سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

بێچووە فیلەکە - چیرۆک

نوسینی: فاطـمة خوجة
وەرگێڕانی: ئامانج حەسەن


هەبوو نەبوو، لە دارستانێکدا دایکە فیلێک هەبوو، دوای ئەوەی ٢٢ مانگی تەواو دایکە فیل دوو گیانبوو، لە کۆتایدا فیلێکی بچکۆلانەی بوو.

تەواوی فیلەکان بەوپەری دڵخۆشیەوە پێشوازیان لێکرد، دایکە فیل زۆر دڵخۆشبوو بە بێچوەکەی، بۆیە خزمەتێکی بێ ئەندازەی دەکرد و کام گەڵایە تازە و جوان بوایە ئەوەی دەرخوارد دەدا بەبێ ئەوەی ھەست بە ماندوبوون بکات، وە کاتێک گەرما بھاتایە لاشەی بە قور سواغدەدا، تا ئەوەی بیپارێزێت لە گەرماو تیشکی خۆر، وە کاتێک کە شەو دادەھات، دەیبردە لای خۆیەوە تا ئەوەی سەرمای نەبێت و بۆئەوەی بەوپەری ھێمنی و خۆشبەختانە بخەوێت .

رۆژێکیان فیلە بچوکەکە حەزیکرد بچێت بۆ یاریکردن لەگەڵ ھاورێکانی ، دایکی ماچی کرد و زۆری پێخۆشبوو کەمێک بچێتە دەر،بەڵام فیلە بچوکەکە زۆر بەخێرایی گەرایەوە و تەواو دڵتەنگ بوو،

دایکی لێی پرسی ئەوە بۆ وا خێرا گەرایتەوە؟

ئەویش وڵامی دایەوە و وتی: هیچ کام لە فیلەکان بە خێرهاتنیتان نەکردم.

دایکی لە ئامێزی گرت و زۆر دڵتەنگ بوو بەوەی دەیبینێت زۆر غەمبارە، بۆیە پێی وت :

دەی ئەوان چۆن بەخێرھاتنت دەکەن و ئەھێڵن یاریان لەگەڵدا بکەیت، چونکە تۆ نە سەلامت لێکردون و نە داوای یاریت کردووە .

پاشان ڕوی تێکرد و وتی: ھەرگیز چاوت لەوەنەبێت کە خەڵک سەلامت لێبکات، بەڵکوو تۆ دەستپێشخەربە بۆ سەلامکردن. دەی دەی ھەرئێستا دەستپێبکە .

فیلە بچوکەکە رۆشیت و پاش گەرانەوە زۆر دڵخۆش دیاربوو ئینجا بە دایکی وت :

ھاورێ فیلەکانم زۆر بە گەرمی وەڵامی سەڵامەکەیان دامەوە و  پێشوازیان لێکردم و داوایانلێکردم یاریان لەگەڵ بکەم .

بۆ رۆژی دواتر فیلە بچوکەکە بەلای فیلێکی پیری گەورەدا رۆیشت: فیلە پیرەکە نە سەلامی لێکرد وە نە زەردەخەنەیەکیشی بەدەمیەوە کرد .

کاتێک ڕووداوەکەی بۆ دایکی گێرایەوە دایکی پێکەنی و وتی :

 رۆڵە جوانەکەم، تۆ بچوکیت ئایا تۆ سەلامت لەو کرد کە لە تۆ گەورەتر و بەتەمەنترە؟ وە تۆ رێبواربویت و بەڕێگادا ڕۆشتوویت، ئایا سەلامت لێکرد کاتێک ئەو دانیشتبوو؟

بەدڵنیاییەوە سەلامت لێبکردایە ھەم وەڵامی دەدایتەوە ھەمیش زەردەخەنەی بۆ دەکردیت .

بێچوە فیلەکە سەری بەرزکردەوە و سەیری چاوە جوانەکانی دایکی کرد و پێی وت :

لەمرۆ بەدواوە سەلام لە ھەموو کەس دەکەم بیناسم یان نەیناسم، چونکە بەسەلامکردن دەبمە خۆشەویستی ھەموان، وە ھەر بەسەلامکردن ھاورێیەتی دروست دەبێت .

ئەوەی لەم چیرۆکەوە بۆمان دەردەکەوێت و فێری دەبین ئەوەیە سەلامکردن ھۆکارێکی گرنگی بەدەستھێنانی هاوڕێیەتی و دڵی دەوروبەرە، بۆیە سەلام لەناوخۆتاندا بەرپا بکەن، ھەم خوا لەخۆتان رازی دەکەن ھەمیش بەھەشتی بەرین بەدەست دەھێنن .


5665 جار بینراوە‌
24/08/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020