرێت.

وە بەردەوام بوونی شەرمنی کێشە بۆ منداڵەکە دروست دەکات لە کاتی قوتابخانە و خوێندندا و وە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زیاتریش بەردەوام بێت کاریگەری دەکاتە سەر تواناکانی لە خوێندن دوادەکەوێت و سەرکەوتنی کەم دەکاتەوە، وە توانای فێربوون و  یاریکردنی کەم دەکاتەوە.

بێگومان شەرمنی جیاوازە لەو شەرم حەیایەی، ئەوەی کە پێغەرمبەری ئازیزمان درودی خوای لەسەربێت ئاماژەی پێکردووە کە پابەندی بین  لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خودا و دورکەوتنەوە لە سەرپێچی، وەک دەفەرمێت (ئەگەر شەرمت نەما چیت دەوێت لەکاری بەد رەشتی دەیکەیت).

بۆچی منداڵ شەرمن دەبێت؟

بە گشتی دوو هۆکاری سەرەکی هەن کە وادەکەن منداڵ توشی شەرمنی ببێت.

هۆکاری بۆماوەیی

 ئەکرێ منداڵ لە جینەکانیدا هەڵگری تایبەتمەندی دایک و باوکی بێت، ئەو منداڵەی کە لە جینەکانیدا شەرمنی لە باوانەوە بۆ ماوەتەوە، ئەگەری توشبوونی بە شەرمنی زۆر زیاترە لەو منداڵەی کە جینەکانی هەڵگری ئەو حاڵەتە نین.

شێوازی ڕەفتار و پەروەردەکردن

شڵەژان و پەشۆکاوی دایک لەکاتی دوگیانبووندا، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە شەرمن بێت.

تووندبوون و لێپێچینەوەی زیاد لە پێویست، گوێ پێنەدان و ئیهمال کردنی زیاد لە پێویست، جێگیر نەبوون لەسەر پەروەردە.

گاڵتەپێکردنی لەبەرچاوی خەڵکی، کە ئەمەش وادەکات متمانە بە خۆبوون لەدەست بدات و توشێ ترس و دڵەڕاوکێ ببێت و نەوێرێت هیچ کارێک ئەنجام بدات، وە توشی کێشە دەبێت لە قسەکردندا.

زیادەڕەوی دایک و باوک لە گرنگی پێدانی و گرتنە ئەستۆی هەموو ئەرکەکانی وەک خواردن و جلو بەرگ لەبەرکردن و شۆردن، وە ڕێگەنەدان بەوەی تێکەڵی هاوڕێکانی ببێت بە بیانووی ئەوەی نەوەک زیانی پێ بگەیەنن.

ژیان لە شوێنێکی دور لە خەڵکی و تێکەڵ نەبوونی بە خەڵک.

لاساییکردنەوەی کەسێکی تر، بۆ نموونە لە ماڵەوە کەسێکی تر هەبێت شەرمن بێت وەک دایک یان باوک و خوشک و برا، منداڵەکەش چاو لەوان بکات.

چۆن چارەسەری شەرمنی بکەین؟

بێگومان بۆ چارەسەری هەر کێشەیەک دەبێت سەرەتا هۆکارەکەی بزانین، کە هۆکارەکەیمان زانی و لامان برد و لێمان دورخستەوە، ئەوا نیوەی ڕێگاکەمان بڕیووە لە چارەسەری کێشەکەدا.

هەل دروستکردن بۆ منداڵ تاکو متمانە بەخۆبوونی تێدا دروست ببێت، وەک ڕاهێنانی لەسەر ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەدەستی خۆی بە گوێرەی تەمەنی ( خۆگۆڕین، خۆشۆرین، نانخواردن، پێڵاو لەپێکردن)

دورکەوتنەوە لە بەراوردکردنی بە منداڵانی تر لە هیچ ڕویەکەوە.

پاداشتکردنی منداڵ لە هەرکاتێكدا کە سەرکەوتوو دەبێت لە ئەرکێکدا.

نابێت منداڵ دوربخرێتەوە لەو شوێن و کاتانەی کە ئەکرێ منداڵ توشی شەرمنی ببێت، بەڵکو دەبێت ڕوبەروی ببێتەوە  وڕابهێنرێت لەسەری.

پێدان و خواردنی ئەو خواردنانەی کە دەبنە هۆی لابردنی دڵەڕاوکێ و پەستان، وەک ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمدندن بە ڤیتامین سی، ماسی، پەلەوەر، چەرەسات.


4867 جار بینراوە‌
11/09/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020