سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیمامی شافیعی

لە سەرزەمینی پان و بەریندا خاکێک هەبوو کە لانەى پێغەمبەران بوو، گۆڕی زۆربەى پێغەمبەران لەوێ بوو، یەکێک لە خۆشەویستترین مزگەوتەکانى موسوڵمانانى تێدابوو کە ئەویش مزگەوتى ئەقصا بوو، بەڵێ ئەو خاکە فەڵەستینە.

لەم خاکە خۆشەویستەدا کە قودسی تێدایەو ئێستا جوولەکەکان داگیریان کردووە، لەشارێکى جوانیدا زانایەکى گەورە لەدایک بوو کە ئەویش ئیمامى (شافیعی)یە.

ئیمامى (شافیعی) ناوى موحەممەدە، باوکیشی ناوى ئیدریسە، دایکیشی ناوى فاتیمە بوو، ئەم زانا خۆشەویستە عەرەبە وەک چۆن لەنەتەوەکانى تری موسوڵماندا زانا دەرکەوت وەک (ئیبن مەندە) کە فارس بوو، (ئیبن تەیمیە) کە کورد بوو، یەکێک لەزاناکانى عەرەبیش ئیمامى (شافیعی) بوو، کاتێک دەڵێن مەزهەبی شافیعی مەبەستیان بە شوێنکەوتنى راو بۆچونەکانى ئەم زانایەیە کە لەروانگەى ئیسلامەوە باسی کردوون.

شافیعی لە ساڵی 150 کۆچی لە غەززە لەدایک بوو، لە تەمەنى دوو ساڵیدا بوو کە دایکی بردوویەتى بۆ مەککە، ئیتر لەوێ گەورە بوو، پاشان لەتەمەنى حەوت ساڵییدا هەموو قورئانى پیرۆزى لەبەرکردووە، کە تەمەنى گەیشتووەتە دە ساڵ کتێبی (الموطأ)ى لەبەر کرد، کە ئیمامى مالیک نووسیویەتى، ئیتر بەردەوام سەرقاڵ بوو بە وانە خوێندن و زانست وەرگرتنەوە تا هێندە زانستی پەیدا کرد، کە بگاتە ئەو ئاستەى پێش ئەوەى  تەمەنى بگاتە بیست ساڵ مۆڵەتى پێبدرێت فەتوا بدات.

هەروەها ئیمامى شافیعی چوو بۆ شارى مەدینە تا لەوێ لەلاى ئیمامى مالیک زانست وەربگرێت، پاش ئەوەش هەر لەپێناو وەرگرتنى زانستدا رووی کردووەتە یەمەن، لەوێ ئیش وکاریشى دەکرد، دواى ئەوەش لەتەمەنى 34 ساڵیدا ئیمامى شافیعی دێت بۆ بەغداد کە ئەو کات پایتەختى دەوڵەتى ئیسلامى بوو و خەلیفەى موسوڵمانان لەبەغداد بوو، دواى ئەوەش جارێکى تر گەڕایەوە بۆ مەککەو نزیکەى نۆ ساڵ لەوێ مایەوە، لەو ماوەیەشدا خزمەتى گەورەى پێشکەش بەخەڵک دەکرد، لە ناو مزگەوتى کەعبەدا وانەى دەوتەوە بەموسوڵمانان، کێشەى خەڵکى چارەسەر دەکرد و سەرقاڵی کاروبارى موسوڵمانان دەبوو.

جارێکى تر ئیمامى شافیعی بریاریدا بچێت بۆ بەغداد، ئەوەبوو لەساڵی 195 کۆچییدا جارێکى تر چوو بۆ بەغداد، پاش ئەوەى لەوێ ماوەیەک مایەوەو خزمەتى موسوڵمانانى کرد بەو زانستە زۆرەى هەیبوو، وانەى بەخوێندکاران دەوتەوە، یەکێک لە خوێندکارەکانى بریتی بوو لە ئیمامى ئەحمەدى کوڕى حەنبەل، هەروەها بۆ چارەسەری کێشەى موسوڵمانان دەچوو بۆ لاى خەلیفە و کێشەکانى دەگەیاند، بەڵام خۆی هەرگیز رازى نەبوو پۆست و دەسەڵات وەربگرێت، ئینجا بڕیاری دا بچێت بۆ میصر، ئەوەبوو لەساڵی 199 کۆچیدا واتە دواى چوار ساڵ مانەوە لەبەغداد چوو بۆ میصر و لەوێ دەستى کرد بەوانە وتنەوەو بلآوکردنەوەى زانست لەناو خەڵکیدا، هەر لەوێ مایەوە تا ئەوەى لەدواى پێنج ساڵ مانەوە لەساڵی 204 کۆچی لەمیصر وەفاتى کرد، هەر لەوێش تەرمەکەى بەخاک سپێردرا.

ئیمامى شافیعی لە مەککە زۆر بە هەژارى دەژیا، ژیانی پڕ لەناڕەحەتى و برسێتى و نەبوونى بوو، بەڵام ئەوەى نەدەکرد بەگرفت بۆ ژیانى، بەڵکو بیری لاى ئەوە بوو بەردەوام بەدواى زانستدا بگەڕێت، ژیانى زۆربەى زانایانی ئیسلامیش وابووە کە بەهەژاریى ژیانیان بەسەر بردووە و زۆر گرنگییان بەماڵ و سامانى دونیایی نەداوە چونکە زانیویانە ژیانى دونیا کاتییەو باشتر وایە لەبرى خۆشی دونیایی سەرقاڵبن بە زانستەوە.

ئیمامى شافیعی دەچوویە خزمەت مامۆستایان و فەرموودەى وەردەگرت لێیان و لەبەرى دەکرد، ئینجا ئەو فەرموودانەى دەنووسییەوە، ئەمەش نیشانەى ئەوپەڕی تامەزرۆیی شافیعی بووە بۆ زانستى فەرموودە.

شافیعی بۆ ئەوەى زمانى پاراوى عەرەبی وەربگرێت ماوەیەک مەککەى جێهێشتووە و چووە بۆ لادێکانى ئەو ناوچەیە، چونکە لەوێ بەجوانى زمانى عەرەبی وەردەگرت، لەوێ بەشێکى زۆر شیعرى بلآوى ناو هۆزەکانى لەبەر کرد.

کاتێک ئیمامى شافیعی هەواڵی ئیمامى مالیکی بیست لەمەدینە بڕیارى دا بچێت بۆ لاى تا لەخزمەتیدا زانست وەربگرێت، ئەو کات تەمەنى 14 ساڵ بوو، ئیتر بەڕێکەوت و لەو ماوەیەشدا قورئانى پیرۆزى دەخوێندو تا گەیشتووەتە مەدینە شانزە جار هەموو قورئانى پیرۆزى خوێندووەتەوە.

کاتێک ئیمامى شافیعی گەیشتووەتە مەدینە چووە بۆ مزگەوتى پێغەمبەر(ﷺ) و لەوێ نوێژی کردووە، ئینجا ئیمامى مالیکی بینیوە لاى گۆڕی پێغەمبەردا(ﷺ)    کەفەرموودەى دەگێڕایەوە، ئینجا چووە بۆ لاى ئیمامى مالیک، ئەویش پێی وتووە لەخوا بترسەو خۆت دوور بگرە لە تاوان چونکە تۆ کەسێکى گەورە دەردەچیت، خوا رووناکییەکى خستووەتە ناو دڵتەوە تۆیش وریابە بەتاوان ئەو رووناکییە نەکوژێنیتەوە، ئیتر ئیمامى شافیعی لەخزمەت ئیمامى مالیکدا دادەنیشت و وانەى دەخوێند.

ئیمامى شافیعی لەکاتى قورئان خوێندندا دەنگى زۆر خۆش بوو، هەمووان کە لە دەورى دەبوون سەرسام دەبوون بەو دەنگە خۆشەی، تەنانەت ئیمامى مالیک کە مامۆستاى بوو سەرسام ببوو بەدەنگى خۆشی شافیعی لەکاتى قورئان خوێندندا.

جارجارە ئیمامى شافیعی دەگەڕایەوە بۆ لاى دایکی بۆ مەککەو سەردانى دەکرد و دواتر دەگەڕایەوە بۆ لاى ئیمامى مالیک، هەروەها جارجار دەچوو بۆ شوێنانى تر و دەگەڕایەوە بۆ لاى مامۆستاکەى تا ئەوەى لە ساڵی 179 کۆچییدا مامۆستاکەى کە ئیمامى مالیک بوو کۆچی دوایی کرد، دواى ماوەیەک دەسەڵاتدارى موسوڵمانان لە یەمەن هات بۆ مەککە، ئەوەبوو ئیمامى شافیعی بڕیاریدا لەگەڵیدا بچێت بۆ یەمەن، هەم بۆ ئەوەى ماوەیەک لەوێ ئیش بکات، هەم بۆ ئەوەى زانست وەربگرێت و زانستیش ببەخشێت، بۆیە چوو بۆ یەمەن و لەوێ ماوەیەک بوو بە بەرپرسی ناوچەی نەجران.

بەڵام لەوێ دەسەڵاتدارێکى خراپ هەبوو کە بەردەوام پیلانى لە دژی ئیمامى شافیعی دەگێڕا.

پرسیار بۆچی ئەو دەسەڵاتدارە وای دەکرد؟

وەڵام: چونکە ئەو دەسەڵاتدارە ستەمکار بوو، ستەمى لەخەڵک دەکرد، ئیمامى شافیعیش هەموو جار ئامۆژگارى دەکرد و بێدارى دەکردەوە لەوەى ستەم حەرامەو جارى وایش هەبوو لێی توڕە دەبوو، کاتێک دەیزانى هەر لەسەر ستەم بەردەوامە.

بۆیە ئەو دەسەڵاتدارە کەوتە پیلان دانان بۆ ئیمامى شافیعی تا دواجار خەلیفەى موسوڵمانانى واتێگەیاند کەئیمامى شافیعی دژی خەلیفەى موسوڵمانانە، خەلیفەش داواى کرد ئیمامى شافیعی بهێنن بۆ بەغداد، کاتێک شافیعی چوو بۆ لاى خەلیفە بەبەڵگە پێی سەلماند کە بێتاوانە، یەکێک لە دادوەر و زانا گەورەکانیش شایەتییدا بۆ ئیمامى شافیعی، ئیتر باش بوو ئیمامى شافیعی پارێزراو خواى گەورە رزگارى کرد و پیلانەکەى ئەو دەسەڵاتدارە ستەمکارە سەرى نەگرت.

ئیتر ئیمامى شافیعی نەگەڕایەوە بۆ یەمەن، بەڵکو هەر لەبەغداد مایەوەو کەوتە وەرگرتنى زانستى زیاتر، لەگەڵ ئەوەشدا وانەى دەوتەوەو چەندین خوێندکارى پێگەیاند کە ئەوانە زۆرێکیان بوون بەکەسی گەورەو هەڵکەوتەى ناو موسوڵمانان.

دواى ئەوە ئیمامى شافیعی گەڕایەوە بۆ مەککەو لەمزگەوتى کەعبەى پیرۆز دەستى کردەوە بە وانەوتنەوە ، لەوێ موسوڵمانانێکى زۆر لە وانەکانیدا ئامادە دەبوون، جگە لەوەى ئەوانەی دەچوون بۆ حەج، دەچوونە خزمەتى و زانستیان لێوەردەگرت، ئەوەش هۆکارێکى گەورە بوو تا ئەو ئیمامە گەورەیەی ئیسلام زانستی خۆی ببەخشێت بە بەشێکى زۆری موسوڵمانان.

دواجار ئیمامى شافیعی لەمانگى رەجەبی ساڵی 204 کۆچی و لە تەمەنى پەنجاو چوار ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، مردنەکەشی لەشەوی هەینیدا بوو، بۆ بەیانى کە رۆژ بوویەوە تەرمەکەى نوێژی لەسەر کرا و خەڵکێکی زۆر و بێشومار ئامادە بوون و خرایە ناو گۆڕ.

ئیمامى شافیعی لەمانگى رەمەزاندا زۆر زیاتر خۆی یەکلا دەکردەوە بۆ پەرستشی خواى گەورە و زیاد لە هەموان قورئانى دەخوێند، ئیتر لە شەوو رۆژێکدا خەتمێکى قورئانى پیرۆزى دەکرد.

ئیمامى شافیعى دواى خۆی چوار منداڵی بەجێهێشت کە ئەوانیش (ئەبوو عوسمان و فاتیمە و ئەبوو حەسەن و زەینەب) بوون.

پەندو وانە

قودس خاکى موسوڵمانانە و یەکەم جاریش قیبلەى موسوڵمانان قودس بووە، بۆیە ئەو خاکە یەکێکە لەخۆشەویستترین ناوچەکانى سەر زەوى، لەسەردەمانى پێشوودا لەلایەن سەرکردەى موسوڵمانان (سەلاحەدینی ئەییووبی)یەوە کە سەرکردەیەکى کورد بوو قودس رزگار کرا، بەڵام ماوەیەکى زۆرە جوولەکەکان ئەو ناوچەیان داگیر کردووەو ئێمەش وەک موسوڵمان  دەبێت لەبیرمان بێت کە هەر دەبێت رۆژێک بێت ئەو شوێنە رزگار بکەین و بیگێڕینەوە بۆ ژێر دەستى موسوڵمانان.

نابێت هەرگیز وا بیر بکەینەوە بڵێین ئێمە منداڵین و ناتوانین زانستى زۆر وەربگرین و نابین بە زانا، بەڵکو وەک دەبینین زۆربەى زانایانى ئیسلام هەر بە منداڵی زانستى زۆریان وەرگرتووە، بۆیە ئێمەش ئەگەر پشت ببەستین بەخواى گەورە دەتوانین ئێمەش زانستێکى زۆر وەربگرین و ببینە کەسی وا کە زانستی زۆرمان پێبێت.

ژیانى زۆربەى زانایانى ئیسلام پڕ بووە لەناڕەحەتى و هەژارى و ئەوان بەنەبوونى ماددى ژیاون، بەڵام هەموویان بەوە رازى بوون و شوکرى خوایان کردووە، چونکە ماددەو سامانى دونیا بۆ ماوەیەکى کاتییە، هەموو ئەوانەى کاتى زوو پارەو سامانیان هەبوو سامانەکەیان نەماو لەناوچوون، بەڵام ئەوانەى زانا بوون تا ئەمڕۆش زانستەکەیان ماوەو موسوڵمانان رەحمەتیان بۆ دەنێرن و نزاى خێریان بۆ دەکەن.

هەمیشە گومانى خێرمان هەبێت بەو رووداوانەى دێنە رێگەمان، چونکە خواى گەورە زۆر جار کارو رووداوێک دێنێتە رێگەمان کە لەوانەیە خۆمان پێمان خۆش نەبێت، بەڵام لەبنەرەتدا ئەوە چاکترین شتە بۆمان، وەک دەبینین کاتێک ئیمامى شافیعی لە یەمەنەوە بانگ کرا بۆ بەغداد تا دەسەڵاتى لێوەربگیرێتوە، بەڵام ئەو رووداوە بوو بەخێر تا بەیەک جارەکى تاو بداتە بوارى زانست و لایەنەکانى تر پشتگوێ بخات، بەوەش بوو بەو زانا گەورەیەی کە تا ئەمڕۆش هەموومان قەرزارى هەوڵ و زانستى ئەوین.

مردن دێتە رێی هەموو کەس و نابێت هەرگیز مردنمان لەبیر بچێت، بەڵکو دەبێت ئەوە بەدەرفەت وەربگرین تا لەژیاندا ماوین خزمەتى چاک بکەین و خێر وچاکە کۆبکەینەوە بۆ رۆژی دواییمان، چونکە کەسی ژیر ئەوەیە چاکە پێش خۆی بخات بۆ رۆژی دوایی تا لەرۆژی دواییدا خواى گەورە بەهەشتى پێ ببەخشێت.

پرسیارەکان

1-      ئیمامى شافیعی ناوى چی بوو؟ لە کوێ لەدایک بوو؟

2-      ئایا دەزانیت ئیمامى شافیعی لە تەمەنى منداڵیدا چی کرد؟

3-      بۆچی ئیمامى شافیعی چوو بۆ یەمەن؟

4-      پەیوەندى نێوان ئیمامى مالیک و ئیمامى شافیعی چۆن بوو؟ باسی بکە.

5-      خەلیفەى موسوڵمانان بۆچی ئیمامى شافیعی بانگ کرد بۆ بەغداد؟

6-      ئایا ساڵی مردنى ئیمامى شافیعی دەزانیت؟

7-      بەچی شتێکى ئیمامى شافیعی سەرسام بویت؟


1270 جار بینراوە‌
20/07/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020