⦾ هەنجیر یەکێکە لە میوە وەرزییەکان و لە چەندین ناوچەی جیهاندا بوونی هەیە و بڵاوبووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی کیشوەری ئاسیا و ناوچەکانی دەوروپشتی دەریای سپی ناوەڕاست. ئەم جۆرە میوەیە لەلایەن مرۆڤەوە وەک سەرچاوەیەکی خۆراک لەسەرجەم تەمەنەکاندا سوودی لێ دەبینرێت. وە بەهۆی شیرینی وتامە خۆشەکەی و تایبەندمەندیە زۆرەکانیەوە لە چارەسەری چەندین نەخۆشیدا و ڕێگری کردن لە چەندانی تر سودی لێ دەبینرێت.
⦾ هەنجیر درەختێکی قەبارە مام ناوەندە و بەرزیەکەی دەگاتە ٣ بۆ ٩ مەتر. لەهەندێ کاتدا (لەهەندێ کەشوهەوای تایبەتدا)، هەنجیر توانای هەیە تاکو بەرزی ١٥ مەتر گەشە بکات.
⦾ هەنجیر گەڵایەکی گەورەی هەیە کە دابەشکراوە بۆ ٣ پل و بە ئاسانی دەناسرێتەوە.
⦾ ڕەگی هەنجیر دەکەوێتە نزیک ڕووی زەوی و بە نزیکەی ٣ هێندەی تاجەکەی فراوان دەبێت.
⦾ هەندێ جۆری هەنجیر وەکو ئەوانەی کە دەکەونە باشوری ئەفریقا، ڕەگێکی قوڵی بڕواپێنەکراویان هەیە بەجۆرێک قوڵترین ڕەگ کە تۆمار کرابێت زیاتر لە ١٢٠ مەتر قوڵە.
⦾ بەگشتی هەنجیرەکان لەسەر بنەمای جۆری گوڵ و ڕێگەی زۆربوونیان دابەش دەکرێن بەسەر چوار گروپدا.
⦾ جگە لەڕێگەی تۆوکردن، هەنجیرەکان لەڕێگەی قەڵەم کردنیشەوە زیاد دەبن کە بە بەراورد بە ڕێگەی تۆوکردن زۆر خێراترە.
⦾ هەنجیر دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکان کە تام و بۆنێکی خۆشیان پێ بەخشیووە. وە دەتوانرێ بە کاڵی یان بە وشکراوی بخورێت یاخود وەک بەشێک لە ژەمە خۆراکی شیرین و سوێر بخورێت.
⦾ هەنجیر چەندین سودی تەندروستی گرنگی هەیە.بەجۆرێک بەهۆی بوونی چەندین کانزاوە تێیدا بەتایبەت ئاسن سودێکی باشی هەیە بۆ بەهێزکردنی خوێن وڕێگرتن لە کەم خوێنی.
⦾ بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە کانزای کالسیۆم و مەگنسیۆم لە پێکهاتەکەیدا سودێکی باشی هەیە لە بەهێزکردنی ئێسقانەکان و گەشەی جەستەدا.
⦾ بەگشتی میوەی هەنجیر لەسەر چڵ و پۆپەکانی درەختەکە بەرهەم دێت. بەڵام هەندێ جۆری تایبەتی هەنجیر لە فلیپین بوونی هەیە کە توانای ئەوەی هەیە لە قەدەکەوە میوە بگرێت.
⦾ بەگشتی هەنجیرەکان دەتوانن ماوەی ٣٥ ساڵ زیندوو بمێننەوە.