سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

17 شێواز بۆ خواردنی تەندروست

17 شێواز بۆ ڕاهاتنی منداڵەکەت لەسەر خواردنی تەندروست

 خواردن دان بە منداڵەکەت کارێکی قوڕس نیە ! لەوانەیە تا ئێستا ئەم ڕستەیەت لەهیچ دایکێک نەبیستبێ ! زۆربەی منداڵان ڕەخنەگرن بە نسبەت خواردنەوە ، ڕاهێنانی ئەوان بۆ خواردنی تەندروست کارێکی ئاسان نیە ! هەموو کەس ئاگاداری سوودی خۆراکە ماددەکانن وە ئاگاداری کێشەی تەندروستیانن ، بۆیە هەوڵدان بۆ ژیانێکی تەندروست پێویستیە .

خواردنی تەندروست یارمەتی گەشەی منداڵ دەدات ، بەدووری دەکات لەنەخۆشی و کۆنتڕۆڵی کێشی دەکات لە چوارچێوەی کێشێکی تەندرووست . هەروەها پێدانی زانیاری بەمنداڵ دەربارەی خۆراکی تەندروست دەبێتە هۆی ئەوەی کاتێک کە گەورەش بوو ئەم عادەتە پەسندە هەر ڕەچاو بکات . بۆیە پێویستە بزانین کە چۆن منداڵەکانمان فێربکەین ڕایانبهێنین لەسەر خواردنی تەندروست . لەو کاتەدا منداڵەکەت بەچەند تاقیکردنەوەیەکی کاریگەردا تێدەپەڕێت کە یارمەتیان دەدات و دەبێتە هۆی ڕاهاتن لەسەر خواردنی تەندروست .

لە سەرەتادا دەبێ هەمان ئەو یاسایانەی بۆ منداڵەکانتان دایدەنێن خۆشتان پەیڕەوی بکەن. ئەگەر دەتەوێ ببیتە دایک و باوک یان ڕێنمونی کەر ( ڕاهێنەر ) ی منداڵ بۆ ئەوەی منداڵ ڕابێنی لەسەر خواردنی تەندرووست کەواتە خۆشتان دەبێ پەیڕەوی خواردنی تەندروست بکەن . منداڵەکان لاسایی دایک و باوکیان دەکەنەوە لە خواردندا ، بە تایبەت ئەگەر لەژێر چاودێری دایک و باوکیدا بێ یان لێیانەوە نزیک بێ . بۆیە ئەگەر دەتانەوێ منداڵەکەتان خۆراکی تەندروستی هەبێ پێویستە خۆشتان خۆراکی تەندروستتان هەبێ .

هەندێک گۆڕانکاری بکە لە خۆراکی تەندروستتدا. پێویست ناکا خواردنی هەموو خۆراکە نا تەندرووستەکان وەکو خواردنە خێراکانی لێ قەدەغە بکەی ! هەموو کەسێک حەزی لە خواردنە خێراکان و هەندێک لە خواردنە نا تەندروستەکانە ، کەمە کەمە و بە دەگمەن خواردنی ڕەخنەی لەسەر نیە ، پێویست ناکا هەمیشە لەوانەی بە دور بگریت .

نانی بەیانیان گرنگترین ژەمی ڕۆژانەیە. لە یادت بێ ! بەدڵنیاییەوە ئەوە فێری منداڵەکەت بکە ، منداڵان چالاکن و هەر لەسەرەتای ڕۆژەوە پێویستیان بە وزە هەیە . هەر بۆیە خواردنی یەکەمین ژەم زۆر پێویستە ، منداڵ دەبێ ڕابێ بە نانی بەیانیانی بەهێز و تەندرووست .

زۆر لە دایک و باوکان ڕێگە لە ڕەخنەی منداڵەکانیان دەگرن لەسەر خواردنەکان و لێیان دەدەن! ئەگەرچی لەوانەیە ڕاست بکەن ! بەڵام پێویست ناکات منداڵەکەت دووبارە ئەوە ببیستێتەوە کاتێک تۆ ئەو بە بەدخۆراک دەناسێنی و بۆ ئەوانی دیکە باسی دەکەی ، زیاتر و زیاتر وای لێدەکەی ڕەخنەگر و بەدخۆراکتر بێ بۆ نمونە : کاتێک تۆ بەوانی تر دەڵێی کە ڕقی لە سەوزەیە ، لە ڕاستیدا تۆ بابەتەکە دڵنیا دەکەیتەوە ، منداڵ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو قسەیە دەکات و کاری پێدەکات .

شێوەکان و ڕەنگەکان سەرنجی منداڵ ڕادەکێشن. سوود لەو بابەتە وەربگرە کاتێک خواردنێکی تەندرووست ئامادە دەکەی سەوزەواتەکان بەشێوەیەکی سەیر و سەمەرە و سەرسووڕهێنەر لەسەر قاپەکان بڕازێنەرەوە . سوود لە ڕەنگە خۆراکیەکان وەربگرە و بەو شێوەیە جوانکاری بۆ خواردنەکان بکە کە منداڵەکەت حەزی بۆی بچێ .

ڕەچاوی ڕێژەی گونجاوی فایبەر ( ڕیشاڵ ) بکە لە خۆراکی منداڵ ، زۆر لە منداڵەکان کێشەی قەبزی و کێشەکانی تری ڕیخۆڵەکانیان هەیە. بە بەکارهێنانی میوەکان وەکو مۆز  ، پڕتەقاڵ  ، توودڕک و سەوزەکانی وەکو گێزەر  ، چەوەندەر  ، کەلەرم ، بڕوکلی و لۆبیا پێش بەو نەخۆشیانە بگرە. جۆ کۆگەیەکی باشە بۆ ڕیشاڵ لە هەمان کاتدا خۆراکێکی زۆر ناوازەی تەندرووست و بەهێزکەرە.

لە قۆناغەکانی خواردن ئامادەکردندا با منداڵەکانت لەلات بن ، یارمەتی منداڵەکان بدەن بۆ ئەوەی بزانن چی دەخۆن و چی لەناو خواردنەکە هەیە. داوایان لێ بکەن بێن بۆ چێشتخانە و قۆناغەکانی خواردن ئامادەکردن ببینن ، هەروەها ڕێگەیان بدەن وەکو هاوکارێک لەگەڵ ئێوە بەشداری خواردن ئامادەکردن بکەن . خواردن ئامادەکردن لەگەڵ منداڵ وای لێدەکات حەزی زیاتری لە خواردنەکە بێ ، چونکە دەزانن بۆ ئامادەکردنی ئەو خواردنەی کە دەیخۆن هەوڵی زۆریان داوە .

کاتی گونجاو بۆ ژەمەکانی خواردن دابنێ و هەوڵ بدە ئەم بەرنامەیە بە ڕیزبەندی و بە بەردەوامی جێبەجێ بکە. منداڵان دەبێ ئاگاداربن لە گرنگی کاتی نان خواردن و تاوەکو ڕابێن لەسەری بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر پێوەی پابەند بن .

منداڵ دەبێ ئاگاداری ئەو خواردنە و گرنگیەکەی بێت کە دەیخوات. دەربارەی گرنگی پڕۆتینەکان ، کاربۆهیدراتەکان ، چەوریەکان و خۆراکە ماددە سوود بەخشەکانی تر لەناو خواردندا گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکان بکەن .

لەکاتی نان خواردن منداڵ دەبێ لە پشتەوەی مێزی نان خواردنەکە دابنیشێ یاخود لەسەر سفرە. لەمڕۆدا زۆربەی منداڵەکان لەبەردەم تەلەفزیۆن یان لەکاتی ئەنجامدانی یاریە کۆمپیوتەریەکاندا خواردنەکەیان دەخۆن ! ئەمە شێوازێکی زۆر هەڵەی نان خواردنە کە نابێ لەمنداڵەکاندا بەرچاو بکەوێ ! چینی توێژەران دەڵێن : نان خواردن لەبەردەم تەلەفزیۆن لەوانەیە ببێتە هۆی قەڵەوی پێش وەخت ، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئەوەی دەخورێت مێشک چاودێری ناکات ! چونکە تەرکیزی زیاتری لەسەر تەلەفزیۆنەکە و یاریە کۆمپیوتەریەکان دەبێ .

چالاکیەکانی ڕۆژانە و وەرزشکردن لە بەرنامەی ڕۆژانەی منداڵەکەتدا دابنێ. ئەم کارە چێژێکی تەندرووستی پێ دەدات و یارمەتی گەشە و بەهێزبوونی منداڵ دەدات.

لانیکەم ژەمێک لە ڕۆژێکدا لەلای یەکتر نان بخۆن! زۆر لە دایکان و باوکان بەرنامەیەکی قەڕەباڵغیان هەیە ، هەر بۆیە نان خواردن پێکەوە لەهەموو ژەمەکاندا بۆیان قوڕسە . بەڵام لەم حاڵەتەدا دەبێ لانیکەم یەک ژەمی خواردن لەلای ئەندامەکانی تری خێزانەکە بیت .

لەکاتی شت کڕین دیقەتی نووسراوی سەر خۆراکەکان بدە و داوا لە منداڵەکانیش بکە دیقەتی نووسراوەکان بدەن. چاوپیاخشانی نووسینەکان کە لەسەر خواردنە پێچراوەکان هەیە یارمەتی خۆت و منداڵەکەیشت دەدات لەوەی بزانی کە چ پێکهاتەیەک لەناو خواردنەکەدا هەیە .

زانینی ئەوەی کە چی دەخۆی ؟ بۆتان سەرنج ڕاکێش دەبێت، بۆ نمونە / یەک قوتو گەنمەشامی بە نزیکەیی ۳٥۰ کالۆری هەیە ، زانینی ئەو زانیاریانە یارمەتی پاراستنی تەندرووستی تۆ و منداڵەکەت دەدات .

ئەگەر کاتی تەواوت هەیە چالاکیەکانی وەکو باخەوانی ئەنجام بدە وە داوا لە منداڵەکە بکە لەگەڵت بێ. منداڵەکان لە خواردنی ئەو میوە و سەوزانەی کە خۆیان لێیان دەکەنەوە چێژ دەبینن .

ساردکەرەوەکەتان پڕ بکە لە خواردنی تەندرووست هەموو جۆرە میوە و سەوزەیەک با لە ساردکەرەوەکەتدا هەبێ (دەتوانی کەم کەم و جۆراوجۆر بن!) تاوەکو منداڵەکەت پەنا نەبات بۆ خواردنی خۆراکە زیان بەخشەکان کە هیچ سوودێی خۆراکیان نیە ، وە لەکاتی برسیەتی حەز لەخواردنی تەندرووست و پڕ خۆراکە ماددە بکات .

سوود لە ترساندن و ڕەفتاری ڕەق مەبینە بۆ ئەوەی منداڵەکەت ناچار بکەی کە خواردنێک بخوات کە حەزی لێی نیە!

دەست بەردار مەبە! منداڵەکان دەتوانن خۆیان ئەو خواردنە هەڵبژێرن کە دەیخۆن. ئێوە دەبێ ئارام بن ، لە داهاتوودا سپاسی ئێوە دەکەن !


2596 جار بینراوە‌
20/07/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020