سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

منداڵەکەم ئالوودەی ئامێرە زیرەکەکان بووە، چی بکەم؟

چارەسەری ئالوودە بوونی منداڵان بە ئامێرە زیرەکەکان

(مۆبایل - ئایپاد - یارییە ئەلیکترۆنیەکان)

لەم چەند ساڵەی کۆتایدا  لە نێو منداڵان و گەنجان و هەرزەکاراندا  ئالوودە بوون بە ئامێرە زیرەکەکان بووەتە شتێکی زۆر  بەربڵاو و بە نەخۆشییەکی ئەم دەمە دادەنرێت، زۆربەیان بەرنامە ئەلیکترۆنیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردێنن بۆ بنیاتنانی هاوڕێیەتی و بڵاوکردنەوەی ساتەکانی ژیانیان لەو تۆڕانەدا . جگە لەوەی یارییە ئەلکترۆنیەکانیش لە ڕێی موبایل و کۆمپیتەرەوە بووەتە بەشێک لە ژیانیان کە ناتوانن تەنها ڕۆژێکیش وازی لێبهێنن.

لەم بابەتەوە  هەوڵدەدەین چەند ڕێنماییەک بخەینە ڕوو بۆ چارەسەرکردن و سنوردارکردنی ئالوودە بوون بە ئامێرە ئەلکترۆنیەکان.

ئەگەر بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان بۆ شتی بەسوود بێت وەک جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانە یان ڤیدیۆ و بابەتی فێرکاری ئەوە شتێکی باش دەبێت، بەڵام نابێت ئەم بەکارهێنانە ببێتە خوو و بەرەو ئالوودە بوون بچێت، بۆ ئەم مەبەستەش پەروەردەکــار دەبێت ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بکات:

هۆشیارکردنەوەی منداڵان: پێویستە بە ڕوونی منداڵ لە سوود و زیانە مەترسیدارەکانی ئامێرە زیرەکەکــان هۆشیار بکەیتەوە و ڕێنمایی ئەوەیان بکەیت کە زۆر بەکارهێنانی ئامێرەکان یان بەکارهێنانیان بۆ شتی خراپ کارێکی مەترسیدارە، وە پێویستە چاودێر و هاوکاریان بیت لەو بەرنامانەی کە بەکاری دەهێنن و باشترین بەرنامەکانیان بۆ هەڵبژێریت و ڕێگە نەدەیت بەرنامەی زیان بەخش یان بێ سوود بەکاربهێنن.

پلانی بەکارهێنان: پێویستە کاتی بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان سنوردار بکەیت بەجۆرێک خشتەی ڕۆژانەی بۆ دابنێیت و بەپێی کاتی بەرنامە بۆدارێژراو منداڵ ئامێرەکان بەکاربهێنێت. بۆ نموونە پلانی ئەوەی بۆ دابنێیت نابێت لە هەندێ کاتدا ئامێرەکان بەکاربهێنیت وەک ( کاتی نان خواردن، کاتی میوانداری، کاتی کۆششکردن)، وە دەبێت ڕۆژانە کاتی بۆ دیاری بکەیت بەجۆرێک منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵ بەهیچ جۆرێک نابێت ئامێرەکان بەکاربهێنێت، منداڵی تەمەن دوو تا شەش ساڵ ڕۆژانە تەنها یەک کاتژمێر، منداڵی شەش تا دوانزە ساڵ ڕۆژانە تانها دوو کاتژمێر  ، بۆ تەمەنی سەروو دوانزدە ساڵیش ڕۆژانە تەنها سێ کاتژمێر، وە شارەزایانی بواری دەرووناسی دەڵین ئەو منداڵانای ڕۆژانە زیاتر لە شەش کاتژمێر ئامێرە زیرەکەکان بەکاردەهێنن ئەوا بە ئالوودە بوو ئەژمار دەکرێن. باشتر وایە هەوڵبدرێت منداڵ سەرقاڵ بکرێت بە چالاکییەکی ترەوە کە سوودی بۆ لایەنی جەستیەیی و دەروونی هەبێت و نەهێڵدرێت منداڵ بەتاڵ بێت وەک یارمەتی دایک و باوک لە ئیشەکانی ماڵەوە.

چاودێری بەکارهێنان: پێویستە دایک و باوک هۆشیار بن و دەربارەی ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان پڕ زانیاری بکەن، تاکو لە لایەن منداڵەوە فریوو نەدرێن چونکە منداڵ هەمیشە شارەزاییەکی باشی هەیە و هەوڵدەدات خۆی لە چاودێری دایک و باوکی بدزێتەوە و لە دەرەوەی چاودێری ئەواندا ئامێرەکان بەکاربهێنێت، بۆیە دەبێت دایک وباوک زۆر لە منداڵەکە وریاتر بن و بزانن منداڵەکەیان خەریکی چیە و بەچیەوە سەرقاڵە بۆ ئەم مەبەستەش چەندین بەرنامەی بەسسودی چاودێریکردن هەن کە لەڕێیەوە دەتوانن چاودێری ئامێری منداڵەکانیان بکەن.

سیاسەتی بەکارهێنان : پێویستە بۆ زیاتر کۆنترۆڵکردنی منداڵ لە بەکارهێنانی ئامێرەکان و هێڵی ئینتەرنێت، سیاسەتێک دابنێیت، بۆ نموونە؛ بەهیچ جۆرێک ڕێگەنەدەیت منداڵ لە کاتی خەوتن و ژوری تایبەتی خۆیدا ئامێرەکان بەکاربهێنیت، یاخود لە کاتژمێر 10 ی شەودا هێڵی ئینتەرنێت بکوژێنیتەوە و ڕێگەنەدەیت لەوکاتە بەدوواوە ئینتەرنێت بەکاربهێنرێت، یان دەکرێ هەفتانە ڕۆژێک دیاری بکرێت بۆ بەکارنەهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و هەمووان پێوەی پابەندبن. پێویستە سزادانیش هەبێت بۆ ئەو منداڵانەی کەپابەند نابن بەجۆرێک ئەگەر منداڵێک پابەندی یەکێک لە یاساکان نەبوو ئەوا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ئامێرەکەی لێ بسەندرێتەوە و لێی قەدەغە بکرێت.

دروستکردنی زۆنی بێ ئامێری زیرەک: دەتوانی هەندێک شوێن بکەیت بە زۆنی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئامێرەکان و منداڵ ڕابهێنیت لەو شوێنانەدا ئامێرەکان بەکارنەهێنێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە ئامێرەکان دەبنە هۆی تێکدانی بارودخ و ژینگەکەیان وەک شوێنەکانی خواردن و سەیرانی خێزان و کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی،  بۆ نموونە لەبەردەم ژوری نانخواردندا دەکرێ سندوقێک دابنێیت بەناوی سندوقی ئامادەبوون بوون، پێش ئەوەی هەرکەس بێتە ژورەوە مۆبایل و ئامیرە زیرەکەکەی لەوێ دابنێێت و وە تا کاتی تەواو بوونی خواردنەکە هیچ کەسێک بۆی نەبێت ئامێرەکەی بەکاربهێنیێت.

پێشەنگی تەندروست: ئەگەر دەتەوێت منداڵەکەت بپارێزیت لە کاریگەری و ئالوودە بوونی ئامێرە زیرەکەکان ، دەبێت خۆت پەروەردەکار و پێشەنگێکی تەندروست و نموونەیی بیت،  پێویستە ئەو یاسا و پلانانەی کە دەیچەسپێنیت بەسەر منداڵەکەتدا پێشەکی خۆت ڕەچاوی بکەیت و پێوەی پابەند بیت، چونکە ناکرێ بە منداڵەکەت بڵێی لەکاتی نانخواردن یان میوانیدا مۆبایل بەکارمەهێنە بەڵام خۆت لەو کاتانەدا بەکاری بهێنێت.


5236 جار بینراوە‌
14/11/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020