سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

شیردەرەکان

لە جیهاندا نزیکەی 5500 جۆر لە شیردەر هەن ، کە 90 جۆریان شیردەری ئاوین و لەناو ئاودا دەژین وەکو دۆلفین و نەهەنگەکان.

هەندێ جۆری نەهەنگ دەتوانن لەڕێی چەند جۆرە ئاوازێکی ئاڵۆزی تایبەتی خۆیانەوە پێکەوە قسە بکەن، هەمو نەهەنگەکانی یەک ناوچە بەهەمان ئاواز قسە دەکەن.

زۆربەی ئاژەڵە شیردەرەکان نزیکەی لە %70 بە شەودا چالاکن و بەڕۆژدا پشوودەدەن. زۆرێکیان هەستی بینین و بۆنکردن  و بیستنیان  زۆر بەهێزە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لەگەڵ شەودا بگونجێنن.

کەرکەدەنەکان زیاتر لە شەودا پێیان خۆشە بگەڕێن بەدوای خواردندا ، هەرچەندە بینینیان لاوازە بەڵام هەستی بۆنکردنیان زۆر بەهێزە ، بۆ دۆزینەوەی گیا و سەوزایی و ناسینەوەی ڕاوچییەکان هەستی بۆنکردن بەکاردەهێنن.  

لە وەرزی زاوزێ کردندا شیردەرەکان بە گشتی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە جەستە و هەڵسوکەوتیاندا ڕودەدات، جۆرێک لە مەیمون کە دەمووچاوی سور و شینە لەکاتی وەرزی زاوزێکردندا هێلە سوورەکانی دەموو چاوی گەش و ئاڵ دەبن و درەوشاوەتر دەردەکەون. جۆرێک لە مشکی ئوستڕالی  هەفتەیەک یان دوو هەفتە دوای جوت بونی لەگەل مێیەکەیدا ڕاستەوخۆ دەمرێت.

سەگەکان تەنها لە ڕێگەی قاچەکانیانەوە دەتوانن ئارەقی جەستەیان دەرکەن لەبەر ئەوە لەکاتی گەرمایی زۆردا گەرمای جەستەیان بە جۆرێک لە هەناسەدانی خێرا دەردەکەن.

لە جیهاندا 37 جۆری ڕێوی هەن یەکێک لەو جۆرانە رێوی ئەفریقییە کە دوو گوێی گەورە هاوشێوەی گوێی شەمشەمە کوێرەی هەیە کە سودیان هەیە بۆ فڕێدانی گەرمی جەستەیان لەکاتی گەرمادا، لە کا تێکدا ڕێوی جەمسەرەکان دوو گوێچکەی بچوکیان هەیە لەبەر ئەوەی کەمتر گەرمی جەستەیان دەرچێت.

هەندێ جۆری ڕێوی بەدەوری خۆیدا تەقلەلێدەدات و یاری لەگەڵ کلکی خۆی دەکات بۆ سەرنج ڕاکێشانی کەرکوێشکەکان کە نزیک بونەوە، پەلاماریان دەدات و دەیانگرێت.

کوالا ئاژەڵێکی ڕەسەنی کیشوەری ئوسترالیایە، لە %80 کاتی ڕۆژی بە خەوتن بەسەردەبات و زۆرترینی ئەو ئاوەی کە بۆ جەستەی پێویستە لە ڕێگەی شێی ناو گەڵای دارەکانەوە دەست دەکەوێت. 

بەهۆی ڕاوکردن و قڕکردنی دارستانەکانەوە پاندای گەورە ژمارەی کەمبوەتەوە بۆ کەمتر لە 1000 دانە لە جیهاندا کە هەموویان لە دارستانی پارێزراودان لە باشوری وڵاتی چین.

مێرووخۆرە هیچ ددانی نیە و دەمی هێندە بچوکە کە پەنجەیەکی پێدا ناچی وە هەروەها بۆ پاراستنی لوتە درێژە چەماوەکەی بۆ ئەوەی نەخشێت بە زەویدا، دەبێت لەسەر نوکی پێیەکانی پێشەوەی بڕوات بەڕێدا.  

هێڵی بۆری نەوت بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم گەشتی کۆچکردنی ساڵانەی ئاسکەکان.

ورچی جەمسەرەکان فەرووەکەی سپپە بەلام پێستی ژێر فەروەکەی ڕەشە. مێینەی ورچی جەمسەری لەکاتی درێژە کێشانی وەرزی زستاندا یان لەکاتی لەدایک بوونی بێچووی تازەدا دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە 8 مانگ بەبێ خواردن بمێنێتەوە ، لەو ماوەیەدا تەنها پشت بە چەوری ناو جەستەی خۆی دەبەستێت بۆ مانەوە لە ژیان.

ژیشکی ئەوروپی_ئاسیایی 5000 بۆ 7000 دانە دڕک بە پشت و لاتەنیشتەکانیەوە هەیە، کە هەریەکێکیان بە ماسولکەیەکی بەهێزەوە بەستراوە ، کە ئەم دڕکانە بەکاردێنێت بۆ بەرگری کردن لە خۆی کاتێک کە هێرشی دەکرێتەسەر.

فیلی ئاسیایی دووەم شیردەرەی سەر ڕووی زەوییە لە دوای مرۆڤەوە کە زۆرترین ساڵ دەژی کە دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە 70 ساڵ بژیت.

سەڕایی بونی دووشاخی گەورەی لول ، بەڵام بەرانی ئەمەریکی لە کاتی شەڕدا قاچەکانیان بەکاردێنن.

زەڕافەکان درێژترین ئاژەڵی سەرڕووی زەوین کە بەرزی نێرینەکەیان دەگاتە 6 مەتر.

زمانی زەڕافە درێژیەکەی نزیکەی 50 سم دەبێت کە بۆ گرتنی گەڵایی دارەکان بەکاری دێنێت ، بۆ کاتی ئاوخواردنەوەش دەبێت هەردوو قاچی پێشەوەی بەڕێژەیەکی زۆر بیانکاتەوە بۆ ئەوەی بگات بە ئاو (قاچەکانی پێشەوەی زەڕافە بەرزترن لە قاچەکانی دواوەی).


7187 جار بینراوە‌
31/08/2021

باڵندەکان

       

گەردەلول

       

تەندروستی

       

ڕوناکی

       

فڕین

       

وزە

       

زەوی

       

کات

       

سروشت

       

خواردن

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020