سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

چەند هەنگاوێک تا منداڵەکەت پشت بە خۆی ببەستێت

هەنگاوە فێرکاریەکانی پشت بەستن بە خود بە پێی تەمەنی منداڵەکەت

نوسینی: سالي أسامة
وەرگێڕانی : شەوبۆ ساڵح

دەتوانین بڵێین پشت بەستن بە کەسانی تر و ناڕێکی و بڵاوی لە کارەکاندا دوو ووشەی هاو واتای یەکن بۆ ماڵی منداڵدار، یاریەکان لە هەموو کوچەکانی ماڵەکەدا کەوتووە، هەموو ئەو کارانە دەکەیت کە منداڵەکەت پێویستی پێیەتی، چاودێری دەکەیت، ئاو و خواردنی بۆ ئامادە دەکەیت و پێی دەدەیت ، لە کۆتایی ڕۆژدا هەموو ئەو شتانە کۆدەکەیتەوە کە ئەو یاری پێ کردووە و بە ماڵەکەدا بڵاوی کردۆتەوە، دەتەوێت ئەم کارانە ڕێک بکەیتەوە و ڕزگارت بێت لەو هەموو ناڕێکی و بڵاوییە نا پێویستە ؟ بڕیار بدە !

پلانێکتان بۆ دادەنێین کە منداڵەکەت فێر بکەیت چۆن پشت بە خۆی ببەستێ ، تۆش دەتوانیت جێ بە جێی بکەیت !

لە تەمەنی پێش 1-2  ساڵ

بێگومان تووشی سەرسوڕمان دەبیت و دەڵێیت چۆن کۆرپەکەم دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت، بەپێی ئەو ئەزمونەی کە کردوومە هەروەها ئەو لێکۆڵینەوانەی کە شارەزایانی بواری پەروەردەی منداڵ کردوویانە، کۆرپە لەساتی لەدایک بوونیەوە ئەم توانایەی هەیە، دەگری بۆئەوەی دایکی بێت ولە ئامێزی بگرێت، بۆیە هەمیشە لە ڕێگەی گریانەوە بانگی دایکی دەکات تاکو داواکاریەکانی بۆ جێ بە جێ بکات، گەر بە ووردی چاودێری جووڵەی کۆرپەکەت بکەی تێدەگەی کە هەرجارێک كە بانگت دەکات پێویستی بە چییە.

یەکەمین هەنگاو بۆ دەستپێکی پشت بەستن بە خۆی نوستنیەتی لەسەر پێخەفی تایبەتی خۆی و لە ژووری جیا لە دایک و باوک (مەرج نیە لە شەودا بێت) ، ئەو ژینگەیەی کە منداڵ بۆماوەیەکی درێژ تێیدا دەمێنێتەوە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر گەشە کردنی کەسێتی منداڵ بەتایبەتی پشت بەستن بە خودی خۆی.

جۆری کەل و پەلی یاری کردن لەم تەمەنەدا یەرمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێز کردنی ماسولکەی دەست و پەنچەکانی منداڵ تاکو هێواش هێواش بتوانێت شت هەڵبگرێت و دواتر یارمەتی خۆی بدات لە خواردنەوەی شلەمەنیەکاندا ( ئاو و شەربەت، .....هتد) لە تەمەنێکی بچوکدا، ڕادێت لەسەرئەوەی کە ئیتر لەکاتی تینویەتیدا بۆ ئاو نەگری بەڵکو خۆی هەوڵی هەڵگرتنی پەرداخە ئاوەکە بدات و هەڵیبگرێت و بیخواتەوە بەبێ یارمەتی کەسانی تر.

لە کۆتاییەکانی تەمەنی دوو ساڵیدا منداڵەکەت دەتوانێت قەسەب بەکاربهێنێت لەکاتی خواردنەوەی شەربەت یاخود هەرگیراوەیەکی سودبەخشی تر کە تۆ پێیدەدەیت.

کەوچکی پلاستیکی تایبەت بە منداڵی بۆ بکڕە و ماکەرۆنی بچوک، برنج، یاخود سەوزەواتی کوڵاوی بۆ دابنێ و ڕاخەرێکی تایبەتی بۆ دابخەو لێگەڕێ هەنگاوەکانی پشت بەستن بە خۆی زیاد بکات و ماسولکەی دەستو پەنجەکانی بەهێز ببێت، وە فێر ببێت کە چۆن بە تەنها نان بخوات.

لە تەمەنی 2.5 – 4 ساڵ

لێرەدا هەنگاوەکانی پشت بەستن بە خود لەبەردەم منداڵەکەتدا گەورەتر دەبن، هەندێ لە منداڵان پێویستیان بە ئاڕاستە کردن نیە، هەوڵی ڕێک کردنی پیخەفەکەی خۆی دەدات لە بەیانیاندا، بەڵام هەندێکی تریان پێویستیان بە ئاڕاستە کردن و یارمەتیدان هەیە.

سەرەتا.. منداڵەکەت فێر بکە کە پاک ڕاگرتنی ژوورەکەی لە ئەستۆی خۆیدایە، پێویستە دوای یاری کردن کەل و پەلی یاریەکانی کۆبکاتەوە، هەروەها داوای لێ بکە تاکو جلە پیسەکانی بخاتە ئەو شوێنەی کە دیاری کراوە تاکو بشۆرێن.

لەڕێگەی چەند یاریەکی ئاسانەوە منداڵەکەت فێربکە چۆن قۆپچە دەکرێتەوە و دادەخرێت ؟ وە چۆن قەیتان دادەخرێت؟ یەکەم جار هەوڵ بدە دەست و پەنجەکانی منداڵەکەت ئامادە بێت، دواتر لێگەڕێ با خۆی قۆپچەی کراسەکەی دابخات، وە دواتریش فێر دەبێت کە خۆی قەیتانی پێڵاوەکانی دابخات بەبێ یارمەتی.

لێرەدا منداڵەکەت فێر بوو کە چۆن خواردن و خواردنەوەی خۆی بخوات بە شێوەیەکی زۆر باش، یاری و جلەکانی ڕێک بخات، فێری بکە کە چۆی ددانەکانی بشوات بە بێ یارمەتیدان؟ وە دەستەکانی بشوات پێش وپاش نان خواردن. بیرت نەچێت پێویستە ئەو کەرەستانەی منداڵ نەکاری دەهێنێت تەندروست و سەلامەت بن تاکو لە کاتی بەکارهێنان و چوونە سەر دەست شۆر تووشی هیچ ڕووداوێک نەبن.

لەم کاتەدا منداڵەکەت ئامادەیە تا فێر بکرێت سەرئاو بەکار بهێنێت لە جیاتی دایبی، بەم شێوەیە تۆ بناغەیەکی باشت داناوە بۆ هەنگاوەکانی منداڵەکەت لە پشت بەستن بە خۆیدا، وە ئامادەیە بۆ کردنی کاری تر بە تەنهایی، وەک چونە قوتابخانە.

 


6863 جار بینراوە‌
22/09/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020