سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

7 هەڵەی دارایی دایک و باوک

هەڵەی یەکەم : ڕۆژانــەی بەردەوام

یەکێک لە هەڵەکانی دایک و باوک پێدانی پارەی رۆژانەی بەردەوامە بە منداڵ. کە ئەکرێ ببێتە هۆی ئەوەی منداڵ لە مێشکی خۆیدا وا بیر بکاتەوە پێدانی ئەو پارەیە بە بەردەوامی مافی خۆیەتی و دەبێت پێی بدرێت.

 گیرفانی سەربەخۆ شتێکی گرنگە بۆ منداڵ، کە لە ڕێیەوە دەکرێ بنەمای یەکەمی فێرکاری دارایی تێبگات، وە پاشەکەوت کردن، خەرجکردن و پلاندانانیشی بۆ ئاسان بکات. لورال لانژمیر کە یەکێکە لە شارەزایانی بواری دارایی دەڵێت:(هیچ کاتێک پارەی ڕۆژانەی بەردەوام و جێگیر مەدەن بە منداڵەکانتان.)

لانژمیر دەڵێت، یەکێک لە باشترین سەرمایەگوزارییەکان کە فێری منداڵەکانتانی بکەن ئەوەیە گرنگی و نرخی فێربوونی کاریان تێبگەینن.

بۆیە لەبری پێدانی پارەی رۆژانە یان هەفتانەی جێگیر، هەندێک راهێنان و چالاکیان بۆ پێشنیار بکەن کە تەرکیز دەکەنە سەر بنەمایەکی دارایی، وە باشتر وایە لە بەرامبەر ئەنجامدانیشدا پاداشتێکی دیاریکراو دابنێن و فێریان بکەن و تێیان بگەیەنن لە پاداشتی ئەو هەوڵەی کە دەیدەن پارە بەدەست ئەهێنن .

هەڵەی دووەم: گفتوگۆ نەکردن دەربارەی پارە

یەکێکی تر لە هەڵەکان ئەوەیە کە سەبارەت بە پارە و سودەکانی لەگەڵ منداڵەکانمان قسە نەکەین و زانیاری ئاڵوگۆڕ نەکەین. دایک و باوک سەرەکیترین سەرچاوەی زانیاریە داراییەکانی منداڵانن، بەڵام نزیکەی ٪74 یان سەبارەت بە بابەتە خێزانیەکانی تایبەت بە پارە لەگەڵ منداڵەکانیان بێ مەیلن و نادوێن.

کاتێک کە دایک و باوک سەبارەت بە بابەتە داراییەکان نیگەرانن بەڵام لەسەر ئەوە لەگەڵ منداڵەکانیان قسە ناکەن، وە منداڵەکانیش تەنها بێتاقەتی و دڵگرانی و ئەنجامدانی ڕەفتاری نەگونجاو لە باوانەوە دەبینن، لە ئەنجامدا منداڵەکان  لەبری ئەوەی دەربارەی بابەتە داراییەکان و بارودۆخە جیاوازەکانی باری ئابوری زانیاری دروستیان هەبێت لە بیر و هۆشیاندا ئەوە دەچەسپێت کە پارە هۆکاری (دڵگرانی) و (خراپ) یه .

هەڵەی سێیەم: کــارتە جادوویەکان

لێکۆلینەوەکان دەریانخستووە کاتێک کە سود لە کارتی بانکی وەردەگیرێت بەراود بە بەکارهێنانی پارەی نەقدی  ئەوا ٪30 زیاتر خەرج دەکرێت. چونکە کاتێک کارت بەکاردەهێنرێت ئەژمار نەکردن و گوێ نەدان بە پارە خەرجکراوەکە ئاسانترە.

کارتە بانکیەکان جگە لەوەی کە بودجەی ئێوە کەمدەکەنەوە بەڵکوو نمونەیەکی خراپیشن بۆ منداڵەکانتان. منداڵەکان تەنها کارتەکە دەبینن کە بەکاردێت کەلوپەلەکان تا بێت زیاتر دەبن کەئەمەش جادویەکی چێژبەخشە بۆیان .

پێویستە ئەوان فێربکرێن کە کاتێک شتێک ئەکڕین لە ڕاستیدا پارەیەک کە پاشەکەوتمان کردوە خەرج دەبێت. لەبری ئەوە بەکارهێنانی پارەی نەقدی وێنەیەکی دروستتر لە پارە خەرجکردنیان بۆ دروست ئەکات. یان کاتێک کە کارت بەکارئەهێنن بۆیان ڕون بکەنەوە کە لەم کارتەدا بڕە پارەیەکی دیاریکراو هەیە کە لەوانەیە تەواو ببێت . وە گرنگی بابەتە داراییەکان فێری منداڵەکان بکەن و سودی پاشەکەوتکردنی پارەیان بۆ ڕون بکەنەوە و نیشانیان بدەن .

هەڵەی چوارەم: پێشەنگی خراپ

چۆن ئەتوانین چاوەڕێ بین منداڵەکانمان فێری پاشەکەوت کردن ببن لە کاتێکدا خۆمان نایکەین؟ گرنگە کە نرخی پاشەکەوت کردنیان نیشان بدەین .

دەتوانن دەغیلەیەکی پاشەکەوت کردن بدەن بەوان و خۆشتان یەکێک لە ماڵەوە دابنێن و لەسەری بنوسن(بۆ گەشت)، وە هەر رۆژێک بڕێک پارە بخەنە ناویەوە. بەمجۆرە دەتوانن پێشەنگێکی باش بن بۆیان .

هەڵەی پێنجەم: بەڵێ کردنی بەردەوام

یەکێکی تر لە هەڵە گەورەکانی دایک و باوک ئەوەیە کە هەمووکات بۆ داواکاری منداڵەکانیان وەڵامی ئەرێنی دەدەنەوە. چەندین جار ڕویداوە کەسانێک قەرز و قیستیان لەسەر بووە، لە ژوری منداڵەکەشیان لە ڕادەبەدەر کەلوپەلی یاریکردن هەبووە. ئەم ڕەفتارە منداڵانێک گەورە دەکات کە لە ژیانیاندا ((نەخێر)) یان نەبیستووە و کاتێک کە گەورە دەبن شتەکانیان زۆر بە خێرایی و بەبێ هەوڵدان ئەوێت .

هەڵەی شەشەم: ڕێگەنەدان بە کەوتنیان

چەندین جار ڕوو دەدات کاتێک کە کێشەی داراییان بۆ پێش دێت یارمەتیان دەدەن، بێگومان هیچ کەسێک حەزناکات کەوتن و نەبونی ڕۆلەکەی ببینێت بەڵام بە پشتگیری نابەجێ و هەڵە دەرفەتی فێربونی سەربەخۆیی دارایییان لێ زەوت ئەکەن. دانی پارەی تەلەفۆنی شەخسی و قەرزی ئۆتۆمبێل، وە تەنانەت قیستی خانوەکەی خۆشیان بخەنە ئەستۆی خۆیان .

هەڵەی حەوتەم: قسە و ڕەفتاری ناپەسەند

منداڵەکان هەموو ڕۆژێک داوای پارە لە دایک و باوک دەکەن. دایک و باوکیش زۆر جار و لە هەندێک شوێندا کە منداڵەکەیان داوای کڕینی شتێک دەکەن، دەڵێن (پارەی پێویستم پێ نیە) یان (ناتوانم بۆت بکڕم گرانە). شێوازی قسەکردن و دەربڕینتان لەکاتی وتنی ئەم دەستەواژانەدا زۆر گرنگە .

هەبونی گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانە لەگەڵیان،وە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی بۆیان ناکڕن یارمەتیان دەدات لە ڕیزبەندی کردنی شتە گرنگەکان و کڕینیان تێبگەن، وە لە چۆنیەتی پارە خەرج کردن بیربکەنەوە و بیرۆکەی تایبەتیان هەبێت .

لە بری ئەوەی بڵێن (ناتوانین بیکڕین)، بڵێن (چی بکەین تا بتوانین بیکرین). ئەمە ئەبێتە هۆکاری ئەوەی بیر بکەنەوە لەوەی کە ئەو شتەی ئەیانەوێ چۆن بەدەستی بهێنن وە کەمتر هەستی بوون بە قوربانیان هەبێت .


7330 جار بینراوە‌
20/07/2020

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020