سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیبن مەندە

لە ئێران شارێکى جوان و رازاوە هەبوو، شارى باوەڕداران و زانایانى ئیسلام، شارێک بەردەوام زاناى پێدەگەیاند تا خزمەتى پەیامى خوا بکەن، ئەویش بریتی بوو لە ئەسفەهان.

نزیکەى هەزار ساڵ لەمەوبەر بنەماڵەیەک لەو شارەدا دەژیان کە ناسرابوون بەبنەماڵەى ئیبن مەندە، بنەماڵەیەک بوون زۆر باوەڕدار و زانا بوون، هەموویان تەمەن و ژیانى خۆیان بەزانستى فەرموودەوە لاى زانایان سەرف دەکرد، فەرموودەکانى پێغەمبەرى خوایان دەبیست و وەریان دەگرت و دەیاننوسیەوەو بەوانە بەخەڵکى تریان دەوتەوەو  راستیەکانیان تێدەگەیاندن.

یەکێک لە زاناکانى ئەو بنەماڵەیە ناوى (ئیسحاق) بوو، ئیسحاق برایەکیشی هەبوو کە زۆر زانا بوو و وانەى بەخەڵک دەوتەوە.

ئیسحاق زانای ناسراوى بوارى فەرموودە بوو، کە گەیشتە کاتى خۆی ژنى هێنا و خواى گەورەش پاش ماوەیەک منداڵێکى جوان و زیرەکى پێبەخشین.

پرسیار: ئەو منداڵە کەى لەدایک بوو؟

وەڵام: ئەو منداڵە لە ساڵی 310 کۆچی لەدایک بوو.


پرسیار: ئەو منداڵە ناوى چی بوو؟
وەڵام: ئەو منداڵە ناوى موحەممەد بوو، بەڵام لەبەرئەوەى دواتر زۆر زیرەک و زانا دەرچوو هەر بەناوى بنەماڵەکەیەوە ناسراوە و خەڵکى کە ناوى دەبەن پێی دەڵێن ئیبن مەندە.

دایک و باوکى هەر لەمنداڵییەوە کەوتنە نازکێشان و پەروەردەکردنى ئەم منداڵەیان، وەک چۆن دایکی شیری پێدەدا باوکیشی زانستی پێدەبەخشی، ئیتر بوو بەمنداڵێکى زیرەک و شارەزا.

ئیبن مەندە تەمەنى هەشت ساڵ بوو کە فەرموودەى لەباوکى وەرگرت و کەوتە گەڕانى ورد بەدواى زانستدا، ئیتر رۆژانە دەچوو لاى باوکى وانەى دەخوێند، دواتر دەچوو بۆ لاى مامیشی کە ئەویش زانایەکى گەورە بوو وانەى دەخوێند، دواتریش فەرموودەکانى بە لەبەرکردنەوە دەوتەوە تا لەبیری نەچنەوە.

لەبەرئەوەى باوکى زانایەکى ناسراو بوو بۆیە زۆربەى زاناکانى شارەکە تێکەڵییان دەکرد، ئەمە دەرفەتێکى باش بوو بۆ ئیبن مەندە تا ئەو زانایانە بناسێت و زانستیان لێوەربگرێت،
  هەر بۆیە باوکى داواى لەو زانایانە وانە بەکوڕەکەى بڵێنەوە، ئەوانیش رازى بوون.

ئیتر ئیبن مەندە رۆژانە دەچوو بۆ لاى ئەو زانایانەو فەرموودەى لەوان دەبیست و زانستى تریشی وەردەگرت، خوێندکارێکی زیرەک بوو، پێویستی نەدەکرد مامۆستاکانى بەزۆر وانەکانى پێبڵێن، بەڵکو بەخۆشحاڵییەوە رۆژانە خۆی ئامادە دەکرد و دەچوو وانەکانى دەخوێند، چونکە ئەویش ئاواتى ئەوە بوو ببێتە زانایەکى گەورە و خەڵکى فێری چاکەکارى بکات و کێشەى خەڵک چارەسەر بکات و منداڵان و گەنجانى دەورى خۆی پێبگەیەنێت.

دواى ماوەیەک کە زانستى چاکى لەمامۆستاکانى وەرگرت، ئیبن مەندە بڕیاریدا بچێتە دەرەوەى وڵاتى خۆی تا زانست لەوانیش وەربگرێت، کۆڵ و بارى بچووکى خۆی پێچایەوەو کەوتە ڕێ بۆ دەرەوەى وڵاتان، ئیتر هێندە گەڕا تا نزیکەى هەزارو حەوت سەد مامۆستاى بینی و لەخزمەتیاندا وانەى خوێند، لەو ماوەیەدا ئیبن مەندە بۆ وەرگرتنى زانست هەر یەک لەم شوێنانەى کرد:

(ئەسکەندەریە، تەرابلوس، بوخارا، بەغداد، بیت المقدس، بەیرووت، بیکەند، تننیس، حیمص، دیمەشق، صەیدا، تووس، غەززە، قولزوم، قیساریە، کوفە، مەرو، میصر، مەککە، نەیساپوور، هەمەدان).

ئیبن مەندە کە کاتى خۆی هات ژنى هێنا، ژنەکەشی ناوى ئەسما بوو، ئەویش ئافرەتێکى خواناس و شارەزا بوو، خواى گەورەش چوار منداڵی بەخشی بەو خێزانە، هەرچوار منداڵەکەشی زانا و کەسی هەڵکەوتە دەرچوون و شوێن پێی باوکى خۆیان گرتەبەر لەوەرگرتنى زانستدا، دواتر کە ئەوانیش منداڵیان بوو هەر وەک باوکیان کەوتنە پەروەردەکردنى منداڵەکانیان و هەموو منداڵەکانیان بۆ دوارۆژ بوون بەزاناى گەورە، واتە بنەماڵەکەیان هەموویان وا پەروەردە دەکران دەبوون بەزاناى گەورە و خواناس.

پرسیار: ناوى منداڵەکانى چی بوون؟

وەڵام: ناوى منداڵەکانى (عەبدورەحمان، عەبدولوەهاب، عوبەیدولآ، عەبدورەحیم)بوو.

ئیبن مەندە هێندە زانایەکى گەورە دەرچوو کە زاناکانى تر زۆر پێی سەرسام بوون، دەبینین ئیبراهیمی ئەسفەهانى کە مامۆستایەکى ئیبن مەندە بوو باسی ئیبن مەندەى دەکردو دەیوت (کەسی وەک ئیبن مەندەم نەدیوە).

هەروەها ئەبوو ئیسماعیلی ئەنصارى کە زانایەکى گەورە بوو سەبارەت بە ئیبن مەندە دەیوت (ئیبن مەندە گەورەى کەسانى سەردەمى خۆی بووە).

ئیبن مەندە هەمیشە موسوڵمانانى ئاگادار دەکردەوە لە هەڵەى خەڵکى گومڕا و نەزان و راستیەکانى روون دەکردەوە، ئەوانەى بە ئارەزووى خۆیان باسی ئیسلامیان دەکرد بەردەوام ئیبن مەندەوە وەلآمی دەدانەوەو هەڵە و پیلانە چەوتەکانیانى لەناو دەبرد.

ئیبن مەندە چەندین کتێبی نووسی سەبارەت بەئایینى ئیسلام و بۆ خزمەتکردنى موسوڵمانان، هەندێکیان روونکردنەوەى یەکخواپەرستییان تێدا بوو، هەندێکیان وەلآمى ناراستیەکانى خەڵکى گومڕایان تێدا بوو، یەکێک لەکتێبە دیارەکانیشی تایبەت بوو بەباسی ژیانى هاوەڵانى پێغەمبەر()، چونکە ئەو دەیزانى هاوەڵانى پێغەمبەر() گەورەترین کەسان و مامۆستا بوون کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئاینی ئیسلامیان گەیاندووە بەمرۆڤایەتیى، بۆیە دەیویست ژیانى هاوەڵان بەهەمووان بگەیەنێت.

پرسیار: ناوى کتێبەکەى ئیبن مەندە چی بوو کە لەسەر هاوەڵان نووسیبووی؟

وەڵام: ناوى ئەو کتێبەى نابوو (مەعریفەتو صەحابە) واتە ناسینی هاوەڵانى پێغەمبەر().

بەرەبەرە ئیبن مەندە پیر بوو تا کاتى ئەوە هات خواى گەورە بیگەڕێنێتەوە بۆ لاى خۆی، واتە ئیتر دەبوو دونیا جێبهێڵێت و بمرێت، ئەوەبوو لەتەمەنى 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

پەند و وانە

دەبێت هەمیشە بەدواى زانستدا بگەڕێین و هەوڵ بدەین مامۆستاى شارەزا پەیدا بکەین و داوایان لێبکەین تا زانستمان پێ ببەخشن تا ئێمەش ببینە زانا و خزمەتى خەڵکى بکەین.

لە ناو ئیسلامدا هەموو نەتەوەکان جێیان ئەبێتەوەو قبووڵ کراون، ئیتر لەخواترسان بەپێی رەنگ و نەتەوە نییە، بەڵکو ئەوەى بنەڕەتە لەئیسلامدا لەخوا ترسان و پەیڕەوى جوانتری پەیامى ئیسلامە، بۆیە هیچ کات ئیسلام جیاوازى ناکات لەنێوان کوردو عەرەب و تورک و فارس و ئینگلیز و هەر نەتەوەیەکى تردا، بەڵکو جیاوازیەکە لەسەر ئەوەیە کامیان کارى چاکە زیاتر بکات.

پێویستە زۆر خۆمان سەرقاڵ بکەین بە ژیانى هاوەڵانى پێغەمبەر() و پەند و وانە لە ژیانیان وەربگرین و باسیشی بکەین بۆ دەوروبەرمان.

دەبێتە هەر کەس هەڵەى کرد بەدڵسۆزى و ژیرانە هەڵەکەى بۆ راست بکەینەوە بەجۆرێک کە نەبێتە هۆکارى ئابڕوو بردنى، بەڵام ئەگەر هەر سوور بوو لەسەر هەڵەکەى دەبێت چواردەورمان ئاگادار بکەین لەهەڵەکەى تا پێی هەڵنەخەڵەتێن.

پرسیارەکان

ئیبن مەندە ناوى چی بوو؟ ئەى بۆچی پێی دەوترا ئیبن مەندە؟

ئیبن مەندە لەساڵی چەند لەدایک بوو؟ ئەى لە تەمەنى چەند ساڵیدا فەرمودەى وەرگرت؟

دەتوانیت ناوى چەند شوێنێک بڵێیت کە ئیبن مەندە چوو بۆیان تا زانست وەربگرێت؟

کتێبی (مەعریفەتوصەحابە)ى ئیبن مەندە باسی چی دەکرد؟

ئیبن مەندە لەتەمەنى چەند ساڵییدا کۆچی دوایی کرد؟

دەتوانیت ژیانى ئیبن مەندە بۆ یەکێک لە خۆشەویستەکانت باس بکەیت؟

گرنگترین شتێک لە ژیانى ئەم زانایە فێر بوویت چی بوو؟


1016 جار بینراوە‌
07/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020